نەوزادى موهەندیس: ململانێکانى ئەمریکا_ئێران بەرەو کوێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کێشە و ململانێکانى ئەمریکا و ئێران لەو کات و ساتەوە سەریانهەڵداوە کە شۆڕشى بەناو ئیسلامى لەئێراندا بەڕابەرایەتى ئیمام خومەینى لەساڵى 1979وە سەرکەوتنى وەدەستهێنا و کۆتایى بە حومڕانى 43 ساڵەى حەمەڕەزاشاى پەهلەوى هێنا و بۆ دواجاریش و بۆ هەتاهەتایە کۆتایى بە سیستەمى پاشایەتى هێنا لەو وڵاتەدا کە ماوەى 2500 ساڵ بەردەوامى هەبوو. ئێران لەوکاتەوە و تاکو ئێستاش ئەمریکا و ئیسڕائیل بەدوژمنى سەرسەختى خۆى دەزانێت و دروشمى (شەیتانى گەورە) ى بۆ بەرزکردۆتەوە و لەبەرامبەریشدا ئەمریکاش، ئێران و دەسەڵاتدارانى خستۆتە نێو بازنەى تیرۆر و تیرۆریستان و پاڵپشت لە تیرۆریستان و دەرچوو لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و بەبەردەوامى و بۆ ماوەى زیاتر لە 30 ساڵ گەمارۆى ئابورى و سیاسى و ئەمنى خستۆتە سەر و تەنانەت گیرۆدەى جەنگێکى 8 ساڵەشى کرد لەگەڵ عێراقدا.
ڕەگ و ڕیشەى ئەم ململانێیانە بە تێڕوانینى ئێران کە لەلایەن وەزیرى دەرەوەى ئێستاى ئێران ( محمد جواد زەریفى ) کە پێشتریش نوێنەرى ئێران بوە لە نەتەوە یەکگرتوەکان و کەسایەتیەکى دیارى سیاسەتى دەرەوەى ئێرانیشە لەکتێبێکیدا بەناوى ( جەنابى سەفیر )کە لە ساڵى 2017دا بڵاویکردۆتەوە کە پێشتر لەلایەن ئەحمەدى نەژادەوە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى نەدرابوو، هۆکارى ئەم ململانێیانەى ئەمریکا_ئێران دەگێڕێتەوە بۆ 4 هۆکار لەوانە:
1- سروشت و تێڕوانینى ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ نەهج و بەرنامەى ئایدۆلۆژى ئیسلامى شیعە مەزهەبى ئێرانى و بەمەترسیەکى جدى دادەنێن بۆ سەر خۆیان و دەترسن لەوەى کە ببێتە بیرێکى جیهانى.
2- دروستبوونى گرێیەکى دەرونى لەلاى تەواوى ئەمریکیەکان بە جەماوەر و سەرکردە سیاسیەکانەوە دژ بە ئێران و ئەم حوکمڕانیەى بەهۆى داگیرکردن و هەڵکوتانە سەر بارەگاى سەفارەتى ئەمریکا لە تاران لەلایەن کۆمەڵێک گەنجى شۆڕشگێڕى سەر بە خەتى ئیمام لەساڵى 1979دا کە وەک دەوترێت تەنها جەنگى ڤێتنام ئەوەندە کاریگەرى هەبوە لەسەر ئەمریکیەکان.
3- دوژمنایەتیکردنى ئیسڕائیل لەلایەن ئێرانەوە ، ئەمەش هۆکارێکى ترى سەرهەڵدانى ململانێکانى ئەمریکا_ ئێرانە، چونکە ئیسڕائیل دروسکرواو و گەورەکراو و هاوپەیمانى ستراتیژى ئەمریکایە لەناوچەکەدا.
4- ململانێى نێوان عەرەبە کەنداویەکان وئێران و پێشبڕکێیان لەسەر سەپاندنى هەژموونى خۆیان بەسەر وڵاتە بچوکەکانى ناوچەکەدا.

بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە هۆکارى ململانێکان جیاوازن و لەئێستادا کورتکراوەتەوە لە:
1- کێشەى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران کە ئەمریکا بەمەترسى دادەنێت بۆ سەر ئیسڕائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکانى لەناوچەکەدا و گەرەکێتى بەهەر شێوەیەک بوە ڕێگە لە ئێران بگرێت بۆئەوەى ببێتە خاوەنى ئەو بۆمبە ئەتۆمیە کە هەرچەندە ئێران ڕایدەگەیەنێت کە بەرنامەکەى بۆ ئاشتى و بەکارهێنانى ئاشتیە نەک جەنگ. و تەنانەت ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى ئایەتوڵا خامنەئى دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمى حەرام کردوە.
2- ئەمریکا هەستى بەوە کردوە لەدواى کۆتایهاتنى جەنگى عێراق ئێران لەساڵى 1988وە، ئێران هێز و تواناى سەربازى بەهێزبوە و کەوتۆتە خۆى بۆ سەپاندنى نفوز و هەژموونى خۆى لەناوچەکەدا و بەتایبەتیش لەدواى خۆپیشاندانەکانى بەهارى عەرەبیەوە لەساڵى 2011دا، ئێران بەئاشکرا دەستیوەرداوەتە کاروبارى ناوخۆى هەریەکە لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن و… هتد. لەڕێگەى پشتیوانى کەمایەتیە شیعە مەزهەبەکانى ئەو وڵاتەوە لە دروستکردنى حیزبى چەکدار وەک حیزبوڵا و حوسیەکان و ئەوانى تر.
بەم شێوەیە ئەمریکا و ناوەندەکانى بڕیار لە ئەمریکادا لەهەر سەردەم و قۆناغێکى سەرۆکەکانیدا هەندێکجار بە هێمنى و پەنابردن بۆ گوشارى سیاسى و ئابورى و هەندێکجاریش بە توندى و هەڕەشەوە فشارەکانیان خستۆتە سەر ئێران، بەڵام لەئێستاداو لەسەردەمى سەرۆک دۆناڵد ترامپى کۆماریەکان و بەپشتیوانى ( باڵى هەڵۆکان ) گەرەکێتى بە یەکجارى دەسەڵات و نفوز و مەترسى ئێران لەناوچەکە و لەسەر بەرژەوەندیەکانى و لەسەر هاوپەیمانەکانیشى کۆتایى بێنێت و زیاد لەو ڕۆڵەى کە بۆى دیاریکراوە پێڕانەکێشێت. ترامپ هەر لەکاتى گرتنە دەستى دەسەڵاتیەوە نیەتەکانى خۆى نەشاردەوە بەرامبەر ئێران لەڕێگەى دانانى یاریدەدەر و وەزیرەکانى ئیدارەکەى کە زۆربەیان هەڵوێستى توندیان هەبوە بەرامبەر ئێران و دواتر مەلەفى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێرانیان کردە بیانوو کە هەرچەندە لە سەردەمى خولى دووەمى سەرۆک باراک ئۆبامادا ڕێکەوتنێک ئەنجامدرا لە نێوان هەریەکە لەلایەک پێنج وڵاتەکانى ( ئەمریکا و ڕوسیاو چین و فەڕەنسا و بەریتانیاو ئەڵمانیا) و لەلاکەى تریشەوە ئێران کە بە (5+1) ناسرابوو، بەڵام هەر ئەو کاتیش ئەمریکیەکان زۆر بە نابەدڵى ڕێکەوتنەکەیان قبوڵکرد، و هەرچەندە بە گەواهى ئاژانسى نێودەوڵەتى ئەتۆمى ئێران پابەندبوە بە تەواوى بڕگەکانەوە بەڵام ئەمریکا نا، بەڵام لەئێستادا دۆناڵد ترامپ پێداگرى دەکات کە ئەو ڕێکەوتنە نەگونجاوە و بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى داو دواتریش و لەهەموو وتەکانیدا ئێران بە (یەکەم وڵاتى تیرۆریستى لەجیهاندا) ناودەبات.
بەم شێوەیە ئێرانیش لەسەر زارى وەزیر و بەرپرس و تەنانەت سەرۆک کۆمار و ڕابەرى گشتیشەوە خامنەئیەوە وەڵامى توندى هەڕەشەکانى ترامپیان داوەتەوە. گەیشتە ئەو ئاستەى کە ئێران هەڕەشەى داخستنى گەرووى هورموزى نێودەوڵەتى بکات.
بۆیە ئەمریکا پێدەچێت زۆر موکوڕ بێت لەسەر گۆڕانکارى و ڕووخاندنى ڕژێمى ئیسلامى ئێران و ئەوەتا کەوتۆتە پاڵپشتیکردنى خۆپیشاندانەکانى جەماوەرى ئێران و کردنەوەى وێسگەیەکى ڕادیۆیى بەردەوامى 24 کاتژمێرى دژ بە سیاسەتەکانى ئێران و ئاڕاستەکراوە بۆ جەماوەرى ئێرانى. بەهەر شێوەیەکیش بێت دەیەوێت پەیوەندى ڕوسیا و ئێران بەگەرموگوڕى نەمێنێتەوە و تێکبچێت، لەو پێناوەشدا لەکۆبونەوەى دووقۆڵى ( ترامپ و پۆتین) لە هێلسنکى باسیان لەو بابەتە کردوە ، چونکە ئێران یەکێکە لە هاوپەیمانە ستراتیژیەکانى ڕوسیا و بەتایبەتیش لە کێشەى سوریادا.پێدەچێت چۆن ئۆکرانیا بوە هۆى تێکچوونى پەیوەندیەکانى ئەمریکا و ڕوسیا، ئێرانیش ببێتە مایەى تێکچوونێکى نوێ بەهۆى دەستهەڵنەگرتنى ڕوسیا لە پشتیوانیکردنى ئێران لەلاى سێهەمیشەوە بەشێک لەعەرەبەکان ئەم ململانێیانەى ئەمریکا و ئێران بە گەمەیەکى سیاسى دەزانن و لەبەرژەوەندى خۆیانیدا نایبینن بەتایبەتیش (سعودیە و ئیمارات و بەحرەین) کە زۆر باش دەزانن هەموو ئەو ململانێیانە لەسەر حسابى سەروەت و سامانى ئەو وڵاتانە دەکرێت.
بەم شێوەیە ئەم ململانێیانە لە ئێستادا پێیان ناوەتە قۆناغێکى باڵاتر و مەترسیدارتر و کێرڤى هەڕەشە و وەلامدانەکان بەرەو لوتکە دەکشێت و پێدەچێت لەکۆتایدا و لەکاتى نەگەیشتنە ئەنجام لەڕێگەى دانوسانى نهێنى و ئاشکراوە، ئەوا ئەمریکا بەهاندانى ئیسرائیل و عەرەبە هاوپەیمانەکانى پەنا بباتە بەر جەنگى ڕاستەوخۆى سەربازى و هەوڵى جدیش بدات بۆ گۆڕانکارى لە حوکمڕانى ئیسلامیەکانى ئێراندا کە ماوەى 39 ساڵە بەردەوامن و بەمەش پەردەیەکى شانۆگەریە سیاسیەکە دابدرێتەوە و ناوچەکەش ڕووبەڕووى گۆڕانکارى و پێشهاتى تازە ببێتەوە بەوەى کە هەژموونى ئەمریکا زیاتر بچەسپێت لەناوچەکەدا لانى کەم بۆ دەیە ساڵێکى داهاتوو کە زۆر پێویستى بەسەرچاوەى وزە هەیە لەنەوت و گازى سروشتى ناوچەکە. بەڵام دەکرێت دەسەڵاتدارانى ئێران بەهەمان شێوەى کۆریاى باکور هەنگاو بنێن و ئێران و ناوچەکەش لە جەنگێکى ماڵوێرانکەرى حەتمى دووربخاتەوە و ئیدى کۆتایى بە ململانێیەکى 40ساڵەى بهێنێت لەگەڵ ئەمریکادا و ئاشتى و ئاسایش و پێشکەوتنى ناوچەکەش مسۆگەرتر بکات.