كارۆخ عوسمان: هؤشيار زيبارى (چڵێسی گەندەڵی) چی كردبوو تا دەری بكەن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەزیری فاشلی نەخوێندەوارو ھەمیشە سەرخۆش. یاری بەچارەنوسی مێللەتێكەوە كردووە. (ئەم دێرەی سەرەوە قسەی ئیعلامی عێڕاقی)ـە.
لەژێرناوی (ئێمە بەھێزترین وڵاتین) ڕۆژانە خەرجی كڕینی گوڵی سروشتی بایی (٥) ملیۆن دیناربووە، ئەم پارەیە لەسەر حسابی حكومەت تەرخان دەكراو ڕادەكێشرا، بەڵام گوڵەكان لەكوێن؟ كەس نازانێ. خۆ ئەگەر ڕاست بوایەو ڕۆژانە ئەم ھەموو گوڵەی كڕی بێت ئێستا بەغداد گوڵستان بوو.!
لەكاتی لێپێچینەوە لەگەڵیدا بەشڵەژاوی، خۆی لەوڵامدانەوەی پرسیارەكان دەدزیەوە، چونكە فێری دزی و گزی ببوو. ئایا دەچێتە عەقڵ: نەسریەی مانگانەی (50) ملیۆن دیناری ھەبێت؟ بێ ئەوەی ھیچ شتێكی كرداری دیار بێت پارەكە ڕاكێشراوە. بۆ ئەم سێ ساڵەی كە وەزیری دارایی بوو، دەكاتە: یەك ملیارو 800 ملیۆن دینار. تەنھا نەسریەكەی جەنابی وشیار زێباری.
ئایا دەچێتە عەقڵ: 586 كەسی لەھەرێم بەگرێبەست دامەزراندبێت لەسەر وەزارەتی دارایی عێڕاق بە موچەی 950 ھەزار دینار. ئەو كەسانەش لەھەرێمەوە بۆ بەغداد ساڵانە یەك ملیارو نیو دینار تێچووی ھاتووچۆكردیان بووبێت لەسەر خەرجی وەزارەت. ئینجا سەیركەن، لەحسەی وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەند كارمەندەكانی نیشتەجێی ھەرێم لە 25 كەس تێپەڕناكەن. كەواتە موچەی 561 كەسی وەھمی لەگەڵ خەرجی ھاتوچۆكردنیان چۆتە گیرفانی جەنابی وشیار زێباری. كە بۆ ھەر سێ ساڵەكە موچەكەیان دەكاتە: 19 ملیارو 186 ملیۆن و 200 ھەزار دینار. خەرجی ھاتوچۆكردنیشیان دەكاتە: یەك ملیارو 436 ملیۆن دینار. كەواتە لەدامەزراندنی گرێبەستە وەھمیەكان جەنابی وشیار زێباری 20 ملیارو 622 ملیۆن و 200 ھەزار دیناری لەخەزێنەی گشتی حكومەتی ناوەندی عێڕاق دزیوە.
ئایا دەچێتە عەقڵ: خەرجی بەنزینی 43 سەیارەی ڕاگیراو لەھەرێمەی كوردستان لەسەر وەزارەتی دارایی حكومەتی مەركەزی بووبێت؟ ئاخر 43 سەیارە بۆچی؟ كەچی نەبوون.
ئەگەر خەرجی مانگانەی یەك سەیارە بەلای كەمەوە 250 ھەزار دینار بووبێت. خەرجی سێ ساڵی ھەر 43 سەیارەكە دەكاتە: 387 ملیۆن دینار. كە بەڕاگیراوی ئەم پارەیان بۆ جەنابی وشیار زێباری پەیداكردووە. جگە لەوەش ئەگەر ھەریەك لەو سەیارانە نرخی كڕینیان بەتێكڕا 30 ملیۆن دینار بووبێت كە بۆ سەیارەی وەزاڕەت زۆر كەمە، كۆی گشتی دەكاتە: یەك ملیارو 290 ملیۆن دینار. سەیركەن، زێباریەكی پارتی ئەم ھەموو پارەیەی تەنھا بەناوی سەیارەوە لەم عێڕاق و عێڕاقیانە دزیوە.
ئایا دەچێتە عەقڵ: لەھەولێر لەسەر بودجەی وەزارەتی دارایی حكومەتی مەركەزی خانوێك بە بڕی 188 ملیۆن دینار، ساڵانە بەكرێ گیرابێت بۆ فەرمانبەرو میوانەكانی جەنابی وەزیر؟
كە بۆ ھەر سێ ساڵەكە دەكاتە: 564 ملیۆن دینار، بێ ئەوەی ھیچ كەسێ بەناوی وەزارەتی دارایی حكومەتی مەركەزی عێڕاق چووبێتە ناو ئەو خانوە. وە خانوەكەش موڵكی تایبەتی خودی وەزیری دارایی (وشیار زێباری) بێت. ھەر لەم خانوە بەكرێگیراوەدا ساڵانە بڕی 50 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ خەرجی چاك كردنەوەو پاك كردنەوەی مەلەوانگەكەی. ئەویش ھەر سێ ساڵەكە دەكاتە: 150 ملیۆن دینار. مەلەوانگەیەك كەجگە لەچڵێسی گەندەڵی جەنابی (وشیار زێباری) و 561 ئینسانی وەھمی بێ جەستەو ڕوح ھیچ كەسیتر خۆی تێھەڵنەھێنابێت، ئەم ھەموو خەرجیەی بۆ چیە؟ واتا جەنابی وەزیر (وشیار زێباری) تەنھا لەو خانوەی كە بەناوی كرێوە لەسەر وەزارەتی دارایی حسابی كردووە (714) ملیۆن دیناری لەخەزینەی گشتی حكومەتی مەركەزی دزیوە.
ئایا دەچێتە عەقڵ: بۆ بەرپرسی پاسەوانەكان و سكرتێری یەكەمی دیوانی وەزارەت و ھەندێ كەسیتر بەبڕی 1300 دۆلاری مانگانە خانوویان بۆ بەكرێ بگرێت؟
دەكاتە: یەك ملیۆن و 625 ھەزار دینار. گریمان بەھەموویان تەنھا 20 كەس بوون. بڕی پارەی تێچوو بۆ سێ ساڵی ئەم 20 كەسە دەكاتە: یەك ملیارو 170 ملیۆن دینار. ئاخر خۆ كۆشكی سندیبادیان بەكرێ نەگرتووە، ئەم ھەموو پارەیە بۆچیە؟
ئایا دەچێتە عەقڵ: فڕۆكە بەكرێ گیرابێت بە 112 ملیۆن و 500 ھەزار دینار؟ تەنھا بۆ ئامادەبوون لە كۆنفڕانسێك كە ھیچ پەیوەندی بەوەزیری داراییەوە نەبووە، بەڵكو كۆنفڕانسەكە پەیوەست بووە بەوەزیری بەرگری، ئینجا نەسریەی ھەریەكێك لەبەشداربوانی گەشتەكەش 5 ملیۆن دینار بووبێت.
ئایا دەچێتە عەقڵ: ئەو ھەموو پارەیە خەرجی وەزیرێك بووبێت و خەڵكی ئەم وڵاتەش خەمی بژێوی ڕۆژانەیان بێت. ئەم ھەموو پارەیە خەرجی یەك كەس بێت و خەڵكی ئەم وڵاتەش خەمی چەند لیترێك ئاوی پاكی خواردنەوەو 10 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بێت.
ئەرێ ئەوە چ جۆرە وەزیرێك بووە تا خەڵك شانازی پێوە كات؟ ئەیا ئەمە وەزیری خزمەتگوزاری بووە یان وەزیر لەپێستی چڵێسی گەندەڵی؟
بەلای خەڵكەوە ئاساییە وەزیر لەوانیتر زیاتری ھەبێت و خوشتر بژی، بەڵام نەك بەمجۆرە كە خەزێنەی وڵات ھەڵ لوشێت. كەچی ھەر ئەم جەنابی وەزیرە كرابووە سەرۆكی لیژنەی ڕێفەراندومی دروستكردنی دەوڵەت، ئاخر دزێكی چڵێس دەبێ چ دەوڵەتێك بونیاد بنێت؟ ئەویتر با بۆ خوێنەر بێت و خۆی ھەڵوەستەی لەسەر بكات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت