ئامانج کەریم: بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان توێی ڕەخنە گران و ستایشدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم بزوتنەوەیە چونکە لە بنەڕەتدا لەپێناوی تەنهاو تەنها بەرژەوەندی خاک و نەتەوەدا دروست بووە و سەرکردەو سەرانی ئەم بزاوتە زۆرینەی ڕەهایان ئەو کەسایەتیە نوخبانەن کە لە مێژوی شۆڕشدا تا ئەم ساتە وەختە بە پاکی و بەجوانی هێناویانە کە دەتوانین بەیەقینەوە بڵێین ئیدی هیچ گومانێک لەدڵی تاکی ئەم میلەتەدا نەماوە بەرامبەریان کە ئەمان وەک سەرکردەو سەرانی حیزبەکانی تر پلەو پۆست و ماڵی دنیایان بوێت، چونکە زۆرینەیان لە کۆتا وێسگەکانی تەمەندان (هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی باشیان بۆ دەخوازین )، گەر ئەوان ویست و ئیرادەی بەرژەوەندی خوازییان هەبوایە هەر لە بنەڕەتدا نە دەبون بەگۆڕان و بگرە هەمویشیان لەناو کایە سیاسیەکاندا شوێن و پێگەیەکی بەهێزوو باشیان هەبووە لە پێشتردا کە دەیانتوانی هەر لەوێوە خەریکی پێگەیاندنی ماڵ و گیرفان و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بونایە.
ئەم بزوتنەوەیە لە هەرێمی کوردستان لەزۆر ڕوەوە جیاوازە لەگەڵ تەواوی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا، هەر بۆیە چۆن مایەی دڵخۆشیە لە سات و وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، میدیاو کەناڵەکەی و سۆشیال میدیا پڕ دەبێت لە گەنجی خۆبەخشی بانگەشەکار و شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی شار پڕ دەکەن لە ئاڵای نیلی و مۆمەکە،
بەهەمان شێوەیش مایەی دڵخۆشیە کە هەر ئەم گەنجانە سۆشیال میدیاو لاپەڕەکانیان پڕ دەکەن لە ڕەخنەی بونیات نەروو گلەی لە چۆنیەتی بەڕێوەبەری و خۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە دەکەن.
لەوەیش دڵخۆشکەرتر ئەوەیە وێڕای ئەم ڕەخنانە کە بەداخەوە هەندێک جار لەلایەن گەنجانی پڕ حرس و ناخ پڕ لە ستەمی ئەم دەسەڵاتە ڕەخنەیش تێ دەپەڕێنێت و دەیگەیەننە ئاستی تانەو تەشهیرو قسەی نەشیاوو لەسەر سەرکردەکانی بزوتنەوەکەو لەبەرامبەر ئەمەیشدا لەلایەن تەواوی سەرکردایەتی گۆڕانەوە هەمیشە سنگ فراوانی و مرونەت نوێندراوەو بگرە نازی ئەو گەنجانە زۆر زیاتر هەڵگیراوە لەوانەی کە بەو شێوەیە گلەی و گازەندەکانیان دەرنابڕن.
خۆ گەر سەرکردایەتی و سەرانی ئەم بزوتنەوەیە وەک لایەنەکانی تر بیان ویستبا خۆڵ لەچاوی خەڵکی بکەن و گلەی و ڕەخنەو ناڕەزایەتیەکان پەردە پۆش بکەن دەیانتوانی ماکیاجی سیاسی بۆ ئەم دۆخە بکەن و چەند کۆبونەوەیەکیان بۆ چەند هەڵسوڕاوێکی دیاری کراو ڕێک بخستایە و بەچەپڵە ڕێزان و ستایش و وتافی بژی بژی میدیاو سۆشیال میدیایان قاو بدایە و بیان وتایە ئەوەتاین ئەوە ئێمەین ستایش دەکرێین! بەڵام خۆ بزوتنەوەی گۆڕان نە پارتیە و نە یەکێتی و نە هەرگیزیش وەک ئەوان دەکات چونکە خۆی وەک باسمان کرد لە بنەڕەتدا بۆ هەڵماڵینی ئەو پەردەپۆشیەی ستایشی چەندساڵەی ئەو حیزبانە دروست بووە.
لێرەوە ئەم وێستگە سیاسیەی بزوتنەوەی گۆڕانی پێدا تێپەڕ دەبێت سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەکی نیشتیمانی و هەرە زیندوی سەرگۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانە و بزوتنەوەی خەڵکەو کارو خەبات و سیاسەتی هەر لەپێناوی خەڵکیدایە و سەران و سەرکردەکانی هەمان ئەو هاونیشتیمانیانەن کەوەک ئێمە لەناو میلەتی خۆیاندان و ئاپۆڕای ئۆتۆمبێلی جام تاریکی پڕ پاسەوان لە میلەت و خەڵکی جیا نەکردونەتەوەو شایستەی تەقدیری جەماوەرو خەڵکی خۆیانن. تەواوی ئەم پێشهاتانە ئەوەمان پێ دەڵێت بزوتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکانی نەوشیروان ئاسا لە نێوان ستایش و دەست خۆشیو ڕەخنەدا، ڕەخنەیان هەڵبژاردوە کە خوێندنەوەی بۆ بکەن.
هەر هێزو جوڵەو لایەنێکی سیاسیش گرنگی بەو ڕەخنەو سەرنج و پێشنیارانە بدات کە گەلەکەی و جەماوەرەکەی دەیخەنە بەردەستی، ئاکامی هەر باشترو باشترین دەبێت و سەرکەوتنەکانی و گەیشتن بە ئامانجە گشتیەکانی هەنگاو بە هەنگاو نزیکتر دەبێت.