بەهرۆز جەعفەر: هەڵاوسانی ئابوری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبای عێراق وەک نمونە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە جانیوەری ئەم 2018 یە پرۆفیسۆر Turan Cavlan ڕایسپاردین پەیپەرێکی ئاکادیمی بەناونیشانی Multinational corporation and Global Production واتە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و بەرهەمهێنانی جیهانی ئامادەبکەین لەماوەی سێ هەفتەدا…بەپێی ڕاپۆرتی فۆربس Forbs (کە کۆمپانیایەکی میدیایی جیهانییە و بایەخ بە بزنس ئەدات) کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلیکتریکی ئەمریکی لەساڵی 2007 ەوە تا 2017 لە ڕیزبەندی دە کۆمپانیا فرەڕەگەزە زەبەلاحەکانی جیهانە، کە بەپێی ئامارەکانی ئەو پەیپەرە لە جیهاندا زیاتر لە 80000 هەشتا هەزار کۆمپانیای فرەڕەگەز هەیە (کۆمپانیای فرەڕەگەز واتە ئەوانەی سنوری وڵاتەکانیان ئەبەزێنن و لەدوو تا سێ وڵاتی خانەخوێ لق یان هەیەو سەرمایەگوزاری ئەکەن).
وەختێ تەماشامان کرد وەزیری کارەبای عێراق لە نۆڤەمبەری 2017 چووە بۆ ئەمریکا سەردانی کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلیکتریک General Electric ی کردووە، بۆچی؟ بۆ ئیمزا کردنی بۆندێک بە بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تا کارەبای ئەو ناوچانەی داعشی لێیە چارەسەر بکرێت،!؟. لەکاتێکدا هێشتا کۆتایی شەڕی داعش ڕا نەگەنرابو. واتە هەرچۆنێک پەیوەندیمان کردو سێرچ کمان کرد ئەم پرۆژەیە وەهمیە… وەک چۆن کاتی خۆی وەزیری دارایی ڕافیع عیساوی و جێگری وەزیری کارەبای عێراق و خەمیس خەنجەر دەستیان تێکەڵکردبو، دەیان کاری وایان کردبو، دوایی هەڵهاتن.
دوای درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانی عێراق ئیمڕۆ 29 ی جوڵای 2018 وەزیری کارەبای عێراق «قاسم فەهداوی» لە لایەن سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادییەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
دیارە لە زانستی ئابوریدا چەند جۆرێک لە (هەڵاوسان- التضخم -Inflation) هەیە، دوو جۆریان هەیە ترسناکن، یەکێکیان (هەڵاوسانی تێچونەکان – تضخم التكاليف ) ئەویتریشیان (هەڵاوسانی شاراوە -Hidden Inflation – تضخم الخفي) یە، بە هۆی زۆربوونی پارە وەیە لەبازاڕداو بەرزبوونەوەی نرخی شمەکە بە بێ هۆ، يان چوونە دەرەوەو ناوەوەی بازاڕ بەبێ سیستەمێکی سەرف کردنی دیار. ئەمە لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی بوو.
مەسەلەن، لە خۆ وە نرخی زەوییەک یان ڤیەللایەک لەسەردەمی زۆربوونی ئیرادات (پارە زۆرییەکە) ئەچووە یەک ملیۆن دۆلار (سەت دەفتەر) ژمارەی ئۆتومبیلێک بە 70 هەزار دۆلار، ئیتر دەیان نمونەی وا. لەناکاو کاڵاکە بێ نرخ بو، پارەکانیش دیار نەمان، ئا ئەمە سیحرە ئابورییەکەیە.
بۆ نمونە، ئێستا ڕۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە «حکومەتی ئەمریکاو میسر ڕێککەوتنی ئابورییان واژۆکرد» کاتێ ئەیخوێنیتەوە تەنها بە بڕی 33 ملێۆن دۆلار دوو ووڵاتی وا گەورە ڕێککەوتوون، لە کاتێکدا زیاتر لە 3000 ملیۆنێر لە هەرێمێکی بچکۆلانەی وەک کوردستاندا هەیە! ئەم ژمارەیە زۆر نائاساییە. ئەمڕۆکە بەرپرسی زۆر هاکەزایی حیزبی لە کوردستان هەیە هیچ خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نییە دەیان ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە!؟. ئەو زێدە ڕۆیی نییە بوترێ ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئەو دوو ووڵاتە پارەی ڤیەللاو موڵکی چەند دەوڵەمەنێکی حیزبی ناسروشتیە لە هەرێمی کوردستان، یەکەمیان سیستەمێکی سەرف مامەڵەی پێوە ئەکات، دووەمیان نا ئابورییەو دەرئەنجامەکەی ئەو دۆخە شلۆقە دروست ئەکات کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت