پشکۆ ناکام: بە داخەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر دڵمخۆش بوو بەوەی ” گۆڕان ” سەرەڕای ئەو گێرمە و کێشمە و گرفتانەی کە تێی کەوتوە کە جار و بار ئەبێ بە گوریس بهێنرێتە سەرەوە، کەچی هێشتا لە دونیای داهێنان و یاری سیاسی توانای هەر ماوە، بە تایبەتی لە بواری هەڵبژاردنەکان و دیاری کردنی کاندیدەکان.
1- هەڵبژاردنی کەسێکی باڵی ئیسلامی بزووتنەوەکە بە سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم، هەنگاوێکی ئەوەنە ژیر و ئاقڵانەیە کە ڕەنگە دوو سێ قەڕنی تریش لە مەحافیلە سیاسیەکانا باس بکرێت! گەرچی ڕەنگە بە حەزی ئەو بوایە لیستەکە ناوبنرایە ” لیستی حیجاب ” بە حوکمی ئەوەی ئەو برادەرە ” ئیسلامی / پرو ئەردوگان ” ـە ، کار بۆ ئەوە ئەکات رۆژێک لە رۆژان هەموو کوردستان بە پیاوانیشەوە، بە خۆشی بێ یان بەشەق حیجاب ببەستن کە ئەمەش لە دینەکەی ئەوا فەریزەیە، واتا بۆت نیە رەتی کەیتەوە. قازانجی ئەوەی کە ئەو نوێنەرەی ئیسلامیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆتە سەرۆکی لیستەکە ئەوەیە کە ئەو موسڵمان و خاوەن ئیمان و نزیکە لە خوا ( ببورن مەسافەکە نازانم !)، وەکو منیش بیستوومە ئایەتێک هەیە بەناوی ” ئایەتی بارلەمان – بە بێ چونکە لە عەرەبیا، واتە زمانی دینەکەی ئەو پێ نیە “، ئەوانەی وەک ئێمەومانان کە کافر و ئەهلی جەهەنەمین ئەو ئایەتە شمولمان ناکا، بەڵام سەرۆکی لیستەکەی گۆڕان بە حوکمی باکگراونە دینیەکەی بۆ سەرخەستنی لیست و کاندیدەکان، کە ئەو ئایەتەی ووتەوە لەوانەیە ڕەبوالعالەمین بەزەیی پیا بێتەوە” سەرەڕای تەزویرەکان ” ئەو لیستە زۆرینە بەدەست بێنێ و هەرێم لە حوکمی بنەماڵەییەوە بگۆڕن بۆ حوکمی شەریعە.. نەک هەر ئەوە بەڵکو بوونی ئەو بە سەرۆکی لیستەکە عەتف و مەحیبەت و هاو مەقسودی هەڤاڵەکانی لە لیستە ئیسلامییەکانی تر بۆ خۆی ڕاکێشێ و ئەوانیش دوعای هەمان ئایەت بکەن و بەم شێوەیە دوو لیستی ئیسلامی و
یەک لیستی نیو ئیسلامی پێکەوە بە یەک ئامانج خەباتی مەدەنی – ئیسلامی !! خۆیان بکەن.
2- بوونی گۆرانی بێژێکی میللی ئەوەی بە زمانی خەڵک پێی ئەووترێت “شایەر” کە لەگەڵ دادگا لەسەر شەڕە تەقە گرفتی زۆری هەیە وەک کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان ( کە ڕەنگە بۆ ئەوە بێ کەی ویسترا گۆڕانکاری لە گۆرانی میللی و هەڵپەڕکێی ژنهێنان کرا، ئەو برادەرە بە حوکمی شارەزایی ئەو مەهامە وەربگرێت و گۆرانی میللی لە سیستەمی بنەماڵەییەوە بگۆڕێ بۆ سیستەمی پارلەمانی ) ، کەمێک باڵانسی پارلەمان تێک ئەیا، چونکە ئەو برادەرە کە خۆی ئەشوبهێنێ بە ” دیمیرتاش ” بوو بە ئەندام پارلەمان ئەبێ هەم پارتی و هەم یەکێتی ئەوانیش شایەری خۆیان کاندید کەن تا لەگەڵ دیمیرتاشەکەی گۆڕان لە پارلەمان بە گۆرانی میللی بچن بە گژ یەکا و وەڵامی یەکتر بەنەوە” کەو ئەو کەوەیە بەرامبەر کەو بخوێنێ..”.. ، ئەم داهێنانەش ڕەنگە ببێتە مایەی ئەوەی کە لە زاکۆکانی هەرێم کۆلێجێک بکرێتەوە بە ناوی ” کۆلێجی زانستە سیاسی و گورانیە میللیەکان ” بۆ پێگەیاننی کادری بەتوانا لەو کەسانەی کە بە گۆرانی و سیاسەت پێکەوە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم ئەگۆڕن!.
3- ئاخۆ سەرۆکی سێ لیستی گەورەی موعارەزەی هەرێم کە دوانیان سەر بە یەک قوتابخانەن و و یەک ئەجینداشیان هەیە ( دیارە ئەجیندا شاراوەکانیان ) بە سودفەیە یان بە زمانی ئەو دوو لیستە قەزا و قەدەرە؟ گەر گۆڕان توانی موبەریراتی کاندیدکردنی بازرگانێکی ئیسلامی بە خەڵک بڵێ و بچێته ئەقڵەوە خۆم یەکەم کەس دەنگی پێ ئەیەم، بەڵام ئەزموونی دە ساڵی خۆم لەگەڵ بزووتنەوەکە و پرینسیپەکانی لەسەری دامەزرا، یەقینم هەیە هیچ موتیڤێکی باوەڕ پێ هێنەری نیە بۆیە سەد لەسەدی ڕەت ئەکەمەوە.. راستە گۆڕان لە حاڵەتێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی خراپا ئەژی، بەڵام گەر ئەو بزووتنەوەیە وای لێهات لە سەرلێشێواو یا، مەدەنیەت و سەلەفیەت، عیلم و دین، دۆستی ئەمڕۆ و نەیاری سبەی، وەستان لەسەر واقیعی ئەمڕۆ و چەپڵەی ڕابردوو، تێکەڵ کرد، ئەوە سیگناڵێکە بۆ ئەوەی کە ئەووترێت ” سەرەتای کۆتایی “…. بە داخەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت