بەیان ئیبراھیم: ژن نەبێت ژیانیش نابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو بەشی کۆمەڵگای ئێمە لە ژن پێکهاتوە، بەشەکەی تریش واتە پیاو لە باوەشی ژن دێتە دونیاو پەروەردە ئەبێت، باری ژیان بێ ژن لەنگە. بەشەرییەت لەو قەترە ئاوە دروست بووە كە چێژی نەبراوەی نێرە كە پێی وایە پیاوە، ھەر ئەو كیژۆڵەیەش دەبیتە بكوژی لە دەرەنجامی ئەو حەزە دروست بووە، بۆ پێت وایە لەگەڵ كورەكەت جیاوازی ھەیە، بە درێژایی مێژوو گرفتی سەرەكی كۆمەڵگای كورد ژن بووە، كە ھیچ كاتێك ژن نەیتوانیوە رۆڵی سەرەكی ھەبێت، لەوەی كە ھەژموونی نێرایەتی زاڵ كردوە لەم كلتورە بە شێوەیەكی بەرزی شێوە گەلی توندوتیژییە بە پێدراوێكی ئەنسۆپۆلۆژیدا دەڕوات لە رێگەی بونیادی نەستیەوە، بە گشتی ئایدیۆلۆژیە باوەكانی جیھانیش پیاوسازن لە پیاوسالاری تێكرا پاك نەكراوەتەوە.
دیسان ژن لە ژێر بانی شوشەیی پیاودا دەھێڵنەوە، بۆچی كۆمەڵگا لۆمەی ڕێكخراو دەكات، ئەگەر دژە باون زۆرینەی رێكخراوی پیاوانن بەھەمان شێوەی كۆمەڵگا بیر دەكەنەوە كە پیاو سالارییە و ڕای پیاوان بەسەر ژناندا زاڵە. مەرج نیە ئەو ژنانەی ڕێكخراویان ھەیە و بانگەشەی یەكسانی ماف دەكەن تا ئێستاشی لەسەر بێت نەیان توانیوە خۆیان لە پاشكۆیەتی حیزبی پیاوانە بێنە دەرێ و ببن بە خۆیان.
ھەموو رێكخراوەكان پاشكۆی كارتۆنی حیزبەكانن و كە ھەموی نێرینە و پیاون، ئێ پیاویش خاڵین لە بوونی ژن بە پێی پێویست، ھیچمان جورئەتی ئەوەمان نیە بە ژن و پیاویشەوە گۆڕانكاریلە خۆمان دروست بكەین، یاساكان لە خۆمان دوور خەینەوە بە ڕوناكبیرەكانیشەوە ھەموو یاساكانمان گرتۆتە ئامێزو و كەلەپچەی عورف و تقلید و دینمان لە دەست و پێی خۆمان بەستوە، رۆژ بەرۆژ ژن دەكوژرێ و ژن خۆی دەكوژێ. ئایا عورف و نەریتە نایەڵێ ژن خۆی ببینێت، یان خۆیان لە نەریتی كۆمەڵایەتی و ئایینە كە خۆیان لە نەریتیەكان دانەماڵیوە وە تا ئێستاش ھەر بەردەوامن لەسەر ھزری كۆمەڵگای پیاو ئەمەش تەنھا بەھۆی لە خۆبوردنەوە لۆمەو تانەی كۆمەڵایەتی پیاوان قبوڵ دەکرێ.
ترسی ژنان و سەركوتبوون و گاڵتە پێكردن و چەقۆی جەرگبڕی ئایدۆلۆژیای پەیوەندی كۆمەڵایەتی و نەزانین و گەمژەیی و بەكار ھێنانی فیسبوك لە لایەن پیاوانەوە فاكتەرێكی زۆر گرنگە، كە دەبێتە ھۆی بێدەنگی ژنان، ئەوەی نەنگییە لە كۆمەڵگای كوردی پەروەردە و فێركردنە، دایكسالاری و باوكسالاری، ئەو كچانەی لە تەمەنێكی ھەرزەكاری خۆیان دەكوژن ھیچ شتێك نیە ھانای بۆ بەرن بە تایبەت دایك نەیتوانیوە وەكوو ھاوڕێیەك بڵێ دایە: فڵان كێشە رێگەی پێگرتوم! چونكە دایكی ھەمیشە لەژێر ھەرەشەدا گوشاری داوە. واتا ئەمە دەگەرێتەوە بۆ ئەو پەروەردەیەی كە دایك و باوك ھەڕەشەن لەسەر مناڵەكانیان. تا ئیستا ھیچ ئینساكلۆپێدیای خێزان و بڕوا بە خۆبوونێكی وەھا نەبوە كە منداڵاكانمان بوێرانە و ئازادانە بێ ترس ڕایی خۆیان بلێن.
دایك مەلیكەی خێزانە یەكەی پێكھاتەی كۆمەڵگایە بۆ لەسەر ئاستەكان رۆڵی نیە، ئەمە بە پلەی یەكەم ژن خۆی لێی بەرپرسە رۆڵ ئەدا بە نێرینەكانی ماڵەوە و مێییەكان دەكاتە پاشكۆ، مایەی داخە ئەسەفێكی قوڵە ژنانی ناو رێکخراوەكان نەك نەیان توانیوە لە پرسە گشتیەكاندا وجودیان ھەبێت، بگرە لە دۆسییەی ژنانیشدا لە چوارچێوەی مەسەلەی جێندەردا تەواو كارتۆنی كردۆتەوە، ئەمەش گەورەترین كێشەیە، كە رێکخراوەكانی ژنان نەك ناتوانن كێشەی ژن چارەسەر بكەن! بەڵکو دواجار وەكوو ئەو ئەنتی ڤایرۆسە وان كە خۆیان دەبنەوە بە ڤایرۆس بۆ كێشەی ژنان.
كاتێك ژنێ دەكوژرێ زۆر بەخێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو دەبێتەوە، بە تایبەت فەیسبوك وێنەی ئەو مێیە ژنە یا كچە بڵاو دەكەنەوە، بۆچی پیاوان بەس لەو كاتەدا ژنییان وەكو فریشتە دێتە بەرچاو و خۆیان بەنەفرەت دەكەن؟ بۆچی منی ژن لە كوشتنی ژنێتیما لەو كاتەدا ھەست دەكەم ژنم یاخود ھەم؟ ئەی بۆ نێرومێ كاری تەواو بنبڕكردنی لە ڕەگ و ڕێشەوە بە یەكجار ھاوار بكەین بڵێین: نا بۆكوشتنی ژن، تا ئێستا چیمان كردوە بۆ ژن.
چەندەھا ژنمان بە زیندویی خرانە چاڵی مەرگەوە لە ڕێی ئەم پەیجانەی كە پیاوان سەرپەرشتی دەكەن بە ناوی سیاسەتەوەو، ژنەكانمان لەناو دەبەن. جێگەی داخە ژنێ دەكوژرێ لە پەیجەكان پیاو بوونی خۆیان بیر دەكەوێتەوە لەھەمان كات و ھەمان پەیج خۆی ژن دەكاتە قەقنەس و سوكایەتی پێدەكات و، ڕوتی دەكاتەوە و دەیخاتە بەر ھێرشی ھەرەشە. ژن قوربانی ھەمان ئەو كوفر و ماكیاجەیە و ھیچی تر. ژن لەم باشورە خێڵكیە ھەر شكاوە و بەرەو دواوەی دەبەن لە ڕوی سایكۆلۆجیەوە لەم وشەیە دەترسین. ژن دەبێت لە سەر ئاستی گشتی یەكەكاندا وجودی ھەبێت و توانای ھەبێت تا چیتر ژن نەبێتە قوربانی دەستی پیاوی بودەڵەکان، بەڵام دواجار ئەگەر ئەم توانایە نەچێتە ناوچێوەی رێکخراوێكی فاکتەوە دور لە تەعەسوبی جێندەری و سفركردنەوەی تەواوی بەرامبەر ھیچ كاریگەری ئەوتۆی نابێت، ھەركات توانرا رێکخراوێكی ژنانی سەربەخۆ نەك كارتۆنی بۆ بەرگریكردنی تەواوی ژنان دروست بكرێ دەتوانرێت زۆر كاری گەورە ئەنجام بدرێت.

* ئەنسۆپۆلۆژی: واتا سیترالیزمی نێرایەتی لە نێوان كلتورو بایەلۆژیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت