عوسمان عومەر: داستان یا چیرۆکى ئەسحاب الکهف یا حەوت نوستوەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى یەکەم
پارساڵ بابەتێکم لەسەر ذوالقرنین و مەسەلەى ڕوح ئامادەو وەرگێڕانم بۆ کرد، کە دوو پرسیار بوون لەسەرەتاى پەیدا بوونى ئاینى ئیسلامەوە لەپێغەمبەر (د.خ ) کرا لەلایەن قورەیشیەکانە بەهاندانى حاخام و کاهینەکانى جولەکە بۆئەوەى بخریتە تەڵەوە تا بزانرێ چەند زانیارى سەبارەت بەوانە هەیەو لە کوێوە وەرگیراون پرسیارێکى تر کە ئاراستەى پێغەمبەر(د.خ) کرا سەبارەت بەچیرۆکى ئەسحاب الکهف کەلەقورئان دا ژمارەى سورەتەکە 18 یە سورەتێکى مەکیە ژمارە ئایەتەکاتى 110 ئایەتە , شێوەى هاتنە خوارەوەى 69 لە بەشى 15 و 16 یە واتە ناوەراستى قورئانە, سورەتى کەهف یا ئەشکەوت زۆر فەرمودەى لەسەر گوتراوە وەک” گەر لە ڕۆژى هەینى بخوێندرێتەوە سودی بۆ نێوان هەردوو هەینی دەبێ”و هەندێکیش دەلێن ئەوەى بیخوێنێتەوە مەعسوم دەبێ لەدەجاڵ , بەلام دەجال بدعەیەکە لە ئاینى ئیسلام و خەلکى ساوێلکەى ئەو سەردەمەى پێ تۆقێنراوە . زۆر چیرۆکى وەک یوسف و ئەسحاب الاخدود واصحاب الرس واصحاب القریەواصحاب الجنەو اصحاب الفیل هەیە لە قورئان دا.
بابزانین ناوەرۆکى ئەم چیرۆکەى اصحاب الکهف چییە؟ گرنگى چییە؟ ئەم داستانەى لە قۆرئان دا هاتووە لە کوێوە هاتووەو وەرگیراوە , چونکە لەناوەرۆکى سورەتەکە نەمیژوو نە لەکوێ ژیاون و لەچ سەردەمێک ژیاون ئایا پێش لەدایک بونى مەسیح بووە یا دواى لەدایک بوون ئەوانە کۆمەلە پرسیارێکن, بەلام گەر پرسیار لەزانایەکى ئیسلام بکرێ بێگومان وەلامەکەى ئەوەیە کە قورئان مولزەم نەبووە بە مێژو و ناوەکان و سەردەمەکە، کەخواى گەورە باسى نەکردووە کەواتە پێویستە ئیمەش وەک موسلمان لێى بێدەنگ بین هەر لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ واهاتووە .
سەرەتاى چیرۆکەکە لەوەوە دەست پێ دەکات قورەیش(نەزەرى کورى حارس)و (عقبە بن ابى مەعیت) یان نارد بۆلاى کاهینەکانى جولەکە لەمەدینە بەسیفەتى ئەوەى خاوەن کتێبى تەوراتن، 3 پرسیاریان دا بەنەزەر تا پرسیار لە پیغەمبەر(د.خ) بکەن. ئەوانیش سەبارەت بەڕوح, سەبارەت بەکەسێک کەرۆژهەلات و خۆرئاواى کردووە( بەنداوى یاجوج و ماجوج ) پرسیارى سێهەمیش/ سەبارەت بەچەند گەنجێ لەکۆن دا چییان بەسەر هاتووە؟
نەزەرى کورى حارس خۆى بەقسەزان و رۆشنبیرو پزیشک و کورى پزیشک دەزانى و زانستى یۆنانیەکانى خوێندبوو, شارەزاى مێژوو هەبوو بەتایبەت مێژووى فارس و زمان زان بوو لەهەموو کۆرو کۆبونەوەکانى قورەیش قسە و بەسەرهاتى خۆى هەبوو، خۆى بەشایستە تر لە محمد (د.خ) دەزانى, کە بانگەوازى ئیسلامى ئاشکرا کردو ووتى: بۆچى دواى کەسێکى نەخوێندەوار دەکەون من ئەو هەموو زانست و مەعریفەیەم هەیە، بۆ دواى من ناکەون ئەى قورەیشیەکان, کاتێ گەرانەوە ئەو پرسیارانەیان لێکرد پێغەمبەر(د.خ)پەیمانى ئەوەى دانێ کە سبەى وەڵامیان دەداتەوە، بەلام 15 رۆژى پێچو تا وەلامى دانەوە بۆیە لەکۆتایی سورەتەکە هاتووە”ولا تقولنّ لشيء إنّي فاعل ذلك غداً إلا أن يشاء الله، واذكر ربّك إذا نسيت وقل عسى أن يهدين ربّي لأقرب من هذا رشداً” پیغەمبەریش لەو ماوەیە زۆر خەفەتبارو بێ تاقەت بوو بۆیە ئەوان پەنایان بردەبەر ووتەکانى خۆى کە گوتبوى نیشانەکانى مونافیق 3 شتە (اذا حدث كذب واذا وعد اخلف واذ اوتمن خان) وازيان لێنەهێناو لە دژایەتى کردنى بەردەوام بوون بەپێى هەندێ سەرچاوە گوایە فەرمانکراوە نەزەر بکوژرێ.
زۆر گێرانەوەى ترى چیرۆکەکە یا داستانەکە هەیە زۆربەشیان دەتوانم بلێم وەک یەکن یا لێى زیاد کراوە یا کەمتر وتراوە , ئەم داستانە لەبەشى چوارەمى کتێبى فیزیاى ئەرستۆ لەسەدەى چوارەمى پێش زایین بلاوکردۆتەوە و دەلێت: لە نیوان بت پەرستەکان و یۆنانیەکان پێش لەدایک بونى مەسیح بەسەدان ساڵ لەسەر زاران بووە بەدڵنیایی 106 سال دواى لەدایک بونى عیسى هەبووە ئەوانیش لە شارستانیەتى یۆنان وەریان گرتووە و یەکەم ریوایەتى داستانى حەوت نوستوەکە یا چیرۆکى ئەفسوس یا وەک سریانەکان بە ئەهلى کەهف ناویان دەبەن لەسەر زارى مار یعقوب السروجى لەهەلبەستێکى 70 دێرى باسیان دەکات لە کتیبەکەى کە 474 ز نوسیویەتى لە 451 ز لەدایک بووەو لە 521 ز، کۆچى دوایی کردووە .
بەپێى هەندێ سەرچاوە ئەم داستانە لەسەردەمى ئیمپراتۆر دکیوس یا دسیوس 249 – 251 حوکمران بووە. ئەو کات بت پەرست بوون داواى لەخەلکەکەى کردووە کە قوربانى و خێر بۆ بتەکان بکەن، ئەم چەندکەسە لەدەربارى پاشا بوون نەیانکردووە، چونکە یەکتا پەرست بوون بڕوایان بەخواى تاک و تەنها هەبووە. هەستاون هەرچى هەیانبوە بەخشیویانە و ڕوویان کردۆتە ئەو ئەشکەوتە وەک لە قورئانى پیرۆزدا هاتووە “سَيَقُولُونَ ثَلَاثَةٌ رَّابِعُهُمْ كَلْبُهُمْ وَيَقُولُونَ خَمْسَةٌ سَادِسُهُمْ كَلْبُهُمْ رَجْمًا بِالْغَيْبِ ۖ وَيَقُولُونَ سَبْعَةٌ وَثَامِنُهُمْ كَلْبُهُمْ ۚ قُل رَّبِّي أَعْلَمُ بِعِدَّتِهِم مَّا يَعْلَمُهُمْ إِلَّا قَلِيلٌ ۗ فَلَا تُمَارِ فِيهِمْ إِلَّا مِرَاءً ظَاهِرًا وَلَا تَسْتَفْتِ فِيهِم مِّنْهُمْأَحدا”
ناوەکانیان مەکسیمیلیانۆس, یەملیخا , مەرتیرلیۆس , دیونسیۆس, سرافیۆن , قستەنتینۆس و ئەنتۆنیۆس بووە و سەگەکەشیان ناوى قەتمیر بووە, حەوت کەسیان لەدەست و پێوەندەکانى پاشا بوون لەڕیگا شوان و سەگەکەشیان زیاد کردووە بۆیە دەوترێ ( رجما بالغیب ), کەدەگوترێ ئەصحاب الکهف والرقیم , رەقیم لە زمانى ئارامى دا واتە نامەى نوسراو ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە یەکێک لەکاهینەکانى دەربارى پاشا ئاگاداربووە و بەنهینى ناوەکانیانى نوسیوە لە بەردەم ئەشکەوتەکە شاردراوەتەوە, پاشا کەزانیویەتى و چووە بینویەتى، کە نوستون، بەبەردێکى زل دەمى ئەشکەوتەکەى گرتووە, ئەوانە لەسەردەمى تیۆدۆسى بچوک یا دسیۆسى بچوک حوکمران بووە لەسالەکانى 408 – 450 زاینى بەپێى هەندێ سەرچاوە دواى پەیدا بونى عیسى باسى چیرۆکى اصحاب الکهفى کردووەو فەرمویەتى: ئەوانە لە بنى اسرائیل بوون ئەوانە زیندوو دەبنەوە دواتر دەمرن کاتێ بەخەبەر دێن یەکێکیان لەخۆیان ناوى مەکسیمیلیانە دەنێرنە خوارەوە سکەیەکى پێدەبێ بۆخواردن کرین خەلکەکە پێى دەزانن، ئەو چیرۆکەیان لەئینجیل وا خوێندراوەتەوە ,”. هەندێ سەرچاوە دەڵێت: مەکسیمیلیان هەندێ، دەڵێت یەملیخا” یەملیخاش دەبەن بۆ لاى پاشا و پێى ڕادەگەیەنێ ئەى لاو سەردەمى دکیۆس یا دقیوس ئەوە 300 سالە بەسەر چووە و ئیستا عیسا پیغەمبەرە، هەمومان خوا دەپەرستین و عیسایین ئیمە چاوەروانى زیندو بونەوەى ئیوەمان دەکرد, بەپێى هەندێ گێرانەوە کەپاشا دەگاتە شوێنەکەیان عەباکەى خۆى بەسەریاندا دەدات دوبارە دەمرنەوە فەرمان دەکات شوێنێک لەسەرویانەوە بۆخواپەرستى دروست بکرێت بۆیە لە قورئاى پیرۆزدا دەفەرموێ ابْنُوا عَلَيْهِم بُنْيَانًا رَّبُّهُمْ أَعْلَمُ بِهِمْ قَالَ الَّذِينَ غَلَبُوا عَلَى أَمْرِهِمْ لَنَتَّخِذَنَّ عَلَيْهِم مَّسْجِدًا. ئەوانە موسلمان نەبون تەنها خواپەرست بوون هەموان دەزانین مزگەوت شوینى نوێژە و پەرستگا بۆ خواپەرستى دەبێ.

بەشى دووەم
چۆن اصحاب الکهف نوستون لەرووى زانستیەوە:
بۆ ئەوەى اصحاب الکهف ئەو ماوە دوورو درێژە بە ئاسودەیی بخەون بێ ئەوەى توشى هیچ ئازارو گرفتێک بن، ئەو شوێنەش ترسناک نەبێ و بگونجێ بۆ ژیانیان چەند هۆکاریکى زانستى هەیە لەوانە:
• هەستى بیستنیان وەستێنراوە چونکە هەردەنگە دەنگێک لەدەرەوەى شوینەکەوە بێت دیارە نوستو هوشیار دەکاتەوە، بۆیە لەقورئانى پیرۆزدا وتراوە ” فضربنا على اذانهم فى الكهف سنين عددا) بەواتاى پەکخستن و لەکارخستنى هەستى بیستن، کە لە هەمو بارودۆخێکدا کاردەکات لەگەل دەوروبەرى خۆى و هەستى بیستن بەستراوە بە دەمارى قەحفى هەشتەم بە ئینگلیزى پێى دەوترێ Cranial nerve VIII.
• لەکارخستنى دەزگاى چالاککەرى تۆڕى (تعطيل الجهاز المنشط الشبكى) بە ئینگلیزى پێى دەوترێ ascending reticular activating system ئەمەش هەروەها بەستراوە بە دەمارى قەحفى هەشتەم (بەشى هاوسەنگى) ئەم دەمارە دووبەشە: یەکەمیان/ پەیوەندى بەبیستنەوە هەیەو، ئەوى تریان بەهاوسەنگى لەناوەو دەرەوەى لەشى مرۆڤ بۆیە. لە قورئان دا ووتراوە” فضربنا على اذانهم” نەى فەرموە “فضربنا على سمعهم” . ئەم دەزگایە وەک بەنجکردن وایە مرۆڤ دەخاتە خەوێکى قول و ( متبونەوە بەعەرەبى سبات) کەوەستێنرا. هەموو دەزگاکانى لەشیان کارى کردووەو کەمترین ووزە بە کارهێنراوە، لێرە میلى کاتژمێر بە نیسبەت ئەوان وەستێنراوە لەناو ئەشکەوتەکە، تەنها سیرکیولى دەرەکى وەک خانەو شانەکان کە پارێزگارى لە پلەى گەرمى نزم لەگەشە دەوستێ، بەلام بەزیندویی دەمێننەوە.
• بونى کلاو رۆژنەیەک لە بنمیچى ئەشکەوتەکە ئاڵوگۆرى هەواو تیشکى رووناکى خۆر واىکردوە و خۆ وەرگێرانیان و بونى شوێن و کەشێکى گونجاو لەکاتى نوستنیان دا وایکردوە هیچ بەسەر لاشەکان دا نەیەت، کە دەیانبینى وادەزانى مردون بەلام نوستون. زۆر ناچمە ناو درێژەى ئەو بابەتە پزیشکیەوە تەنها ئەم سێ هۆکارەم خستۆتە ڕوو.
ئاینى اصحاب الکهف:
بەپێى هەندێ زانیارى داستانى اصحاب الکهف نە لەکتێبەپیرۆزەکان و نە پێغەمبەرەکانیان باسى لێوە نەکراوە, ئەم چیرۆکە دواى هاتنە خوارەوەى تەورات بەسەدان ساڵ کەوتۆتە سەر زار ئبنجیلیش هیچ ئاماژەیەکى تێدا نییە بەو داستانە کەواتە قورئانى پیرۆز ئەم داستانەى وەک سورەتێک لەقورئان دا دابەزاندووە لەکوێ وەرگیراوەو هاتووە؟
ئاینى اصحاب الکهف وەک لە قورئان دا هاتووە تەنها باوەریان بەخوداى تاک تەنها هەبووە, چۆن مەسیح بانگەوازى بۆ یەکتاپەرستى کردووە لەناو هۆزەکەى خۆىی و دەوروبەر کە واز لە بێباوەرى و بتپەرستى بهێنن. دوو ڕاو بۆچون لەسەرئاینى ئەسحاب الکهف هەیە:
رایەکیان دەلێت: اصحاب الکهف لە یەهودیە نەسرانیە یەکتا پەرستەکان بوون و، لایەنگرى مەسیح بۆیەش وازیان لە هۆزەکەى خۆیان هێناوە چونکە هەندێکیان گوتویانە عیسى کورى خودایە بەهۆى بیرۆراى جیاوازەوە خۆیان دابراندووەو روویان کردۆتە ئەو ئەشکەوتە بۆ خۆپاراستن و پاراستنى بیروباوەرەکەیان و ترسى کوشتن لەلایەن نەسرانیەکانى لایەنگرى مەسیح کە جولەکەبون لەسەردەمى ئیمپراتۆر تراجان، کە فەرمانرەوایی کردووە لە نێوان سالەکانى 98 تا 117ى زاینى ئەو ئیمپراتۆرە بتپەرست بووە دیانەتى مەسیحى قەدەغە کردووە. چونکە مەسیح دەفەرموێ: أسمع يا أسرائيل , أن الرب الهنا هو رب واحد ” پێش ئەوەى پۆلص تحریفى بکات و بیگۆرێ بە” الرب إلـهك تسجد و إياه وحده تعبد”
دووەمیان دەلێت:
رەنگبێ لەجولەکە ئەسینیەکان بن کە باوەریان بەمەسیح هێناوە وەک پێغەمبەر لەلایەن کاهینە جولەکەکان ئەزیەت درابن و، ئیستیڤانۆس یەکیک بووە لە 70 نێردەکەى بە پێى سەرچاوە مێژوویەکان یەکەم شەهیدى مەسیحیە 35 زاینى، دواى بەرزبونەوەى مەسیح بۆ ئاسمان بەماوەیەکى کورت، بۆیە هیرۆدۆسى پاشیان لێ هانداون کە بەناوى رۆماوە حوکمى فەلەستین و رۆژهەلاتى ئوردنى دەکرد. ئەم ئەشکەوتە دەکەوتە خۆرهەلاتى شوینى نیشتەجێ بوونیان لەقەمڕان نزیک گوندى رقیم یا نەبەطيه يا بەرەجیب ناودەبرا لە نێوان سالەکانى 35 و 42ى زاینى بەپێى نوێترین لیکۆلینەوە  300 سال بە ساڵنامەى هەتاوى ئەسینى، دەکاتە 309 ساڵى کۆچى.
شوێنى ئەشکەوتەکە:
دواى ئەوەى ناوى ئەو کەسانەى لە ئەشکەوتەکە بوون، داستانەکە چۆن باسکراوەو گێردراوەتەوەو، ئاینى ئەوانەى ئەشکەوتە بابزانین و، شوینى ئەشکەوتەکە کەوتۆتە کوێوە؟. بەپێى زۆرێک لە لیکۆڵەرەوەی مێژوویی و ئارکیۆلوژیەکان، دواى ئەوەى بڕیارى دەرچونیان داوە لە ژێر دەسەلاتى زۆردارى، چەند شوێنێکیان هەلبژاردووە لەقەلەمرەوى رۆمانیەکان، بەلام زۆربەى لێکۆلەران لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەشکەوتى رەقیم دەکەوێتە گوندى رەجیب لە ناوچەى سەحاب خواروى پایتەختى عەمان لەئوردن و، دەڵێن: ئەوە شوینى ئەو ئەشکەوتەیە لە قورئاندا ناوى هاتووە بەبەڵگەى ئەوەى کە شوێنێکى وەک مزگەوتى لەسەر بنیات نراوە. بەراى بەندە ئەوانە موسلمان نەبوون تا ناوى مزگەوتى پێ بدرێ، تەنها ئەوانە یەکتا پەرست بوون، بەو دەلالەتەى لە شوێنێکى ئایتەکە دەلێ فَقَالُوا ابْنُوا عَلَيْهِم بُنْيَانًا, چونکە لەو ئەشکەوتە 8 گۆڕ دۆزراوەتەوە تا ئێستا دیارنییە، سەرەڕاى ئەوەش پشکنەران شەویلکەى سەرەوەى کەلەسەرى سەگێک دۆزراوەتەوە لەبەردەرگاى ئەشکەوتەکە، جیا لەگۆرەکان بەگوێرەى ئەم بەڵگانە ئەو ئەشکەوتەیە کە لەقورئان دا باسى لێوە کراوە لەهەمو ئەوانى تر گونجاوترە, هەروەها باسى چەند ئەشکەوتێکى تر دەکرێ لە سوریاو تورکیاو یەمەن ئەم ئەشکەوتە سالى  1963 دۆزراوەتەوە لە ئوردن کە زانایەکى ئارکیۆلیستى ئوردونى دۆزیویەتەوە, ئیستا وەک شوێنێکى گەشتیارى کراوەیە بەرووى گەشتیاران دا,
بەپێى هەندێ ڕاو و بوچونى تر دەلێت: کە ئەشکەوتى ئەفسوس دەکەوێتە ناو خاکى تورکیاوە لەبانى ئەنادۆل و، ئەشکەوتەکە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی شاخى بیون, رایەکى تریش دەلێت: ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە ناوچەى ترسۆس نزیک ویلایەتى میرسین خواروى تورکیا، بەلام زیاتر لیکۆلینەوەو دیراساتەکان ئەوەى ئوردن بە راستتر دەزانن.

بەسود وەرگرتن لەچەند سەرچاوەیەکى ئەنترنێت ئامادەم کردوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت