نەبەز گۆران: چوار لایەنە نارازییەكە، رازین!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو رووبەری سیاسییدا تەنها ئەبلەكان، باسی نائومێدی دەكەن. رووبەری سیاسیی یەكێكە لەو رووبەرانەی بەردەوام كەلێنێك هەیە بۆ سەرلەنوێ‌ خۆ هەڵچنینەوە و، دروستكردنی جوڵەی راستەقینەی پڕ لە وزە، بەڵام دەبێت هێزێك، یان كارەكتەرێكی سیاسیی بیركەرەوە هەبێت بتوانێك ئەو جوڵەیە دروستبكات. ئەشێت لە دۆخێكی كاتیدا متبوونێك بێتە ئاراوە، ئەما ئەم متبوونە نابێتە هۆی دروستكردنی نائومێدی راستەقینە، لای هێزی راستەقینە و كارەكتەری سیاسیی ئەم متبوونە دەبێتە دینەمۆیەك بۆ جوڵەیەكی پێچەوانە، یان بۆ كردەیەكی جیاواز كە سەرلەنوێ‌ تێگەیشتن و دونیابینیەكی نوێ‌ بێنێتە ئاراوە. (نەوشیروان مستەفا، شارەزابوو لەم جوڵەیە لەكاتی متبووندا.)
دواكۆبوونەوەی چوار لایەنەكە و بەیاننامەكەیان، پێدەچێت وەك ئەوەی تێبینیمانكرد نارازی نەبن و رازی بن! دۆخی هەڵبژاردنی عێراق هێشتا بەرۆكی هەرێمی بەرنەداوە، دۆخێك بوو چاوەرواننەكراو، لەناو ئەو دۆخە ناتەندروستەدا هەموو ئاستەكان پێچەوانە بوونەوە، ئەم دۆخە بە بەیاننامە چارەسەر ناكرێت، بە كردە و جوڵەی راستەقینە چارەسەردەكرێت. پێشتر كۆمەڵێك دۆست هەوڵیاندا ئەم چوار لایەنە كە گوتارەكانیان لەیەكەوە نزیكە، رازیبكەن ببنە یەك لیست و وزەیەكی دیكە بخەنە ناو شەقام و، بە گوتارێك و بلۆكێكی سیاسیی نوێوە بێنە پێش و ئەو وزەیە دروستبكەنەوە، لێ‌ هەوڵەكە ئەنجامی نەبوو.
ئێستاش كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكداین، دیسانەوە چوار لایەنەكە لەناو ئەو نەخشەیەدا دەخولێنەوە، كە نەخشەی دوو پارتەكەی دەسەڵاتە. لە دەرەوەی ئەو نەخشەیە هیچ كردەیەكی جیاواز نابینین و، كۆی نیگەرانییەكانیان بریتییە لە بەیاننامە، بەیاننامەش تەنها ئەوەندە كاریگەری هەیە دەیخوێنیتەوە و پاش ئەوە كاریگەری نامێنێت. ئەشێت دوو پارتەكەی ناو دەسەڵات بەكەیفبن، چونكە لایەنەكانی بەرامبەریان هیچ جوڵەیەكی پێچەوانە و، هیچ دونیابینیەكی نوێیان نییە بۆ رووبەرە سیاسییەكە ترس بۆ ئەوان دروستبكات.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەكان كەمتر لە %40 خەڵك ناوی خۆی تۆماركردوە! واتای ئەوەیە كەمتر لە %40 خەڵك دەچن بۆ دەنگدان. ئەمە بۆ خۆی زەنگێكی مەترسیدارە، مەترسی ئەم زەنگە زیاتر بۆ چوار لایەنەكەیە، چاوەرواندەكرێت لە رۆژی دەنگدان بەهۆی كەمی بەژداربوونەوە، كۆمسیۆن لە كۆتاییدا كاتژمێرێك یان زیاتر درێژی بكاتەوە و لەوكاتەشدا دوو پارتەكەی دەسەڵات كاری خۆیان بكەن و رێژەكە بەرزبكەنەوە. دیسان چوار لایەنەكە دەستبكەن بە بەیاننامە بڵاوكردنەوە و بەیاننامەكانیشیان هیچ شوێنێك نەگرێت.
ترسی ئازادیخوازان لە بچوكبوونەوەی چوار لایەنەكە، ترسە لە بەهێزبوونی دوو پارتەكەی دەسەڵات و بچوك بوونەوەی ئەو گوتار و هێزەی بەرگری لە ماف و ئازادی و یاسا دەكات، ترسە لە بچوك بوونەوەی دەنگی نارەزایەتی سیاسیی. ترسە لەوەی گەر ئەم هێزانە لەم هەڵبژاردنەدا بچوك ببنەوە، ئیدی قورسە بە چوارساڵ بتوانن جارێكی دیكە ئەو بڕوایە دروست بكەنەوە، كە هەبوو. لێ‌ پێدەچێت ئەو چوار لایەنە ئەو ترسەیان نەبێت و رازیبن بەو نەخشەیەی ئەوان بچوك دەكاتەوە!
بەشێكی زۆری خەڵكی نارازی باس لەوە دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا بەژداری ناكەن. كەوایە دەبێت ئەو چوار لایەنە دەرك بەم مەترسییە بكەن و رێگایەك بدۆزنەوە. هەمیشە پێش هەڵبژاردنەكان خوێندنەوەكان بۆ رووبەری سیاسیی جۆرێكن و پاش هەڵبژاردن جۆرێكی كە، بەرلەوەی ئەوەی بریارە رووبدات، رووبدات، پێویستە بیرێك بكرێتەوە و جوڵەیەكی پێچەوانە دروستبكرێت.
ئەوانەی هیچ خوێندنەوەیەكی تەندروست شك نابەن بۆ ناسینی رووبەری سیاسیی، بەردەوام باس لە نائومێدی دەكەن، بەردەوام لە دۆخە سایكۆلۆژییەكەی خۆیەوە سەیری رووبەری سیاسیی دەكەن، بێئاگا لەوەی ئەو متبوونە سیاسییەی كە هەیە، نائومێدی نییە، بەڵكو متبوونێكە پێویستی بە جوڵەی پێچەوانەیە تا سەرلەنوێ‌ وزەیەكی پێچەوانە دروست ببێتەوە، نیگەرانییەكە لە متبوون، نەك نائومێدبوون لە تەواوی رووبەری سیاسیی. چاوەروانیكردنی خەڵك لە چوار لایەنەكە ئەشێت لەم دۆخی متبوونەدا دروست نەبێت، چونكە پێناچێت چوار لایەنەكە بیانەوێت ئەو جوڵە پێچەوانەیە دروستبێت و ناشیانەوێت وزەیەكی جیاواز بخەنە ناو رووبەرە سیاسییەكەوە و، لەناو نەخشەی دوو پارتەكەدا رازین بە دۆخەكە و نیگەرانبوونیشیان لە چوارچێوەی بەیاننامەدایە، نەك لە چوارچێوەی كردەی راستەقینە.
بۆیە ئەكرێت لەم قۆناغەدا ناوی هێزی رازیبوونیان لێبنرێت، ئەو هێزە رازیانەی لەگەڵ رەوتەكەدا دەڕۆن و دەستو پەنجە لەگەڵ ئەو دۆخە نەرمدەكەن، كە دوو پارتەكەی دەسەڵات دروستییانكردوە و، لە دوای هەڵبژاردنەكانیش بەو شێوەیە دەیانبینینەوە كە ئێستا وێنایان دەكەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت