هۆمەر نۆریاویی: شاخانمێک خۆڕاگر وەک چیا، بوردەبار مینا دڵی دایک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(یادێک لە هاوژینی مام هەژار موکریانی)

هەر من لە دووریی تۆ: هەژار و داماو
دەڕوانمە ڕێگەکەت بە چاوی پڕئاو
بەشم هەتا لەشم لە تۆوە دوورە
هەنیسک و هەڵمژینی ئەشکی سوورە
(بەزمی بەهار، هەژار، بۆ کوردستان)

پەیڤی دەستپێک:
ئەمە ڕاستییەکی ڕوون و خویایە کە بە درێژایی مێژوو، ڕەگەزی مێینە لە بەشێكی فرەی کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتدا بە دیدەی نزم سەیر کراوە و هەرگیز ئەو جێگە و پێگەیەی کە شیاوی کەسایەتی بووە، بەم بوونەوەرە نەدراوە و هەردەم پەراوێز خراوە. نە خاسما ئەم پرسە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیی وەک کۆمەڵی کوردییدا دوو هێندە زەقتر بووە. ڕاستە خانمان لە نێو ئێمەی کورددا هەمیشە شانبەشانی پیاو کاریان کردووە و لە پێناو ژیاندا لە هیچ جۆرە فیداکاریی و گیان بەختکردنێک درێخیان نەکردووە، لێ، کە نۆرە گەییشتۆتە پلە و پۆست و مەقامەکان لە نێو ماڵبات، خێڵ و کۆمەڵدا هەرگیز مافی خۆیان نەدراوەتێ.
ئافرەت، ئەو بوونەوەرە نازەنینەیە کە سەرچاوەی میهر و سۆزە و ناخی هەمیشە لێوڕێژە لە دلۆڤانیی و خودانی پاکژترین هەست و نەستە. کەچی لە هەمان حاڵدا کەم نین ژماری ئەو ئافرەتانەی لە نێو کۆمەڵی کوردییدا کە لە پشتەوەی گەورەیی پیاوانەوەن بەڵام مخابن تا لە ژیاندان ئەوەندە ئاوڕ لە ڕۆڵ و دەوریان نەدراوەتەوە و پاش نەمان، پەیکەریان بۆ چێ دەکرێت.
ئەوەی کورد بێت، بێ سێ و دوو ناوی “هەژار موکریانی” بەرگوێ کەوتووە و دەزانێت ئەم مرۆ مەزنە هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە پێناو نەتەوەکەیدا وەپشت سەر ناوە و ئەوەندەی کورد و دۆزی نەتەوەکەی لا گرینگ بووە، سەدی یەکی ئەو پرسە ئاوڕی لە ماڵباتەکەی خۆی نەداوەتەوە. هەر بۆیە بەداخەوە زۆربەمان ئاگاداری تەمەنێک خەباتی میهرەبانانەی ئەو شاخانمە نین کە هەر وەک خودی هەژار لەم پێناوەدا تێدەکۆشێت و فیداکاری دەکات و ئەرخەیانی بە هەژار دەبەخشێت تا درێژە بە خەباتەکەی بدات کەچی ئەم بە تەنێ باسکی هیممەت هەڵدەماڵێت و زۆر جار دوور لە هاوژین، بۆ خۆی دەوری باوک و دایک دەبینێت و وەک چیا خۆڕاگر و مینا دڵی دایک، میهرەبان و بوردەبارە. ئەرچی هەرگیز ناتوانین نکۆڵی لە ڕۆڵ و دەوری هەرە دیاری مام “عەبدوڵڵا”ی برای مام هەژار و “زێنەب”خانمی خوشکی ئەم نووسەر و شاعیرە مەزنە بکەین کە بۆ ماڵبات و خێزانەکەی هەژاری کوردپەروەر کۆڵەکە دەبن و تا ڕادەیەک خەمەکان دەڕەوێننەوە.

سەربازی بێناو
هاوژینەکەی مام هەژار واتە “مەعسوومە ئەحمەدی” هەر وەک خودی ئەم کەسایەتییە مەزنە، پتر لە 30 ساڵ لە پێناو خەونەکانی هەژاری کوردپەروەردا هەڵوەدا و ئاوارەی ئێرە و ئەوێ دەبێت و لەگەڵ هەموو کێشە و ئارێشە و کەند و لەندەکاندا دەساچێنێت و قەت لەو بەختەی خۆی دەم بە گلە و گازندە نابێت. گەلێک ساڵان لە ئێراق، سووریا و باشوور ژیان وەپشت سەر دەنێت و سەرەنجامیش ڕۆحە پەپوولەییەکەی هەر لە نێو خاکەکەی نیشتماندا ئارام دەگرێت.
نرخ و پێگەی خانمان لای هەژار موکریانی ئەوەندە بەرزە کە لە “چێشتی مجێور”ەکەیدا کە کتێبی یادەوەرییەکانی مام هەژار یان بە واتایەکی ڕاستتر ژیاننامەی ئەم مرۆ پایە بڵندەیە، ئیشارەتی پێ دەدات و هەرگیز ناتوانێت هەروا سووکێ بە لایدا تێبپەڕێت. ئەمە پەیڤی مام هەژار موکریانی سەبارەت بە مەزنیی خانمانە کە لە چێشتی مجێوردا دەنووسێت:” نازانم لە کوێم خوێندۆتەوە، دەڵێ: “پیاوان بۆ ناودەرکردن حەول دەدەن، ژنان بە فرمێسکی چاو نرخەکەی دەبژێرن…”. بەڵێ فرمێسکی خوشک و ژنی من، نرخێکی زۆر گەورەیان بژاردبوو. ئەو نرخ بژێرە فرمێسک هەڵوەرانەش وەک سەربازی بێناو وان، کەس بە هیچیان ناگرێ، بەڵام لە ڕاستیدا پاڵەوانی گەورەی داستان هەر ئەوانن. ئەگەر کاری دنیا لە ڕووی عەداڵەت بووایە، دەبووایە لە جێگەی کۆتەڵی پاڵەوانانی مێژوو، کۆتەڵی دایک و خوشک و ژنەکانیان لە مەیدانی شاراندا بەرز کردایەتەوە. بەداخەوە، کوا عەداڵەت؟ کوا دواکەوتنی حەقیقەت؟ دڵی ژن، هەر ژنێک، لە نەرمیی و بەزەییدا دەریایەکی بێ بنە و بۆ هیچ مەلەوانێکی بیرەوەر و شارەزا پەی نەداوە و هیچ زانایەک لام وایە وەک هەیە، پەی پێ نەبردووە”.
ڕاستە ڕەگەزی مێینە لە نێو ئێمەی کورددا تا ڕادەیەک جیاوازتر لە کۆمەڵگەکانی دیکە بووە و بە چاوێکی دیکە سەیر کراوە، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە پشتگوێ بخرێت کە بە شێوەی یەکسان وەک ڕەگەزی نێرینە هەل و دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە یانژی نەڕەخسێندراوە و، لەبەر خەسڵەتە نەریتییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵدا ڕەگەزی مێینە نەیتوانیوە لەبەر پەراوێزخران، سەدی یەکی بەهرە و تواناکانی خۆی دەربخات. هەر لەم پێوەندییەدا خودی مامۆستا هەژار بەم چەشنە باس لە وریایی و زیرەکیی هاوژینەکەی دەکات و دەنووسێت: “زۆر کوردم دیبوون،ژن و پیاو، چل ساڵ لە بەغدا ژیابوون و فێرە عارەبی نەببوون. خوایە ئەم ژنەم دەبێ بە چنگ عەرەبییەوە چۆن پێوە بێ! کەچی ساڵێکی تێ وەرنەسووڕا، وای فێر بوو کە وەک هەموو ژنە بەغدایی دیکە بۆ خۆی دەچووە بازاڕ و کەرەستەی ماڵی دەکڕی و زەحمەتی بازاڕچوونی هەموو ڕۆژەی لە کۆڵ من کردەوە”.
خوێندنەوەی کتێبی “چێشتی مجێور”ی هەژار موکریانی، دڵی چیایی و ناخی تژی بوردەباریی و وەفای ئەم مرۆ نازەنینەمان پتر بۆ دەردەخات.
هاوژینبوونی کەسایەتییەکی وەک هەژار لە ڕۆژگارێکی تاریک و نووتەکی وەک دوێنێدا بۆ کورد نە کارێکی هاسان دەبێت، بەڵام ئەم خانمە میهرەبانە لەم مەیدانەدا سەربەرز و سەرکەوتوو دەردەچێت.
هەژار هەر لە کتێبی چێشتی مجێوردا بەم چەشنە یادەوەرییەکی دەگێڕێتەوە: “ڕۆژێک زۆر بە سەبرۆکە پرسی: “ئەرێ ئێمە تا کەی ماڵەوماڵ و ئاوارە دەبین؟…”
وتم: “تۆ چاوت بەرەوژوور دەڕوانێ. لە ماڵە دۆمان بڕوانە. هەر حەوتەی لە دێیەکن، زۆریش بە ژیانی خۆیان ڕازین. وەبزانە ماڵە دۆمین…”. ئیتر نەمدیتەوە هەرگیز گلە لە بەختی خۆی بکا…”.
ئەم شاخانمە دلۆڤانە لە هەموو باراندا هاوڕێ و هاوخەم و هاوبەشی گشت سات و کاتە تاڵ و تفتەکانی ژیانی هەژاری شاعیر و نووسەر دەبێت و وەک خانمێکی بەدەست و برد و ئازا کاروباران ڕادەپەڕێنێت. مامۆستا هەژار بۆ خۆی دەگێڕێتەوە کە :” ماڵەکەمان زۆر ڕووت بوو، هەر حەسیری لێ ڕاخرابوو. نان، گەنم و پێخۆر ساوارە. مەعسووم قۆڵی لێ هەلماڵی و بە تەندوور نانی دەکرد”.
هەژار موکریانی هەر کە پاش ماوەیەکی دوور و درێژ بە ماڵ و منداڵ شاد دەبێتەوە، فرەی پێناچێت ڕوو لە سەنگەری خەبات دەکاتەوە. خانمەکەی باش ئاگای لە حاڵی هەژاری سووتاوی کوردایەتییە کە چلۆن شەو چاوی ناچێتە خەو، هەر بۆیە بەو پەڕی میهرەبانییەوە هەست بەم پەرۆشە دەکات و پێی دەڵێت، ئەگەر نەچیت، نەخۆش دەکەویت.
ئافرەتێک دوای ئەم هەموو سەخڵەتییانەی ژیان هەر کە لە بەغدا تازە خەریکە خۆی و منداڵەکانی بحەوێنەوە، لەپڕێک بەعسی ماڵ و ژیانی تێک و پێک دەدات و ڕەنج و بەری ژیانی لەناکاو ڕەشەبای بەعس ڕایدەماڵێت. کەچی سەرباری هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان، هەرگیز کۆڵ نادات و مژولی پەروەردە و بارهێنانی منداڵەکانی دەبێت.

لە کەرەجەوە بۆ هەولێر
پاش هەرەسهێنان و نسکۆی شۆڕش لە ناوەڕاستی هەفتاکان کە مام هەژار هاوڕێی بارزانییەکان (بارزانییەکان، لێرەدا مەبەست کوردانی باشوورە کە لە باری هزریی و سیاسییەوە لە مەلا مستەفا بارزانی نزیک دەبن) لە شارۆچکەی “عەزیمییە”ی سەر بە “کەرەج” دەگیرسێنەوە، ڕۆژانێکی دی ژیان بۆ خۆی و خێزانەکەی دەست پێ دەکات و ئەمجار هەژار مەتەرێزی خەبات دەگوێزێتەوە بۆ نێو ماڵ و تا دوا دەمی ژیان، لەگەڵ مەعسوومە خانمی هاوژین و “ئاگری”ی کوڕ و ژن و منداڵەکانیدا پێکەوە دەژین. من بۆ خۆم وەک هاوڕێیەکی بەڕێز ئاگری(مستەفا)هەژار، کە ساڵەهای ساڵ لە ڕادیۆ کوردیی تاران پێکەوە هاوکار و برا بووینە و نهایش ئەم هەڤاڵەتی و برایەتییە هەر درێژەی هەیە، باش ئاگاداری دەوری کۆڵەکەئاسای مەعسوومە خانمم کە پاش مام هەژار چەندە میهرەبانانە وەرگری هەموو کوردێک دەبوو کە ڕووی لە ماڵەکەی هەژار دەنا. لەم بەینەدا ئەگەر یادێکیش لە دڵسۆزیی و خەمخۆریی “ماپارە” خانمی هاوژینی مستەفا(ئاگری)هەژار نەکەین، پێموایە ناحەقیی و بێوەفایی بەرانبەر بەم خانمە بەڕێزە بێت کە ساڵەهای ساڵ، بۆ مەعسوومە خانمی هاوژینی مام هەژار نە وەک بووک بگرە هەر وەک کچی خۆی بووە و خزمەتی کردووە. قەدەر وا دەبێت کە مەعسوومە خانم لە دوا ساڵانی ژیانیدا ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە هەولێر و لەگەڵ “زاگرۆس”ی کوڕی پێکەوە ژیان دەگوزەرێنن و سەرەنجامیش ئەوێندەرێ دەبێتە دوا مەنزڵی.

پەیڤی کۆتایی
ئەوانەی دەیانەوێت پتر ئاگاداری ژیانی هەژار و ماڵباتەکەی بن، ڕەنگە خوێندنەوەی کتێبی “چێشتی مجێور” بتوانێت وەرامی بەشی فرەی پرسیارەکانیان بداتەوە و پەردە لە ڕووی ژیانی ڕاستینەی هەژار هەڵبداتەوە. بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، مرۆ پەی بە دەوری چیائاسای هاوژینەکەی هەژار دەبات و لای خوێنەر دەردەکەوێت کە ئەم خانمە میهرەبانە هەم چیا بووە و هەمیش سەرچاوەی وەفا و بوردەباری.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە مەعسوومە ئەحمەدی، هاوژینی هەژار موکریانی ساڵی 1308ی هەتاویی(1929)لە گوندی “نۆبار”ی سەر بە بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک دەبێت. پاش ڕۆژگارێکی دوور و درێژیش ڕۆژی 17ی گەلاوێژی 2718 ( 8ی مانگی ئەگۆستی 2018)لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە “هەولێر”ی قەڵای کوردان کۆچی دوایی دەکات و لەسەر وەسییەتی خۆی لە “پیرمام” و نزیک لە گۆڕی خالید حیسامی (هێدی)ی شاعیر و فەلەکەدین کاکەیی ڕۆشنبیر ئەسپەردەی خاکی نیشتمان دەکرێت. مام هەژار و مەعسوومە خانم خاوەنی چوار کوڕن بە ناوەکانی شێرکۆ، ئاگری، زاگرۆس و خانی کە شێرکۆ و خانی لە هەندەرانن و زاگرۆس لە هەولێرە و ئاگری (مستەفا)یش دانیشتووی باژاڕی مەهابادە.

ژێدەرەکان:
• چێشتی مجێور، عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی(هەژار)، چاپی یەکەم، پاریس، ساڵی 1997
• بۆ کوردستان، دیوانی شێعری هەژار موکریانی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی چوارەم، هەولێر،2001
• دیمانەی سەعدوون مازووجی لەگەڵ خوشکی مامۆستا هەژار

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت