بورهان شێخ ڕەئوف: رۆژئاواى کوردستان لە بەرخۆدان و بەرەڤانیەوە بۆ سەر مێزى دانوسان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژئاواى کوردستان واتە باکوورى سوریا لە چەند ساڵى ڕابردووى شۆڕشى خەڵکى سوریا لە ساڵى 2011 ەوە پێگەو ڕۆڵێکى بەرچاو و گرنگى هەبوو ە، ئەو خەڵکەى یان ئەو بەشەى کورد کە لەبن دەسەڵاتى دەوڵەتى سوریادا بوون نەک هەر مافى ئاسایى هاووڵاتی بوونى ئەو وڵاتەیان نەبوو، بەڵکو بەشێکى زۆریان ناسنامەى سوریشیان پێنەدەدرا وا پیشانى دەرەوە دەدرا کەو کەمینەیەکى زۆر کەمن و چەند سەد هەزار کەسێکن بەڵام لە دواى ڕاپەڕینى خەڵکى سوریا دژ بە ڕژێمى ئەسەد دەرکەوت کە کوردى سوریا ملێۆنەها خەڵکى تێکۆشەرن و دواى دەیان ساڵ نکووڵى کردن لە مافەکانیان زیاتر سووربوون لە سەر ناسنامەو مافەکانى خۆیان بەڵکو ڕق و کینەو تۆڵە لە فەرهەنگى ئەواندا نیەو بەڵکو جوانترین نموونەى پێکەوە ژیانیان لە گەڵ پێکهاتەکانى ترى سوریادا پیشانى جیهان دا.
لە ئێستاى بارودۆخى سوریادا و لە دواى ڕزگارکردنى ڕەقە پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى داعش لە لایەن هێزەکانى سوریاى دیموکراتەوە ( هەسەدە) کە هێزێکن زۆرینەى کوردن و لە یەکینەکانى پاراستنى گەل پێکهاتوون و ئەمریکا پشتیوانى یان لێدەکات سەرەڕاى ناڕەزایەتى و ڤیتۆى دەوڵەتى تورکیا لە سەریان لە دواى داگیر کردنى کانتۆنى عەفرین لە لایەن تورکیا و گروهە وابەستە کانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریاوە و وەدەرنانى هەموو تاقم گروهە تیرۆریستەکانى بەناو ئۆپۆزەسیۆنى سوریا کە سوارى شەپۆلى بێزارى و داخوازییەکانى گەلى سوریابوون لە لایەن هێزەکانى دەوڵەتى سوریاوە بە پشتیوانى ڕوسیاو ئێران ئێستا دۆخێکى نوێ لەو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە.

کورد چى بکات؟
ئەگەر چاوێک بە بەرنامەى هەموو ئەو هێزانەى ئۆپۆزەسیۆنى سوریادا بخشێنین کە هەموو گروهو تاقمى ئاینى و مەزهەبین و هیچ بەرنامەو چارەسەرێکیان بۆ کێشەى کوردو پێکهاتکانى ترى ئەو وڵاتە پێ نیە بە تایبەتى ئەوانەى کەزۆربەیان وابەستەى تورکیان و سیاسەتەکانى ئەوان جێبەجێ دەکەن و نکووڵى لە مافى کورد و هەموو پێکهاتەکانى غەیرە عەرەب دەکەن ، بۆیە ئەوەى لە ئێستادا سەردێڕى هەواڵەکانە گفتوگۆو دان و سانى نێوان کورد و حکومەتى سوریایە بە تایبەتى لە ساڵانى ڕابردووى شەڕى ناوخۆى سوریا ئەم ڕاستیە زیاتر بۆ هەمووان وەدەرکەوت.

پێگەى کورد لە سوریا
بەشى زۆرى ئەو ناوچانەى ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى فورات لە بندەستى هێزەکانى سوریاى دیموکرتدان نزیکەى 30% خاکى سوریا یە و هەروەها لە 90% نەوتى سوریا لە بندەستیاندایە جگە لە نیوەى غازى سروشتى و بەشێکى زۆرى بەروبوومى کشتوکاڵ و دانەوێڵەو و چەندین بەنداوى گرنگ واتە کوردەکانى سوریا دووەم هێزن لە دواى هێزەکانى حکومەتى سوریا.

پێگەى هێزەکانى دەوڵەتى سوریا
لە ئێستا بەشى زۆرى ئەو ناوچانەى کە ڕژێم دواى ساڵى 2011 لە دەستى دابوون ئێستا پاکى کردووەتەوە لە تاقم و گروپە تیرۆریستەکان وات لە 60 % خاکى وڵاتى لە بندەستایە.
لەئاوا بارودۆخێکدا کە کوردخاکى بە دەستەوەیە و تا ڕادەیەکیش پشتیوانى دەرەکى هەیە واتەئەمریکا دووریش نیە ئەم دان وسانە بە هەڵکردنى گڵۆپی سەوزى ئەمریکاو ڕووسەکانیش بووبێت، بۆیە دەکرێت کورد و بتوانێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ بەڕێوەبردنى هەموو ئەو ناوچانەى کە ساڵانێکە ئەوان بە جوانترین شێوە بەڕێوەى دەبن کە نموونەیەکى جوانى کارگێڕى و پێکەوەژیانیان نمایش کرد کە دۆست و دوژمنەکانیشیان ناتوانێت نکووڵى لێ بکات.
هەربۆیە لە دواى کۆتایى هاتنى گەڕى دووەمى دان و سانەکان باس لە پێشووەچوونى باش دەکرێت لە گفتوگۆکاندا کە دەوڵەتێکى دیموکراسى نا سنتراڵ دابمەزرێت و چەندین کۆمیتە پێکهێنراوە لە سەرئاستى جیاواز بۆ پێشخستنى دانو سانەکان و دانانى میکانیزم و فۆرمى نوێ بۆ کۆتایى هێنان بە توندو تیژى کە گەلى سوریاى بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ماندوو و بێزار کردووە کە نەخشە ڕێگایەک دابنرێت بەرەو سوریاییەک کە دیموکرات و ناسنتراڵ.
بەهەرحاڵ وتووێژو دان و سان و دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن لە ئێستادا لە قازانجى کوردە و ئەوەى ڕوون و ئاشکراشە سوریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2011 بۆ سیستەمى یەک حزبی شمولى و تۆتالیتارى ڕووداوەکانى هەشت ساڵى ڕابردووى ئەو وڵاتەش ئەوەى پیشانى جیهاندا کە ئەڵتەرنەتیفى ڕژێمى ئەسەد لەوەیە هەر خۆى بێت کێشەو ئاڵوزییەکانى پەیوەندى نێوان تورکیا و سوریاش خزمەت بەم پرسە دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت