دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خالی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی پێنجەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

عەقڵی سفر (2)

( 4 ) لە بەر ئەوە بە حوکمی ئەوەی عەقڵی کوردیی عەقڵێکی جەوهەریی گەنجینەیی تەراکومیی نییە، هەروەهاش عەقڵیکی چالاک و لێککاریی [تەفاعولی] نییە. عەقڵێکە نە [تراکمی] نە [تفاعلی]. عەقلێک نییە کە بتوانێ وەرگرێ و هەرس بکا و بەکار بێنێت. تەنانەت کە لاساییش بکاتەوە. چونکە لاسایی وەک ئەرستۆ دەڵێ میکانیزمی سەرەتایی فێربوونە و هەموو لاساییەک تا رادەیەک کردنی لاساییکراوەیە بە هی خۆ، یان زیادکردنی خۆیایەتییە بۆی. یان دووبارە داهینانەوەیە. زۆربەی تەکنۆلۆجی مەزنی چین لە سەر بنەمای لاساییکرنەوە یە: شارەزایی لە میکانیزم و تەکنیکەکانی [ئەوی دی]و دروستکردنەوەی بە عەقل و دەستی خۆت. بەڵام عەقڵی سفر عەقلێک نییە بتوانێ لاسایی بکاتەوە، کارتێبکات و کاری تێبکرێت. لە پەراوێزی بۆشایی و پاشکۆیی خۆیدا دەژیا و خۆدەخواتەوە و خۆدەسڕێتەوە. عەقلێک نییە کە بتوانێ دوای تێگەیشتن وەربگرێ، دوای ئەزموون شارەزا بێت، دوای شارەزابوون دروست بکات و دابهێنێت. دوای دروستکردن و داهێنان شارستانیی بنیاتبنێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمە: عەقلی سیاسیی خێڵەکیی ئەم نیو سەدەیەی دوایی کورد، بە هیچ جۆر عەقلیکی خۆیی ئازاد نییە. ناسنامەی نەتەوەیی نییە. پێوەندیی بە کوردبوونەوە نییە. عەقڵێکی بۆشی کۆیلەیە، کۆیلەی ڕۆحی و سیاسیی دوژمنە داگیرکەرە مێژووییەکانی کوردە. عەقلی کۆیلە ناتوانێ بیر بکاتەوە، ناتوانێ لە سنووری کۆیلایەتی خۆی دەرچێ و هیچی نییە کە پێشکەشی مێژوو و کۆمەڵ و جیهانی بکات، لەش نەبێت: لەش بۆ فرۆشتن و هەڕاج کردن لە بازاڕی سەبایای سەدەی بیست و یەکدا.

( 5 ) عەقڵ بیر بەرهەمدێنێ بەڵام عەقڵی سفر بیری سفر یان زڕ بەرهەم دێنێ. عەقلی کۆیلە کۆیلایەتی لەش بەرهەم دێنێ. لە بەر ئەوە دەرهاویشتەیەکی تری خەتەرناکی عەقڵی سفر نەبوونی هیچ جۆرە بناسێکی بیریی یان ئایدیۆلۆجیی یان کەرامەت و کەسێتیی و ناسنامەی نەتەوەیی یە. ناتوانین هیچ جۆرە ئایدیۆلۆجیەتێک بۆ هیچ بزوتنەوەیەکی کوردیی و حیزبێکی کوردیی [جگە لە پەکەکە لەم دواییەدا] لە هیچ قۆناغێکدا دەستنیشان بکەین و شی بکەینەوە چۆن ئەو ئایدیۆلۆجییە بناس و ڕێبازو ئامانجی بزاڤەکەی دیاری کردووە. لەمەش پتر ناتوانین یەک تاکە دۆکیومێنتێک دەستنیشان بکەین کە هیچ هێزێکی کوردیی لە هیچ سەردەمێکدا وەک پەیمانێکی نەتەوەیی لە نێوان هێزە سیاسییەکانیدا و گریىەستێکی کۆمەلایەتی لە نێوان خۆی و کۆمەلەکەیدا، یان گەلەکەیدا، کە واگۆی [ئیددیعای] نوێنەرایەتی دەکات بەرهەمهێنابێت. واتە گەل یان مرۆڤی کورد دەورێکی لە دیاریکردنی ئامانجەکان و شێوازەکانی خەباتدا هەبوو بێت.

( 6 ) لای هەموو میللەتان لەهەر قۆناغێکی مێژوویی دا، بە پێی قۆناغی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتیی و تێکەڵکارییەکانی فاکتەری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی ئەو قۆناغە و بزاڤی بیری جیهانی دینامیك و جیهانگیر، بزاڤە نیشتمانیی و حیزب و هێزە سیاسییە چالاکەکانی، ئایدیۆلۆژییەتی خۆیان بەرهەمدێنن یان جۆرە ئایدیۆلۆجییەتێکی دیار بناسیان دەکات جا چ ئایدیۆلۆجییەتێك بێت بۆ پاکانەبۆکردنی دەسەلات و رەوشی بوونیان و شێوازی خەبات و کارکردن و ئامانجەکانیان،- یان ئایدیۆلۆژیەتێک بێت بۆ رەنگکردنی ئاسۆی ئایندەیەک کە ئەو هێزە دەیەوێت پێشانی هاو-وڵات و هاوکار و لایەنگرانی بدات هەرچەند دوورەدەست و یۆتۆپییاییش بێت. ئەم ئایدیۆلۆجاندنە، لە هەلومەرجی زۆر نائاساییدا نەبێت، سەرەوەیی و ڕەمەکی نییە، لە ئەنجامی پرۆسەیەکی دایەلۆگ و لێکۆلینەوە و ئەنجامی بڕیاردانی لە ئەنجومەنی سیاسیی باڵادەستی ئەو کاتە وەک دۆکیومێنتێکی میژوویی دەردەکەوێت کە ناو بە ناو بە پێی قۆناغەکانی پێشکەوتن و سەرکەوتن، یان شکست و نووچدان، نوێدەکرێتەوە و کەسێتیی و بناسی بزاڤەکە لەو دۆکیومێنتانەوە پێناسە دەکرێت و مێژووەکەی دەنووسرێتەوە. بیرکردنەوە لە بەرهەمهێنانی تۆمارنامە/دۆکیومێنتی جۆرە [ پەیمانیکی نیشتمانی یان کۆمەلایەتی ] لە هەستکردن و هۆشیاریی و لێکدانەوەی عەقڵیی و بەرپرسیارێتی ویژدانیی و ئەخلاقیی ڕێبەرانی بزوتنەوەکان بەرامبەر گەل و کۆمەل و ژیان و کەرامەت و خواستی مرۆڤەکان یان هاوولاتانەوە، دێت لە لایەکەوەو بۆ [بە دەفتەرکردن] و ڕەنگردنی نەخشەڕێگایەکی روون بۆ خەباتی نەتەوەیی یان کۆمەلایەتی یان دیمۆکراتی لەلایەکی ترەوە. واتە مەبەستی من ئەوە نییە دووسێ فسفسپالەوان بەرنامەی حیزبێک بە وەرگرتنی یان کۆپیکردنی حیزبێکی تری چەپ یان راست، بە مردوویی بەرهەمدێنن و ئیدی خۆیان بە خوا و پێغەمبەر و ڕیبەری نەتەوەکەیان دەزانن بە بێ ئەوەی پرسیان بە کەس کردبێت یان بەرامبەر کەس بەرپرسیار بن. ئەوسا بە ڕاست و چەپدا گەوادیی دەکەن و هەتاهەتایە سەرۆکن و بەرامبەر کەس بەرپرسیار و لێپرسراوە نین. مەبەستی من بەرپرسی سیاسیی و ویژدانیی و ئەخلاقییە بەرامبەر خەڵک و ژیان و کەرامەتیان و بەشدارکردنی دیمۆکراسییانەیان لە پرۆسەی دیاریکردنی ئامانج وئامرازی خەبات و شێوازەکانیی وقۆناغەکانیدا، بە نواندنی لە تۆمارنامەیەکی [پەیمانی نەتەوەییدا] کە لە چوارچیوەی حیزبیی سەرەوەیی تێپەڕێنێ و ونوێنەرایەتی ئیرادەی نەتەوەیی ژێرەوە بکات. دوایی لەگەڵ دروستبوونی هەلومەرجی گونجاودا، وەک لە باشوور لەم چارەکە سەدەیەدا و لە رۆژاوا تا ڕادەیەک لەم چەند سالەی دواییدا هەیە، گۆڕینی ئەو پەیماننامەیە بۆ چوارچێوە و هەیکەلی دەستووریی و بڕیاردانی مافە دیمۆکراتییەکانی هاونیشتیمانبوون و بەشداری دیمۆکراسییانەی فرەلایەن و فرەچەشن وەک[ پرۆسەی دەنگدانی دیمۆکراتی، کۆمەڵگای مەدەنی، ڕیکخراوی مافی مرۆڤ و ڕیکخراوە دیمۆکراتەکان، میدیای ئازاد وسەربەخۆ، رای گشتی، بزاڤە کۆمەلایەتیی و نەقابییەکان، بزاڤی کەلتووری نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی سیاسیی و هوشیارکردنەوەی تاک، تەوژمی لیبرالیزم دژ بە هیزە تاریکەکانی دینیی و کەلتووری کۆنەپەرستی کۆیلەخوازیی کۆمەل و… هتد] .

ئەم کارە کارێکی عەقلانیی دەستوورییە.

دەستوور تەرجەمەی عەقڵە بۆ قانوون.

پەیماننامەی نەتەوەیی و گرێبەستی کۆمەلایەتی پیرۆزڕاگرتنی [عەقڵی کۆ] و [ئیرادەی نەتەوەیی] یە.

بەمە کارێکی ویژدانیی و ئەخلاقییشە. هەستکردنە بە بەرپرسیاریی و لێپرسینەوە.

( 7 ) بەڵام لە جیاتی عەقڵی کارا، عەقلی کۆ، ئیرادەی نەتەوەیی لە جیاتی فەلسەفەی نەتەوەیی، پەیمانی نەتەوەیی کوردستانیی ، شۆڕشی ڕۆشنبیریی و کەلتووریی بۆ سەندنەوەی ناسنامە و شارستانیی دێرینمان و ستانداردکرن و بەفەرهەنگکردنی زمانمان و بە دەفتەرکردنی میراتی کۆن و ئەدەبیات و ژیانی سیاسیی و ڕۆشنبیریمان، سەرکردایەتی خێلەکی بە ڕێکەوتی ئەوەی بە ناهەق پێی دەوترێ بزوتنەوەی کورد، هەر زوو پەراوێزێکی پاشکۆیی و پەرێزی خیانەتی نەتەوەیی بۆ خۆی پاوان کرد. ئەمەش تەنیا بەکاربردنی عەقڵی سفر و فەرماندارکردنی عەقڵی کۆیلە نەبوو. زۆر لەمە زیاتر بوو. بەڵکو دژە عەقڵی و ناعەقلانییەتێکیی کارەساتاویی و وەحشیی و نائەخلاقیی بوو. عەقڵی سفر، عەقڵی کۆیلە، عەقڵی بۆش، ناعەقلانییەت و دژە-عەقڵیی و دژە ئەخلاقیی ئامانجی خۆفرۆشتن بە داگیرکەران سیمای جەوهەری هەمیشەیی ئەو بزاڤە خێڵەکییە بۆش و بێ بەرییەیە لە عەقڵ و ئەخلاق و ئایدیۆلۆجیی و ئاکاری نەتەوەیی. بۆیە سەیر نییە کە گەورەترین دەسکەوت و سیمای ئەو عەقڵە دوای چەندەها کارەسات، لەشفرۆشی نەتەوەیی بێت لە ئاستێکی جیهانیی هەرە نائەخلاقیی و خەتەرناکدا.