زەبەنگ بەهادین: خۆ كوژانه‌نه‌وه‌ یان خۆ نوسینه‌وه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌ درێژاى مێژوو هه‌موتاكێك هه‌وڵى نوسینه‌وه‌ى خۆیداوه‌ چ به‌ وێنه‌ چ به‌ هێما یان هه‌ر هۆكارێكى ترى نوسین، خۆ نوسینه‌وه‌ بۆ ناساندنى مرۆڤ خۆى بووه‌ بۆ هێنانه‌ ده‌رەوه‌ى خودى ناوه‌كى و پێناساندنى به‌ ده‌وره‌و به‌ره‌كه‌ى, مێژوو خۆ به‌شێكه‌ له‌ خۆ نوسینه‌وه‌, ته‌نانه‌ت بونه‌وه‌ركانى ده‌ورى مرۆڤیش به‌شێك بوون له‌ و خۆ نووسینه‌وه‌یه‌.
مرۆڤ بۆ بنوسرێته‌وه‌؟ ئایا مرۆڤ خۆى بونه‌وه‌رێكى بینراو نى یه‌؟ ئه‌ى خۆ نوسینه‌وه‌ى بۆ چى یه‌؟
كاتێك تاك ده‌گاته‌ پله‌یه‌كى بیر ئه‌و كات درك به‌ سه‌لماندن و به‌ ناساندن ده‌كات, سه‌لمانمدن بۆ خودى خۆى و ناساندن و بۆ ده‌وروبه‌رى خۆى، هه‌ڵپه‌ى مرۆڤ بۆ گه‌وره‌ بون و گه‌یشتن به‌ پاره‌و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ مرۆڤ كه‌ خۆى بنوسێته‌وه‌, هه‌وڵیكه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ بوونى خودى له‌ ناو كومه‌ڵگادا، زۆر جار ئه‌م هۆكارانه‌ش نابنه‌ هۆى نوسینه‌وه‌ى خود له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌تانه‌ بابه‌تى روخسارین، ره‌نگه‌ به‌ كاتى بتوانن تاك بنووسنه‌وه.‌ به‌ڵام سه‌رەنجام زوو ئه‌و نوسینه‌ كاڵ ده‌بێته‌وه‌و نامێنێ، وه‌ك چۆن ده‌ڵێن پاره‌ ناتوانێت خۆشه‌ویستى و سۆزى راسته‌قینه‌ دروست بكات چونكه‌ خۆشه‌ویستى و سۆز به‌شێكن له‌ پیته‌كانى خۆ نووسینه‌وه،‌ بۆیه‌ مرۆڤ پێویستى به‌ ره‌هه‌ندى ناوه‌كى و به‌ ووشه‌ى تایبه‌ت بۆ خۆشه‌ویستى كردن و نوسینه‌وه‌ى خۆت له‌ ناو به‌رامبه‌ركه‌ت هه‌یه‌ ئه‌و ووشانه‌ى مرۆڤى پێ ئه‌نوسرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ووشه‌ گه‌لێكى راسته‌قینه‌و باوه‌ر پێكراو نه‌بن سوودى نابێت بۆ نوسینه‌وه‌كه‌.
وه‌ك چۆن خۆ نوسینه‌وه‌ به‌شێكى گرنگه‌ له‌ ژیانى مرۆڤ، خۆ سرینه‌وه‌ى گۆشه‌نیگایه‌كى داگیركراوى هه‌یه‌ له‌ ناو ئه‌م تاكه. به‌ڵام ئایا مرۆڤ ئه‌گاته‌ خۆ سرینه‌وه‌ یان ئه‌وه‌ ده‌ورو به‌ره‌كه‌یه‌تى ئه‌یانه‌وێ بیسرنه‌وه‌؟ مرۆڤ له‌ پێكهاته‌یا نى یه‌ خۆى بسرێته‌وه،‌ ره‌نگه‌ رێگاى خۆ كوشتن هه‌ڵبژێرێت له‌و كاته‌ش هه‌موو ده‌ورو به‌ره‌كه‌ى ئه‌سرێته‌وه.‌ به‌ڵام له‌ خه‌سڵه‌تى مرۆڤ دا خۆ سرینه‌وه‌ نى یه!‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ خۆ نووسینه‌وه‌ هه‌یه‌. یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ دیارده‌ دیاره‌كانى خۆ نوسینه‌وه‌ ئاینه‌, هۆكارى هاتنى هه‌موو ئاینه‌كان بۆ خۆ نوسینه‌وه‌ بووه‌ ته‌نانه‌ت لاى خودى خوداش ئه‌وه‌ى گرنگ بووه‌ خۆ نوسینه‌وه‌ى خۆى بووه‌. هۆكاره‌كانى پێشكه‌وتنى مرۆڤایه‌تى له‌ هه‌موو بوراه‌كان دا خۆ نوسینه‌وه‌ بووه‌, بۆیه‌ خۆ نووسینه‌وه‌ ره‌هه‌ندێكى سه‌ره‌كى به‌رده‌وام بوونى تاكه‌ له‌ ژیان دا هه‌ر كات تاك وازى له‌ خۆ نوسینه‌وه‌ هێنا ئیتر داینه‌مۆى ژیان لاى ئه‌و تاكه‌ ئه‌وستێت و پێویستى به‌ به‌رده‌وام بوون نامێنى, هه‌ندێك جار ده‌وره‌و به‌رى تاك به‌ هۆكارى سرینه‌وه‌ هه‌وڵى سرینه‌وه‌ى تاك ناده‌ن به‌ ڵكو به‌ شێوه‌ى ناشرینكردنى نوسینه‌وه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت تاك بشێوینن له‌ ناو نووسراوه‌كه‌یدا, ده‌ستكارى كردنى نووسیه‌نكه‌ ئه‌مه‌ش كاتێك ئه‌بێت كه‌ تاك خۆى په‌رتوكى خودى بداته‌ ده‌ست به‌رامبه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و چۆنى ئه‌وێت نوسینه‌كان وا لێبكات, هه‌رگیز به‌رامبه‌ریش نایه‌وێت خۆ نوسینى تۆ له‌ خۆ نوسینه‌كانى خۆى جوانتر و پر ماناتر بن ئه‌م پێشبركێ ى ناساندنه‌ له‌ خۆنوسینه‌وه‌دا.
ئێستا كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موو تاكێك درك به‌ خۆنوسینه‌وه‌ى خۆى بكات، راسته‌ ئه‌و به‌ به‌رده‌وامى خۆى ئه‌نوسێته‌وه‌، به‌ڵام زۆر جار له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ په‌ریه‌ك خۆ ئه‌نوسێته‌وه‌ كه‌ دواى به‌ ئاسانى په‌ره‌كانى لێ وون ئه‌بن یان خۆى ئه‌یاندرێنێ. پێویسته‌ مرۆڤ هه‌موو په‌ره‌كانى خۆ نوسینه‌وه‌ى له‌ ناو تاكى چه‌كمه‌جه‌ى به‌رده‌وام بوونیدا هه‌ڵگرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كۆتایى دا رۆمانێكى خوێنراو بێت نه‌ك كۆمه‌ڵیكى په‌ره‌ى رزیوى دراو.