نیازی حەمید براهیم:  بۆچی چاوەشئۆغلو رەنگی مردووی لەسەر نیشت؟!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێ فەرمانی کارە تیرۆریستیەکەی چیچانی داوە؟!.
لە پێرێوە هاکان فیدان بەرپرسی دەزگای بەدانوی جاسوسی میت و خەلوسی ئاکار وەزیری شەڕی تورکیا، دواترینیان چاوەشئۆغلۆ لە مۆسکۆ بوون، پۆتین و لاڤرۆڤ و وەزیری بەرگری و راوێژکاری پۆتین بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراستیان بینی. بینینی ئەمجارەیان سەبارەت بە ئیدلب و چارەنوسی گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە تورکیا بوو.
ماوەی کەمتر لە مانگێکە روسیا چانسێکی بە تورکیادا بۆ ئەوەی چەتەکانی جەبهەتولنەسرە کە ئێستا جەبهە تەحریر الشامیان ناوە، هەڵبوەشێنێتەوە و دابەشیان بکات بەسەر گروپەکانی دیکە بۆ ئەوەی وەکو هەموو شوێنەکانی دیکە لە رێگای بەناو مسالەحە، تەسلیم بە رژێم ببنەوە.
ئەم رێگاچارەیە بۆ تورکیا کارەساتە، چونکە دوا کارتی بەهێزی دەستی ئەو گروپە تیرۆریستانەیە بتوانێت بازارێکیان پێ بکات، لێ روسیا لە کۆتادا هیچ بەڕەوا نازانێت بیدا بە تورکیا.
لە بڕی ئەوەی تورکیا هەڵبسێت بە هەڵوەشاندنەوەی جەبهەتولنەسرە ، کەچی فەرمانیدا بە جۆلانی بەرەکانی شەڕ قایم بکات لە هەردوو بەرەی لازقیە وحەما ، لە دواینجاریشدا لە چەند گرتە ڤیدیۆیەک بەدیارکەوت ، چەتەکانی بەسەردەکردەوە و، دواتر لێدوانێکیدا و گوتی:هەر گروپێک یا کەسێک شەڕ نەکات خیانەتکارە و لەناودەبردرێت!.
جێگای باسە جەبهەتولنەسرە زیاتر لە 70٪ پارێزگای ئیدلب لە ژێر کۆنترۆڵدایە، زۆرینەی گروپە تیرۆریستەکانی دیکە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستن پێوەی و ناتوانن لێی لابدەن.
لە ئیدلب 12 خاڵی فەرمی تورکیا هەیە و بە ئاشکرا پەیوەندییان لەگەڵ جەبهەتولنەسرە هەیە ، محەمەد جۆلانی ئاشکرایکرد کە دەوڵەتی تورکیا هاوکارمانە و هەماهەنگیمان هەیە.

چی گوزەرا لە مۆسکۆ ؟!
پاش ئەو هەموو هەڤدیتنەی وەفدی تورکیا لەگەڵ روسیا هیچیان بەدەست نەهێنا، روسەکان رژدن لەسەر ئەوەی ئیدلب بکەوێتەوە ژێر دەسەلاتی حکومەتی سوریا ، لێ تورکیا دەیەوێت کات قازانج بکات و بتوانێت ئەگەر دەرچەیەک بۆی ببێتەوە بۆ بازاڕکردن.
کاتێ کۆنگرەی رۆژنامەوانی نێوان لاڤرۆڤ و چاوەشئۆغلۆ بەسترا، لاڤرۆڤ هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە هەرگیز مساوەمە ناکەن لە سەر ئیدلب، هەرچی چاوەشئۆغلو بوو رەنگی مردوو لەسەر نیشتبوو، فەشەل و ترس بەسەریدا زاڵ ببو، هیچی بۆ نەمابۆوە، باسی لە قوربانی سڤیلەکانی ئیدلبی کرد ئەگەر شەڕ رووبدات!. تورکیا و ژیانی سڤیل لە سوریا زۆر دورن.
بە کورتی روسەکان توانیان هەڵوێستی لاوازی تورکیا، دوای قەیرانی لەگەڵ ئەمەریکا، ئیستغلال بکەن بۆ ئەوەی رژد بن زیاتر لەسەر هەڵوێستان.
روسیا دەیەوێت پرسی ئیدلب هەرچی زووە کۆتایی بێت، کە زۆر هۆکار هەیە بۆ ئەوەی زوو کۆتایی بێت، لەوانە:
1- باری ئابوری روسیا زۆرخراپە، تەحەمولی ئەو هەموو نەفەقاتەی شەڕ و مانەوەی لە سوریا ناکات.
2- بەشێک لەو چەتانەی لە ئیدلبن، کە کەم نین هی روسیا و چیچان و دەوڵەتەکانی پێشووی سۆڤیەتن کە مەترسی گەورە دورست دەکەن لەسەر روسیا، هەر چەند رۆژێک پێش ئێستا لە چیچان چوار تیرۆریست هێرشیان بردە سەر پۆلیس و کردە تیرۆریستییەکە زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتەوە، میدیاکانی روسیا باسیان لەوە کرد کە حکومەت لێدوانیداوە کە دەزانن ئەو تیرۆریستانە لە کوێ هاتون و کێش فەرمانی پێکردوون. وەک میدیاکان دەڵێن: ئەو لێدوانە ئاماژەیەکە بۆ تورکیا.
تورکیا دەیەوێت لە رێگای کارێکی تیرۆریستی ئاوا پەیامێک بە روسیا بدات کە ئەگەر شەڕی ئیدلب دەست پێبکات، روسیا کاری تیرۆریستی لێدەکرێت ئارامیان ناهێڵێن!.
لە کۆتاییدا، شەڕی ئیدلب لە بەردەرگایە، شەڕێکی قورس دەبێت، لێ زیانمەندی یەکەم تورکیا دەبێت.
ئەوەی پەیوەست بە کوردەوەیە، پێویستە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیدلب، قۆناغی سێیەمی بەرخۆدانی سەردەم بۆ رزگارکردنی عەفرین دەست پێ بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت