کارا فاتیح: جەژنی شکاندنی منداڵ. بۆ کاروان کاکەسوور.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە بەشێکی پارچە شکاوەکانی منداڵیم لە چیرۆکەکانی ئەودا بینییەوە
دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی هەمیشە پێی وایە جەژنی جاران و مەراسیم و بۆنەکانی ئەوسا تامۆبۆی تریان هەبوو، لەززەت و خۆشییان تێدا بوو، هەستکردن بوون بە خۆشیی حەقیقی، لە سەر ئەم بنەمایە بە باڵای پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی نێوان تاکەکان و ڕۆحی لێبوردەیی و بەتەنگەوەهاتن و پەرۆشیی بۆ یەک و گیانی هاوکاریی لای خەڵك هەڵدەدات و فرمێسکیان بۆ هەڵدەڕێژێت، ئەم دیدە کە بێتوانایە لە بینینی ئێستای خۆیدا و لە بێ پلانی و بێ خەونی و بێ ستراتیژیی خۆیشیدا گەر سەیری داهاتوو بکات، جگە لە مەرگی خۆی هیچی تر نابینێت، بۆیە بەردەوام ئاوڕ بۆ ڕابردوو دەداتەوە، بەڵام نەک ئاوڕ بە مانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بینینی هەموو گۆشەکانی، بەڵکوو ئاوڕ بۆ ڕابردوو وەک زەمەنی لەدەستچوو، زەمەنی لەدەستچوویش وەک ساتە هەرە شیرینەکان. هەژموونی ئەم دیدە تەقلیدییە بە شێوەیەک بەهێزە، کە کایە ڕۆشنبیرییەکانیشی گرتوەتەوە، لێرەوە زۆر هونەرمەند و نووسەر ناوی سەیرسەیر بۆ هەندێ لەو زەمەنانە دادەتاشن، یەکێک ماوەیەک بە سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی، یەکێك سەردەمێک بە مێژووی گەشاوەی گۆرانیی کوردی و یەکێکی تر زەمەنێکی تر بە سەردەمی ئاڵتوونیی چالاکیی ڕووناکبیری و خوێندنەوە و نووسین ناو دەبات و لە پاڵ ئا‌‌هـ و حەسرەت بۆ ڕۆیشتنی ئەو سەردەمانە، تێر شانازیشیان پێوە دەکات… ئەم دیدە بە دەلیلی ئەوەی کە توانای بینینی هەموو ڕەهەندەکانی ڕابردووی نییە و وەک مێژوویەکی نەپچڕاو ڕابردوو بە ئێستاوە گرێ نادات و لە سەر ئەم بنەمایەیش بۆ داهاتوو ناڕوانێت، بۆیە دەتوانین بڵێین دیدێکی تەواو ناواقیعی و عاتیفی و ناعەقڵانییە، هێزی بینینی کورت و لێڵ و ناڕۆشنە.
لێرەدا تەنها لە سەر ئەو خاڵە بە کورتی قسە دەکەم، کە لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا جەخت لەوە دەکرێتەوە، جەژنی جاران خۆشییەکی تری دەبەخشی، هەروەها بەتایبەت دەمەوێت، پەردە لە سەر ئەو درۆ گەورەیە لا بدەم، گوایە جەژن بۆ منداڵ خۆشە و ڕۆژانێکە کە دەتوانن لە کەیف و شادیدا بن، خاوەنانی ئەم دیدەیش بۆ ئەوە باسی شادییەکانی سەردەمی منداڵیی خۆیان لە جەژندا دەکەن، کە چەندە بێ وێنە و وەسفنەکراو بوە. ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ منداڵی جگە لە سۆز و فرمێسک بۆ سەردەمی لەدەستچوو، بارگاوییە بە درۆ و شاردنەوەی زۆر سیمای ئەو ساتانە…
جەژنە تەقلیدی و دینییەکان جگە لەوەی هەوڵێکی دین و ئایدیۆلۆژیاکانن بۆ یەکخستنەوەی کۆمەڵگا لە سەر هەمان ستایلە کۆن و تەقلیدییەکەی و چالاکی و تایبەتمەندیی جەژنەکان، تەقەلایەکن بۆ شاردنەوەی پێوەندییە پچڕاوەکانی توێژەکانی کۆمەڵ و بەزۆر دروستکردنەوەی کۆمەڵگا لە سەر فۆڕمە دێرین و دینیییەکەی، ئەم پێوەندییە کۆمەڵایەتییەیش خۆی لە سەردانیکردن و تەوقە و ئەملاولا ماچکردن و گەردنئازادی و… هتد، دا دەبینێتەوە، تەوقەکردن سیمای دیاری ئەو سەردانانەیە کە لەم بۆنانەدا دەکرێن، دەستی مرۆڤ لە ئەرکێک کە تایبەتمەندییەکی ئەخلاقیی هەیە چالاکە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، بکەری ئەم چالاکییە، گەورەکانن و منداڵان هیچ پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە، بەتایبەت لەو ڕابردوەی بە سەردەمێکی زێڕێن دادەنرا، منداڵ خاوەنی ئەو دەستە نییە کە بۆ تەوقەکردن دەشێت، زۆر جار لە ناو ڕیزی تەوقەکەراندا منداڵ دەست دەهێنێت بۆ تەوقەکردن، بەڵام بێ دەستخستنە ناو دەستێکی تر دەگەڕێتەوە، واتە بە تەریقی و شەرمەزاری دەست دەهێنێتەوە دواوە، وەک منداڵ هەست بە بوونی مرۆڤانەی ناکرێت، تا شایەنی تەوقەکردن بێت، کەم منداڵی ئەو سەردەمە زێڕێنانە، کە بە بەهەشتی منداڵ وەسف دەکرێت، بەم شێوەیە نەشکێنراوە، گەر تەوقەکردن چالاکییەکی ئەخلاقی بێت، منداڵ لێی بێ بەش کراوە، گەر هەوڵی مرۆڤ بێت بۆ دروستکردنی بارودۆخێکی هاوبەشی مرۆیی، ئەوا منداڵ بە هۆی ئەوەی دەستی تەوقەکردنی بۆ درێژ ناکرێت، لەم هەوڵ و بارودۆخە دەهێنرێتە دەر، وەک کاراکتەرێكی پارچەپارچە و زیادە تەماشا دەکرێت، کەسێتیی منداڵ وەک بوونێکی مرۆڤانە و خاوەن مافی گەردوونی و ئازاد لە بەر چاو ناگیررێت، ئیتر جلی تازەی جەژن و یاریکردن و سەرگەرمکردن بە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و سەردانی ئەم شوێن و ئەو شوێن، تەنها شاردنەوەی ئەو کەسێتییە تێک شکاوە و دڵخۆشکردنێکی هەڵخەڵەتێنەرانەیە…
دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی ئەوە بە زەقی و ڕوونی دەبینێت و فرمێسک و حەسرەتی بۆ هەڵ دەکێشێت، کە بە منداڵی جەژنان جل و پێڵاوی جوان و خواردنی خۆش هەبوو، بەڵام ئەوە نابینێت، کە ئەو دڵخۆشییە زۆرە نیشانەی بێىەشیی چەندین ڕۆژ بوو لە جل و پێڵاوی جوان و خواردنی خۆش، دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی تەنها ئەوە دەبینێت کە جەژنان بە منداڵی یاریی خۆش خۆشیان دەکرد، ئەوە نابینێت، بێ لە جەژن ڕۆژانی تر لەو یارییانە نەبوو بیکەن…
کۆمەڵگایەک نەتوانێت منداڵ وەک کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتی، کە خاوەنی بوونێکی مرۆڤانە و مافی گەردوونی و کەسێتییەکی ئازادە، ببینێت و تەنها وەک هۆکارێکی خۆشیبەخش یان مەبەستی تایبەتی خۆی دانی پێ دا بنێت، نەزانێت منداڵانیش وەک گەورەکان و بگرە زیاتریش دەکرێت ببنە سەرچاوە ئەزموون و فێرکردن، ئەویش لەوەدا گەورە وەک منداڵ خۆی بە شاییستەی خۆشحاڵبوون بزانێت، پێکەنین و شادی بە سامان و ئارەزوو و هەر ئامانجێکی ترەوە نەبەسترێتەرەوە و سروشتێکی بێ هۆی مرۆڤ بێت، هەروەها دەکرێت گەورەکان لە مندڵانەوە فێر بن هەمیشە خولیایەکیان هەبێت، هەمیشە بۆ خەونێک بژین و ئامانجێک لە سەریاندا بێت، ئەمە جگە لەوەی منداڵان وانەیەکی باشن بۆ گەورەکان، ئەوەی دەیانەوێت بتوانن دەری ببڕن. kar
کۆمەڵگایەک منداڵەکانی بە پارچەپارچەیی گەورە بکات، بە گەورەیییش وەک ئێستای ئێمە، لە جیاتیی بینینی ئێستا و خەونی ئاییندە، فرمێسك بۆ ڕابردوو هەڵدەڕێژێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت