دکتۆر کەمال میراودەلی: گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لە چوارگۆشەی یەکەمدا. بەشی حەوتەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

عەقل و ئینسان [1] 

( 1 )

هەموو کەس عەقڵدارە بە قەدەر هەلومەرجی خۆی، بەڵام هەموو کەس عەقڵیار نییە. عەقڵیاریی عەقڵخوازیی و بەکارهێنان و کەڵەکەکردنی گەنجینەیی عەقڵە لە ئاستی تاک و کۆمەڵ و دەسەڵاتدا:

 وەک بەهایەکی مرۆڤیی هەرە بالا،

وەک بەهرە و وزەیەکی سروشتکرد کە مرۆڤ لە هەموو زیندەوەرێکی دی پتر وەبەری کەوتووە و

 وەک هۆشیاریی کارای دەکا و

 وەک زمان دەری دەبڕێ و  وەبەری دەهێنێ و

وەک رووناکییەکی ناوەوەیی ویژدانیی بۆ خۆپاراستن و خۆپێگەیاندن بەکاری دێنێ

 وەک گەنجینەی زانست، خەزن و  کۆمەڵیی  و دەزگایی دەکا و دەوڵەمەندیی دەکا و دەیگوازێتەوە،

 وەک شارستانییەت دایدەمەزرێنێ و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەیهێڵێتەوە.

کەواتە عەقڵ هەم جەوهەر و ئامراز و هەم تەرجومان و گەنجینەی کەڵەکەبووی تەواوی چالاکی کار و وەبەرهێنان و ئاوەدانیی و بنیاتنانی کۆمەلانی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە بەگشتیی.

بەلام دەبینین هەموو مرۆڤ و کۆمەڵانی جیهان لەم پرۆسەی هوشیارکردن و وەبەرهێنان و شارستانییکردن و مرۆڤایەتیکردنی عەقڵ وەک پێشکەوتنی بیریی و زانستیی و سنعەتیی و تەکنۆلۆجی و ئابووریی و کۆمەلایەتی سیاسیی، بەشدار نەبوون و بەشدار نین.

تەنانەت هێزە تاریکەکانی دژی عەقڵ و وزە ویژدانییە بەهێزەکەی بۆ بنیاتنانی مرۆڤ و جیهانەکەی، زۆربەی کات لە مێژوودا، هێزەکانی زۆربە و زاڵ و زۆردار بوون.

ئەمەش ئاسایی یە، هەر وەک چۆن ڤایرۆسی زیانبەخش و کوشندەی جەستە هەیە و هەر دەمێنێ، ڤایرۆسی داڕزین و کوشندەی مێشک و عەقڵیش، هەر بوون و هەر دەمێنن، ڕاستیی ئەمانە لە ڤایرۆسەکانی لەش زیاتر توانستی خۆشاردنەوە و مانەوە و ڕەنگ و خەسڵەتگۆڕین و لەناوبردنیان هەیە.

( 2 )

ڕاستیی داهێنانە هەرە مەزن و بگۆڕە رادیکالەکانی جیهان و بیر و فەلسەفە هەرە  دیار و کاریگەر و رادیکالەکانی مێژوو،  کاری چەند تاکەمرۆڤێکی کەم و کۆمەلگایەکی کەمن، ئەو رووناکییەی ماڵەکان و شەقامەکانمان، ئەو تەیارەی پێی دەفڕین، ئەو شەمەندەفەر و ئوتومۆبێلەی سەفەری پێ دەکەین، ئەو دەرمانانەی  لە تەنگەنەفەسیی و شەکرە و سیل و سەرەتان چاکمان دەکەنەوە، ئەو دی. ئێن. ئەی لە ڕێگایەوە ژینۆی [ جیناتی] مرۆڤ و زیندە دەناسرێ و پێی چا دەکرێتەوە و دروست دەکرێتەوە، ئەو تەلەفونە زیرەکەی هەموو جیهان و زانیارییەکان و پیوەندییەکانی مرۆڤایەتیی بەردەست کردووین و ئێمەی کردۆتە بەردەستی هەموو جیهان، ئەو فەلسەفە عەقڵیی و  بیرانەی دیمۆکراسیی و دەستوور و دایەلۆگ و  مافی مرۆڤ و  پەرلەمان و ئۆپۆزیسۆن، ئەو سیستمەی خوێندن و ئەکادیمیا  و  و ماستەر و دکتۆرا، ئەو فەیسبووک و  سایت و سەتەلایتانەی بۆ دەربڕین و زانیاری بەکاریان دەهێنین، میدیای نووسراو[ڕۆژنامەو گۆڤار] و بیسراو [رادیۆ و کاسێت و ئینتەرنێت]  و بینراو [ تەلەڤزیۆنو ڤیدیۆ و ئینتەرنێت] ، فلیم و سینەما، ئەو جینز و قات و بۆینباخەی دەیانپۆشین، ئەو فڵچە و ماجومی دەرمانەی بۆ پاککردنەوە و پاراستنی ددان و تەنانەت ئەو ئاودەستە پاک و ئاسوودەبەخشانەی غەربی کە بەکاریان دەهێنین و هەزاران داهێنان و دروستکراوی تر کە ژیانی مرۆڤیان ئازاد وئاسان کردووە،  هەمووی راستی بەرهەمی  عەقڵی ئازاد و کاران، زۆربەی هەرەزۆر، بەرهەمی کەڵەکەبوون و بازدانی عەقڵیی و تەکنۆلۆجی یەک کیشوەری بچووکن کە پێی دەوترێ ئەوروپا [ لە ناو ئەویشدا سەربژیرێکی [ نوخبەیەکی]  کەمی عەقل و زانست.

( 3 )

هەر بۆ نموونە وڵاتێکی ئەوروپایی بچووکی وەک سوید کە هێشتا ژمارەی دانیشتووانی نەگەیشتۆتە 10 ملیۆن ،  و مەساحەکەی کەمتر لە   448،000   کیلۆمەترە ، خاوەنی دەیان داهێنانی هەرە گەورەیە کە مرۆڤایەتیی و ژیانی هەموو مرۆڤیکی گۆڕیوە هی ئەو ئاژەڵە ئیسلامییانەش کە سوید داڵدەی داون و تامی ئازادیی و نان و ئەمانی داونێ و ئێستا ئازادییەکەیان بۆ ئاژاوە و بەردەوامکردنی ئاژەڵاندنی خۆیان لە ناو کۆمەلگای سویدیدا بەکاردێنن.

 سوید بچووکە لە بەرینایی زەمینیی و مرۆڤی ژمارەیی دا، گەورەیە لە بەرینایی عەقل و  فرەیە لە مرۆڤی چەشنیی عەقڵیی شارستانیی داهێنەر و مرۆڤپەروەر دا.

ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک نەخۆشی دڵ لە جیهاندا بۆ راگرتنی لێدانی دڵیان کارسازێکی زەبتڕاگر بۆ دڵ بەکاردێنن کە پێی دەوترێ پەیسمەیکەر. [ ناوە ئینگلیزییکەی ].

 پەیسمەیکەر، یان زەبتڕاگر، کارسازێکی کارەبایی گچکەیە کە لە سەر سنگ یان سکی نەخۆش قایم دەکرێ، تا نەبزی کارەبایی بۆ دڵ بنێرێ تا ریتمی تێکچووی دڵ ئاسایی بکاتەوە.

 ئەم پەیسمەیکەرە داهێنانێکی سوێدییە. لە سالی  1958 داهێنرا و لە ساڵی 1959 دا یەکەم پەیسمەیکەر بۆ نەخۆشیکی دڵ داندرا، بەلام تەنیا چەند سەعاتێک کاری کرد. دوای ئەوە ناتەواوییەکانی چاک کران و ئەو نەخۆشە توانی بە پەیسمەیکەرەوە تا سالی    2001   واتە 42 ساڵ لەگەڵ نەخۆشیی دڵیشدا، بژی. دوای ئەوە دەیان هەزار لەم پەیسمەیکەرە ژیانبەخشە سویدییە هەمیشە چاکترکراوە، سوودمەند بوون.

هەر لە بواری داهێنانی پزیشکیدا، هەر لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە سوید لەرەی-دەنگ [ئەڵتراساوند] ی بۆ سکان و وێنەگرافی ناولەش بەکارهێنا. کە ئەمەش بووە کارسازێکی سەرەکیی بۆ دۆزینەوە و چاودێریی و چارەسەریی نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشە ناوەوەییەکانی مرۆڤ..

چڕەدەنگ [ئەلتراساوند] تەکنیکێکی پزیشکییە لە جیاتی تیشکاندن /ئەشیععە شەپۆلی دەنگیی زۆر لەرەدار و دەنگدانەوە بۆ دروستکردنی وێنە لە ناوجەستەدا بەکاردێنێت. لەبەرئەوە زۆر سەلامەت و ئاسانە و مەترسیی نییە. ئەمە زۆر بە سوودە بۆ چاوەدێرکردنی سکپڕبوونی ژن و دروستبوون و گەورەبوونی منداڵ لە ناو منداڵداندا، بۆ دۆزینەوەی دەردەکانی دڵ و جەرگ و سیقەتۆرە و سک. هەروەها یارمەتی ئەنجامدانی کاری بایۆپسی دەدات. ئەو وێنانەی ئەلتراساوند بەرهەمیاندێنێ پێیان دەوترێ دەنگۆگرافی یان سۆنۆگرام..

لە داهێنانە زۆر بەکاربراوەکانی تری سوید: تەلەفونی دەستیی، ئامادەخانووی  فریاکەوتن و داڵدەدان، پلایس و سپانەر، کارتۆنی شیرو هەموو گوشراوەکان کە لە دوکانەکاندا دەیکڕی و لە ساردخانەکاندا هەڵیدەگریت، گەرماپێوی پلەی سەدیی، شقارتەی کبریت،  مەکینەی مانگادۆشین، مەکینەی بوتڵدەرەوە [ئەوانەی لە ئێستگەی گواستنەوە و شوێنە گشتییەکاندا دادەندرێن و دەتوانی بوتڵی کۆکاکۆلا ، میواو، ئاو، تەنانەت ئێستا پاکەتی بسکیت و سەندویچیشیان لێ بکڕی، پارەیەک دەخەیتە کونێکەوە، بۆتلەکە یان پاکەتەکەت بۆ بەردەدەنەوە.]

 زیپەر : ئەو زنجیرە ددانییەی بۆ داخستن یان پێکەوە بەستنی دوو لای کراس و پانتۆل و جانتا و کیس و… هتد،  بەکاری دێنێت،

[کورسییەکەمەربەند-  سیتبێلت] ئەو قایشە سێبەندییەی بۆ خۆبەستنەوەی سەلامەتیی لە سەیارە و تەیارەدا بەکاری دەهێنین، هەموو داهێنانی سویدیین

 لە داهێنانە نوێکاندا، شاشەی فلاتی تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەر (فلاتسکرین)،  کە شۆڕشێکی لە دروستکردنی تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەردا بەرپاکرد و لەو شتە زل و قەبە و قورسانەی رابردوو رزگاریکردین،

 [سکایپ] کە بەکارهێنانی جیهانیی هەیە و بە وێنە و دەنگ مرۆڤەکانی جیهان بە تاک یان کۆمەڵ لەمسەر و ئەو سەری دنیا کۆدەکاتەوە، و  تەنانەت شێوەی سەرەتایی و رێبەری داهێنانی هەرەگرنگی جی.پی.ئێس The Global Positioning System  [GPS[ هی سویدییەکانە.

جیپیئێس : واتە [شوێنهەڵگری دنیا] واتە هیچ شتێک لە هیچ شوێنێک بزر نابێت و دەتوانی لە ڕێگای سەتەلایتەوە شوێنی هەڵبگریت و چەقی شوێنەکەی زاننیشان بکەیت.

لە شوێنێکی تردا باسی داهێنان و گرنگیی و خەتەرناکیی شوێنهەڵگری سەتەلایتی دەکەم.

ئایکیا: دیارە هەر کەسێکێش لە نزیکەی هەر وڵاتێکی ئەوروپاییدا بژیا، دەبێ گەر گەمژەی تەواو نەبێت، ئاگاداری [ئایکیا] بێت و بزانیت ئایکیا کۆمپانیایەکی بەناوبانگی سویدییە کە قەنەفە و تەختە و قەرەوێڵە و جامخانە و هەموو بابەت و ئەسبابێکی مالدامەزراندن و مالفەرشکردن و مالڕازاندنەوە و ئاسوودەیی ناو ماڵ و ناوجێ و سەرجێ، دروست دەکات و بە پاکەت و پێچراوەیی بۆ کڕیارانی دەبات و هاوتای لە جیهاندا نییە.

 لە بیناسازیی و تەکنۆلۆجی پاراستنی ژینگە و ریسایکلکارییش سوید لە پێش ولاتە پێشکەوتووەکانە.

ئەمەیە سوید ی گچکەی گەورە، بچووکی مەزن.

( 4 )

شتێکی تر کە ناشێ لە بیری بکەین مرۆڤایەتیی سوێدییەکانە.

دیارە لێرەدا دەبێ داهێنانێکی مێژوویی تری سوید باس بکەین کە دینامێتە واتە تەقەمەنی.

ئەلفرێد نۆبل داینامێتی لە ساڵی 1866 داهێنا. بەهۆی ئەم داهێنانە مێژووییە مێژوو دروستکەرەوە توانی 355 پیشڕەوی داهێنان یان پێشداهێنەر [پەیتنت] کۆبکاتەوە و لە ماوەی ژیانیدا 90کۆمپانیا دابمەزرێنێ و سامانێکی زەبەلاح کۆبکاتەوە. ئەو دەیزانی کە دینامێت خەتەرناکە و بۆ جەنگ و کوشتار و وێرانکاریش بەکاردێت، بۆ هاوسەنگکردنی ئەمە لە لایەکەوە و هاندان و پشتگیری زانست لە خزمەتی مرۆڤایەتییدا، لە وەسیەتنامەکەیدا، پاداشتەکانی نۆبل – ی بۆ فیزیا و کیمیا و ئەدەب و ئاشتیی دامەزراند.

لە 27 ی نۆڤەمبەری 1895 دا، ئەلفرێد نۆبل دوا وەسیەتنامە و شایەتنامەی خۆی واژۆ کرد، بەشی هەرە زۆری سامانەکەی بۆ کۆمەڵێک پاداشت/خەڵات لە فیزیا و کیمیا و پزیشکیی و ئەدەب و ئاشتیی تەرخان کرد. لە ساڵی  1968 دا بانکی نێوەندیی سویدیی بۆ ڕێزگرتنی ئەبەدیی لە بیرەوەریی ئەلفرێد نۆبل خەلاتی [زانستییە ئابوورییەکانی لە یادەوەریی ئەلفرید نۆبل] دامەزراند و ئەمە بۆ خەلاتەکانی نۆبل زیاد کرا.

بەم جۆرە لە ئەنجامی زانست و شەهامەت و مرۆڤایەتیی نۆبل – ەوە بەناوبانگترین خەلاتی جیهانیی بۆ ناونان و ڕێزلێنان و پاداشی بەخزمەتترین زانا و چاکەخوازانی جیهان. بۆ ئەبەد دامەزرا. لە نێوان سالەکانی   1901و  2017 دا خەلاتەکانی نۆبل و یادەوەریی نۆبل 585 جار پێشکەشکراون و 923 کەس و ڕێکخراو خەلاتەکەیان وەرگرتووە. هەندێ زانا زیاتر لە یەک جار خەڵاتەکەیان بەرکەوتووە، بەمە 892 کەس ، 844 پیاو و 48 ژن و 24 ڕێکخراو ئەم خەڵاتەیان پێ دراوە.

لە ساڵی 2017 دا نرخی خەلاتی تەواوی نۆبل 9 نۆ ملیۆن کرۆنی سویدی بوو

زۆر لەوانەی خەڵاتەکە وەردەگرن دەبنە کەسێتیی جیهانیی ناسراو و شوێنی نۆبلیی خۆیان بۆ پشتگیریی ئاشتیی و دادپەروەریی و ئازادیی دەربڕین و بیر بەکاردەهێنن.

هەشە کە پارەکەی بۆ کاری زانستیی و خێرەومەندی دەبەخشێتەوە.

زانای فیزیای وەرگری خەلاتی نۆبلی ساڵی 2006، پارەکەی بە فاوندەیشنێک بەخشیی کە ئەوێش بە قەدەر خەلاتەکەی ئەو، پارەی خستە سەر بۆ پشتگیریی ئەو خوێندکارانەی دکتۆرا دەخوێنن، بۆ  پشتگیریی پرۆژەی پەروەردەیی لە ناوچەی نادەولەمەندا، بۆ پشتگیری زەمالەی خوێندن.

( 5 )

گەلێکی ئاوا بچووک لە ژمارەی خەڵک و خاکدا، شوینێکی ئەوەندە گەورەی لە ژیانی مرۆڤایەتییدا هەیە، دیارە ئەمە لە بیر و ڕەوشتی مرۆڤەکانیشیدا ڕەنگ دەداتەوە.

ماوەیەک لەمەو بەر هەڵوێستی کچە خوێندکارێکی زانکۆی سوییدی سەرنجی دنیای ئەنتەرنێتی ڕاکێشا.

ئەو کچە کە ناوی ئێلین ئیرسۆن – ە و تەمەنی 21 ساڵە، بۆ سەفەرکردن بۆ تورکیا، لە فڕۆکەخانەی گۆتنبرگ دەچێتە ناو تەیارەکەیەوە. تەیارەکە لە لەحزەی ئامادەبووندا دەبێت بۆ هەستان و فڕین. ئێلین دەبینێت پەناهیندەیەکی ئەفغانیی سوارکراوە بۆ بە زۆر ناردنەوەی بۆ ئەفغانستان لە ڕێگەی تورکیاوە. ئەو کچە کە خۆی کارمەندێکی کۆمەلایەتییە کاری یارمەتیدانی خەڵکە بێ جیاوازیی ڕەگەز و نەژاد و نەتەوایەتیی و سویدییبوون و پەناهیندەبوون، لە رووی ویژدانیی یەوە ناتوانێ ئەوە قبوڵ بکات لە تەیارەیەکدا بێت کە زوڵم و جاوازیی بەرامبەر مرۆڤێک تێدا دەکرێت و ڕیگە بدات ئەو زوڵمە لەبەرچاوی ئەو  سەربگرێت.

ڕێکاری هەستان و فرێنی تەیارە ئەوەیە کە لە پێشەوە دەبێ هەموو موسافیرەکان لە شوێنی خۆیان دابنیشن و قایشی کەمەربەندی کورسی سەلامەتی [ کە وەک وتمان ئەوەش داهێنراویکی سویدییە] ببەستن. کچەکە هەڵدەستێتە سەر پێ و ئامادا نابێت دابنیشێ تا رێگە لە هەستانی تەیارەکە بگرێت. لە هەمان کاتدا بە هۆی واتسئاپ لە ریگای فەیسبووکەکەیەوە بۆ خەلکی روون دەکاتەوە کە پەناهەندەیەک لە ناو ئەو تەیارە بە ناهەق دەنێردڕێتەوە بۆ ئەفغانستان و ژیانی دەخرێتە مەترسییەوە. هەوڵ دەدەن مۆبایلەکەی لێ بستێنن ، قبوڵ ناکات و دەگریا و هاوار لە موسافیرەکانی تر دەبەستێ ئەوانیش پشتگیری بکەن، چەند کەسێکی تریش هەڵدەستنە سەرپێ و سەفەری تەیارەکە هەڵدەوەشێننەوە و پەناهیندەکە نانیردرێتەوە.

ئێلین هەموو رووداوەکە بە زیندوویی بە زمانی ئینگلیزیی وەسف دەکا و بە ئینتەرنیت دەیگوێزێتەوە. ئەمە ڕۆژی دوو شەممە روو دەدات، تا رۆژی سێ شەممە 4 ملێۆن کەس سەیری پۆستەکەی دەکەن.

ئەمە زیاتر رووناکی دەخاتە سەر کێشەی پەناهیندەکان لە سوید و  کەمکردنەوەی پشتگیریی بۆ  کەمپەینی ڕاسترەوەکان بۆ ناردنەوەی تەواوی پەناهیندەکان.

( 6 )

عەقڵ و زانست و ئەخلاق و مرۆڤایەتی: یەک هاوکێشەن.