نەبەز گۆران: كوردەكان بە پەرتەوازەیی دەچن بۆ بەغداد؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم قۆناغەدا هیچ رێگایەكی دیكە بوونی نییە، جگە لە گەڕانەوە بۆ_بەغداد_. بەرزكردنەوەی گوتاری ئابووری سەربەخۆ سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەو گۆڕانكارییەی لە نەخشەی جوگرافی هەرێم روویدا، شكستێك بوو پێویستی بە چەند ساڵێك لە كردەی سیاسیی و ئابووری دەبێت، تا ئاڵوگۆرێك بەسەر ئەو شكستەدا بێت. ئەشێت دیدێك هەبێت ئەم گەڕانەوەیە بۆ ناوەند بە شكست ببینێت و، دیدێكی دیكەش هەبێت بە سەرلەنوێ‌ دەستپێكردنەوە وێنای بكات، لە هەردوو حاڵەتەكەدا _عێراق_ی ئێستا، سیستەمێكی بێخەوش نییە، چ لە رووی پیسخۆرییەوە، چ لەرووی ماف و نایەكسانی چینەكانەوە، تەنها وزەیەك لەناوەند هەبێت، ئەو دەنگە سیاسییەیە دەیەوێت لە هەندێك وێستگەدا یاسا شوێن و كاریگەری راستەقینەی خۆی هەبێت، ئەما لە هەرێم ئەم وزەیە زۆر لاواز بووە و ئایدۆلۆژیای حیزبی و كارەكتەری سیاسیی و كاریزما، تا ئەم چركەساتەش شوێنی یاسا و سیستەمی گرتوەتەوە! (هەوڵدەدەم لە وتارێكدا قسە لەسەر مەترسییەكانی كاریزما بكەم و قسە لەسەر ئەو پرۆسە ناعەقڵانییە بكەم شوێنی سیستەم و بیركردنەوەی و، یاسا دەگرێتەوە، چونكە یەكێك لە وێرانكەرانی سیستەم كاریزمایە و یەكێك لە ناعەقڵانیترین پرۆسەكانە، كە لە رۆژهەڵات و لەناو كۆمەڵگەی كوردییدا گرنگی پێدەدرێت.)
پرسیارەكەی من لەم وتارەدا ئەمەیە: كوردەكان بە پەرتەوازەیی دەچنە _بەغداد؟ یان پێكەوە دەچن؟ یاخود رێككەوتنێك دەكەن بە جیادەچن؟
كۆمەڵگەی باشوور لە دۆخێكی ناتەندروستدایە، دۆخێكە بارگاویكراوە بە رەنگكردنی ئایدۆلۆژیایی حیزبی. ئەو گوتارە فاشییەی لەناو شاشەكانەوە خۆی نما دەكات، گوتارێكە بەردەوام كۆسپ دروستدەكات لەبەردەم لۆژیكی سیاسییدا. ئەگەر لایەنە حیزبییەكانی هەرێم لەم قۆناغەدا پێكەوە بچن بۆ _بەغداد، دەبێت هەریەكەیان لە شوێنی خۆیەوە (بەتایبەت چوار لایەنەكە) خۆیان ئامادەبكەن بۆ ئەو نەفرەتە فاشییەی لە شاشەكانەوە رووبەروویان دەكرێتەوە. ئەم نەفرەتە، نەفرەتێكی كاتییە، بەڵام پرۆژەی گەڕانەوە بۆ ناوەند پرۆژەیەكی درێژخایەنە و پەیوەندی بە چوار ساڵ كاركردنەوە هەیە. ئەوەی لەناوەند هەیە بەرگریكردن نییە لە دیموكراسییەت و مافی گشتی، بەڵكو سیستەمەكە لەو تایپە سیستەمانەیە دەبێت لە ژێر شوناسێكەوە بەشوێن بەشی خۆتدا بگەڕێیت. هەندێك لە ژێر شوناسی _سوننە، شیعە، هەرێمیش لە ژێر شوناسی كورد و هەرێم. لێ‌ ئەم بەشە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و چەند دەبێتە كەرەستەیەك بۆ سەرلەنوێ‌ بوژانەوەی هەرێم، ئەمەیان پەیوەندی بە تێگەیشتنی لاینەكانەوە هەیە. ئەما پەرتەوازەبوون_كە خواستی بەشێكی هەڵچووەكانە_ رەنگە دیسانەوە گورزێك بێت بۆ هەرێم.
بۆئەوەی ئەو هەڵچونانە كەمێك ئارام بكرێنەوە، ئەكرێت گەر رێككەوتن نەكرا بۆ پێكەوە رۆیشتن، رێككەوتن بكرێت بۆ بە جیا رۆیشتن. (بەجیا رۆیشتن جیاوازە و، بە پەرتەوازەیی رۆیشتن جیاوازە.) نامانەوێت وێنای سیاسەتی ناوخۆی حیزبی بسەپێنین بەسەر وێنای دەرەوەی هەرێم. ئامۆژگاری لایەنەكانیش ناكەین بە كام رێگادا بڕۆن، ئەما ئەوەی بۆ هەرێم گرنگە، سودبینینە لەو سیستەمی دەسەڵاتەی_عێراق_ بۆ كەمكردنەوەی دۆخی قورسی ئابووری هەرێم و، پاشان سەرلەنوێ‌ سیاسەتكردن لە پێناو گشتدا.
بێگومان دەنگێك هەیە داوا دەكات: هەر لایەنە و لە رێگای خۆیەوە بچێت بۆ_بەغداد! ئەم دەنگە پێمان ناڵێت: رۆیشتن بەم جۆرە بەرهەمی چیدەبێت بۆ هەرێم؟! ئەگەر پرۆژەیەك هەبێت بەرهەمی ئەم جۆرە رۆیشتەمان بۆ روونبكاتەوە و سوودە گرنگەكانی بۆ كۆمەڵگەی باشوور بخاتە روو، ئەوكات دەتوانین پشت بەو لۆژیكە ببەستین هەر لایەنە و بە رێگای خۆی بڕوات. بەڵام ئەوەی لەم دەنگەدا دەردەكەوێت، تەنها تێگەیشتنە ئایدۆلۆژییە حیزبییەكەی ناو خۆیە و دەیەوێت لەم تێگەیشتنە زۆر سنووردارەوە، سەیری مامەڵە سیاسییەكانی دەرەوەی هەرێم بكات.
دەنگێكی دیكە هەیە باس لەوەدەكات، پێش رۆیشتن رێككەوتن بكرێت، بۆ جیا رۆیشتن. ئەم دەنگە لۆژیكێكی هەیە، دوو مانا لەخۆ دەگرێت، یەكیان بەدەستهێنانی زیاترە لە _بەغداد_ ئەگەر بكرێت، دووهەمیان كپكردنەوەی ئەو لەشكرە فاشییەی ناو دونیای شاشەكانە بۆ فۆشدان بە یەكتری و، رازیكردنی رەنگە ئایدۆلۆژییە حیزبییەكانی ناوخۆیە. ئەم دەنگەیان لۆژیكێكی هەیە، كە بتوانێت بە دروستی بەرهەمەكەمان بخاتە بەردەست، ئەما ترسی گەورەی ئەم دەنگە ترسانە لەناوخۆ و لە دونیای شاشەكان. هەرچۆنێك بێت بە جیا رۆیشتن مانای پەرتەوازیی ناگەیەنێت و ئەشێت رێگایەكی نادروست نەبێت.
دوا هەوڵ پێكەوە رۆیشتنە، ئەم هەوڵە زۆرجار دووپارەتەكەی دەسەڵات دەیدەن و، هەمیشە لەو كاتەدا ئەم هەوڵانە دەدەن پێویستیانە! هەر چركەساتێك پێویستیان پێنەبوو، لەناوەوەی هەرێم جارێكی دیكە پەرتەوازەیی دروستدەكەنەوە. ئەم دوو پارتە رەنگە پێویستبێت بە رژدی پێیان بوترێت: ئەم كۆمەڵگەیە ماندووبووە، یارییە جەهەنەمییە كاتییەكانتان هیچ نابەخشێت بەم كۆمەڵگەیە. گەر ویستێك هەبێت بۆ پێكەوەكاركردن لە ناوەند، دەبێت ئەم ویستە لەناوخۆی هەرێمیش تەحقیقبكرێت. بۆئەوەی ئەو فۆشدان و نەفرەتكردنەی ناوخۆ كەمێك كاڵبكرێتەوە، گرنگە چوون بۆ ناوەند بە پێكەوەی، وێستگەیەك بێت بۆ دووبارە نەكردنەوەی مێژووی رابردوو، چارەسەری دۆخە نادروستەكەی هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت