عیماد عه‌لی: كه‌س ناتوانێت خیانه‌تی 31 ی ئاب به‌ پاساوی ده‌ستكه‌وت بسرێته‌وه.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ 31 ئاب ده‌ستكه‌وتی هه‌بووه‌ یان نا، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ ده‌ستكه‌وتی كه‌سی و حزبی ته‌سك هیچ شتێكی تێدا نابینرێت. لیڕه‌دا قسه‌ و پرسیاره‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایا 31ی ئاب وه‌كو پرۆسه‌ و بنه‌ما و ئامانج و وه‌ك پێناسه‌ خیانه‌ت نیه‌؟ یان هه‌ڵه‌یه‌كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانی پارتی بۆ رووپه‌رمایی باسیان ده‌كرد؟ هۆكاری ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م پرۆسه‌ سیاسی و عه‌سكه‌ریه‌ وه‌ك خیانه‌ت به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ ناسریته‌وه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سه‌ وبیه‌وێت بۆ مه‌رامی حزبی و په‌رێزپارككردنه‌وه‌ و مه‌رایی ساڵانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكات. گرنگ ره‌فتار و ئامراز و رێگه‌كه‌ و ئامانج و كرده‌وه‌كه‌یه‌ له‌ رووی پره‌نسیپه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌ته‌وه‌ یان نا. قسه‌كه‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ پێشتر هاوشێوه‌ی ئه‌م جۆره‌ خیانه‌ته‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵی زۆریش كراوه‌ و جگه‌ له‌ زیانی دوور مه‌ودا هیچ لێ سه‌وز نه‌بووه‌ و چاره‌نوسی بكه‌رانی هه‌میشه‌ په‌شیمانبونه‌وه‌ و په‌نجه‌گه‌ستن بووه‌، ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ی سه‌رده‌میش مێژوو ده‌ریده‌خات كه‌ چیه‌ و به‌ هیچ به‌هانه‌ هینانه‌وه‌یه‌ك ناسرێته‌وه‌.
له‌م رۆژه‌ ناله‌باره‌دا، پێوست بوو باس له‌ ده‌ستكه‌وت بكرێت نه‌ك به‌هانه‌ بۆ كاری نابه‌جێ و خیانه‌ته‌كان بهێنرێته‌وه‌ و هه‌وڵی په‌رێزپاكی بدرێت، ئه‌گینا زۆرینه‌ی ره‌های سه‌ركرده‌ و حزبه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان چمكێك له‌م شانازیه‌ مێژووییه‌ی!!به‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ته‌ڵخه‌ ناتوانرێت كاڵ بكرێته‌وه‌.
با بزانین بۆچی ته‌نها پاساوه‌كانی 31 ی ئاب له‌لایه‌ن خه‌ڵكی لاواز و دوور له‌ ناوه‌ندی به‌هێزی پارتی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت و، ته‌نانه‌ت رۆژێك بارزانیه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ زه‌قه‌ نه‌یوێراوه‌ پاكانه‌ بۆ ره‌فتاره‌كان بكات، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن كاردانه‌وه‌ بووه‌ و، بۆ خۆپاراستن و له‌ناونه‌چون بووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ نه‌كرابایه‌ ئێستای كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بوو له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی زه‌رد زاڵ بێت سه‌وز زاڵ ده‌بوو، كه‌ هیچیان ده‌ستكه‌وتی مێژووییان بۆ كوردتسان تۆمار نه‌كردووه‌، بۆیه‌ بۆ گه‌لی كوردستان تۆزقاڵیك جیاوازی نه‌بوو له‌وه‌ی ئه‌مرۆ هه‌یه‌، نه‌ له‌ باره‌ی قه‌واره‌ و ئه‌رێنی و نه‌رێنی به‌هێزی هه‌ر لایه‌نه‌ێكیان له‌سه‌ر ساحه‌ی كوردستان و نه‌ش له‌ لایه‌نی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری كوردستانه‌وه‌، جگه‌ له‌و ماڵوێرانیه‌ نه‌بێت به‌سه‌ر میله‌ته‌دا هێنرا و كوشت و كوشتاره‌شی لێكه‌وته‌وه‌. بۆیه‌ مێژووی گه‌لی كوردستان پره‌ له‌ نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری و، خیانه‌ت و 31ی ئابیش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ و به‌ڵكو خیانه‌تێكی زه‌قی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ مێژووی جیهاندا روویداوه‌ له‌ پشتبه‌ستن به‌ دوژمنان له‌ كوشتنی رۆڵه‌ی خۆت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ قه‌سابخانه‌ی خه‌ڵكی دۆست و ئۆپۆزسیۆنی دژ به‌ به‌ دكتاتۆرێك كه‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و كوردقرانی كرد و له‌وانه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر سته‌مكار تر بوبێت. بۆیه‌ ئه‌مه‌ جیاوازی ئه‌م خیانه‌ته‌ بێت له‌وانی تر كه‌ ده‌بێت زیاتر نه‌فره‌تی لێبكرێت نه‌ك شانازی پێوه‌ بكرێت كه‌ خاڵێكی شه‌رمه‌زاریه‌ و كه‌سه‌ لاوازه‌كانی ناو پارتی و بۆ خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ و مه‌رایی و له‌ پێناو ده‌سته‌كه‌وتی كه‌سی ته‌سك و چه‌واشه‌كاری بێده‌ریه‌ستانه‌ خیانه‌ت ده‌كه‌ن به‌ده‌ستكه‌وت. مێژوو حوكمی خۆی ده‌كات و، وا باشه‌ بۆ ساڵانی تر كه‌س ئه‌م كایه‌ شه‌نوكه‌و نه‌كات تاوه‌كو مێژوو بریاری و حوكمی خۆی ده‌دات به‌خۆی هه‌موو شتێك بۆ نه‌وه‌كان روون ده‌بێته‌وه‌.
‌‌