مەعروف ڕوسافی: کەسایەتی محەمەد.بەشی حەوتەم.

وەرگێرانی عیماد عەلی ئایا محەمەد لەو بانگەشە و هەواڵگه‌یاندنەدا ڕاستگۆ بوە: ڕاستگۆیی و درۆكردن مرۆڤەکان زەمانێکی زۆر بە تاک ژیاون، وەک دڕندەی ئەمڕۆ لە بیابان و شاخەکاندا هەڵمەتیان بردوەته‌ سەر […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

وەرگێرانی عیماد عەلی
ئایا محەمەد لەو بانگەشە و هەواڵگه‌یاندنەدا ڕاستگۆ بوە: ڕاستگۆیی و درۆكردن
مرۆڤەکان زەمانێکی زۆر بە تاک ژیاون، وەک دڕندەی ئەمڕۆ لە بیابان و شاخەکاندا هەڵمەتیان بردوەته‌ سەر یەکتر، ئەگەر تەماحیان لە یەک هەبووبێت یان لە یەک ترسابن. ئینجا لە قۆناغێکی تردا هەستیان بەوە کردوە‌، پێویستیان بە یەکە و دەبێت لەگەڵ یەکدا بن، دژ بە نەیاران و هێرشبەران له‌لایه‌كه‌وه‌ و لە پێناو ئامادەکردنی پێویستییەکانی ژیانیان لە لایەکی ترەوە هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن، بۆیه‌ کۆبوونەوە و یەکتریان لەخۆگرت و بهیه‌كه‌وه‌ ژیان. ئەو کۆمەڵانە خزمایەتی و نەسەب کۆی کردنەوە، ئینجا زمان، ئینجا ئایین، ئینجا له‌ دوا جاردا نیشتمان و سیستم و یاسا کۆیکردنەوە.بەم شێوەیە خێزان، بنه‌ماڵه، عه‌شیره‌ت، هۆز، گەلان، نەتەوە و حکوومەتەکان دروستبوون. ئەو بنەچەیەی لە سەری کۆبوونەوە، هەستکردن بوو بە پێویستیی هاوکاریكردنی یەکتر و هیچی تر. بەو شێوەیە کۆمەڵ دروستبوو، تا وەک ئەمڕۆ دەیانبینین، بە سەر چەند پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیدا دابەشبوون و کۆکەرەوەی جیاواز کۆیکردوونەتەوە و جیاوازن لە یەکتر.
بەڵێ، مرۆڤ بە گردبوونەوە لە ژیانی تاکگەرایی ڕزگاری بوو، کە هەڕەشەی لە سەر بوو، ئارام بوەوە، کە پێشتر موحتاج بوو، دواتر دەوڵەمەند بوو، پێویستیی نەما، بەڵام بە هۆی ئەم گردبوونەوەوه‌، وای لێ هات مافی مادی و ئەدەبیان بەسەریەکەوە هه‌بێت، بۆ پاراستنی ئەم مافانە شەریعەت و یاسا دانراو چاکە بە باش زانرا و ڕێزی لێگیرا و خراپە بە خراپ دانراو قێزەون کرا، بەوپێیەی کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە بەگشتی دەیسەپێنێت. چاکەکاری بۆ خودی چاکەکە نییە، بەڵکوو بەرژەوەندیی گشتیی فەرزی دەکات، کە بە چاکە دابنرێت، هەروەها بۆ خراپەکاری له‌ خودی خراپەکەدا سەیرنەکراوە بە قەد ئەوەی، بەرژەوەندیی گشتیی فەرزیکردوە بەقێزەون لەبەرچاو بگیرێت. ڕاستگۆیی چاکەیە، لەبەر ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵگە بەرەو ڕێگەی ڕاست دەبات، ئەگەر تاک لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەشداریی گشتی بکات کە قازانجیان پێ ببەخشێت و ئەگەر ناخۆشییەک ڕووی تێکردن، دەبێت باوەڕیان پێ بکات و ڕاستگۆ بێت لەگەڵیاندا و درۆیان لەگەڵدا نەکات، عەرەبگوتوویەتی: “ڕێنوێنیکەر درۆ لەگەڵ خزمی خۆی ناکات.” لەبەر ئەوەی قازانجی هاوبەش هەیە لەگەڵیاندا، هەروەها به‌ نیسبه‌ت خه‌ڵك به‌گشتی و تاكیشه‌وه‌؛ ڕاستی ڕێنیشاندەرە، درۆ وێڵکەرە. ڕاستگۆ بیت لەگەڵ هەر کەسێکدا ڕێگەی ڕاستت نیشانداوە، ئەگەر دڕۆیشت لەگەڵ کرد له‌وشته‌دا، ڕێگەی ڕاستیت لێ ونکردوە. وەک لە سەرجەم چاکە و خراپەکاندا گوتراوە، لەوه‌ی یەکەم قازانج هەیە و ئه‌وه‌ی دوەمیش زەرەرە بۆ گشت و تاک.
ئەگەر ئەمە بەرپابوو، له‌ ژیاندا سه‌پێنرا، ڕاستی لەگەڵ واقیعدا یەکناگرێتەوە و دڕۆیش لەگەڵیدا ناکۆک نابێت، بەڵکوو ڕاستگۆیی لەگەڵ بەرژەوەندیدا دەگونجێت، ئەگەر ناکۆکیش بوو له‌گه‌ڵیدا، دڕۆیش لەگەڵ بەرژەوەندیدا ناکۆکە ئەگەر لەگەڵ واقیعیشدا تەبا بێت. له‌م باره‌شه‌وه نمونه‌ی ئیبراهیم كه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی خۆی وت خوشكمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رزگاری بێت و‌ لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی وای خواست، لەو قسەیەی ڕاستگۆیە ئەگەر لەگەڵ واقیعدا نەبێت. حەکیمی فارس، سەعدیی شاعیر ناڵێت: “درۆی تەبا لەگەڵ بەرژەوەندیدا لە ڕاستیی هاندەری فیتنە باشترە.” ئەمە حیکمەتێکی کاریگەرە، لەبەر ئەوەی ڕاستی هاندەری فیتنە درۆیە، درۆ لەبەر ئەوە قێزەونە، چونکە زیانبەخشە. ڕاستییه‌كی زیانبەخش درۆیە. موته‌نه‌بی لە کاتی تا گرتنیدا دەڵێت: إذا ألقاك فی الكرب العظام ویصدق وعدها والصدق شر. واته‌: ئه‌گه‌ر راستیه‌ك خستیتیه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌وه ئه‌وه‌ راستگۆیه‌كه‌ شه‌ره‌.‌
ئەگەر باش لەمە تێبگەیت، حەقی خۆیەتی بڵێیت محەمەد ڕاستگۆ بوە لەوەی کە لە خەیبەردا لە سەر خوداگوتوویەتی: {وماینطق عن الهوی} [النجم 3: واته‌: به‌ ئاره‌زووی خۆی قسه‌ ناكات. واتە ناکەوێتە دوای مەیلی نەفسی خۆی، هیچ قسەیەک ناکات کە بەرژەوەندیی گشتی فەرزی نەکات، لەوەیشدا هیچ شتێکی بۆ خۆی ناوێت.
ئەگەر محەمەد بانگەشەی پەرستنی خودای بێ هاوبه‌ش دەکات، بەوەیش دەیەوێت قسەی قەومەکەی یەکبخات و ڕابوونێکی مرۆڤایەتیی جیهانیی گەورە ڕووبدات، کە پاشەڕۆژی خێربێت بۆ مرۆڤ بەگشتی‌، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ پاداشتێک لە سەر ئەم بانگەشەیە لە خەڵک داواناکات و هیچ قازانجێکیلەو بارەوە بۆ خۆی ناوێت، چۆن ڕاستگۆ نەبێت لە قسەکانیدا، کە جگە لەبەرژەوەندیی گشتی، هیچ شتێک له‌و باره‌یەوه‌ بۆ ئه‌و نه‌بوە‌ کە ویستویه‌تی کارێکی زۆر گەورە بکات.
ئەوەی درۆ بکات، نایەوێت بە تەنها زیان لە خەڵک بدات، بەڵکوو دەیەوێت لە زیانی ئەوان قازانج بکات، بەڵام محەمەد ئەوەی دەیڵێت، جگە لە بەرژەوەندیی خەڵک و قازانجکردنیان، هیچی تری ناوێت و وتەکانی حه‌قیقه‌تن و لە ڕاستی ڕاستترن.محەمەد گوتی: خودا بۆ ئێوەی ناردووم بۆ مژدەبەخشی و ئاگادارکردنەوە. بەم وتەیەی خۆی وەک دڵسۆزێکی چاکسازیخواز لە نێوان خەڵکدا پیشاندا و وەستایەوە. لەم وتەیەی ڕاستگۆیه‌، لەبەر ئەوەی چاکسازیکردن وافەرزدەکات بڵێت پەیامبەری خودایە، ئەگەر سەریشمان سوڕبمێنێت لە وتەی {إنی رسول الله} [اڵاعراف: 158]واته‌: من پێغه‌مبه‌ری خودام. بۆیە ئێمە لە واتای پەیامبەر وەک ئەوەی هەیە، واتە نامەبەر تێدەگەین، لە ناوەڕۆکی وشەی پێغەمبەرەکە تێناگەین. ئێمە وا تێدەگەین کە یەکێکمان بە یەکێک بڵێت بڕۆ بۆ لای فڵانە کەس و ئەمەوئەوەی پێ بڵێ، ئەوەی دەڕوات لای ئێمە پەیامبەرە، بەڵکوو پێغەمبەر بەم شێوە نییە، بەڵام پیاوێک کە خوداكه‌ی لە کردەوەی چاکسازیدا ببینێت و ئیلهام لە بانگەشەی چاکسازی وەربگرێت، سەبر و هیممەت و حیکمەتی بۆبێت، کە بۆ سەرکەوتنی بانگەشە پێویستە، بە زەروورەت پەیامبەری خودای بوونی ڕەهای گشتی ناکۆتایییە، هەر کەسێک وابێت، پێغه‌مبەری خودایە، هەر کەسێک بەم شێوەیە لە چاکسازیخوازان بێت، پێغه‌مبەری خودایە.
ئەگەر محەمەد و ئەوەی لە پێناو ڕابوونی قەومەکەی و خێری سەرجەم خەڵکدابێت، ئەی خەڵک ژیانێکی ترتان هەیە ئەگەر ئیمانتان هەبێت، پاداشتتان خۆشگوزه‌رانی دەبێت و ئەگەر کوفربکەن، دۆزەختان بەردەکەوێت، ئەوڕاستگۆیییە لەوەدایه‌، دەیەوێت خەڵک قەناعەتی پێبکەن، بۆ ئەوەی ئیمانیان بەوەبێت کە پێی هەڵساوە، دەڵێت: جوولەکە ناوی منیان لە کتێبی تەوراتدا دۆزیوەتەوە، بەڵام دەیگۆڕن و لێی لادەدەن، لەوەدا ڕاستگۆ بوە‌، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی قەناعەتپێهێنانی خەڵک وا فەرزی كردوە‌. جوولەکە بە درۆیان خستەوە و بەربەستیان خستە بەردەمی، وەک نەیارێکی، ئینکاریی ئەوەیانکردو ڕه‌تیانكرده‌وه‌ و ویستیان لە بانگەشەکەی بده‌ن و بیڕووخێنن و ڕێگەی لێبگرن. بەڵێ، ئەو ڕاستگۆیە، ئەگەر ئەم وتەیەی ڕاست نەبێت هەزار نەفرەت و نەمان بۆ ڕاستگۆیی.لەکاتی خۆیدا ئەبووبەکر پێش هەموو کەسێک ئەم حەقیقەتەی زانیوه، بۆیە بۆ چاوترووکانێکیش لەباوەڕهێنان بە محەمەد دوودڵ نەبوە‌، تەنانەت کاتێک له‌ شه‌وێکدا هەواڵی ئیسرای لە مزگەوتی حەرام بە کافرەکان ڕاگەیاند، چوون بۆ لای ئەبووبەکر، لەبەر ئەوەی وایانزانی شتێکیان دۆزیوەتەوە لە محەمەد، کە تەنانەت ئەبووبەکریش باوەڕی پێ ناکات. پێیان گوت: سەیری هاوەڵەکەت دەکەیت،بانگەشەی ئیسرای بەیتولموقەدەسی لەم شەوەدا کردوە. گوتی: خۆی ئەمەی گوت، گوتیان: بەڵێ، گوتی: مادام ئەوگوتوویەتی ڕاستدەکات. گوتیان: باوەڕی پێدەکەیت کە شەو بۆ بەیتولمقەدەس ڕۆیشتبێت و پێش ڕۆژبوونەوە بگەڕێتەوە! گوتی: بەڵێ من باوەڕ لەوە زیاتریشی لێدەکەم و باوه‌ڕ بەهەواڵهێنانی ئاسمانییشی پێدەکەم، کە لە چاوترووکانێکدا بۆی هاتبێت. ئەگەر هەواڵی ئاسمانم بۆ بڵێت، لەساتێکدا باوەڕی پێدەکەم، ئەوە لەوە سەرسوڕهێنەرترە کە ئێوە سەرتان پێوە سوڕماوە. خوا چاکەت بۆ بکات ئەبووبەکر کە چۆن ئەوەی زانیوە؛ هەموو شتێک لە پێناو مەبەستێکە. من ئەگەر لە لایەنی ڕاستودرۆی ئەم ڕایە و چۆن بۆی ڕۆیشتوە بڕوانم و بە ئەگەری بزانم کە پێغەمبەر لە خەیاڵیدا وێنای کردوە، ئەو ئاماژانە دەردەکەون کە محەمەد بەم ڕێگەیەوە بەرژەوەندیی گشتیی ویستوە، کە سەرکەوتنی بانگەشەکە سەپاندوویەتی.
ساتێک ئەو هەواڵە گەییشتە محەمەد کە حیرس کوڕی زرار، شێخی بەنی موستەڵەق، خزم و کەسوکار و عەرەبی بۆ شەڕکردن کۆکردوەتەوە، نامەبەر بورەیدە کوڕی حوسەینی نارد بۆ زانین و زانیاریوەرگرتن، بورەیدە مۆڵەتی وەرگرت کە هەر چییەکی بوێت به‌ باشی بزانێت پێیان بڵێت بۆ ئەوەی لە شەڕکردن ڕزگاریان بێت، ئەگەر لەگەڵ واقیعیشدا نەگونجاوبێت، پەیامبەربۆ ئەو كار و مەبەستە مۆڵه‌تیدا، کاتێک چوو گردبوونەوەکەیانی بینی، پێیان گوت: ئەم پیاوە کێیە؟ گوتی: پیاوێکە لەئێوە، پاش هەواڵی گردبوونەوەتان دژ بەو پیاوە هاتووم بۆ لاتان، بۆ لای قەومەکەم و ئەوانه‌ی گوێڕایەڵم بن و یەکدەستدەبین تا ڕیشەکێشیان دەکەین، حیرس پێی گوت، ئێمە لە سەر ئەوەین بەخێرایی بیکەین، بورەیدە گوتی: سواربە، با گردبوونەوەیەکی گەورەی قەومەکەم ببینین، زۆر خۆشحاڵ بوون بەوە، گەڕایەوە بۆ لای پێغەمبەری خودا، هەواڵی ئەو قەومەی پێ دان، لەوێیشدا غەزوەی بەنی موستەڵەق ڕوویدا؟ لێرەدا مۆڵەتی بە بورەیدەدا بۆ ئەوەی درۆبکات، له‌و كاته‌دا كه‌ بەرژەوەندیی گشتی ئەوەی ویست.
لەو بارەیەیشەوە، ئەوەی لە ڕۆژی خەندەقیش، محەمەد و هاوەڵانی گیریان خواردبوو لە نێوان خەندەق و سەلعدا و دوژمنان لە هەموو لایەکەوە دەوریان لێدابوون، بەنو قورەیزە پەیمانیان شکاند و لەگەڵ دوژمناندا یەکیانگرت، ئه‌وە‌یش ناخۆشترین هەڵوێست بوو لە ژیانی محەمەددا. له‌وكاته‌دا كه‌ ئەوەیان کرد، پیاوێک لە دوژمن بۆیان هاتەدەر، کە دەڵێن ناوی نەعیم کوڕی مەسعوودی ئەشجەعی بوە، ئەم نەعیمە لەگەڵ خزمانی غەتفان کە لە سەر ئایینی ئەوان بوو، بۆ شەڕی موسوڵمانان هاتبوو، خودا ئیسلامی خستبوە دڵییەوە. کاتێک لەوێدا دەردەچێت، پەیامبەر لە نێوان عەسر و مەغریبدا دەڕوات و دەبینێت نوێژ دەکات، کە بینیی دانیشت، ئینجا پێغەمبەر پێی گوت: یا نەعیم چی تۆی هێنا بۆ ئێرە؟ گوتی: هاتم باوەڕت پێ بکەم و شەهادەت بهێنم، ئەوەی دەیڵێیت حەقە. پێی گوت، کە موسوڵمان بوە، قەومەکەی نازانن بوەتە موسوڵمان، چیتدەوێت فەرمانم پێ بکە. کە تۆ پیاوێک بیت دەتوانی چیمان بۆبکەی، شەڕیش هەڵخەڵەتاندنە، نەعیم پێی گوت: ئەی پەیامبەری خودا، ئەو حاڵەی پێویستە بیڵێم ئەگەر لەگەڵ واقیعدا ناکۆکیش بێت. گوتی: چیت بۆ دەکرێت بیڵێ، تۆ ئازادیت، نەعیم دەرچوو تا گەییشتە بەنو قورەیزە و هاوسۆزیان بوو، گوتی: کە بینییان بەخێرهاتنیان کردم و خواردن و خواردنەوەیان پێدام، پێمگوتن من بۆ شتێکی ئاوها نەهاتووم، لەبەر ئەوەی لە سەرتان دەترسم هاتووم بە ڕای خۆم ڕاوێژتان پێ بکەم، ئەی بەنو قورەیزە، خۆشەویستیم بۆ ئێوە دەزانن و بە تایبەتی ئەوەی لە نێوان من و ئێوەدا هەیە، گوتیان: ڕاستدەکەیت، لای ئێمە تۆمەتبارنیت، پێی گوتن: ئەم نهێنییەم بشارنەوە، گوتیان: وادەکەین، گوتی: ئەوەی بە سەر بەنی قەینوقاع و بەنوو نەزیردا هات لە هەڵهاتن و سەروماڵ بردنیاندا دەیزانن و قوڕەیش و غەتفان وەک ئێوە نین، وڵاتەکە وڵاتی ئێوەیە و ژن و منداڵتان لێرەیە و ناتوانن لێرە بڕۆن، قوڕەیش و غەتفان بۆ شەڕکردن دژ بە محەمەد و هاوەڵانی هاتوون، ئەگەر خۆتان لەگەڵ ئەواندا دەربخەن، ئەگەر بە باشی بڕوات دەیپێکن و ئەگەر نا، ئەوان دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و ئێوە بە تەنیا لە وڵاتی خۆتاندا دەمێننەوە، ئەم پیاوەیش لە وڵاتی ئێوەیە و ئێوەوزەی ئەوتان نییە ئەگەر ڕووبەڕووتان بێتەوە، شەڕی مەکەن تا حەفتا پیاو لە نەسرانەکانیان لە دەستی ئێوەدا ڕەهن نەبن بۆ متمانە و ئه‌وجا تا دوا هەناسە شەڕی محەمەدبکەن بۆئەوەی شکست بهێنێت. پێیان گوت: ڕاوێژێکی ڕاست و ئامۆژگارییه‌کی باشت کردین، دوعایان بۆ کرد و سپاسیان کرد گوتیان: وا دەکەین، گوتی: بەڵام ئەم نهێنییەم بشارنەوە. گوتیان: وا دەکەین. ئینجا نەعیم دەرچوو بۆ لای قوڕەیش بە ئەبوسوفیان و ئەوەی لەگەڵیدا بوون لە ئەشرافی قوڕەیشی گوت، ئێوە دەزانن چەند خۆشمدەوێنو ڕقم لە محەمەدە، هەواڵێکم لایە دەمەوێت پێتان بڵێم و ڕێنماییتان بکەم، بەڵام نەیدرکێنن، گوتیان: ئاوادەکەین، گوتی: خەڵکی بەنو قورەیزە لە پەیمانشکاندنەکەیان لەگەڵ محەمەددا پاشگەزبوونەتەوە، خەڵکیان ناردوە کە ئەوان پەشیمانن، ئەگەر ڕەزامەندیی بفەرموویت چەندین ئەشرافی هەردوو قەبیلەی قوڕەیش و غەتفانتان بۆ دەهێنین سەریان لێ بکەرەوە و ئەو دەستەمان شکا بیگەڕێنەوە جێگەی خۆی، مەقسەدیان بەنی نەزیرە بوو، ئینجا لەگەڵتاندا شەڕی ئەوانی تر دەکەین تا ڕیشەکێشیان دەکەین. گوتی: بەڵێ. گوتی ئەگەر جوولەکە ناردیان بۆ چەند پیاوێک لەئێوە وەک بارمتە لایان بێت یەک پیاویان مەدەنێ، هەوڵبدەن نهێنییەکانتان بپارێزن لایان و باسی منیش مەکەن و هیچ پیتێک لەم قسانەم مەڵێن، گوتیان نایڵێین. ئینجا دەرچوو تا گەییشتە لای غەتفان. گوتی: ئەی مەعشەری غەتفان ئێوە خزم و عەشیرەتی منن، خۆشەویستترین خەڵکن بۆ من و من بە تۆمەتبار نازانن. گوتیان: ڕاستدەکەیت تۆ لای ئێمە تۆمەتبارنیت، گوتی: ئەم نهێنییە بپارێزن، گوتیان: باشە. ئەوەی بە قوڕەیشی گوت بە ئەمانیشی گوت و ئاگاداری کردنەوە. لە شەوی شەممەدا ئەبووسوفیان و سەرانی غەتفان، عەکرەمە کوڕی ئەبووجەهلیان لەگەڵ چەند کەسێکدا نارد بۆ لای بەنوو قورەیزە. پێیان گوتن: ئێمە لە وەزعێکیباشدا نین خۆمان و وڵاخ و سوارچاكانمان هیلاک بووین. ئامادەبن بۆ شەڕ تا کۆتایی بە محەمەد بهێنین و یەکلایی بكه‌ینەوە، گوتیان: ئەمڕۆ شەممەیە، ئەوەی لە شەممەدا کەس ناتوانێت بمانباتەوە، سەرەڕای ئەوەیش، هاوشانی ئێوە شەڕی محەمەد ناکەین تا حەفتا پیاوتان بە بارمتە لامان نەبێت، گوتیان: بە خودا نەعیم ڕاستگۆ دەرچوو، ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە، ئینجا وای لێهات، دۆڕان، بە هۆی دوو هۆکارەوە: یەکەمیان جیاوازی لە قسە و ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە بەهۆی قسەکەی نەعیمەوە. دوەم: ڕەشەبایەکی بەهێز ڕووی تێکردن لەو شەوە ساردانەدا و ماڵی کاولکردن و وێزەی لێ بڕین و مەنجەڵی شکاندن و ئاگری کوژاندەوە و پەتی چادرەکانی پچڕاند و، خۆڵ و لم چاوی پڕ کردن، ئه‌مه‌یش بەردەوام بوو تا شکستیان هێنا و دۆڕان و ڕایان کرد. بێگومان لێره‌دا نەعیم بەدرۆزن دانانرێت، لەبەر ئەوەی ئەم درۆیە بە پێی پێویستیی بەرژەوەندیی گشتی بوە‌، بۆیە پەیامبەر مۆڵەتی دا، هه‌رچی ده‌ڵێت بیڵێت، کەواتە درۆ ئەوەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا ناکۆک بێت، نەک لەگەڵ واقیعدا.
بە هەمان شێوە لە کوشتنی کەعب کوڕی ئەشرەفی جوولەکە. کەعب دوژمنی محەمەد بوو، شاعیر بوو، هەجووی محەمەدیدەکرد و دژایەتییدەکرد.محەمەد گوتی: کێ لە ئەبوو ئەشرەف دەتوانێت بە ئاشکرا دوژمنایەتیی هەموومان بکات؟ یان لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێت: بە شیعرەکانی ئازارمان دەدات و کافرەکانی لە سەر بەهێز کردووین، محەمەدی کوڕی موسلمەی ئەوس گوتی: من بۆت دەهێنم ئەی پەیامبەری خودا، ئەو خاڵۆمە و من دەیکوژم، لەبەر ئەوەی کوڕی موسلمە خوشکەزای کەعبی کوڕی ئەشرەف بوو. خۆی و چواری تر پێكه‌وه‌ گردبوونه‌وه‌ بۆ کوشتنی، ئەوانیش عەباد کوڕی بوشر و حیرس کوڕی عیسی و حیرس کوڕی ئەوس و ئەبوو نائیلە بوون. ئەبوو نائیلە برای شیریی کەعبی کوڕی ئەشرەف بوو. دوای ئەوەی محەمەدی کوڕی موسلمە بە پەیامبەری خودای گوت من دەیکوژم. سێ ڕۆژ به‌ كه‌می نه‌بێت نان و ئاوی نه‌خوارد لە ترسی ئەوەی له‌ پەیمانەکەی وەفادار نەبێت، بەڵام وا دیارە کە لەو ماوەیەدا بیری لە فرتوفێڵێکی کردبێتەوە کە بیگەیەنێتە کوشتنی کەعب، تا گەییشتوەتە هەڵخەڵەتاندن بەقسە، بۆ پەیامبەری گێڕایەوە، گوتی: ئەی پەیامبەری خودا، دەبێت بە قسە بگەینە لای و فێڵی لێ بکەین. ئه‌وە‌یش ڕەوا بوو بڵێت: قسەیەکدروست بکەین کە فێڵی لێ بکەین، پەیامبەر گوتی: هەر چییەکتان دەوێت بیڵێن، ئێوە ئازادن لەوەدا، ڕێگەی پێدان درۆبکەن، کە فێڵ وهەڵخەڵەتاندنی ناو شەڕە. ئەبوو نائیلە پێشکەوت بۆ لای کەعب و لەو کاتەدا شیعری دەگوت. یەک کاتژمێر قسەی لەگەڵدا کرد و شیعری دەگوت، ئینجا گوتی: هەی قوڕبەسەر، ئەی کوڕی ئەشرەف بۆ پێویستییەک هاتووم بۆ لات، نهێنیم بپارێزە. گوتی: بەڵێ. گوتی: هاتنی ئەم پیاوە بەڵایەکە بۆ ئێمە، کە عەرەبی بۆی گواستووینەتەوە، تیرێکی بۆ وەشاندووین ڕێگەی لێ بڕیوین و ماڵومنداڵمان برسییانە و هیلاک بووین. بەدوای خێرێک دەگەڕێین و هیچ نییە بیخۆین. ئەوەی هەمان بوو بۆ ئەم پیاوە و هاوەڵەکانی خەرجمان کرد. کەعب گوتی: پێشتر پێم گوتی،ئەی کوڕی سەلام، کە وای لێدێت. گوتی: دەتانەوێت چی لێبکەن؟ گوتیان: پەشیمانکردنەوە و دوورکەوتنەوە لێی. گوتی: شەڕ دەرکەوت. ئەوە بزانن، کە ئێوە لەم بارەیەوە لە سەر ناحەق نین. ئەبوو نائیلە گوتی: خواردن بە من و هاوەڵەکانم بفرۆشی و متمانەت پێدەکەین، دەبینە لایەنگری تۆ. دەڵێن ئەوەی ئەم قسانەی گوتوە محەمەدی کوڕی موسلمە بوە. حافز کوڕی حەجز دەڵێت، لەوانەیە هەردووکیان ئەم قسانەیان کردبێت. کەعب گوتی: ژنەکانتان بە بارمتە لام دادەنێن؟ گوتیان: چۆن ژنەکانمان بەبارمتە لات بێت و تۆ له‌ كوڕه‌ قۆزه‌كانی هەموو عەرەبیت! زیاتریش گوتراوە، کە چۆن بێگومان بین لەوان، کە هیچ ژنێک خۆی ناگرێت لەو جوانییەی تۆ، كه‌وا ژن سەرسام دەکات؟ گوتی: منداڵەکانتان بە بارمتە دابنێن. گوتیان: چۆن منداڵەکانمان بە بارمتە لای تۆ دابنێین، کە قسەیەک لە سەر یەکێکیان دروست بێت؟ گوتی: بارمتەی یووسف، گوتیان: ئەمە عەیبەیە بۆ ئێمە. بەڵام ئێمە چەکەکانمان لات دادەنێین. ویستیان کەعب لەوەدا شكیان لێنەکات کە چەکیان لەگەڵدابێت. ئەبوو نائیلە گەڕایەوە بۆ لای هاوەڵانی و پێی گوتن و فەرمانی پێ کردن، چەکەکان لەگەڵ خۆیاندا ببەن. ئینجا هاتن بۆ لای پەیامبەری خودا بۆ ماڵەکەی و محەمەد کوڕی موسلمەی کردە ئامریان. لە شەوێکی مانگەشەودا. هاتن تا گەییشتنە جێگە قایمەکەی، پەیامبەر تا بەقیعی غەرقە لەگەڵیاندا هات و ئینجا گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی. ئەبوو نائیلە کەعبی بانگکرد، کەعب تازەزاوا بوو، لە پێخەفەکەی بەرز بوەوە، ژنەکەی پێی گوت تۆ پیاوێکی جەنگاوەریت، ئەوەی شەڕزانە لەم کاتەدا دەرناچێت، پێی گوت: ئەوە ئەبوو نائیلەیە، ئەگەر بە خەوتوویی بمبینێت، هەڵمناسێنێت. گوتی: بەخودا لە دەنگییه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌بینم. بوخاری دەڵێت: گوتوویەتی بۆ کوێ دەردەچیت لەم کاتەدا، من گوێم لە دەنگێکە کە خوێنی لێدەبارێت،گوتوویەتی: ئەوە محەمەدی کوڕی موسلمەی خوشکەزام و ئەبوو نائیلەی برای شیریمە. ئەگەر هەر کەسێک بەخشندە بێت، لێیشیده‌ن، لە شەودا ڕەزامەند دەبێت بڕوات به‌ده‌میانه‌وه، کە کەعب هاتە دەرەوە، ئەو بۆنە خۆشەی لەخۆی دابوو، ئەبوو نائیلە و هاوەڵانی کاتژمێرێک قسەیان لەگەڵدا کرد و پیاسەیاندەکرد، ئەبوو نائیلە دەستی لە سەری کەعب خشاند‌و بۆنی دەستی کرد و گوتی: لەم بۆنە خۆشترم نەبینیوە، کەعب گوتی: بۆنەکە بۆنخۆشترینه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوانترین ژنی عەرەبم لایە، پێی گوت ئەی باوکی سەعید “ئەمە نازناوی بوو” سەرت دابەزێنە بۆم، بابۆنی بکەم و دەموچاومی پێ بسڕم. ئینجا کاتژمێرێک پیاسەیان کرد و ئەبوو نائیلە دەستی خستە سەر سەری کەعب و توند گرتی و بە هاوەڵانی گوت، لێیدەن ئەمە دوژمنی خودایە. بەربوونە گیانی، بە شمشێرەکانیان جێگەیەک نەما لێی نەدەن، تەنانەت شمشێرەکان بەر یەک دەکەوتن، کەعب خۆی بە ئەبوو نائیلەوە نووساند و هاوارێکی کرد کە هیچ شوێنێکی توندداخراو نەبوو دەنگی نەگاتێ، محەمەد کوڕی موسلمە ده‌ڵێت: شمشێرەکەم لە زگی دانا و چوومە سەری تا گەییشتە پشتی و کەوت. کاتێک کەعب ئەو هاوارەی کرد، ژنەکەی دووجار هاواریکرد، ئەی ئالی قورەیزە و نەزیر، جوولەکەکان دەرچوون، تا گەییشتنە ئه‌و جێگەیه‌، هاوەڵان بۆی دەرچووبوون.محەمەد کوڕی موسلمە گوتی: حیرس کوڕی ئەوس لە هەندێک شمشێری خۆماندا بەرکەوت، لە سەر و پێی درا و خوێنی لێدەچۆڕی، لە ئێمە بەجێما. ئینجا حیرس کوڕی ئەوس كه‌ بە هاوەڵانی گوت، سڵاوم بگەیەنن بە پەیامبەری خودا،ئه‌وان سۆزیان بۆ جووڵا و هەڵیانگرت، محەمەد کوڕی موسلمە دەڵێت: لە درەنگانی شەودا گەییشتینە لای پەیامبەری خودا، بەخەبەر بوو، نوێژیدەکرد، سڵاومان لێکرد، هاتە دەرێ، هەواڵی کوشتنی دوژمنمان پێدا، لە گێڕانەوەیەکدا دەڵێن: سەری کەعبمان بڕی و هێنامان کە گەییشتینە بەقیعی غەرقە (الله أكبر)یان کرد، پەیامبەریش هەڵسا بۆ نوێژ، کە گوێی لە (الله أكبر)بوو، زانیی کە دوژمنی خودایان کوشتوە. چوو بۆ دەرگای مزگەوتەکە و کاتێک هاتن پێغەمبەریان لە دەرگای مزگەوتەکەدا بینی، پێی گوتن دەموچاوەکان سەرکەوتن، گوتیان: چاوت ڕوون ئەی پەیامبەری خودا، ئەوجا سەرەکەیان خستەبەردەستی. ئینجا سپاسی خودای کرد بۆ کوشتنی.
ئەوەی لە کوشتنی کەعبی کوڕی ئەشرەف ڕوویدا، لە کوشتنی ئەبی ڕافیع کوڕی سەلام کوڕی ئەبی ئەلحەقیق گەورەی یەهوودی خەیبەریشدا ڕووی دا، هەروەها لە کوشتنی ئوسه‌یر کوڕی بن ڕه‌زامی یەهوودی لە خەیبەر، ئەم دوو ڕووداوە باس ناکەین، تەنها ئەوەی یەکەم بەسە.
لەوەیشدا کە بۆ عەبدولڵای کوڕی ئەنیس ڕووی دا، کاتێک پەیامبەری خودا ناردی بۆ کوشتنی سوفیان کوڕی خالیدی هه‌زلی و ئینجا له‌حیانیش، هۆکاری ئەوەیش لەوەدا بوو، کە هەواڵ گەییشتە پەیامبەر، ئەم سوفیانە خەڵکێکیان کۆکردوەتەوە بۆ شەڕی پێغەمبەری خودا، پەیامبەر عەبدولڵای کوڕی ئەنیسی نارد بۆ کوشتنیان، گوتی: باسی سیمایم بۆ بکە واتە وەسفی بکە. گوتی: ئەگەر بینیت بە هەیبەتە و شكۆداره‌ و وات لێده‌كات بە خۆتدا بچیته‌وه‌، واتە دەترسیت و بیری شەیتان دەکەیت، عەبدولڵا گوتی: ئەی پەیامبەری خودا، قەت لە هیچ شتێک نەترساوم، گوتی: بەڵێ کە بینیت دەلەرزیت.عەبدولڵا گوتی: داوام لە پێغه‌مبەر خواست بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تم بدات، کە هەر فێڵێك بكه‌م و هه‌رچییەک بڵێم تا پێی بگەم، موڵەتی دام و گوتی: هەرچییەکت دەوێت بیڵێ و خۆت بە خوزامە بناسێنە، عەبدولڵا کوڕی ئەنیس گوتی: ڕۆیشتم تاگەییشتمە ناوەڕاستی عیونە، کە دۆڵێکە لە نزیک عەرەفە، بینیم بە سەر گۆچانێکەوە دەڕوا و له‌ زەوی ده‌دات و دەیلەرزێنێت و خەڵکی هەمەجۆری بە دواوەیە، لەوانەی دوایكه‌وتبوون، بە وەسفکردنەکەی پەیامبەر ناسیمەوە، له‌وێدا من سڵم لێ کردەوە، كه‌ لە هیچ کەسێک سڵم نەکردوەتەوە، گوتم پێغه‌مبه‌ری خودا ڕاستیکرد. ئەمەیش لە کاتی نوێژی عەسردابوو، ترسم لەوە بوو کە لەو هەوڵەدا لە نوێژ دووربکەومەوە، بە ڕۆیشتنەوە نوێژم کرد و سەرم دەجووڵاند، کاتێک گەییشتمە لای پێی گوتم: ئەم پیاوە کێیە؟ گوتم پیاوێکم لە خوزاعە. خەڵکم دژ بە محەمەد کۆکردوەتەوە، هاتووم بۆ ئەوەی لەگەڵتدابین. گوتی: باشە منیش خەڵکی بۆ کۆدەکەمەوە، یەک کاتژمێر لەگەڵیدا پیاسەم کرد و قسەم لەگەڵدا کرد و قسەکانمی پێخۆش بوو. لەو قسانەی کە بۆیکردم، گوتی سەرم سوڕدەمێنێت لەوەی کە محەمەد دەیکات لەم ئایینە تازەیەیدا، باوکانی جێهێشت و خەونەکانی بێکەڵک کرد، پێی گوتم: هیچ کەسێکی وەک منی نەدیوە، کە شەڕی بکات. کاتێک چوە جێی حەسانەوەی خۆی و خەڵکەکەی لێ دوورکەوتنەوە، پێی گوتم: ئەی خوزاعەی برا فەرموو، لێی نزیک بوومەوە، گوتی: دابنیشە، دانیشتم تا کاتەکە هێمن بوەوە و خەڵک خەوتن، فرسەتم لێهێنا و کوشتم و سەرەکەیم برد، چوومە ئەشکەوتێک لە شاخەکان، بەدوامدا هاتن، بەڵام نەیاندۆزیمەوە، ڕۆیشتنەوە، منیش دەرچووم به‌و شەوه‌ و لە نزیکبوونەوەی خۆرهه‌ڵاتندا گەییشتمە مەدینە، پەیامبەری خودام لە مزگەوت بینیی، کە بینیمی گوتی: ئەم دەموچاوە لە سەرکەوتوو دەچێت، گوتم: دەموچاوی تۆ سەرکەوتوە ئەی پەیامبەری خودا. سەرەکەم خستە بەردەستی و کارەکەم بۆ گێڕایەوە. گۆچانێکی دامێ و گوتی،پشت بەمە ببەستە لە بەهەشتدا، واتە لەسەری بوەستە، ئەوەی لەسه‌ر ئه‌مەدا دەوەستن زۆر کەمن، کە کەلەکە دەخەنە سەر گۆچان، بۆیە بە خاوەن کەلەکە ناونرا، ئەو دارەی لابوو، کاتێک مردنی بۆ هات وەسیەتی کرد کە لەگەڵ کفنەکەیدا بینێژن و لە نێوان پێست و کفنەکەی دایبنێن، وایان لێکرد.
ئەوەی بە سەر حیجاج کوڕی عیلانی سەلمی داهات لەو بارەیەوە، پێغەمبەر کە خەیبەری گرت حیجاج هات بۆ لای و بوو بە موسوڵمان و پارەیەکی زۆری هەبوو، گوتی: ئەی پەیامبەری خودا پارەکەم لە لای هاوسەرەکەمە لە مەککە و لای بازرگانانی مەککە پەرشوبڵاوبوەتەوە، مۆڵەتم بدە بڕۆم بۆ مەککە بۆ ئەوەی پارەکەم کۆبکەمەوە، پێش ئەوەی بە موسوڵمان بوونم بزانن و نەتوانم هیچیان لێوەربگرمه‌وه‌، پەیامبەری خودا مۆڵەتی دا، گوتی: ئەی پەیامبەری خودا، دەبێت پێچەوانەی واقیع قسە بکەم و ئەوەی بمەوێت بیڵێم بۆ ئەوەی پارەکەم بێتەوه‌ دەستم. پێی گوت: بڵێ، گوتی: بۆی دەرچووم تا گەییشتمە حەرەم، پیاوانی قوڕەیش هه‌واڵی ئه‌وه‌یان پێگەییشتبوو کە پەیامبەری خودا دەستی گەییشتوەتە خەیبەری قایم و خاوەن خەڵکی توندوتۆڵ و ئازا. گرەوێک لە نێوانیاندا لە سەر سەت حوشتر کرابوو کە پەیامبەر لە خەیبەردا سەردەکەوێت یان نا. حوه‌یتب کوڕی عەبدولعەزی و جەماعەتی یەکەم، کوڕی عەباسی کوڕی مەرداس و جەماعەتی دوەم، کە منیان بینی گوتیان: ئەوە حیجاجە و بەخوا هەواڵی لایە و بە موسوڵمانبوونمیان نەزانیبوو، گوتیان: ئەی حیجاج هەواڵێکمان پێ گەییشت کە ئەو ڕێگرە، مەبەستیان پەیامبەر بوو، بەرەو خەیبەر کەوتوەتە ڕێ، گوتم هەواڵێکم لایە و دڵخۆشتان دەکات، لە دەورم کۆبوونەوە و گوتیان دەی ئەی حیجاج، پێم گوتن: پێغەمبەر تائێستا ڕووبەڕووی خەڵکێک نەبوەته‌وە وەک ئەهلی خەیبەر شەڕزان وله‌وێدا دۆڕانێک دۆڕاوە گوێی لێنەبێت و محەمەدیان ئەسیر کردوە، گوتیان نایکوژین تا دەینێرین بۆ مەککە لە نێو خه‌ڵكی خۆی وپشته‌كانی دەیکوژین. لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێت، بەو پیاوانه‌ دەیکوژین کە زەرەریان بەرکەوتوە، هاواریان کرد و گوتیان ئەی خەڵکی مەککە هەواڵتان بۆ هات، ئەوەیە محەمەد کە چاوەڕێ بوون بۆتان بێت و پشتتان بشکێنێت، حیجاج گوتی: یارمەتیم بدەن لە نەیارەکانم لەوێ، دەمەوێت بڕۆم غەنیمەی محەمەد و هاوەڵانی ببەم پێش ئەوەی بازرگانەکانی تر پێش من بچن، چی پارەم لایان بوو کۆیان کردەوە، ئەمەیش لە مەککە بڵاوبوەوە و کافرەکان کەوتنە خۆشی و بەزمی خۆیان و ئەوەی موسوڵمان بوو لە مەککە خەم دایگرت. عەباس کوڕی عەبدولموتەلیب گوێی لەمە دەبێت، وای لێدێت کە نەتوانێت لە شوێنی خۆی هەڵبسێت و منداڵێکی بۆ لای حیجاج دەنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیبنێت، دەڵێت بە عەباس بڵێ، خودا باڵا و گەورەترە تۆ بڵیی ئەوەی هێناوتە حەقیقه‌ت بێت، حیجاج پێی گوت: سڵاوم بگەیەنە بە باوکی فەزڵ، با شوێنێکم بۆ خاڵی بکات لە ماڵەکەی و هەواڵێکی بۆ دەهێنم كه‌ دڵخۆشی بکات و قسە مەکە. منداڵەکە چوەوە بۆ لای عەباس: مژدەی دا به‌باوکی فەزڵ، عەباس لە خۆشیدا هەڵپەڕی وەک ئەوەی هیچ خەمێکی نەبێت، هەواڵەکەی پێوت و ئازادی کرد. گوتی بەو خودایە دەبێت دە کەس ئازاد بکەم، لەبەر ئەوەی عەباس موسوڵمان بوو بەڵێ دەیشاردەوە، خاوەن هەواڵگرییمحەمەد بوو لە مەککە، لە شوێنی خۆیدا کە باسی عەباس هاته‌ گۆڕێ، ئەوە باس دەکەین.
نیوەڕۆ حیجاج هات بۆ لای، سوێندی دا بەخودا، بۆ سێ ڕۆژ نهێنییەکەی بشارێتەوە، من ئەو داوایەم هەیە دوای سێ ڕۆژ بیڵێ، عەباسیش ڕازی بوو بەوە، من بووم بە موسوڵمان، پارەم لای ژنەکەمە و قەرزیشم لای خەڵکە، ئەگەر بەموسوڵمانبوونمیان بزانیایە، هیچ پارەیەکیان پێنەدەدام، من کاتێک پەیامبەری خودام بەجێهێشت خەیبەری گرتبوو، تیری خودا و پێغەمبەری تێیدایه‌ و خۆی فەرزکردوە‌، پێغه‌مبه‌رم به‌ زاوایی بەجێهێشت لەگەڵ کچی پاشاکەیان، حویەی کوڕی ئەختەب و کوڕ و باوکی حەقیقییشی کوشت، کاتێک ئێوارەی لێهات، حیجاج دەرچوو بگەڕێته‌وه‌، ئەو سێ شەوە بە سەر عەباسەوە زۆر درێژ بوو، کاتێک حیجاج ڕۆیشت و سێ ڕۆژەکە تەواو بوو، عەباس جلێکی جوانی لەبەر کرد و خۆی جوانکرد و بۆرییەکی گرت بە دەستەوە و هات تا گەییشتە مەجلیسی قوڕەیش، خودا تووشی خێرت بکات ئەی باوکی فەزڵ، بەخودا لە موسیبەتدا بوویت، عەباس پێی گوتن: نەخێر بەو خودایەی کە سوێندتان پێ خوارد، هیچ شتێکم نییە لەخێر زیاتر، حیجاج پێی گوتم، کە خەیبەر بە دەستی پەیامبەر گیراوە و جگە لە تیری خودا و پەیامبەری خودا هیچی تێدا نییە. پەیامبەری خودایش سەفیەی کچی حوەیبی کوڕی ئەختەبی پاشایان هێناوە و ئەو بەزاوایی بەجێیهێشتوە، ئەو شتانه‌ی لە پێناو وەرگرتنەوەی پارەکەی بە ئێوە گوتوە، بەڵکوو بوە بەموسوڵمانیش، ئەو متبوون و كزییه‌ لەموسوڵمانانەوە گواسترایه‌وه‌ بۆ کافرەکان. موشریکەکان گوتیان ئەی کۆیلەی خودا بووی بە دوژمنی خودا، مەبەستیان حیجاج بوو، بە خودا ئەگەر بمانزانیبایە، دەمانزانی چیی پێده‌کەین، ئەوەندەی نەبرد ئەو هەواڵەیان پێگەییشت.
تۆ لێرەدا ئه‌وه‌ دەبینیت، کە محەمەد ڕێگەی دا بە حیجاج کوڕی عەلات لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیدا درۆبکات، بۆ وەرگرتنەوەی پارەکەی لە قوڕەیش. ئەم بەرژەوەندییە تایبەتە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا یەک دەگرێتەوە، کە پارەوەرگرتنەوەکە و لە دەستی کافر و دەرکردنی بۆ دەستی موسوڵمانان، ئەگەر لای ئەوان بوایە قازانجیان لێدەکرد و موسوڵمانان زەرەریاندەکرد، ئینجا ئەم درۆیەی کافرانی چەواشە کرد و خۆشییەکی پێدان و خێرا گۆڕیی بۆ ناخۆشی. دوژمنێک ڕێگەپێدراوبێت لەبەر بەرژەوەندیی گشتی بیکوژیت، چۆن ڕێگەنادرێت درۆی لەگەڵ بکەیت، کوشتن لە درۆ گەورەترە و درۆ لە کوشتن ئەهوەنترە، شەریعەتەکانی خودا و یاسای مرۆڤایه‌تییش ڕێگەیان داوە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا مرۆڤ بکوژیت، ئایا قەساس، سزای کوشتن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا نییه‌، تەنانەت ڕێگەی بە کوشتن لە سەر بەرژەوەندیی تایبەتی داوە، وەک ئەوەی دزێک لە شەوێکدا هەڵبکوتێتە سەرت، لە یاسای مەدەنیدا هیچت لە سەر ناکەوێت ئەگەر بیکوژیت، کە ئەو لە ماڵەکەتدابێت، سەرەڕای ئەوەی محەمەد ڕێگەی بە هاوەڵانی داوە ئەودرۆیەبکەن کە درۆ نییە وەک دەیبنین، من لێرەدا نایبینم کە بۆ خۆدزینه‌وه‌ وای گوتبێت. لەوەدا محەمەد لەو کاتەی بۆ مەدینە ڕۆیشت بۆ ڕێگرتن لە کاروانی قوڕەیش لە نزیک بەدر دابەزی، خۆی و ئەبووبەکر سوار بوون و ڕۆیشتن تاگەییشتنە شێخێکی عەرەب بەناوی سوفیان، پەیامبەر پرسیاری قوڕەیش و محەمەد و هاوەڵانی لێکرد، چی لە بارەیانەوە دەزانێت. شێخەکە گوتی: هیچتان پێ ناڵێم تا پێم نەڵێن ئێوە کێن، پەیامبەری خودا پێی گوت: ئەگەر هەواڵمان بدەیتێ، ئێمەیش پێتدەڵێین. شێخەکەیش گوتی ئەمە بەوە، گوتی: بەڵێ، گوتی هەواڵی ئەوەم لایە کە محەمەد و هاوەڵانی لە ڕۆژی ئەوەندەی ئەوەندە دەرچوون، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە دەیڵێن، دەبێت ئەمڕۆ لەو شوێنە بن، ئاماژەی بەو شوێنە کرد کە پەیامبەر و هاوەڵانی لێی دابەزیبوون، هەواڵی ئەوەیشم لایە کە قوڕەیش لە ڕۆژی ئەوەندەی ئەوەندە دەرچوون، ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت، ئێستا ئەوان لەو شوێنەن، ئاماژەی بەو شوێنە کرد کە قوڕەیش لێی دابەزیون، کاتێک لە هەواڵەکەی تەواوبوو، گوتی: ئێوە کێن؟ پێغەمبەر گوتی: ئێمە لە ئاوین، مەبەستی ئاوی هەڵچوو، تۆو، ئینجا بۆی دەرچوون. کام ئاو لە ئاوەکانی عێراق، وا تێگەییشت کە مەبەستی ئاوی ڕاستەقینە بێت. لە گێڕانەوەیەکدا دەڵێن: کاتێک پەیامبەر بە شێخەکەی گوتوە، ئێمە لە ئاوین ئاماژەی بۆ عێراق کردوە، شێخەکە بە سەرسوڕمانەوەگوتوویەتی؛ لە ئاوی عێراق! خاوەنی سیرەی حەلەبی دەڵێت، کە ئەمەی باسکردوە، لەپێشدا لە سەرەتای بانگەشەدا، نابێت پەیامبەر درۆ بکات، ئەگەر بە وێنا یان خۆدزینەوەیش بێت، بەڵام لە قسەی بەیزاوی و وەک لە سەر زاری دەیگێڕنەوە، سڵاوی خودای لێبێت: سێ درۆی بە ئیبراهیم گوتوە، ناونانی بە (معاریفی) درۆ بوە، لەبەر ئەوەی وێنەکەی وێنەی ئەو نەبوە. با خاوەنی سیرەی حەلەبی چیدەڵێت بیڵێت، تەماشای ئەوە بکە کە پێشتر بۆمان باسکردن، ئەو هەواڵانە ئەگەر ڕاست بن، به‌سن بۆ بەڵگەی ڕاستیی قسەکانمان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
عیماد عەلی

about عیماد عەلی