بورهان شێخ ڕەئوف: لە بەغداد کێ سەرکەوت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە هێشتا هەنگاوى یەکەم هاوێژراوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ ى حکومەتى عێراق لە دواى هەڵبژاردنى گشتى 12 مایس 2018 خۆشبەختانە لە دواى چوار مانگ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق توانى کۆ ببێتەوەو دواتر دواى کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتى گەورەترین ئەندامى تەمەن کە بە کراوەیى چەند ڕۆژێک مایەوەهەرچەندە هەندێک لە یاسا ناسان لەو بڕوایەدان کە ئەمە پێچەوانەى دەستوور بووە بەڵام لە کۆتاییدا محمد حەلبوسى کە عەرەبێکى سوونەیە لە پارێزگاى ئەنبار و پێشتریش ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران و پارێزگارى ئەنباریش بووە گەنجێکى 36 ساڵەیە بە سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەڵبژێرا.
حەلبووسى 169 دەنگى هێنا بەرامبەر رکابەرەکەى خالید عوبێدى کە لیستى بنیاتنان و چاکسازى عەبادى و سەدر پشتیوانیان دەکرد کە گوایە نزیکن لە ئەمریکیەکان85 دەنگى هێنا بەڵام محەمەد راکان حەلبووسى بە پشتیوانى هاوپەیمانى بنیاتنانى عامرى و مالیکى نزیک لە کۆمارى ئیسلامى ئێران سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەستهێنا لەدانیشتنى پەرلەمانى عێراق لە ڕۆژى 15 ئەیلوولى ئەمساڵدا 2018 .
ئەوەى هەر لە سەرەتاى ئەم هەڵبژاردنەگشتییەى عێراقەوە جێگەى مەترسى و سەرنج و گومان بوو ئەوەبوو کە ململانێ توندەکانى ئەمریکاو ئێران پەلبهاوێتە ناو قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانى عێراق و زیاتر قوڕەکە خەستتر بکاتەوە ئەوەتا دواى چوار مانگ یەکەم دانیشتن گرێدرا و دواى چەندین کۆبوونەوەو سەردانى ئاشکراو نهێنى ئەو دوو وڵاتە و دەیان بەزم و بالۆرە تەنانەت خالید عوبێدى کاندیدى دۆڕاوى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران لێدوان بدات کە گوایە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کڕراوە بە 30 ملیۆن دۆلار.
بە هەرحاڵ ئەوەى باس دەکرێت ئێستا لە ناوەندەکانى هەواڵ و سیاسەت پاشەکشەى هەژموونى ئەمریکایە بە سەر عێراقدا سەرەڕای قوربانى و خەرجیە زۆر و زەوەندەکانى هەر لە ساڵى 2003 ى پرۆسەى داگیرکردنى عێراقەوە تا شەڕى تیرۆر و دەوڵەتى ئیسلامى داعش لە ساڵى 2014 ەوەو وەدەرنانى داعش لە عێراق وسوریا.
ئەمریکیەکان بۆ کاریگەرییان کەم بووەوە؟
هەر لە دواى خۆپیشاندانەتوندەکانى بەسرەو دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى پێشووى عێراق بە ئامادەبوونى عەبادىو بەشێکى زۆر لە وەزیرەکانى کابینەکەىو پارێزگارى بەسرە چانسى عەبادى بۆ وەرگرتنەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کەم بووەو هەرچەند تا ئێستاش هەندێک لە لیستەکەى دەڵێن ئێمە هەر عەبادى بەربژێرمانە بۆ سەرۆکى حکومەت بەڵام ئەو دانیشتنە کۆتایى بە ڕۆڵى عەبادى هێنا چونکە سیناریۆیەکى بەهێز بۆ لێدانى دانرابوو لە لایەن ڕکابەرەکانى کە نزیکن لە ئێران و بە تایبەتى دواى لێدوانەکانى کەپابەند دەبێت بە سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەمە لە مەڕ شیعەوە، کوردیش کە بە هاوپەیمانى مێژوویى ئەمریکا لە عێراق ناسراون ئێستا پێ یەکیان لە ئێرانە ئەوەیان لە بیر نەچووە ساڵى پار 2017 لە دواى ڕیفراندۆمى 25/9 ئەمریکیەکان بەتەنیا جێیانهێشتن و بە دەبابەى ئەبرامزى ئەمریکى کەرکوک و زۆر شوێنى تر لەلایەن حەشدى شەعبى یەوە داگیرکران، سوونەکانیش کە دوژمنایەتى و ناکۆکى قووڵیان لە گەڵ شیعەو ئێران هەیە ئەوانیشیان بە تەنیا جێهێشت لە بیاباندا کە بڕیار بوو بوار نەدەن هێزەکانى حەشدى شەعبى بچێتە ناو شارەکانیان و شارە وێرانەکانیان بۆ بنیات بنێنەوە بەڵام بێ بەڵێن و پەیمان دەرچوون بۆیە سوونەکانیش پێ یەکیان لە تارانەبۆ ئەوەى جۆرێک لە خۆسازان و گونجان بخوڵقێنن.
بۆیە گەر پێشتر ئەیاد عەلاوى بە هەمان دەردى عەبادى برا ئێستا لە عێراق متمانە بە سیاسەت و بەڵێنەکانى ئەمریکا زۆر لاواز بووە و سیاسیەکانى عێراق هەست بە بەهێزى ڕۆڵى ئێران دەکەن لەبەڕێوەبردنى عێراقدا.
لە کۆتاییدا ئەوەى گرنگە ئەمریکا ناخوازێت عێراق ببێتە باخچەى پشتەوەى ئێران و ناخوازێت عێراق ببێتە دەروازەیەک کە سزاکانى سەر ئێران ببەزێنێت لە بەرامبەریشدا ئێران دەخوازێت حکومەتى داهاتووى عێراق بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت، پرسیارە گەورەکە لێرەدایە ئایا سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا چۆن عێراق بە خاک و خەڵککەیەوە دەپارێزێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت