بورهان شێخ ڕەئوف: عومران خان لە گۆڕەپانەکانى یارى کریکێتەوە بۆ سەرۆک وەزیرانى پاکستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عومران خان ناوى تەواوى عەمران ئەحمەدخان نیازى لە 25 نۆڤەمبەرى 1952 لە ولایەتى لاهورى پاکستان لە دایک بووە، باوکى ئەندازیارى شارستانى بووەو دواتر ئارەزووى وەرزشی هەبووە بووەتە یارى کەرى(کریکێت ) نێودەوڵەتى تیپی نیشتمانى پاکستان.
ئێستا سەرۆکى بزوتنەوەى ئینساف ى پاکستانەوە لە ساڵى 2013ەوە ئەندامى کۆمەڵەى نیشتمانى پاکستانە تا 2018 ئەو تاکە کورسیەیە کە بزوتنەوەکەى لە هەڵبژاردنەکانى ئەو وڵاتەدا بە دەستى هێنا لە گەڵ ئەمەشدا چالاکوانێکى دیارو بەتواناى کارى خێرخوازى بووە تا ڕادەى دامەزراندنى یەکەم نەخۆشخانەى تایبەت بە چارەسەرکردنى نەخۆشى کوشندەى شێرپەنجە لە وڵاتەکەیدا بەناوى نەخۆشخانەى شەوکەت خاتووم کە بە ناوى دایکى یەوە ناونراوە.
ئەو بزوتنەوەیەی کە لە ساڵى 1996 ەوە دایمەزراند بەناوى بزوتنەوەى ئینساف، سەرەتا تەنها یەک کورسى کۆمەڵەى نیشتمانى بە دەستهێنا، وەکو نوێنەرى شارى میانۆ دواتر بە هۆى کاریگەرییەکانى بەهارى عەرەبیەوە گەشەى زیاترى کردوو توانى لە هەڵبژاردنە گشتییەکانى 2018 لە هەردوو حزبە کۆن و فەرمانڕەواکانى پێشووى بباتەوە، واتە حزبەکەى نەواز شەریف کە ئێستا لە زینداندایە بە تۆمەتى گەندەڵى و حزبەکەى بێنەزیر بۆتو کە ساڵانێکى درێژە حوکمڕانى پاکستانن و تۆمەتى گەورەى گەندەڵى و خراپ بە کار هێنانى دەسەڵاتیان لە سەرە.

عومران خان چى لە هەگبەکەیدایە بۆ گەلى ڕووت و ڕەجاڵ و هەژارى پاکستان؟
ئەگەرچى عومران خان لە بنەماڵەیەکى ئۆرستۆکراتى وڵاتەکەیەتى و خوێندنى لە زانکۆى ئۆکسفۆردى شانشینى یەکگرتوو تەواو کردووە، بەڵام لە یەکەم هەنگاویدا کۆمەڵێک هەنگاوى ناوە کە موژدەى خێرو خۆشى دەدەن بە گەلى پاکستانى داماو ئەگەر بەردەوام بێت و لە نیوەى ڕێگادا پاشگەز نەبێتەوەو خۆى ڕادەستى تاقم و باندە زل و زەبەلاحەکانى ماڤیا ى ولاتەکەى نەکات.
سەرەتا هەر لە دواى سوێند خواردنى وەکو سەرۆکوەزیران لە نووسینگەکەى خۆیەوە دەستیپکرد بڕیارى دا لە خانوویەکدا بژێت کە لە سێ ژوور پێکهاتووە لە جێى ئەو کۆشکە زەبەلاحەى کە بۆ سەرۆکوەزیران تەرخان کرابوو بڕیارى دا بیکاتە مۆزەخانە و هەروەها بڕیارى دا لە کۆى 524 کەس لە خزمەتکارو دەستو پێ و تەنها دووکەس بهێڵێتەوەبۆ کاروبارى ماڵە بچکۆلەکەى کە 3 ژوورە هەروەها فرۆشتنى ئەو ڕەتڵە ئۆتومبیلە گران و دژ بە گولانەى کە بۆ سەرۆک وەزیران تەرخان کرابوو گێڕانەوەى پارەکەى بۆ گەنجینەى دەوڵەت.
هەروەها عومران خان لە یەکەم وتاریدا بۆ خەڵکى وڵاتەکەى و بە تایبەتى بۆ خاوەنکارو دەوڵەمەندەکان داواى لێکردنن کە هەموویان باجەکانیان کە لە سەریانە بیدەن بە دەوڵەت و پێى وتن من لە ئۆفیسەکەى خۆمەوە دەستم پێکردووە دەبێت ڕووبەڕووى هەژارى و قەرزارى ببینەوە هەروەها وتى دەمەوێت پاکستانێکى نوێ ببینم لە ڕێگەى سەرلەنوێ دامەزراندنەوەى پاکستان لە ڕێگەى جێبەجێ کردنى سیستمێکى ئیسلامى چاودێر کۆمەڵایەتى کە بەربەستێک بۆ هەژارى و نەبوونى دابنێت هەروەها کەمکردنەوەو پووکانەوەى قەرزارییەکان هەروەها وتى دابو نەرێتێکى خراپمان بە میرات بۆ ماوەتەوە ئەویش پشت بەستنە بە قەرزو کۆمەکى دەرەکى بەم شێوەش ستەمە وڵات پێش بکەوێت و لە سەرپێ ى خۆى بووەستێت .
سەرەڕاى هەموو ئەمانە عومران خان کە خۆى بەلایەنگرى هەژارانى وڵاتەکەى دەزانێت هەرچەند خۆى لە بنەماڵەى هەژارانەوە نەهاتووە چونکە هەژاران چینێکى بەرینى خەڵکى وڵاتەکەى پێکدەهێنن بۆیە بڕیارى بەگژاچوونەوەى پەتاى گەندەڵى داوەو ئەکتیڤکردنى هەموو دامودەزگاکانى دەوڵەت و پشت بەخۆ بەستن واتە پشت بە پیشەسازى و تواناى نیشتمانى و کۆتاییهێننان بە پاشکۆیەتى ئەمریکا .
بەڵام ئەوەى لاى من لەوەیە جێگەى گومان بێت جێبەجێ نەکرێت ئەوەیە کە پاکستان تاکە وڵاتى ئیسلامییە کە خاوەنى بۆمبى ئەتۆمیەو سوپاى پاکستانیش سوپایەکى بە هێزە و لەکاتى پێویستدا کە سیاسیەکان لە سەر هێڵى سیاسى سوپا لایان دابێت کودەتایان کردووە و دواترینیان کودەتاکەى ژەنراڵ پەروێز موشەرەف بوو کە خوودى عومران خان وەکو باس دەکرێت لایەنگرى لێکردووە .
ئەوەى لە ئێستاشدا کۆتایى بە حوکمى دوو حزبى تەقلیدى ئەو وڵاتە هاتووە و بزوتنەوەى ئینسافى عومران خان دەستەڵاتى بەدەستهێناوە بێگومان بە بێ پشتیوانى و هەماهەنگى سوپا نەبووە .
لە کۆتاییدا دەکرێت بپرسین عێراقیش پێویستى بە عومران خانێک هەیە لە نووسینگەکەى خۆیەوە دەستپێبکات لە کاتێکدا لە سەروبەندى پێکهێنانى کابینەیەکى وزارى نوێ دایە کە بە یاسا یاسادانەرەکان چەندین ئیمتیازو مووچەى چەورییان بۆ خۆیان بڕیوەتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت