دوکتۆر کەمال میراودەلی: گەوادۆلۆجی ـ فەلسەفەی دەسەڵات وەک گەوادیی و خۆفرۆشتن. بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەقڵ و پرسیار و پێناسە

 

{ 34 }
لەم بەشەدا دوو خاڵی دوایی وتاری پێشوو دەنووسمەوە، چونکە
1- بیر و بۆچوونە بە ڕواڵەت پێکدژەکانی ئەفلاتوون و ئەرستۆ سەرەتای بنەمایی بەکارخستنی عەقڵ، لە تێگەیشتنی مرۆڤ و گەردوون و دامەزراندنی پرسە فەلسەفییەکان، دادەمەزرێنن.
2- لە بەرئەوەی پرسی عەقل و پرۆسەی عەقڵاندن بۆ دروستکردنی مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد و شارستانیی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی پرسێکی گەوهەرییە.
3- عەقلی ئازاد بە میکانیزمی پرسیار و پرسیاری زیاتر و پێناسەکردنی لۆجیکیی ئەوسا زانستیی شتەکان دەست پێدەکات. سۆکرات، ئەفلاتون و ئەرستۆ ئەمەیان کردە میتۆدی فەلسەفیی عەقلانیی.
4- لەبەر ئەوەی فەلسەفەی گەوادیی، گەر فەلسەفەی هەبیت، تەنیا و تەنیا لە سەر سڕکردنی عەقلی تاک و زڕکردنی دایەلۆگی کۆمەڵایەتیی دامەزراوە- واتا دروستکردنی مرۆڤی عەقڵحیز و جەستە-حەیوانیی و کۆمەڵگای مێگەلیی.
5- تێگەیشتنی دەوری عەقڵ لە دروستکردنی مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد و کۆمەڵی دیمۆکراتی دەستووریی لیبرالی ئازاد دا پێشینەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتنی ئەو ستراتیجانەی هێزەکانی گەوادیی و گەوادکردن و حیزکردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ ئامانجی پێچەوانە بەکاریان دێنن.
6- هیچ مرۆڤێک نابێتە مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن کەرامەت تا عەقڵی لە ئەڵقەڕێزەکانی کۆنەواریی و کۆمەڵیی و دەسەڵاتیی و کۆیلەیی بۆ [ئەوی دی] ئازاد نەکات. هیچ کۆمەڵگایەکیش سەدان ئالا و سەرۆک و سنوور و دروشم و دەزگای هەبن، هەرگیز ئازاد و سەربەخۆ نابێت گەر مرۆڤەکانی تاکی عەقڵئازاد نەبن.
7- باووباپیرانمان شتەکانیان ناو ناون: درەخت، باران، گورگ، ڕیوی، کۆتر، هەور، ئازادیی، خۆشەویستیی، خەم.. هتد ئەمانە ناوی کوردیی تایبەتین بە کورد و کوردەواریی. هەر ناوێک لە هەمان کاتدا کۆزانە، واتە کۆئاخن و حەشاردەری کۆمەڵێ زانیارییە دەربارەی ئەو شتەی ناونراوە. گوازتنەوە لە ناوەوە بۆ زانین و شیکردنەوەی کۆزانەکان، واتە بنە زانیارییە پێکهێنەرەکانی، وا دەخوازێ لە ناوە وە بچینە سەر پێناسە، گوازتنەوە لە ناوی دەنگیی زمانیی ڕووتەوە بۆ پێناسە، خواست و پرۆسەیەکی دەوێ کە تەنیا عەقڵ لە ڕیگای پرسیارەوە بەرپای دەکات و بەڕێوەی دەبات. ئەم خواست و پرسیار و پرۆسە زانین و بەرێوەبردنە تاکە شتێکە کە مرۆڤ لە سەرلەبەری جیهانی زیندە جیا دەکاتەوە.
8- کوشتن، سڕکردن، پەکخستن، قفلكردنی عەقڵ لەوەی لە وتنی ناوە وە بۆ پێناسە و پەیداکردنی کۆزان بچێت، هەولێکی هەرە دزێو، ستەمگەریی و فاشیستییە بۆ هێشتنەوەی مرۆڤ لە دنیای کەمتر لە ئاژەڵ و رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی بۆ دنیای دەوڵەمەندی بیرکردنەوەو پرسیارکردن و تێگەیشتن و دۆزینەوە و داهێنان.
9- هەموو ئەو ستراتیجانەی بۆ سڕکردن و قفڵکردنی عەقڵ بەکاردێن: دینیی، سیاسیی، حیزبیی، ئابووریی، ئایدیۆلۆجی هەموو سیاسەتی گەواد و گەوادیی و گەوادکردنن و مەبەست کۆیلەیی و ژێر-ئاژەڵکردنیی مرۆڤە بۆ مەبەستی سێکوچکەی [پارە و سێکس و دەسەڵات].
10- بەداخەوەم هەندێ خوێندەواری خۆشەویست ئەم باسانە بۆ تێگەیشتن بە قورس دەزانن. بەداخەوە ئەمە ئەو نەوەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی سیستمی خۆیی گەوادی بنەماڵەیی و حیزبیی و دینیی دا، لەم 27 سالەدا پێگەییون. من لە 1979 لە سەردەمی بەعسدا [ئیستاتیکا- فەلسەفەی جوانیی و هونەر] م نووسی. تەنانەت قوتابییەکانی قۆناغی ئامادەیی هیچ کێشەیەکیان نەبوو تێی بگەن. ئێستاش دوای 27 ساڵ لە دەسەلاتی حیزبیی بنەمالیی کوردیی، بە ناچاری [فەلسەفەی گەوادیی] دەنووسم و هەوڵ دەدەم تا بتوانم بە زمانێکی کوردیی ڕەوان و هەنگاو بە هەنگاو باسەکان بنووسم کەچی ڕەنگە تەنیا کەمینەیەک تێی بگەن- لە کاتێکدا ئەم باسانە دەبوو هەموو قوتابییەکی قۆناغی نێوەندیی تێیان بگات.
ئەمەیە نەوەی پەروەردەکراویی سسیتمی پەروەردەیی و زانکۆیی گەوادەکانی دین و دنیا: هەم داوەشاندنی زمان و کەلتووری کوردیی و هەم داوەشاندنی عەقڵی تاک و بیرکردنەوەی عەقلانی زانستیی.

{ 35 }
چۆن لە [ناو] ەوە دەچین بۆ [پێناسە]ی ناو وەک [کۆزان]؟
لە بەسەرکردنەوەیەکی خێرای ئەفلاتووندا وتم کە ئەو [کێشەی پێناسە] ی بیرۆکە و شتەکانی [کە سۆکرات وەک میتۆدێکی دایلەکتیکی بەکاری دێنا] زیاتر پەڕەپێدا و کردییە سەرەتای بۆچوونێکی میتۆدیی، بەرنامەیی، بۆ گەیشتن بە [حەقیقەت] یان راستبوویی ئۆنتۆلۆجی شتەکان.
وەک نموونەیەک کێشەی پێناسەکردنی [گوڵ] م هێنایەوە.
هەزاران جۆری گوڵ هەن و گوڵ وەک بوویەکی ماددی ئەزەلی نییە، بەڵکو وەک راستییەکی تێپەڕ.
بەلام بەلای ئەفلاتوون ـەوە تەنیا ئەوسا حەقیقەتی شتێک، بوویەک، بیرێک دەزانین کە گشتگر و نەمر و نەگۆڕ ىێت.
ئەمە لە کوێدایە؟ چۆن دەبێت؟ گولێک نموونەی هەزارەها جۆر و ڕەوشی گوڵ بێت و ئەزەلیی و هەمیشە-گوڵیی بێت؟
کورسییەک نموونە و ئایدیالی ئەبەدیی هەموو کورسییەکان بێت؟
بەم جۆرە بۆ ملیۆنەها شت و بووی زیندە و نازیندە و سیفات و ڕەوشەکانی بوون؟
چۆن یەک ناو بۆ هەزاران شتی هاوچەشن و بگۆر بەکاردێنێن و دەیانناسین؟
ئەفلاتوون، بە زەبری قووڵکردنەوەی زەین و زیرەکیی بەراورد، دەگاتە ئەوەی:
ئەوە لە دنیا ی ئایدیا، بیر یان ئایدیال دایە.
شتێک نییە بە ڕاستی گوڵی خاوەن یەک پێناسە بێت، کورسیی خاوەن یەک پێناسە بێت، مانگای خاوەن یەک پێناسە بێت، پەپوولەی خاوەن یەک پێناسە بیت و… هتد.

ئێمە:
1- تەنیا بیرۆکەی/ ئایدیا ئەو شتانەمان هەیە
2- ئەو ئایدیالە نموونەیی یە لە جیهانی ماددی بەرچاو و بەرهەستدا نییە، لە شتەکە خۆیدا نییە کە دێ و دەڕوا، بەلکو لە بیرەکەیدایە کە دەمێنێ و نەمرە و ئەویش لە جیهانی ئایدیال، جیهانی میتافیزیک، ئاسمان، بوونی ئیرادەی خودایی یان هەرشتێکی ناو دەنێی بوونی ئەبەدیی هەیە. [واتە مانگا و گوڵ وشەی پێناسە نین بەڵکو کۆزان و ئایدیای گشتگر و ئەبەدیینوێنن]
3- ئێمەش کە لە دایک دەبین توانستی سروشتکرد، خوداکرد، غەریزەیی، فیتریی ناوزانین و ناسینەوەی شتەکانمان هەیە.. چونکە هەموو شتەکان لە بیرەوەرییماندا هەن و کە بینیمانن دەیانناسینەوە. بۆیە ئەوەندە بەسە گوڵێک ببینین دەزانین گوڵە. ئەوسا گولیکی زۆر جیاواز لە کێوان کە کەس پێشتر نەیبینەوە، گەر بیبینین بە غەریزەیی دەزانین گوڵە و بە سەرسامییەوە دەڵیین: ئای لەو گولە سەیرە جیاوازە!
4- کەوایە ئەفلاتوون زیاتر دەهزرێ: حەقیقەتی بوون لەم سروشت و جیهانەدا نییە لە جیهانی ئایدیال/ ئایدیا/ بیر دایە.
5- بوونی حەقیقەتی شتەکان لە جیهانی ئایدیالدا پێش بوونیانە لە جیهانی سروشتیی و ماددیدا.
6- کەوایە دەبێ هێزێکی میتافیزیکی، سەروو-سروشتیی ، ئاسمانیی، یەزدانیی، پێشتر نەخشە و ئایدیای شتەکانی دانابێت. دەبێ گەردوون پەروەردگارێکی هەبێت.
7- بەلای ئەفلاتونەوە ئەم بوونە ڕاستییە، ئەم بوونە هزرییە، وەک ئایدیا، وەک بوویەکی میتافیزیکیی، شتێک نییە کە ئێمە لە رێگەی هەستەکانمانەوە بتوانین تێیبگەین و پێیبگەین بەڵکو تەنیا لە ڕیگای چالاکی ئەبستراکتی عەقڵەوە یان عەقلی ئەبستراکتەوە.
8- لەمەوە ئەفلاتون ئەو جیاوازییەی دروستکرد لە نێوان ئەو شتانەی کە بگۆڕن و بمرن و دەتوانین لە ڕیگای هەستەکانمانەوە هەستیان پێبکەین و ئەزموونیان بکەین و بیانناسین و ئەو بیر و ئایدیا نەگٶڕ و نەمرانەی کە تەنیا لە ڕیگای کۆششی زەینی و عەقڵییەوە دەتوانین بیانزانین.
9- واتە ئەفلاتوون زانینی ئەزموونی [تجریبی – ئیمپیریکەل ] و زانینی تەجریدی عەقڵیی جیاکردەوە. یەکەم ئاراگەی هەستەکانە، دووەم ئاراگەی عەقلی ڕووتە.
10- توانستی ئەم زانینە عەقڵییەش زگماکییە، لەگەڵ بووندا و پێشبوونماندا هەیە، تەنیا ئەوەمان لە سەرە مێشک و ئاوەزمان بخەینە کار، تا مێشک دەست بە پرۆسەی زاناندنی عەقلیی و عەقلاندن بکات و بگاتە راستییە رووت و ڕۆحییەکان.
11- واتە زانینی پێشینەیی [ئەپرایۆریی] هەیە، پێشینەیی لە مێشکماندا و لە بیرەوەریی زگماکیی و لە عەقڵی گەردوونیدا کە پێویستی بە زانینی هەستیی ئەزموونیی نییە.
12- ئەفلاتوون دیاردەی خەونبینین و ئەو شتانەی لە خەوندا دەیانبینین بە بەڵگەی زانینی عەقلی زگماکیی و بیرهاتنەوە دادەنێت.

{ 36 }
ئەرستۆ ڕێبازیكی تری پێچەوانەی دۆزیەوە، کە
1- ئێمە ئایدیای شتەکان لە شتەکان خۆیان وەردەگرین. گەر بە چاو و هەستەکانمان گوڵ و چەشنەکانی گوڵ نەبینین قەت ئایدیای عەقلانی گوڵ – مان لا دروست نابێت
2- پێناسەی شتەکان لە ئایدیا ی ئێمەدا نییە، لە وەدا نییە عەقڵ بۆ دنیا ی میتافیزیک راکێشین بەڵکو لە بوونی شتەکان خۆیان دایە، لە بوون-خۆی-لە خۆی دایە، لە سەرنجدانی هۆشمەندانەی شتەکان و دیاردەکانی ژیان دایە.
3- کەوایە لە جیاتی ئەوەی واز لە ناسین و زانینی گوڵەکان بێنین بەوەی هەموویان لە ئایدیالێکی میتافیزیکییەوە هاتوون و بوویەکی میتافیزیکی دروستیی کردوون و سوپاس و ستایشی ئەو پەروەردگارە بکەین و عەقل رازیبکەین و بیخەوێنین و بیخافڵینین، دەبێ عەقڵ بخەینە کار تا هەر هەموو گوڵەکان، هەموو زیندەکان، هەموو بووەکانی ماددی، هەموو ڕەوشەکانی سروشت، هەموو رووداوەکانی جیهان بخەینە بەر زەینی تیژ و عەقڵی قووڵڕۆ و گشتگر و زانینخواز تا بزانین:
1- هەرشتێ چییە و لە چییەوە پەیدا بووە واتە جەوهەرەکەی چییە: لەمەوە ئەرستۆ گەیشتە بوونی زینە/ ژینۆ یان جینات وەک هۆکاری سەرەتایی بوونی زیندەکان چ مرۆڤ، چ ڕووەک چ گیاندار.
2- بزانین ڕەوشی بوونێ چۆنە؟ واتە لە چ هەلومەرجێکدا درەخت دەبێ بە درەخت، پیاز دەبێ بە پیاز، خەیار بە خەیار، گوڵ بە گوڵ، ئاسک بە ئاسک، مرۆڤ بە مرۆڤ.
3- پرۆسەی [ئەو بوونە بە بوون] بۆ هەر زیندە و ماددەیەک چییە و چۆنە؟
4- بەلای ئەرستۆ وە ئەمە ڕیبازی زانستیی گەیشتن بە پێناسەیە.
دەبێ عەقڵ سروشت و جیهان و گەردوون بکاتە پیشانگا و تاقیگەیەکی زانخوازیی گەورە و بێ کۆتایی تا بگاتە ئایدیالی بوون و عەقلانییکردن و پێشکەوتنی خۆی لە سەر زەمین.

{ 37 }
میتٶدی ئەرستۆ ئەوەیە:
1- سەرنجدانی هەر هەموو شتەکان و ڕواڵەتەکان وەک خۆیان هەن بە هەستەکانمان.
2- لێوردبوونەوەی عەقڵی لێیان.
3- تێگەیشتنی هەر بوویەک وەک خۆی هەیە بێ هیچ پێشباوەڕییەک.
4- لەمەوە ئەرستۆ گەیشتە ئەوەی هەموو بوویەک:
1- جەوهەری تاکی بوونی خۆی هەیە کە هەر لە هەموو شتەکانی دی جیا دەکاتەوە.
2- ئاراگە، فەزای یان ژینگەی بوونی خۆی هەیە، تۆوی پیازێک تەنیا بەگەیشتنی بە خاکوخۆڵێکی ئاودار کە تێیدا پەروەرەد بیت دەبێ بە پیاز، واتە بوونی جەوهەریی بەس نییە پێویستی بە هەلومەرجی بوونی لەبار بۆ ئەو بەدیهاتنی جەوهەرە هەیە.
3- هەموو جەوهەریک یان زینەیەک [جینات] ئامانجی بەدیهاتنی جەوهەرەیەکەیەتی. جەوهەری یان زینەی [ژینۆی . جیناتی ] تۆوی پیاز ئەوەیە ببێتە پیاز، هی توور بە توور، هی تەڕەتیزە بە تەڕەتیزە. بەم جۆرە هەر بوویەک گوزارشت لە جەوهەری بوونی خۆی دەکا کە ببێ بەوەی لە جەوهەری بوونی دایە، واتا ئامانجی جەوهەر بەدیهێنانی یان بە ئەنجامگەیاندنی خۆیەتی کە دەبێ بە خۆناسیی [ئایدینتیتی] خۆی.
4- بوونی جەوهەر بە حەقیقەتی خۆی، خۆناسیی خۆی، بەرهەمە دواییەکەی، پرۆسەیە، بۆ هەموو زیندەیەک بە چەند قۆناغیکدا تێدەپەڕێت. لە هەموو قۆناغەکاندا دەبێت هەلومەرجەکانی بوون لەباربن ئەگینا لە بار دەچێت.
5- بەم جۆرە پرۆسە بریتییە لە پرۆسەی گەیشتن بە ئامانجی بەرجەستەکردنی جەوهەر [جینەکان، خۆناسەکان] لە شێوە و ڕەوشی بوونی خۆیاندا، واتە جەوهەرهەلگری ئامانجە، ئامانج بەرجەستەکردنی جەوهەرە.
6- کەواتە ئامانجی هەر بوویەک گەیشتن بە خۆناسەی بوون-بوونیی خۆیەتی. ئامانجی جیناتی ڕێوی ڕێوی-بوونە، هی مەڕ مەربوون، هی گوڵ گوڵبوون. ڕێوی وێنەیەکی ئایدیالی نییە لە بیردا یان لە ئاسماندا وەک ئەفلاتوون دەلێ بەڵکو جینات و پرۆسەی لە دایکبوون و پێگەیاندنی ڕێوی یە لە کۆمەڵگا و هەل و مەرجی خۆیدا تا ببێ بە ڕێوی. گەر ئەو چیا و سروشت و ژینگانە نەمێنن کە بۆ مانی ڕێوی لە جیهاندا پێویستن و گەر ڕێوی بە حوکمی جینەکانی غەریزەی مانەوە و دایکێتیی و گەلەکۆمەکی نەبیت، ئەوا هەزار نموونەی ڕێوی لە ئاسماندا هەبن ڕێوی وەک هەزاران توخمی تر، لە ناو دەچن و نامێنن. هەزاران جۆر توخمی زیندە لە سەر زەمین هەبوون و نەماون و ناویان نەماوە چونکە ئەو ژینگەی بۆ مانەوەیان لەبار بوو، نەماوە.
7- هەروا بۆ مرۆڤ، بیرەکان لە مێشکدا وەک ڕەنگدانەوەی سەرنجەکانی و ئەزموونەکانی، دروست دەبن. بیری دروستکردنی خانوویەکی باش لە مێشکی ئەندازیاری خانوودا ئەوەیە بە پرۆسەی گۆڕینی ئەو بیرە بۆ بەرهەم ، ئامانجی بیرەکە تەواو بکات. دیارە وەک هەموو بووەکانی تر دەبێ هەلومەرجی لەبار بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بیرە هەبن. تەنیا ئەو کاتە بوونەکە/ خانووەکە دەبێ بەڕاستبوونیی بیرەکە، کە خانووەکە بە مواسەفاتی تەواویی خانووبوونەوە تەواو دەبێت.

{ 38 }
بازدانێک لە مێژوو دا.
مارکس و مارکسیزم ئەم کیشەیەی فەلسەفەیان تا ڕادەیەکی بێ تام، سادە و ساکار کردەوە. دوو بۆچوون هەن بۆ زانین:
1- ئایدیالی/ عەقڵیی ئەفلاتوونیی: بیر هەیە ئەوسا ماددە و گەردوون. [ دین ئەمەی سادەتریش کردووە: خودا هەیە ئەوسا بوونی نەک تەنیا گەردوون و هەموو شتەکان و بەڵکو هەموو پرۆسەکان و ئەو پرسانەش کە مرۆڤ دەیەوێت بە عەقڵی خۆی بۆ خۆی بڕیاریان بدات]
2- ماددیی مێژوویی: ماددە، شتەکان ، سروشت و گەردوون هەن و بوون و دەمێنن و ئێمە بیرەکانمان لە ڕێگای هەستەکانمانەوە لە وان وەردەگرین و بە ئەزموونی عەقڵیی کەڵەکەبووی مێژوویی، میراتی شارستانیی و زانستی مرۆڤیمان زیاد دەکات و بازی گەورە بۆ پێشەوە دەدات.

{ 39 }
ئەم کێشە هەر ماوە و هەر دەمێنێ لەگەڵ ئەوەشدا زانست دنیا پر دەکا لە بەڵگە و حەقیقەتی بەرچاوی ڕووت
ئەوە بۆچوون و بیرکردنەوەی خۆتە بڕیار بدەی:
ئایا بەر لەوەی ببی و لەگەڵ لە دایکبوونتا هەموو زانیارییەکان زگماکی لەگەڵت لە دایکبوون و هەموو بوون و بیرەکان خودایی و ئاسمانیین
بڕیاردەی ئایا دەبێ گولێک یان چەند گولێک ببینی تا بیرۆکەی گوڵت لادروست بێت
سەیارەیەک ببینی تا بزانی سەیارە چییە
لە گەوادێک شارەزا بیت یان ئەزموونی گەوادییت هەبێت تا بزانیت گەوادیی چییە
چەندین گەندەڵ بناسیی و تاڵیی یان شیرینیی گەندەڵیی بجێژیی تا بزانی گەندەڵیی چییە
یان ئەمانە وێنەی زەمینیی وێنە ئەسڵییە ئاسمانییەکانن
یان شتگەل و حەقیقەتانێکن زگماکیی لە گەڵتدا لە دایکبوون
یان هەبوویەکی پێشینەی دنیای ئایدیان و بە چالاکی عەقڵ دەشێ بیانناسیی و لێیان بزانیی.
ئایا ئایدیای گشتیی گوڵ [ و هەموو شتێک] پێشینەیی هەیە، ئەوسا ئێمە تاک تاکی گوڵەکان دەناسین
یان لە تاکە گوڵیك یان چەند کۆمەڵە گوڵێکەوە ئێمە ئایدیای گوڵمان لا دروست بووە؟
زیاتر بەرەو تەجریدی ئەفلاتوونی بچین:
ئایا جوانیی وەک ئایدیا و بیرۆکە هەیە و لەمەوە ئێمە بە شتەکان دەڵێین جوان،
یان لە دیمەنی جوان و فۆرمی جوان و جەستەی جوانەوە کە بەهەزاران شێوە لە سروشت و جیهان و گەردووندا هەن و بە هەستەکانمان ئەزموونیان دەکەین، ئێمە بیرێکی گشتیی دروست دەکەین پێی دەڵێین جوانیی؟
ئایا چوێلەکە، کۆتر، پەڕەسێلکە، ماسی، هەنگ، هەلۆ، هەڵووژە، هەرمێ، هەنار، هەنجیر و هەزارەها هەزار زیندە و نازیندە [وەک عەمری خوا] هەن و ئەوەندە بەسە [عەرەبئاسایی] بڵێی” ما شائەڵلا یان سوبحانەڵلا ” ئەوسا لە چاوەڕوانی پاداشی خێری وتنی ئەم زاراوە عەرەبییە دینییکراوانە لەلایەن خوداوە تا ڕۆژی حەشر چاوی لێبنوقێنی [کە ئەم وتانە لەگەل غەزەوات و داگیرکاری عەرەب تەنیا پێش هەزار و ئەوەندە ساڵ بە سەر گەلانی غەزاکراودا وەک پرۆسەی بە عەرەبئیسلامکردن سەپێندراون، لە کاتێکدا ئەم بیرو میتۆدە فەلسەفییانەی ئەفلاتون و ئەرستۆ 400 ساڵ پێش زایین پێشکەش کراون]، یان هەموو بووەکان وەک مرۆڤ خۆی دیاردەی زەمینیی و هاوبەشی بوونی گەردوونین و پێویستە ئەوەندەی دەتوانین بە هێزی عەقڵ بیانناسین و بیانناسێنین و زانستەکەیان بکەینە بابەتی عەقڵیی خۆمان و پێشکەوتنی زانستیی و شارستانیی هەموو مرۆڤایەتیی؟
ئایا گەر قەت گورگ، کەمتیار، هەنگ، شەمەندەفەر، و دیناسۆرت نەبینیبێت، دەتوانی تەنیا بە عەقلی تەجریدیی یان خەونبینین وێنەی گورگ، کەمتیار، هەنگ، شەمەندەفەر و چۆنێتیی گورگبوون و کەمتیاربوون و دیناسۆربوون لە مێشکتا وێنەبکەیت؟
ئایا گەر بۆ سەیران بچییە شاخ و کێوێکی پڕ لە سەدان جۆر گیا و ڕووەک و درەخت و مار و مێروو و باڵندە و زیندەوەر، دەتوانی ناوی هەموو یان کەمێکیشیان بزانیی؟ چۆن؟
ئایا بچیە شارێک پڕ لە شمەک و کەلوپەل و ئامراز و مۆڵ و بازاڕ و داهێنانی تەکنۆلۆجیی و پیشەسازی نوێ دەتوانی ناوی ئەو شتانە بزانی کە دەیانبینی کە فێرت نەکەن؟
ئایا تەنانەت ناو و پێناسەی هەموو پارچە و ئەندامەکانی جەستەی خۆت دەزانیی؟ بۆ؟
ئایا دەزانی کە هەر ئەندامێکی لەشت لکێكی زانستی پزیشکییە؟
چاو زانستی پێکهاتەی چاو و تیشک و نهێنی بینین و کوێربوونە،
دڵ مەکتەبی زانستیی دڵ و زانینی کارکردنی دڵ و خوێنبەریی و نەخۆشییەکانی دڵ و دۆزینەوەی چارەسەرییەکانە، هەمان شت بۆ هەر ئەندامێکی لەشت.
ئایا بیانزانی باشترە یان نەیانزانی؟

{ 40 }
بە کورتی و کوردییتر بۆ ئەوانەی تێناگەن: ئایا دەبێ بژی و بیربکەیەوە و فێربی و ئەزموون بکەی و عەقل بەکاربێنی و بخوینییەوە و پرۆسەی ئەزموونی زانستیی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی تا ئەمڕۆ بزانی، بۆ ئەوەی بزانی و زانا بیت و خاوەن عەقڵی ئازادی خۆت بیت وەک مرۆڤێکی هاوچەرخ بژیت؟
یان ڕازیی بیت بەوەی ئاشیی نەزان خودا دەیگێڕێت، و پاڵ دەیەوە و بخۆی و بخەویی، باوەڕی بەهێزت هەبێت کە هێزێکی غەیبیی [واتا غایب، بزر، نادیار، نائامادە] هەموو شتیكت بە گوێدا دەچرپێنێ و بە دوعا ونزا هەموو ئامانجیکت بۆ دەلوێنێت؟
یان دەبێ بچییە مزگەوت و لە بزنێکی ریشداری جەهالەت و خەرافاتی ئەعرابییی، حیکمەتی یەزدانیی هەزاران بووی نەزانرا و وەڵامی هەزاران پرسیاری نەکراوت دەسکەوێت؟
ئەمە تەنیا خۆت دەتوانی بۆ خۆت وەڵامی بدەیتەوە.
ئەمەیە پرس و گرنگیی پرسیار و پێناسە: سەفەری عەقڵ لە ناوەوە بۆ کۆزان.
لە تاکێکی غەیبیی ئامادە بۆ گەوادبوون و گەوادکرانەوە، بۆ تاکیکی خاوەن عەقڵی ئازادی پرسیاریار و کەرامەتدار.
لە کۆمەڵگای بنئاژەڵییەوە بۆ کۆمەڵگای زانین.
لە مێگەلی وەعزی بزنە ڕیشدارەکانەوە بۆ گەنجە شەرەفمەند و پرسیاریار و پێناسەکار و بیر ڕووناکەکانی زانکۆ بەرزەکان و زانستە مەزنەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت