سامان وەستا بەکر: دەلاقەی ئەقڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم مشت و مڕە بەردەوامەی لەسەر ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن ئەکرێ و ئەم هەموو بێ هیواکردنەی دەنگدەر و ترساندنی لە تەزویرو بێ بەها کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کە ئەگەر بشکرێ هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ناهێنێتە ئاراوە هیچ نیە لە دەلاقەیەک نەبێ لە ئەقڵی سیاسی و کاربەدەست و دەسەڵاتداران نەبێ.
بێ ئەرزش کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەبەرچاوی دەنگدەراو هاندانی ناڕاستەوخۆی کە بەشداری نەکاو نەچێت و بۆ دەنگدان و لە کاتی چوونیشیا دەنگەکەی هیچ قورساییەکی نیە ئەگەڕێتەوە بۆ ترسی حیزب و دەسەڵاتداران لە گۆڕانکاری ئەمەش بۆ نەبوونی هۆشیاری کارگێڕی، ڕامیاری، بەڕێوەبردن، ئابوری و… هتد، لای حیزب و دەسەڵات.
لە نێوان دوو هەڵبژاردنا بۆشاییەکی بەرین و ماوە درێژ هەیە کە تا حکومەت خزمەت بکا و ئۆپۆزسیۆنیش سوود لەهەڵەکانی حکومەت وەرگرێ و خۆی ئامادەکا و حکومەتیش بەهەمان شێوە، ئەم چوار ساڵە ئەبێ بە سەنگی مەحەک و تای تەرازووی دەنگدەر و بڕیار لەسەر ئەوە: ئایا کە بینیویەتی و بەدەستی گەشتوەو پێشکەشی کراوە لە خزمەتگوزاری ئیتر ئەگەر حکومەتبێ یان ئۆپۆزسیۆن نابێ داوای درێژ کردنەوەو کاتی زیاتر بکەن، چونکە ئەمە تاقی کردنەوەیەکەو ئەبێ ئەنجامەکەی وەرگیرێ، چونکە تۆیەک کە بەچوار ساڵ کات نەتوانیبێ هاوڵاتی و دەنگدەر لە خۆت ڕازی بکەی! بێگومانبە بە کات درێژکردنەوەش بۆت ناکرێ، چونکە ئەوەی لەتواناتا بووە پێشکەش کردوەو نمایش کراوە.
هەڵبژاردن وەک پرۆسە یەکێکە لە گرنگترین پڕ بەهاترین داهێنانەکانـی مرۆڤ کە لە بری جەنگ و خوێن ڕشتن و کاولکاری لە ڕێگەی پرس کردنەوە زۆرینەو کەمینە دیاری بکرێ و مرۆڤە شیاوەکان لە شوێن کاری شیاو تایبەت خۆیان ئەزموون بکەن.
ئەم پرۆسەیە هێندە بە گرنگییەوە تەماشا ئەکرێ کە بۆتە پایەی سەرەکی پاراستنی ئاشتی زۆرێک وڵات و نەتەوە کە هەرکاتێک لە کێشەیەک نزیک ببنەوە یان مشت و مڕێکی سیاسی لە نێوان پارتە جیاوازەکانا دروست بێت و بگەنە بن بەست، ئەوا ڕاستەوخۆ پەنا بۆ هەڵبژاردن ئەبرێ وەک ئەوەی بڵێی ئاوێکەو ئەیکەن بە ئاگرێکی ماڵوێرانکەرا.
لەو وڵاتانەی پایەکانی ڕێزگرتن لە هاوڵاتی و پێگەی دیموکراسی و ماف پارێزی تیا چەسپاوە هیچ شتێک نیە کە لەم پرۆسەی هەڵبژاردنە گەورەتر و گرنگتر بێت لایان و هیچ هۆکارێکیش نابێتە هۆی دواخست و پەکخستنی تەنانەت جەنگیش، بەڵکو هەمیشە لەکاتی بێ هێزییا سوود لە هێزی هەڵبژاردن ئەبینن و سەرلەنوێ خۆیانی بەهێزو ڕێکخراوتر ئەکەن. هەڵبەتە لە زۆربەی یاسای وڵاتانا نوسراوە کە کارەساتی سروشتی و جەنگ هۆکارێک ئەبن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام کەمترین نمونە هەن کە ئەو هۆکارانە بووبنەتە هۆکاری دواخستن یان نەکردنی هەڵبژاردن.
ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەسکەندەنافیا وەرگرین ئەبینین ئەم پرۆسەیە بەجۆرێک چەسپیوە کە لادان لێی تا ئاستی نەبوونە بەجۆرێک کاتی دیاریکراوی خۆی کە چوار ساڵێک جارێکە لە ڕۆژمێری ساڵانەی ئەو ساڵەی کە ئەبێ هەڵبژاردنی تیا بکرێ لە ڕۆژمێری نوسراو دیجیتاڵ و مۆبایل و هەموو ئەوانەی تردا یاداشت ئەکرێ و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دڵنیایە لەوەی کە لە کات و بەرواری خۆییدا هەڵبژاردن ئەکرێ و گۆڕانکاری و نوێکاری لێ لەدایک ئەبێ ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ڕێزگرتن لە خواستی مرۆڤ و پاراستنی سەروەری مافەکانی.
ئاخر زۆربەی مرۆڤەکان بەزگماک لەیەک ئەچن و حەز لە گۆڕانکاری ئەکەن و پاش ماوەیەک لەو کارەو لەو شتەی کە پێشتر دڵخوازی خۆیان بووە بێزارەبن و ئارەزووی گٶڕانکاریان بۆ دروست ئەبێ و هەرواشە بۆ حکومەت و بەڕێوەبەرانی وڵات کە هاوڵاتیان پێیان خۆش نیە کە تاسەر هەر چەن کەسێک و گروپێک ببینن، خۆ هەمان پارتی سیاسیش دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنێ ئەوا بە ڕوخساری نوێ و ڕامیارییەکی جیاوازتر و باشتر دەست بەکارئەبێتەوە نەوەک وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین کە هەمان حیزب و هەمان گروپ و هەمان بنەماڵەو هەمان سیاسەت ساڵ بە ساڵ و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ئەگەر بشکرێ یەنەوە پێشەوەو حکوم و دەسەڵات ئەگرنەوە دەست.
هەڵبژاردن یەکێکە لەو چەمکانەی کە بە ڕووە سادەکەی مێژوویەکی کۆنی هەیە و، لە سەردەمانێکی زووەوە مرۆڤهکان ئەزموونیان کردووە و، وەکوو ئامرازێکی کاریگەر و ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاریشە و گرفتانە بەکاریان هێناوە کە لە کۆمەڵگەدا لە گۆڕێدا بوون. کۆمەڵناسانی سیاسی، مێژووی هەڵبژاردن بۆ سەردەمانی یۆنان و ڕۆمانییەکان دەگێڕنەوە، بەڵام گرنگە ئەوە بگوترێت کە مانا و مەغزا و میكانیزم و چوارچێوەی هەڵبژاردن لەو کاتانەدا بە جۆرێک بووە، کە بۆ ژمارەیەکی کەمی دانیشتووان سنور کێشراو بووە. واتە تەنیا ئەو کەسانە دەیانتوانی خۆیان کاندید بکەن و بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، کە خاوەنی پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باڵا بوون. واتە پرۆسەکە تەنیا لە بازنە و سنوری ئەواندا ئەنجام دراوە و، زۆرینەی خەڵکی، تەنیا کۆیلە و خزمەتکار بوون و، مافى مەدەنی و سیاسییان نەبووە بتوانن نە هەڵبژێرن و نە هەڵبژێردرێن.
ئەم پرۆسەیە بە تێپەڕبوونی زەمەن و گۆڕانکارییە زۆروزەوەندەکانی بواری مافە مەدەنییەکانی تاک و بڵاوبوونەوەی چەمکی دیموکراسی، گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە دیت، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمە و ئەم قاڵبە یاسایی و دەستوورییەی کە هەیەتی بۆ هەڵبژاردنی کەسێک، یان چەند کەسێک.
زۆربەی سیستەمە سیاسییەکانى ئەمڕۆ، هەڵبژاردنیان وەکوو بنەمایەکی سەرەکی لە دەستووری خۆیان و، هەروەها وەکوو یەکێک لە تەشریعاتە یاسایییەکانی وڵاتەکانیان جێ کردۆتەوە و چەسپاندووە؛ ئەمەیش بە ئامانجی پراکتیزەکردنی هزری دیموکراسی (کە به بەرفراوانترین و مەقبووڵترین ستایلی حوکمڕانی دادەنرێت). جا لەناو خودی سیستەمی دیموکراسیدا، هەڵبژاردن یەکێکە لە قایمترین و سەرەکیترین پایەکانی و دیارترین ڕووکارەکانییەتی، چونکە تێیدائامانجی سەرەکی بریتییە لە هەڵبژاردنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو؛ ئەمەیش لەسەر بنەمای دەنگدانی تاکەکانی کۆمەڵگە. هەر لێرەوەیە کە هەڵبژاردن دەبێتە مافێکی یاسایی و مەدەنی بۆ هەمووان. لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت هەڵبژاردن وەکوو هەل و چانسێکی تازە بناسێنرێتکە هاووڵاتیان بە ئومێدی گەیشتن بە ئاستێکی باشتر لە خۆشگوزەرانی، دەنگ بە پەیمانی جۆراوجۆری ئەو کەس و لایەنانە دەدەن کە بەشداریی پرۆسەکە دەکەن.
بە مانایەکی سادەتر، هەر هەڵبژاردنێکی نوێ، هیوایەکی نوێ دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان بەو خواستانە بگەن کە لە هەڵبژاردنی پێشتردا لێی بێبەش بوون. واتە داهاتوو دەبێتە تەواوکەری هاتنەدیی بەشێک لەو خواست و پێداویستییانەی، کە لە ڕابردوودا نەتوانراوە هەمووی بهێنرێتە دی و چارەسەر بکرێن. لێرەدا هەڵبژاردن دەبێتە بابەتێکی خوازراو و مەقبووڵ (جێی پەسەندە). نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو وای لێ دێت خەڵک بە ئومێدێکی بەردەوام و دووبارەبووەوە هەژماری بکەن و بەحەماسەوە چاوەڕوان و بەشداریی تێدا بکەن. نەک هەر ئەوەندەیش، بەڵکوو هەوڵ دەدەن بەئاگا و هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ کۆی پرۆسەکەدا بکەن و وەکوو مافێکی یاساییی خۆیان سەیری بکەن و، ئامادە نەبن دەستبەرداری ئەو مافە مەدەنی و دەستوورییەیان ببن.
ئێمە حکومەتێکمان ھەیە کە دەست پیس ترین دەزگای وڵاتە، بەجۆرێک ھاوڵاتیان ھێندەی لەلایەن حکەمەتەوە گیرفانیان بڕاوە نیو ھێندە لەلایەن ھیچ دزو گیرفان بڕێکیترەوە دەست بۆ پاروی دەم و قووت و ڕۆژانەو بەرژەوەندی ئابوری و گیرفانیان نەبراوە کەچی ھێندە لە خۆی ڕائەبینێ لە پێش ھەموو حیزو لایەن و ڕێکخراو و ھاوڵاتیەکەوە بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی دیاری کراوی خۆیا ئەکاتەوە! ئەمە مەتەڵ نیە هەرێمی کوردستانە.
ئێمە باوەشێک حیزبی ئۆپۆزسیۆنمان هەیە کە چورا ساڵە تاکی کورد لەسەر ئەوە پەروەردە ئەکەن کە نابێ لەژێر هیچ پاساو پەستانێکا هەڵبژاردن دوابخرێ و ڕۆژەکانیان ئەژمارد کە ئاخۆ کەیبێ ئەم چوار ساڵە تێپەڕێ و هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێ، ڕەخنەی بنچنەیی وگەورەو بچوکیان لە سیاسەت و ئەدایی حکومەت هەیە، حکومەتیان تەڵاقداوەو بەشداری تیاناکەن کەچی ئێستا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوا لە حکومەت ئەکەن هەڵبژاردن دوابخرێ و تەمەنی بۆ دوو ساڵی تریش بۆ درێژ بکەنەوە! ئەمەش مەتەڵ نیە هەر هەرێمی کوردستانە.
ئەگەر پاساوی ئۆپۆزسیۆن ئەوەبێ کە لیستی دەنگدەران پاک نیە و بەشی ٤٠ کورسی پەرلەمانی دەنگی نادیارو دووبارەو مردووی تیایە و لەسەرو ئەوەشەوە تەزویرو گزی ودزی دەنگ ئەکەن وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 12ی ئایارا کرا کەواتە ئەبێ بپرسین ئەی چوار ساڵی ڕابردوو چیتان ئەکرد؟ باشە نەئەبوو ئەزموونتان وەرگرتبێ کە دوو حیزبی دەسەڵات خەڵکانێکن متمانەیان پێناکرێ؟ ئەی نەئەبوو ئێوە لەماوەی چوارساڵا لایەکتان لەو بابەتە بکردایەتەوە و ڕیگە چارەیەکتان بدۆزیایەتەوە و لەگەڵ حکومەتا لەسەر ئەوە ڕێکەوتنایە کە ئەم گرفتەی بەردەوام لەکاتی هەڵبژاردنەکانا چەند بارە ئەبێتەوە چارەسەرکرێ و لەو ماوە زۆرەی چوار ساڵەیا لیستێکی خاوێنتان ئامادەکردایە!
ئاخر برالە پیرەمێردی شاعیر پێش چەندین ساڵ دێڕیک پەندە شیعر ئامۆژگاری کردووین و ئەڵێ (بەو کەسە ئەڵێن ئاقڵ و وشیار دوو جار لە جێیەک پێوەی نەدا مار) بەڵێ ئەگەر بە وشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و جووت حیزبا نەکرێ وەک مار ئەتگەزن کە ئەمەش جێێ داخە حکومەت جێێ متمانە نەبێ.
کەواتە لە کۆتاییا ئەبێ قبوڵی بکەن کە میلەت بە هەمووتان بڵێ؛ (دەک خەجاڵەت بن لە ڕووی مەحشەرا ئێمەش پەردەی خەم ئەیەین بەسەرا) بەداوای لێبوردنەوە لە حاجی تۆفیق بەگ “پیرەمێرد” من ئەڵێـم ئێمە پەردەی خەم نادەین بەسەرا بەڵکو ئەمەش تێئەپەڕێنین بەڵام خەجاڵەتی بەرۆکی ئێوە بەرنایا.
زەردەشتی پەیامبەریش ووتوویەتـی (مرۆڤ خۆی خوڵقێنەری قەدەری خۆییەیـی) واتە هاوڵاتیش ئەبێ هۆشیاربێ لە دیاریکردنی قەدەری خۆی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت