شێرزاد شیخانی: حەمامى جاران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەولێریات 93
وەختى خۆی لەهەمو هەولێردا چار پێنج حەمام هەبو، ئەویش زیاتر لۆ پیاوان بو، رۆژانە دوو سەعاتەکیش لۆ ژنان بو، منداریش عادەتەن هەر لەمارێ حەمامیان لۆ دەکرد، ئەوجا مندارى گچکە لەناو تەشتەکی گەورە لەحەوشە سەریان دەشوشت و، هەر کاتەکى دەخرایە ناو تەشتەوە قییژەى دەگەیشتە عاسمان و، حەمو جیرانەکان دەیانزانی مندارەک لەناو تەشتیەو سابوون چویتە ناو چاوییەوە !.
مندار هەندەک هەراشتر بایە حەمامیان لۆ گەرم دەکردەوە، ئەویش زۆربەی ماران هەر بەپرێمزی شێولێنان ئاویان گەرم دەکردەوە، مەنجەرەکی گەورەیان دەخستە سەر ئاگرو بە پەقرەجەک ئاوەکەیان دەگوازتەوە ناو حەمامەوە . عادەتەن سەرشوشتن دەخرایە رۆژانی جومعەوە، چونکى رۆژانی شەممە لەمەکتەب تەفتیشات هەبو، دەبایە دەست و پەنجەی منداران خاوین باوێن بایە، ئەگینا مامۆستا دارکاری دەکردن.
ئەو کاتە سەرشووشتن لەمارانیش بە سڕرە بو، ئەوجا کە مندارەکیان لەحەمامی دەکردو قییژەی هەردەستا، مندارەکانی لەو گچکەتر زەندەقیان دەچوو هەردەهاتنە کۆرانێ نەوەکا سڕڕەیان بێ، چونکى هەم ئاوە گەرمەکەیان تەحەمول نەدەکرد، هەم جار جار کەفی سابوونیش دەچوە ناو چاویان، بیجگە لەوەش داکەکانمان بەعەنقەست لیفکەى زۆر دڕیان بەکار دەهینا، وەکى ئەوەى مندار پیستەى ئەسپو ماینی هەبی بە لیفکەى دڕ نەبی پاک نابتەوە، ئەوجا وەرە لەو جەوە ناخۆش و ترسناکە حەمامی بکە، گڕەگڕی پرێمزى نەفتی لەلایەک، قییژەی مندار لەلایەکی دی، لیفکەى دڕیش لەولاوە .
حەتا جلک داکەندنی منداریش مردنەک بو، جارێ حەتا فانیلەکەیان دادەکەندی روحت دەردەچو، ملەکانی فانیلە ئەوەندە گچکەو تەسک بو، کە دایاندەکەناند هەردو گێیەکانت نیو مەتر درێژ دەبونەوە لە گەر راکیشانی فانیلەکە، دوای حەمامیش کاتەکی فانیلەی تازەیان لەبەر دەکردی ئەوجارە نیو مەتر گێیەکانتی رادەکێشایەوە خوارەوە. بەس لەگەر حەمو ئەوانەشدا مەنزەرەکی زۆر جوان بو، کە مندار دوای ئەوەى لەحەمام دەردەچو و جلکی لەبەر دەکرا، هەردوو رومەتە خرپەنەکانی رەنگی پەمبەیی وەردەگرت هەر ئەوەندە دەما تێر تێر ماچیان بکەی.
لەحەمامی بازاڕیش عەینەن شت رۆژانی پێنج شەممەو جومعان جمەیان دەهات، جلکت دادەکەند پەشتەماڵەکی قوماشی خەت خەتی سۆریان دەدایێ و دەچوویە ناو حەمامەکەوە. پێش خۆ شوشتن نیو سەعاتەک لەسەر بەردە گەرمەکە پارت دەداوە حەتا هەمو دەمارەکانت نەرم دەبوونەوە، ئەوجا دەگەڕای جورمەکی بەتار ببینیەوە. ئەو ئاوو سابوونەى خۆت پێدەشوشت وەکى جۆگەرەیەک دەڕژانە ناوەندى حەمامەکەوە لۆ ئەوەى ئاوە پییسەکە تەسریف بیتن، ئەوجا زۆرجار پیاو خلیسکی دەبرد و سەری بەعەردی دەکەت و دەبوە مایەی پێکەنین. پێش دەرچونت، هەندەک ژووری گچکە هەبون دووشیان تێدا بو، دەچویە بەر دووشەکە ئاوت بەخۆت دادەکردو، دەهاتیە پشت دەرکەو بەدوو دەست چەپڵەیەکت لێدەدا، شاگردەکە بە سێ پەشتەماری تازەی سپییەوە دەهاتە لات، یەکیان لە قەدت دەئاراند، یەکەکیش لەسەر شانت، گچکەکەش سەرتی پێدەپێچایەوە، دەهاتیە دەرێ نیو سەعاتەک دادەنیشتی حەتا هیشک دەبوویەوە و داوای شییرەکی گەرمیشت دەکرد، ئەوجا کۆتایی بە مەراسیمەکەوە دەهات.
عەجایبترین شت ئەوەیە، ئەو زەمانە حەمامەکان زۆر پاکیش نەبون، پەشتەمارەکانیش لەوانەیە دوو هەزار کەس پێشى توو خۆیان پێ هیشک کردبیتەوە، ئەو جورمەی لەسەریشی دادەنیشتى لەوانەیە سەتان کەسی نەخۆش پێش توو لەسەری دانیشتبن بەران سەرباری حەمو ئەوانەش ئینسان لەو زەمانەدا تووشی نەخۆشی نەدەبون و، کەس بێزی لەوی دی نەدەکردەوە، ئێستا حەتا لەمارەکەی خۆتدا دەبی هەر مندارەک خاولی تایبەتی و پەشتەماری خۆی هەبی، لەگەر ئەوەشدا نەخۆشی وا پەیدا بونە کە لەقاموسی زەمانی مەدا بونیان نەبو، ئاخر لۆیە دەرێم: زەمانی مە زەمانی خۆشی و ئارامی خەرکەکە بو..

باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت