محەمەد بەرزی: سەردانێکی دکتۆر کامەران بەدرخان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆتاییەکانی ساڵی 1971 دا بڕیاری دامەزراندنی کارگەی شەکری سلێمانی تەواوبوو بوو، لە ڕۆژنامەکاندا داوای فەرمانبەرانی بۆ دەکرا. بێگومان ئەو کارگەیە دەستکەوتێکی گرنگ و ئێجگار مەزن بوو بۆ شارەکەمان. هێشتا بیست ڕۆژ بەسەر تەواوکردنی خوێندنی زانکۆدا تێنەپەڕی بوو، داوایەکم بۆ مەبەستی دامەزراندن پێشکەشکرد. پاش ماوەیەکی کەم، لە شاری بەغدا و لە وەزارەتی پیشەسازی چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆری ئەندازیار و کەسانی هونەریدا کرا و لە ئاکامدا ( 16 ) کەس وەرگیران، کە یەکێکیان بەندە بوو، بێگومان ئەو کەسانە بوون بە یەکەم دەستەی فەرمانبەرانی کارگەی شەکر، کە هەتا ئەو کاتە لەسەر زەوییەکەی دەست بە کارەکانی نەکرابوو. دوای نزیکەی 10 ڕۆژ ئەو دەستەیە بۆ مەشقکردن نێرران بۆ وڵاتەکانی: بەلجیکا، فەرەنسا، ئیسپانیا و بەریتانیا، تا لەنزیکەوە مەشق لەسەر چۆنییەتی بەرهەمهێنانی شەکر و ئەو ئامێر و ئامرازانە بکەن، کە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ کارگەی ناوبراو دروستدەکران. یەکێک لە ئامێرە هەرە گرنگەکان، بریتی بوو لە پەڕەکە ( تۆرباین ) ی هەڵم، کە بۆ مەبەستی هێنانەبەرهەمی دوو مێگاوات و نیو کارەبا بەکاردەهات و لە لایەن کۆمپانیای ( ۆرثنتۆن ) ی فەڕەنسییەوە دوو دانەی بۆ کارگەی شەکر لیێ دروستدەکرا، چوار کەس لە ئێمە ماوەی دوو هەفتە سەردانی ئەو کۆمپانیایەماندەکرد، کە کەوتبۆوە شاری پاریسەوە، کۆمپانیاکەش ئەندازیارێکی بۆ مەشقپێکردنی ئێمە دانابوو، کە ناوی ( داو ) بوو، بە رەچەڵەکیش هاوڵاتی ڤێتنام بوو. ڕۆژێک داوامان لە ( داو ) کرد تا یەرمەتیمانبدات و چاومان بە دکتۆر کامەران بەدرخان بکەوێت. ئەویش هەر لەوێدا داوای ناونیشان و ژمارەی تەلەفونەکەی لێکردین. لە وەڵامدا وتمان: هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانیین، جگە لەوە نەبێت، کە ناوبراو لە زانکۆی سۆربۆن مامۆستایە.
ڕۆژی دوایی ( داو ) بە ڕوویەکی گەش و خۆشەوە هات و وتی: ( پەیوەندیم بە زانکۆی سۆربۆنەوە کرد، دکتۆر کامەران دەمێکە لەوی نەماوە و ئێستا خانەنشینە، بەڵام هەر لە ڕێگای زانکۆکەوە توانیومە ناونیشان و ژمارەی تەلەفوونەکەیتان بۆ وەبگرم ). ئەو هەواڵە زۆر شادی کردین و هەر لەوێدا تەلەفوونمان بۆ کرد و بە تاسەوە پەرۆشی خۆمان بۆ دیدەنی پیشاندا. کاتێک زانی لە کوردستانەوە هاتووین، بەو پەری خۆشییەوە وتی: شادم بە بینینتان و سبەینێ کاتژمێری 3 ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ هاوسەرەکەمدا چاوەڕوانتان دەکەین. کاتێک ( داو ) ئەو هەواڵەی بیست وتی: کەواتە سبەینێ پیش ئەو کاتە هەموو بۆ نانخواردن دەچین بۆ چێشتخانەیەکی ڤێتنامی و دوای نانخواردنیش و لە کاتی خۆیدا دەتانبەم بۆ ئەو ناو نیشانە.
ئەو ڕۆژە لە بەختی ئێمە شەقامەکان و چێشتخانەکە زۆر قەڵەباڵخبوو، کاتێک گەیشتینە بەر دەرگای باڵەخانەکەی، تۆزێک دواکەوتبووین، کاتەکە ڕێک 3 و پازدە خولەکبوو. ( داو ) لەوێدا لە ئێمە جیابۆوە و ئێمەش لە زەنگی دەرگاکەماندا. دکتۆر کامەران خۆی دەرگاکەی لێکردینەوە. پیری بە تەواوی پێوەدیاربوو، ئەو قژە کەمەی بە سەرییەوە مابوو سپی بوو بوو، هەنگاوەکانی کورت و پشتی تۆزێک چەمابۆوە و چاویلکەیەکی لە چاودا بوو، لەودیو دەرگاکەوە، کە هێشتا بە پێوە بووین، زۆر لەسەرخۆ وتی: ( هاوسەرەکەم تا کاتی 3 و دە خولەک چاوەڕوانی کردن، جا چونکە کاری هەبوو، نەیتوانی لەوە زیاتر چاوەڕوانیتان بکات و بەر لە ڕۆیشتنیشی وتی: لەوە ناچێت میوانەکانمان کورد بن، چونکە کورد خاوەنی قسەی خۆیانن و زۆر ڕێز لە کاتدەگرن ). ئێمەش بە هۆکاری قەڵەباڵخی شەقام و چێشتخانەکە، داوای لێبوردنمان لێکرد.
کاتێک لە چواردەوری دانیشتین، کتێبێک لەسەر مێزێکی نزیکمان سەرنجی هەموومانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ناوی کتێبەکە ( حقیقە کاژیک ) بوو، بۆیە هەر زوو پەلاماری کتێبەکەماندا. کاتێک دکتۆر کامەران پەرۆشی ئێمەی بۆ ئەو کتێبە بینی وتی: ( ئەوە کاک جەمال نەبەز لە ئەڵەمانیاوە بۆی ناردووم ). هەر لەوێدا وتم: باشە بەرێزتان ڕاتان چییە بەرامبەر بە کاک جەمال نەبەز؟. ئەو پیاوە پیرە بەو تەمەنە زۆرەوە، بە گران خۆی لەسەر کورسییەکەی بەرزکردەوە و بە پێوە وەستا هەردوو دەستی هەڵبڕی و سێجار لەسەر یەک و وتی: ( کاک جەمال نەبەز زانایە، زانا، خۆزگە کورد چەند جەمال نەبەزێکی تری دەبوو )، کە ئەو قسەیەی کرد بە دڵ حەزمدەکرد هەستم و بە گەرمی دەستبکەمە ملی، چونکە دەمێکبوو هەڵگری هەمان بیروباوەڕی کاک جەمال و شەیدای نووسینەکانی بووم. پاشان کەوتە پرسیارکردن دەربارەی دەنگوباسی کوردستان، لە هەمان کاتدا بە کورتی ڕووناکی خستە سەر ڕێکەوتنی 11 مارتی نێوان کورد و حکومەتی عیراق و وتی: ( پەرێزی بەعس ئەوەندە خاوێن نییە و ئەوان لەبەر بەرژەوەندی کورد ئاشتییان چێ نەکردووە و جێگای باوەڕنین ). پاشان باسی جموجۆڵەکانی خۆی بۆکردین و چەند پۆستەرێکی ڕەنگاوڕەنگی گەورەی پیشانداین، کە نەهامەتییەکانی میللەتەکەمانیان لە خۆ گرتبوو، یەکێکیان بریتی بوو لە کیژۆڵەیەکی پچکۆلەی کورد، کە لە ترسی بۆمبابارانی فڕۆکەکانی داگیرکەران خۆی لە ناو کلۆرە دارێکی گەورەدا شاردبۆوە.
ئنجا وتی: ( کاتێک سەرە گەورەکانی داگیرکەرانی عیراق و تورکیا، سەردانی پاریس دەکەن، ئێمە ئەم پۆستەرانە بە هەموو لایەکدا بڵاودەکەینەوە و خۆپیشاندانیان پێوە دەکەین. پاشان کۆمەڵێک دەستنووسی خۆی بۆ هێناین، کە لە نێویاندا چەند مەلزەمەیەکی قورئانی پیرۆز تێدا بوو، کە لەلایەن خۆیەوە کرابوون بە کوردی و بە پیتی لاتینی نووسرابوون.
نزیکەی یەک کاتژمێر لای ماینەوە، بەڵام باری تەندروستی هی ئەوە نەبوو لەوە زیاتر ماندووی بکەین، هەر بۆیە بە دڵ باوەشمان پیاکرد و بە گەرمی ماڵئاواییمان لێکرد.
دکتۆر کامەران ڕۆژی 21 ی ئابی ساڵی 1895 لە شاری ئەستەمبوڵی تورکیا لە دایکبووە و بە درێژایی ژیانی بەرەڤانی لە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی کردووە و خەمی گەلەکەی لە کۆڵ ناوە. لە ڕۆژی 4 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1978 دا کۆچی دوایی کردووە. ڕۆحی پاکوبێگەردی شادبێت و هەزاران چرا و چەپکە گوڵی گەش بۆ سەر گۆڕەکەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت