جیهاد موحەمەد: بانگهێشتی ناشارستانییانەی بەربژێرەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبەت، زۆرن ئەو بانگهێشتە ناشارستانییانە، تەنها لەسەر یەک دانەیان ڕادەوەستم و ڕای خۆمی لەسەر دەدەم، ئەویش پڕکردنی شەقام و دار و دیواری ناوشارەکانە بە وێنە قەبەو زلەکانی بەربژێران.
لە کولتووری بانگهێشتکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا وا باوە و بووە بە کارێکی ئاسایی وێنە هەڵواسینی بەربژێرەکان، لەوانەیە قبووڵ نەبێت ئەگەر بڵێین پێویست بە وێنە هەڵواسین ناکات، تەنها ناوەکان و ژمارەی لیست و ژمارەی بەربژێر بەسە لەگەڵ پەیام و بەرنامەکانیان، بۆیە ئێمەش ناچار بە کارێکی ئاسایی وەردەگرین، بەڵام چۆن؟ لە ڕاستیدا وێنەی بەربژێر تەنها بۆ ناساندنی خودی بەربژێرە و هیچی تر، ناسینی بەربژێریش لە دەموچاودایە نەک لە قەدوباڵادا، دەموچاو مرۆڤەکانی پێدەناسرێتەوە نەک قەدوباڵا و گەورەیی وێنەکان. دیارە ئەوەش ڕاستە گەورەیی وێنەی دەموچاوەکان پێویستە بەوجۆرە بێت کە مەبەست لێیان بە تەواوەتی ناسینەوەی بەربژێرەکان بێت، واتا گەورەیی وێنەی دەموچاوەکانیش پێویست ناکات لە سنوری خۆی تێپەڕێت. هەرچ بەربژێرێک توانیبێتی وێنەی دەموچاوی خۆی لە سنورێکدا بە گەورەیی نیشان بدات و نمایشی بکات کارێکی زۆر ئاساییە و ناشارستانیەتی پێوە دیار نییە لەم کولتوورەی ئێمەدا. بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری وێنە هەڵواسراوەکانی بەربژێرەکان بکەین زۆربەی زۆریان بە شێوازێکی ناشارستانییانە وێنەکانی خۆیان نمایش کردووە، ئەمەش جێگەی پرسیار و ڕەخنە و تێبینیە:
1- ئەو بەربژێرە ژنانەی کە بە خۆگۆڕین و کراس و کەواو سوخمە و هێلەکی ئاڵاو واڵا و جل و بەرگی گرانبەهاوە سەرتاپای لەش و لاری خۆیان نمایش کردووە، جوانکاری و میکیاژێکی زەقیان کردووە، جێگەی پرسیارە؟ بۆ ئەم کارە دەکەیت؟ بۆ بەو جۆرە خۆت نمایش کردووە؟ تۆی بەڕێز دەتەوێت بە وێنەکانت خەڵک بتناسێتەوە وەک بەربژێرێک بۆ پەرلەمان و دەنگ بە دەستبهێنێت لە ناو ناسییا و و دۆستکانتا یان بۆ ئاهەنگ و سەیران و نمایشی جل و بەرگر خۆت ڕازاندۆتەوە و خۆت نمایشکردووە لە چوارچێوەیەکی گەوەر و زەبلاحی چەند مەتریدا؟ لە کاتێکدا تۆی بەڕێز دەتوێت ببیت بە نوێنەری خەڵک، حەتەمەن ئەو خەڵکەی تۆ دەتەوێت ببیت بە نوێنەریان و لە پەرلەماندا بەرگریان لێ بکەیت، زۆربەی زۆریان هەژار و نەبوون، ئەی نازانیت دەیان و سەدان کچ و ژنی هەژاران هەیە، کە وێنەکەی تۆ دەبینێت خۆزگە هەڵدەکێشێت جارێک بیتوانیایە جل و بەرگێکی وا ڕازاوە لەبەربکات! ئەی نازانیت ئەوە دەبێت بە ئاخ هەڵکێشانی دەیان لە ژن و کچە هەژارەکان! تۆ نمایشی جلوبەرگ دەکەیت یان دەتەوێت خۆت بناسێنێت بە خەڵک؟! ئەم دیاردەیە، بتەوێت یان نا دیاردەیەکی ناشارستانییە و لە جێگەی خۆیدا نییەو لە کەسایەتیت کەم دەکاتەوە نەک زیادی دەکات. پەرلەمانتار دەبێت کەسانی سادە و ساکار و بەیژدان و ژیر و وریا بن، بە دەموچاوێکی ئاساییەوە خۆیان بناسێنن. ئەوەندەی جەستە و لەشولاری خۆت نمیاشکردووە، دەیەکێکی ئەوە نەتوانیەوە پەیام و بەرنامەیەکی جوانی ڕاستگۆییانە بەدەیت بەخەڵک. تۆی ژن دەتەوێت لەمەشدا هەر لاسای پیاوە بەربژێرەکان بکەیتەوە؟!
2- ئەو سەرۆک لیست و بەرژێرە پیاوانەی لە چوارچێوەیەکی گەورە و زەبلاحدا خۆیان نمیاشکردووە، کە وێنەکانیان ئەوەندە گەورە و زبەلاحە چوارچێوەی ئاسننیان بۆ دروستکردوە و بە ئەسکەلە قایمیان کردووە بە دار و دیوار و سەر شەقام و شۆشتەکانەوە، ئەم کارەتان یەجگار ناشرساتنییە، یەجگار کارێکی ناشیرین و نابەجێیە، ئەم کارەی تۆ، لای هەرچ کەسێکی بە ئاگا و هۆشیار لە کەسایەتیت کەم دەکاتەوە نەک کەسایەتیت زیاد بکات. تۆ لەم چوارچێوە زبەلاحەی خۆت تیا نمایشکردووە و بستێک دەمت کردۆتەوە گوایە کەسێکی ڕووخۆشیت و دەستێکیشت بەرزکردۆتەوە گوایە سەلام لە خەڵکی دەکەیت و کەسێکی ئاساییت، هیچ وانیە، ئەگەر واشبێت وێنەکەت ئەوەمان پێ دەڵێت کە تۆ دەربەستی ئەوە نایەیت لایەکی گەورە لە شۆستەکان کە ڕێڕەوی خەڵکیە بگریت، هیچ دەربەستی ئەوە نایەیت کە ئەم وێنەیی تۆ نمایشتکردوە بە واتای قەبەیی و گەورەیی و جەنتڵی لەش و لارت دێت، ئایا بە ڕاست بوون بە ئەندامی پەرلەمان بە قەبەیی و زلیە؟ ئایا بە ڕاست لە جیاتی ئەو وێنە گەورەیەت پەیامێکی ژیرانە و بەرنامەیکی ژیرانەی ڕاستگۆیانەت هەبووایە باشتر نەبوو، ئایا بە ڕاست تەنها پیشاندانی دوموچاوت لە وێنەیەکی ئاساییدا جوانتر و شارستانیانەتر نەبوو. ئەم وێنە گەورەیەی تۆ ئەوەمان پی دەڵێت، تۆ کەسایەتیەکی لاوازت هەیە، جگە لەوەش پەروەدەیەکی سەقەتە بۆ منداڵ و مێردمنداڵ و گەنج و نەخوێندەوارەکان. ویژدان و عەقڵ و ڕاستگۆیی مەرجە نەک وێنەی جوان و ڕازاوەی ڕەنگاو و ڕەنگ و گەورە و زەبەلاح.
3- ئەی ئێوە لیست و قەوارەکان؟ لە پای چیی و لەسەر چ بنەمایەکی شارستانیانە و چ بنەمایەکی بەربژێری سەرۆکی حیزب و قەورەکەت کە هەندێکیان مردوون و هەندێکیشیان زیندوون، بەو جۆرە نمایش دەکەیت؟ بەو ناوەوە کە ئەو کەسایەتیە مردو یان زیندووانە کەسانی کاریزمایی و بە ویژدان و عەدالەتخواز و یەکسان خواز بوون؟ باشە ئەگەر واشبێت، دەتانوێت بە پیشاندانی مردووەکانتان خۆڵبکەنە چاوی خەڵکیەوە، ئەوەی مرد لە گەڵ خۆیدا چاکەکانی خۆی برد، بۆ تۆ نییە بازرگانێتی بکەیت بە چاکەکانیانەوە، کاتێک ئەمە دەکەیت، دەتەوێت ناشیرینیەکانی ئەمڕۆی لیست و قەوارەکەی خۆتی پێ دابپۆشی، خەڵک بەو ڕابوردووە ئێوە هەڵناسنگێنێت، لەسەر کردەوە و هەڵوێستی ئەمرۆتان هەڵتاندەسەنگێنێت. ئەو خاوەن لیست و حیزب و قەوارانەی کە زیندووشن لەسەر چ بنەمایەکی هەڵبژاردن و بەربژێریی و بانهگێشتکردن وێنەی سەرۆکەکانتان لەو چوارچێوە گەورەیەدا هەڵواسیەوە، ئایا خەڵک سەرۆکەکانتان ناناسێت؟ یان ئەوندە لاوازن، ئەوەندە بێ فکرن، ئەوەندە ناشارستانیانە ڕەفتار دەکەن، نازانن کە ئەمە دەبێت بە جێگەی گاڵتپێکردنی خەڵکی و خەڵک بەم نمایشانە وەڕس و بێتاقەت دەبن. ئایا نازانن بۆ دەیان و سەدان جار ساڵانە لەسەر شاشەی تەلفزوێنەکانەوە خەڵک سەرۆکەناتان ئەوەندە دەبینێت کە بێتاقەت و وەڕس بوون، دەتانەوێت هەڵبژاردنیش بکەن بە دیاردەیەکی ناشیرینتر و جارێکی تر وێنەی سەرۆکەکانتان پیشان بدەنەوە. بەم جل و بەرگە ڕازاوە و گرانبەها و دەموچاوە زەقانەوە دەتانەوێت جارێکی تر سەرۆکەکانتان نمایش بکەنەوە، کە خەڵک لێیان بێزارە و بە داگیرکەریان دەزانن. ئایا قەبەیی سەرۆکەکانتان نیشانەی هێز نییە؟ هێزێک کە ئێوەی دەسەڵاتدار خەڵکی پێ دەتۆقێنن، ئێوەی دەسەڵاتدار هەمیشە بە هێز ویستووتانە خۆتان بسەپێنن، هێز نمایشکردن یەکێکە لە ناشیرینترین دیاردەی ناشارستانیانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت