مەعروف ڕەسافی: کەسایەتی محەمەد. بەشی چوارەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مه‌به‌ست و ئامانجی محەمەد
ئامانجی محەمەد لەمەدا تەنها دەعوا و بانگه‌شه‌ نییە بۆخوداپه‌رستی، یان پێغەمبەرایەتی، تەنها ئایینیی ڕووت نییە، بەو بەڵگەیەی کەسه‌رانه‌ (جزیەی)ی لە غەیرە عەرەب لە ئەهلی کتێب و مەجووسییەکان وەرگرت. بێگومان جزیەوەرگرتن لەوان و هێشتنەوەیان لە سەر ئایین و ڕەوتی خۆیان لە کوفر و سەرگەردانی، لەگەڵ ئەوەدا نایەتەوە کە داوای لە هەموو خەڵکدەکرد، یەکبگرن لە عیبادەتی خودای تاک و بێ هاوبەش.
ئەگەر بڵێین ئەهلی کتێب خەڵکی دینداری پێغەمبەریان لای خوداوە بۆ هاتوە، داوای بوون بەئیسلام داوایەکی چاکسازییانەیە، بەڵام داوای لە موسوڵمانبوونی کافرەکان ڕزگارکەرانەیە، بۆیە جزیەی لەوان قبوڵکرد و لەمان نەخێر. لێرەدا دەڵێم محەمەد وه‌ك ئه‌هلی ئایینی ئاسمانی دان بە مەجووسییەکاندا نانێت. ئەوان و کافرەکان لە دینی ئەودا یەک شتن، بەڵام ئەهلی کتێبی یەهوود و نەسرانی، خاوەن ئایینی ئاسمانی دانپێدانراون، بەڵام لە ئایینەکەیان لایانداوە و گۆڕیویانە. ئەو ئایینەی کە پێی دەڕۆن لە ئازاری خودا نەجاتیان نادات، ئەوانیش وەک کافرەکان لە دۆزەخدا بەزیندوویی ئازار دەچێژن، وەک لە ئایەتەکانی قورئاندا هاتوە، بۆیە دەبێت داواکردنی بە ئیسلامبوونیان بۆ ڕزگارکردنیان ده‌بێت نەک چاکسازی.
لە نەسرانییەکانیشدا هەیە کە مەسیح بەخودا دەزانێت، وەک لە قورئاندا هاتوە، یان بە کوڕی خودا، هەروەها یەهوودیش دەڵێت، عوزێر کوڕی خودایە. کەواتە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەوان و کافرەکاندا نییە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان کوفر و شیرک لەگەڵ هاوبه‌ش دروستکردندا نییە، چ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ ئەگەر پیاوێک بە شەریکی خودا لە قەڵەم بدەن یان بتێک یان درەختێک یان ئەستێرەیەک یان شتی تر، قبوڵکردنی جزیە لەوانە و به‌دوور له‌کافرە عەرەبه‌كان بە ڕوونی نیشانیدەدات کە ئامانجەکەی تەنها ئایینی ڕووت نییە، بەڵکوو محەمەد هەوڵی گۆڕانکاری و ڕابوونی عەرەبیی ئایینیی کۆمەڵایەتیی سیاسی دەدات، لە عەرەبەوە دەستپێدەکات و لە جیهانی بووندا کۆتاییی دێت، واتە لە سەرەتادا عەرەب دەیکات و دواتر دەگشتێنرێت و لە کۆتاییدا هەموو خەڵک دەگرێتەوە.
بێگومان ئەم ڕابوونە لە بەڕێوەچوون و کامڵبوونیدا پێویستی بە پارە هەیە، بۆیه‌ ئەمەیشی لە داهاتی جزیەدا دابینکرد، بە مەرجی ئەوانەی کە دەیدەن و بە کافری دەمێننەوە لە ژێر سایە و ئەستۆی عەرەبدا بن وەک ئەهلی پەیمان. ئەبووعەلای مەعەری لە شیعرەکانیدا ئاماژەی بە جزیە داوە:
بطل، وتجمع إكراما له الشیع المال یسكت عن حق، وینطق فی
مساجد القوم مقرونا بها البیع وجزیە القوم صدت عنهم، فغدت
به‌ واتای: پاڵه‌وانێك كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌ك پاداشت پاره‌ی به‌ حه‌ق بۆ كۆبكه‌نه‌وه‌ و له‌ م‌زگه‌وتیش خه‌ڵكیتر باوه‌ریان پێ هه‌بێت، به‌ڵام سه‌رانه‌ی ئه‌وانیتر جێگه‌ی باوه‌ری ئه‌مان بگرێته‌وه.‌
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕابوونە عەرەبییە، عەرەب نەک خەڵکی تر پێی هەڵساوە، عەرەب هەمووی یان زۆرینەی بتپەرست بوون، لەگەڵ ئەوەیشدا ناکۆک و ناتەبا و خۆخۆر بوون، زۆر پێویست بوو، پێش هەموو شتێک ئەوان یەکبخات، یەکێتیی ئایینییان تێدا دروست بکات و بەپشتێنی برایەتیی ئایینی بەیەکەوە بیانبەستێتەوە، هەروایشی کرد، بتپەرستیی نەهێشت و بە تێکدانێکی هەمەجۆر و لەناوبردنێکی سەیر تێکیشکاندن، وەک ئەوەی لە قورئاندا به‌ ڕسته‌ی (لا اله إلا الله) هاتوە، کە یەکێکە لە داهێنانەکانی محه‌مه‌د، یەکیخستن. وەک پێشتر باسمانکرد، داوای لێکردن خودای بێ هاوبه‌ش بپەرستن. سەرەتا ته‌نها بە ئایەتی قورئان داوای لێکردن، چونکە هیچ هێزێکی پاڵپشتی نەبوو بۆ ناچارکردنیان، لە سەر داواکەی به‌ده‌ست قه‌و‌مه‌ كافره‌كه‌یه‌وه‌ زۆرئازاری چەشت. خۆی و هەندێکسەرگەردانی شوێنکەوتووی، ئازارێکی زۆریان بینی بە دەستیانەوە، بەڵام دوای کۆچکردن بۆ مەدینە، كه‌ هێزی بەدەستهێنا، داوای لێکردن قورئان بە دەستێکییەوە بێت و شمشێریش بەوەکەی تر. هیچ چاوپۆشییەکی نه‌كرد لێیان، نە به‌ هیچ بەهانەیەک ڕازی بوو، نە به‌ جزیەیش، جگە لە ئیسلامبوون هیچی لێ قبووڵ نه‌كردن، داوای لێ كردن، باشه‌ ئەگەر تەسلیم بن، ئەگینا شمشێری لێهەڵده‌کێشان و نەیدەگەڕاندەوە کالانەکەی تا دەبوونە موسوڵمان. ئەگەر بزانیت محەمەد لە پشت داواکاریی عیبادەتی خودای بێ شەریک چیی مه‌به‌سته‌، دەزانی هۆکاری توندڕەوی لە تێکدانی بتەکان و بۆچی توندڕه‌وی لەدژی پەیداکردنی هاوبەش بۆ خودا بە گوناهێکی بێ لێخۆشبوونی لە قەڵەم دا: {إن الله لا یغفر أن یشرك به و یغفر ما دون ذلك لمنیشاء} [النسا‌و: 48- ١١٨]به‌واتای: خودا له‌وانه‌ خۆش نابێت كه‌ بڵێن هاوبه‌شیی هه‌یه،‌ بۆ هه‌ركه‌سێك له‌مه‌به‌ده‌ر كه‌ خودا له‌هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت ده‌بوورێت.

لە حەقیقەتدا وانییە، لەبەر ئەوەی هاوبەش بۆ خودا هیچ زەرەرێکی لێنادات، هیچ زەرەرێکی مادی لە خەڵک نادات، هەرچەند بێهودەیی و نابووتییان پێوەدیاردەبێت. ئەگەر هاوبەش پەیداکردن بۆ خودا زیانی مادی لەخەڵک بدات، ئێستا خەڵکی عێراق لەناودەچوون، وەک لەوەدا دەبینرێت، لە عیبادەتکردن لە زیارەتی گۆڕستان لەو قوببانەی کە بە عەقەبەی پیرۆز ناسراون، بتپەرستییان گەڕاندوەتەوە. ئەو بتپەرستییەی کە محەمەد بەشمشێر و قورئانەکەیشی شەڕی بەرانبەر دەکردن، بە شێوەیەکی ناشرین و پوخڵی بە هەموو توندییه‌کییەوە لە سەردەمی جاهیلی بە زەبرتر گەڕاوەتەوە، لەگەڵئەوەیشدا خەڵکی عێراق وا دێنودەڕۆن وەک ئەوەی تەنها خودای تەنهای بێ شەریک بپەرستن، بەڵام لە حەقیقەتدا خودا لەوەی هاوبەشی بۆ پەیدا دەکات ده‌بوورێت نەک شتی لەوە کەمتر، لەبەر ئەوەی جگە لەوه‌ی شەریک پەیداکردن لە شتە بێزراوەکانن کە پێوەندیی بە مافی خەڵک و بە سەر خەڵکه‌وه‌بێت، ناکرێت لێی ببورێت، بە پێچەوانەی هاوبەش پەیداکردن کە هیچ زیانێک بە خودا ناگەیەنێت و پێوەندیی بە حەقی خەڵک و هیچی بە سەر خەڵکەوە نییە.
محەمەد ئەم حەقیقەتەی باش دەزانی، بەڵام وه‌ك گوتمان هۆکاری توندبوونی لە سەر شەریک پەیداکردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەیەوێت یەکیان بخات و یەکێتیی ئایینی دابین بکات، لە پێناو ئەوەی ڕابوونێکی گەورەیان تێدا دروست بکات، کە چاکەی بۆ سەرجەم خەڵک هەبێت. ئەگەر یەکێتیی ئایین لە حەز و ئارەزووی مادی و مەعنەوی دووربێت، ناتوانێت هەڵسانەوە دروست بکات، بۆیە وای لێکردن کە ئاواتی بەدەستهێنانی بەهەشت وەک ئامانجی مەعنەوی بێت و بە کاری چاکە بەدەستدێت، شەهیدبوون لە پێناو خودا دا بە باشترین چاکەکاری لە قەڵەمدا. هونەرییانە مامەڵەی لەگەڵ ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکاندا کرد، بە شێوەیەکی خەیاڵی وێنای كرد، کە لەباسکردنیدا چ نیعمەتێکی هەمیشەیییە، باس كردنی ئه‌م به‌هه‌شته‌ له‌ ئایه‌ته‌كانی قورئان و فه‌رموده‌كانی پیغیه‌مبه‌ردا هاتووه،‌ له‌ داهێنانی محه‌مه‌ده‌ و پێشتر نەبوە. ئەمەیش بەڵگەی بەهێزی و خەیاڵفراوانییەتی. شەهیدێک لە پێناو خودادا بمرێت نامرێت و زیندوە لای خەڵک {ولا تحسبن الذین قتلوا فی سبیل الله أمواتا بل أحیاء عند ربهم یرزقون} [آل عمران: 169].به‌ واتای: ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ رێی خودادا كوژراون، هه‌رگیز نابێت به‌ مردویان حیساب بكه‌ن و هه‌ر زیندوون و خودا بژێوپیان ده‌داتی.

لە لایەنی حەزی مادییەوە، غەنیمە و سەبیکردنی ژنانی لە کاتی جەنگدا حەڵاڵکرد، کە پێشتر جزیەی لە سەر غەیرەئایین دانا و لە ئایینەکانی پێشوو غەنیمە حەڵاڵ نەبوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وەک لە بەسەرهاتەکانی پێغەمبەردا دەگوترێت، حەڵاڵکردنی غەنیمە بە یەکێک لە سیفەتەکانی عەرەبی جاهیلی دادەنرێت و ئەوە بوە کە لە هەڵکوتانه‌ سه‌ر خێڵێک له ‌لایه‌ن ئەویتره‌وه‌، چییان دەستکەوتایە لە ماڵ و ژن وەک سەبی دەیانبرد، بۆیە بەرژەوەندیی وای لە محەمەد کرد کە دان بەم کارەدا بنێت و حەڵاڵی بکات. ئەگەر بزانیت، ئەو چێژە مادی و مەعنەوییەی تێدا بوە و عەرەب لە وڵاتێکدا ژیاوە کە ئەوەندەی قاتوقڕی و قورساییی ژیان تێدابوە و نیعمەتی شارستانییان نەبوە، خەڵکێکی دەشتەکی بوون، کە لە شەڕدا بە توندوتیژیی و ئازایەتی بەناوبانگ و بەهیمەت بوون، لەمەدا دەزانیت کە چەند قازانجیان لە ڕابوونی ئیسلامیی محەمەدی کردوە، لە ڕێگەی سەرکەوتن و فەتحی ئیسلامییەوە.
ئازایەتی و بەهیمەتی لەگەڵ قورساییی ژیاندا، وای لێکردن کە یەکێتیی قەومەکان وەک یەکێتییی له‌شی لێبێت، هەروەها دەرگای بەهەشت کردنەوە لە لایەک، کۆکردنەوەی غەنیمەی جەنگ لە لایەکی ترەوە، چ سەرسوڕمانێکی تێدایە،له‌ماوه‌ی سی ساڵ و كه‌متریش، سەریان تێكدابێت لە سەرجەم وڵاتان لەوپەڕی خۆرهەڵات بۆ ئەمپەڕی خۆرئاواوه. با خەڵک شتی تر وه‌ك موعجیزە بۆ محەمەد دانێن، تەماشای ئەم ڕابوونە و لێكه‌وته‌كانیبکەن، کە موعجیزەی موعجیزەکانە و هاوشێوەی نەبوە لە نێو مێژووی مرۆڤایەتیدا. لەو کاتەی مێژوو ناسراوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ. چۆن خه‌ڵكێكی نه‌زان دێت و ئەم ئامانجەی محەمەد بۆی تێکۆشاوە، وەک خۆی چەندین جار باسیکردوە، ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.
لە سیرەی ئیبن هشام و سیرەی حەلەبیدا هاتوە، کورتەکەی: کاتێک ئەبووتالیب لە کاتی نەخۆشی و مردنەکەیدا، زۆرێک لە قوڕەیش هاتن بۆ لای بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ محەمەد بکات، کە لە خۆیان و بتەکانیان ببوورێت و وازبهێنێت، ئەوانیش واز لەو دەهێنن. ئەبووتالیب بانگی کرد و قسەی لەگەڵ کرد، محەمەدیش گوتی: ئەگەر بەوەی داوای دەکەن ڕازیبم و بتاندەمێ، یەک وشه‌م دەدەنێ(مه‌به‌ستی یه‌كبوونی ئایینی بوە‌ -و-) کە عەرەب لەخۆبگرێت و عەجەمیش ملکەچ بکات. ئەمەیش ڕاشکاوانەیە، کە دەیەوێت‌ خۆی عەرشی عەرەب بگرێتە دەست و عەجەمیش ملکەچی بن و ببن بە ژێردەسته‌یان، ئەم شتەیش لە ئاییندا نییە، لەبەر ئەوەی ئامانجی ئایین عیبادەتی خوای تەنهای بێ شەریکە.
ئەم ئامانجەی لای (سراقە بن مالك المدلجی) وەک لە (سیرە الحلبیە)دا هاتوە باسکردوە، بەکورتییەکەی: کاتێک محەمەد لە مەکەوە کۆچیکرد بۆ مەدینە لەگەڵ ئەبووبەکردا، قوڕەیش بۆ کوشتنیان یان دەستگیرکردنیان، دوو سەت حوشتر خەڵاتی دانا و ئەم هەواڵەی بەو ده‌وروبه‌ره‌دا بڵاوکردەوە، کە سوراقە بۆ ئەو مەبەستە دەرچوو، پێیان گەییشت، بەڵام خودا لێی پاراستن. تەنانەت سوراقە بە محەمەدی گوت: من دەزانم ئەم کارەت لە جیهاندا دەردەکەوێت و خاوه‌نداریی موڵکایەتیی خەڵک دەکەیت. پەیمانم پێ بدە لە کاتی پاشایەتیت، کە هاتمەلات ڕێزم بگریت. داوای لێکرد نووسراوی سه‌لامه‌تیی بۆ بنووسێت، ئەویش داوای كرد لە عامر بن فهیرەی، به‌رده‌سته‌ی ئەبووبەکر کە لەگەڵیاندا بوو، ئەو نووسراوەی سەلامەتبوونی بۆ نووسێ. کاتێک سوراقە ویستی بڕوات، محەمەد پێی گوت: پێت چۆنە ئەگەر بازن و زێڕ و خشڵی کیسرا بپۆشیت؟ گوتی: کیسرا کوڕی هرمز؟ گوتی: بەڵێ. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە لە پشت بانگەشە بۆ خوداپه‌رستی، نیازی دەستبەسەرداگرتنی وڵاتی فارس و بە غەنیمەبردنی ماڵوموڵکی کیسرایشی هەبوە، تەنانەت باسی له‌وه‌كردوە‌ سوراقه‌ بازن و زێرەکانیشیان بپۆشێت. ئه‌م ئامانجەی لە ڕۆژی خەندەق ئاشکرا کرد، لە (السیرە الحلبیە و سیرە ابن هشام) لە سەر زمانی سەلمان فارسه‌وه‌، دەڵێت: لە لایەکەوە خەندەقم لێ دەدا، ڕەقییەکی بەرکەوت و پێغەمبەری خودام لە نزیک بوو، کە بینیمی لە ئەرزەکە دەدەم و شوێنەکە ڕەقە، دابەزی و پاچه‌كه‌ (قوڵنگەکە)ی لە دەستم وەرگرت، کە لەو شوێنەیدا، بریسکەیەکی لێهەستا، دیسان لێیدا، ڕووناکیی بریسکەیەکی تر دەرکەوت و سێیەم جاریش هەروا، گوتم: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا دایک و باوکم بە قوربانت بێت، ئەوە چی بوو؟ ڕووناکیت لە ژێر قوڵنگەکەوە دەرخست کە لێتدا؟ گوتی: ئەی سەلمان ئەوەت بینی؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: ئەوەی یەکەم؛ خودا دەرگای یەمەنی بۆ کردمەوە، ئەوەی دوەم؛ دەرگای شامی بۆ کردمەوە، ئەوەی سێیەم؛ دەرگای خۆرهەڵاتی بۆ کردمەوە. لە گێڕانەوەیەکی تردا هاتوە‌، کە ڕەقیی زەوییەکەی قورس بوو بۆ سەلمان. پێغەمبەری خودا قوڵنگەکەی لە سەلمان وەرگرت و گوتی: بەناوی خودا، بە لێدانێک یەک لە سەر سێی شکاند و ڕۆشنایییەک دەرکەوت، گوتی (الله أكبر) و گوتی: کلیلی یەمەنم وەرگرت، ئێستا دەرگاکانی سەنعا وەک کەڵبەی سەگ ده‌رده‌كه‌ون و لێمەوە دیارن. لە لێدانی دوەمدا، سێیەکی تری شکاند و ڕووناکییەک دەرکەوت، دیسانەوە گوتی (الله أكبر) و گوتی: کلیلی شامیان پێبەخشیم، بە خودا ئێستا کۆشکە سوورەکانی دەبینم. سێیەم لێدان، پاشماوەی بەردەکەی شکاند و بروسکەیەک دەرکەوت، گوتییەوە (الله أكبر) و گوتی: کلیلی فارسم وەرگرت، وەلڵا ئێستا کۆشکەکانی حیرە و مەدائینی کیسرا وەک کەڵبەی سەگ لەشوێنی خۆمەوە دەبینم. لە گێڕانەوەیەکی تردا: کۆشکی مەدائینی سپی دەبینم. ئینجا باسی شوێنەکانی فارسی بۆ سەلمان کرد. سەلمان دەڵێت، باوەڕم بە پێغەمبەری خودا کرد، کە ئەمە سیفەتی ئەوە، شایەتمان دەدەم کە تۆ پێغەمبەری خودای، ئینجا پێغەمبەر گوتی: ئەم شوێنانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌و فه‌راهه‌م ده‌بن‌، خودا لە دوای من مەیسەری دەکات، ئەی سەلمان.
بێگومان ئەو ڕووناکییه‌ یان بریسکانەوانە لە دەرئەنجامی بەرکەوتەی بەهێزی پاچه‌كه‌ بە بەردەکەدا بوە، وەک ئەوەی لە ژێر ناڵی ئەسپیشدا دەردەکەوێت، کە لە سەر زەوییەکی ڕەقدا بڕوات و بەر بەردبکەوێت. پەیامبەر هیچ هەلێکی لە دەست نه‌داوه‌ بۆ باوەڕپێکردن و بەڕاستزانینی مه‌به‌سته‌كانی. ویستویه‌تی بەم کارەی ئامانجەکەی بپێکێت، وەک گوتم ئه‌مه‌یش بەهێزیی خەیاڵفراوانیی بوە‌. ئەگەر خەیاڵی شتێکی بکردایە، وای دەزانی دەیبینێت و دەستی بەریدەکەوێت، ئامانجەکەی لە کاتی لێدانی قوڵنگەکەدا وێناکرد و وایدەزانی ئەو ڕووناکییەی لێدانی بەردەکە، ئەو وڵاتانە ڕووناک دەکاتەوە کە دەیەوێت بیانگرێت. وای دەزانی دەرگا و کۆشکەکان وەک کەڵبەی سەگ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت و دەیبینێت. لەبەر ئەوەی کۆشکەکان لە دوورەوە لە لایەن مرۆڤەوە وادەبینرێن. ئەوەی سەلمان لە ڕۆژی خەندەقدا گوتی، لە نێو هاوه‌ڵانیدا بڵاوبوەوە، لە دووڕوەکان وەک موعتب کوڕی قوشه‌یر گوتی: سەرتان سوڕنامێنێت کە محەمەد ئاوات و ئامانجی ناڕاستتان پێدەدات، واتان پیشاندەدات کە لە یەسربەوە کۆشکەکانی حیرە و مەدائینی کیسرا دەبینێت و دەیانگرێت، كه‌چی ئێوە خەندەق لێدەدەن و لە ترسدا ناتوانن دەربکەون. ئەم ئایەتە هاتە خوارەوە: {قل اللهم مالك الملك توتی الملك من تشاءو تنزع الملك ممن تشاءو تعز من تشاءو تذ ل من تشاء بیدك الخیر إنك علی كل شیء قدیر} [آل عمران: 26].به‌ واتای: بڵێ: خودایه‌! ئه‌ی خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵات! هه‌ر كه‌س بۆ خۆت مه‌یلت لێبێت ده‌سه‌ڵاتی پێ ده‌ده‌یت و كێش تۆ حه‌زكه‌یت ده‌سه‌ڵاتی لێ ده‌سێنیته‌وه‌؛ هه‌ر كه‌سێكت بوێت رێزداری ده‌كه‌یت و هه‌ركه‌سێكیشت بوێت زه‌بونی ده‌كه‌یت؛ چاكه‌ به‌ده‌ستی خۆته‌ و تۆ توانات له‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌یه.‌
لە گێڕانەوەیەکی تردا، هۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتە بۆ شتی تر دەگێڕێتەوە: محەمەد کە مەککەی کردەوە، پەیمانی پێدانی موڵکوماڵی ڕۆم و فارسی بە میللەتەکەی دا، دووڕوەکان و یەهوود گوتیان: هەیهات هەیهات، موڵکوماڵی فارس و ڕۆم لایمحەمەد چی دەکات، کە ئەوان توند و به‌ شكۆ و سەربەخۆن. ئەم ئایەتە دابەزی، لەمە ڕاشکاوانەتر ده‌بێت کە بگوترێت ئامانجی محەمەد تەنها ئایینیی ڕووت نەبوە.
بەشێوەیەکی تر ئامانجەکەی بۆ (عدی بن حاتم) کە لە شامەوە هاتبوو گێڕاوەتەوە، لە (سیرە ابن هشام) و (سیرە الحلبیە)، بە کورتییەکەی (عدی بن حاتم) لە سەر ئایینی ڕکوسی بوو، ئه‌مه‌یش ئایینێکە لە نێوان نەسرانی و سابئی، لە کاتێکدا کە خاڵۆکانی محەمەد زۆریان بۆ هێنا و ڕایکرد بۆ شام. عوده‌ی پیاوێکی ناوداری کۆمەڵایەتی بوە‌، وەک دەڵێن ده‌مسپی و پیاوی خێڵ بوە، لە کاتی جاهیلی دا، وه‌ك هه‌ر سه‌رۆك خێڵێك، چواریەکی غەنیمە بۆ ئەم بوە، خاڵوانی پەیامبەر خوشکەکەیان بە سەبیە بردبوو، بەڵام محەمەد ئازادی کرد و ئەویش به‌و چاکەیەی زانی و ڕێزی لێگرت و گەڕایەوە لای براکەی، ئەویش واته‌ خوشكه‌كه‌ی هانیدا بڕوات بۆ لای محەمەد، بە شاندێک ڕۆیشت بۆ مەدینە، لێرەدا قسەکە بۆ ئەو دەگێڕینەوە، دەڵێت: کە چووم تا گەییشتمە لای محەمەد لە مەدینە و چوومە لای، گوتی: ئەم پیاوە کێیە؟ گوتم: (عدی بن حاتم). پەیامبەر هەستایە سەر پێ و بردمی بۆ ماڵەکەی خۆی، بەخودا كاتێك لە ڕێگەدا ژنێکی گەورەی لاواز بەری لێگرت و زۆر لەگەڵیدا وەستا و پێویستییەکانی پێ ڕاگەیاند، گوتم: ئەمە پاشا نییە، ڕۆیشت تا گەییشتینە ماڵەکەی، سەرینێکی لە پەڕ ناوبۆشکراوی پێدام، گوتی: لە سەر ئەمە دابنیشە. گوتم: دەبێت تۆ له‌سه‌ری دابنیشیت. گوتی: نەخێر تۆ دابنیشە. لەسەری دانیشتم و پەیامبەر لە سەر زەوییەکە دانیشت. گوتم: بەخودا ئەمە کاری پاشا نییە. ئینجا پێی گوتم: یا (عدی بن حاتم) ببە بە موسوڵمان سەلامەت دەبیت. سێ جار گوتییەوە. گوتم: من لە سەر ئایینی خۆمم. گوتی: من لە تۆ زیاتر لە دینەکەت دەزانم. گوتم: تۆ لە ئایینەکەم زیاتر دەزانیت! گوتی: بەڵێ. تۆ لە ڕکوسییەکان نیت، لەو قەومە نیت کە ئایینیان هەیە. گوتم: بەڵێ. گوتی: تۆ بە چوارینەوەرگرتن خێڵەکەت بەڕێ ناکەیت؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: ئەوە لە ئایینەکەتدا حەڵاڵ نییه؟ گوتم: بەڵێ بەخودا. ئه‌وجا زانیم کە پەیامبەری نێرراوە، ئەوەی نەزانراوە دەیزانێت. ئینجا گوتی: ئەی عوده‌ی لەوانەیە ئەوەی ناهێڵێت بێیتە نێو ئەم ئایینەوە، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لێره‌دا دەیبینیت لەگەڵ ئەو کەسانەدا بیت کە لاواز و ڕەشوڕووتن و هیچ هێزێکیان نییە، عەرەب لەگەڵ پێداویستییەکانیاندا فڕێی داون. بە وەڵاهی ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌نده‌ پارەیان لێ زیاد دەبێت کە کەس نەبێت بیبات، یان ئەوەی ڕێگرە بێتە ئەم ئایینەوە، زۆریی دوژمنان و ژمارەی کەمی ئەمانە. گوتی حیرە دەناسیت؟ گوتم: نەمبینیوە، ناویم بیستوە، گوتی: بەو خودایە، وای لێدێت کە ئافرەتێک لە حیرەوە دەربچێت تا ده‌گاته‌ ماڵی خودا تەواف ده‌کات بێ ئەوەی کەسی لەگەڵدا بێت. لە گێڕانەوەیەکی تردا، دەڵێت: وای لێدێت کە ئافرەتێک بێ ترس لە قادسییەوە بە سەر حوشترێکەوە دێت و سەردانی ماڵی خودا دەکات، لەوانەیە تۆ ئەوە نا‌هێڵێت ببیت بە موسوڵمان، وابزانیت موڵک و سوڵتان لە لای کەسانی ترە، بەو خودایە وای لێدێت، کە گوێت لە کۆشکی سپیی ئەرزی بابل بێت چۆن بۆیان دەکرێتەوە. عوده‌ی گوتی: دواتر ژنم بینی کە چۆن لە قادسیەوە بە سەر حوشترێکەوە دەهات و حەجی ده‌کرد، بەو خودایە ئەوەندە پارەمان بوو، کە کەس نەبوو بیبات.
بێگومان وتەی “وای لێدێت ئەوەندە پارەیان لا زیاد دەبێت کە یەکێک نەبێت بیبات” ئاماژەیە بەوەی کە چەندین وڵات دەگرن و بە جزیە و سەرانە جگە لە غەنیمەت دەوڵەمەند دەبن، لە بڕگەی سێیەمی قسەکانیدا بە ڕاشکاوی دیارە کە له‌ پشت بانگه‌شه‌ی ئایینه‌كه‌یه‌وه‌ مه‌به‌ست و نیازی پاشایەتی و سەڵتەنەت هەیه‌.
ئەو لێدوانانەی کە ئامانجەکەی دەردەخەن، ئەو قسانەی بە شاندی خێڵی (بنی عزره)ی یەمەنی گوت: (عزره) برای (قصی) بوو لە دایکەوە، ئەو یارمەتیی (قصی)دا لە وەرگرتنی سەرپەرشتیی کەعبە لە خوزاعە، لە السیرە الحلبیە.
شاندێکیلە دوانزە پیاوی ئایینیی (بنی عزره)ی نارد بۆ لای پەیامبەری خودا، بە سڵاوی جاهیلیەت سڵاویان لێکرد. پەیامبەر پێی گوتن: ئەم قەومە کێن؟ وتەبێژێکیان گوتی: لە (بنی عزره)ین: ئێمەین کە پشتگیریی (قصی)مان کرد، لەناوجەرگەی مەککەدا خوزاعە و بەنی بەکرمان لادا، ئەوەین كه‌ قوربانی ونەزرەکان بۆ ئێمەیە.
پەیامبەر گوتی: بەخێربێن سەرچاو، خۆشحاڵ بن نەک دڵتەنگ، باش دەتانناسم، ئینجا گوتی: چی ڕێگەتان لێدەگرێت سڵاوی ئیسلامبکەن؟ گوتیان: ئەی محەمەد، ئێمە لە سەر ئایینی بابوباپیرانمانین، لە خۆمان و خزموخێشانمان هەڵناگەڕێینه‌وه‌، گوتیان: بانگەشەی چی دەکەی؟ گوتی: بانگەشەی عیبادەتی خودای تاکوتەنهای بێ شەریک دەکەم، شایەتمان بەوە بهێنن کە من پیامبەری خودام بۆ هەموو خەڵک، وتەبێژەکەیان گوتی: ئەمە چیی لە دواوەیە؟ گوتی: پێنج جار بۆ نوێژکردن، بەپاکی و جوانی و لە کاتی خۆیدا بیکەن، کە باشترین کردەوەیه، ئینجا فەرزەکانی تر، ڕۆژوو و زەکات و حەجی بۆ باسکردن. بوون بە موسوڵمان و مژدەی کردنەوەی شامی پێدان کە هەرقل بۆ وڵاتەکەی خۆی ڕادەکات، داوامانکرد بڕۆنەوە، پێغەمبەری خودا چاکەتێکی کردە بەر یەکێکیان و گەڕانه‌وە. تۆ وایدەبینیت کە بانگەشەی (بنی عزره) تەنها پێویستی بە هەردوو شەهادەتی بێ مژدەی کردنەوەی شام و ڕاکردنی هەرقل بوو بۆ وڵاتە توندوتۆڵەکەی، بەڵام ئەو دەیویست ئەو ئامانجەی پشتبانگەشەی ئیسلام بزانن، کە سەرفراز دەبن لە موسوڵمانبوونیاندا، بۆ ئەوەی ئەو خۆشی و ڕابوونە تێیاندابدرەوشێتەوە، کەلەکردنەوەی وڵاتان و داگیرکردنیاندا هەیە. ئەو ئامانجەی کە محەمەد دەیویست وا بڵاوبوو کە کافرەکانی قوڕەیشیش دەیانزانی، (اسود بن عبد ثیاب) کوڕە خاڵی محەمەد، لە کاتێکدا موسوڵمانی لە حاڵەتی زگگوشین و قاتوقڕی و وشکی و کراسی شڕدا دەبینی، بە گاڵتەجاڕییەوە دەیگوت، موڵکوماڵ و زەویی ئەوانەی کیسرا و قەیسەرە بۆ ئێوە هاتوە و ده‌تانده‌نێ. هیچ سەرسوڕمانی تێدا نییە کە محەمەد ئەو ئامانجەی بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات، بۆ ئەوەی ئارەزووی بانگەشەکەبکەن و قبوڵیبکەن، بەڵام سەرسوڕمانەکە هەمووی لەوێدایە، کە وای دەبینی وڵاتان بەڕاستی کراوەیە و لە سەر پشتن و تەنانەت شاندی بۆ ناردن. لە کتێبی سیرەکاندا هاتوە، شاندێک پێش کۆچەکە کە لە دارییەکان (أبو هند الداری) و(تمیم الداری) و (معیم)ی برای و چواری تریش هاتبوون بۆ لای، پرسیان پێکردبوو بۆ ئەوەی زەوییان لە شام پێببەخشێت، پێی گوتوون: چیتان دەوێت بیڵێن، ئەبوو هند دەڵێت، هەڵساین بۆ ڕاوێژکردن بۆ ئەوەی چ زەوییەک وەربگرین، تەمیم گوتی: داوای (بیت ئەلمقەدس) و دەشتایییەکانی دەکەین.ئەبووهند گوتی: ئەوە شوێن موڵکی عەجەمە و دەبێتە موڵکی عەرەب، ترسا کە ئه‌وه‌یان نەدەنێ. تەمیم گوتی: داوای (بیت جیرون) و دەوروبەرەکەی دەکەین. ڕۆیشتن بۆ لای پەیامبەری خودا و پێمان گوت. ئەویش داوای پارچەیەک پێستی کرد و ئەمەی لە سەر نووسی: بەناوی خودای دلۆڤان، ئەم نووسینە ئەوە دەردەخات کە بەخششی محەمەد و پەیامبەری خودا بۆ دارییەکانی تێدایە، ئەگەر خودا ئەم زەوییانەی پێبەخشیم، (بیت عینون) و (جیرون) و (المرطوم) و (بیت ئیبراهیم) هەتاهەتایە پێیان دەبەخشم بەشایەتیی: عەباس کوڕی عەبدولموتەڵیب، خەزیمە کوڕی قەیس، شەرحەبیل کوڕی حەسنە. نووسراوەکەی پێدان، گوتی: بڕۆن تا ئەو کاتەی دەبیستن کۆچم کردوە، ئەبوو هند گوتی: ئێمەیش ڕۆیشتین، ئەو کاتەی بۆ مەدینە کۆچی کرد، ڕۆیشتین بۆ لای بۆ ئەوەی نووسراوێکی تازەمان بۆ بکات. ئەمەی بۆ نووسین: بەناوی خودای دلۆڤان، ئەمەیە کە محەمەد پەیامبەری خودا بە (تەمیم الدری) و هاوەڵانی بەخشی، له‌ (بیت عینون) و (جیرون) و (المرطوم) و (بیت ابراهیم) بە سەرجەم پاشکۆکانییەوە بە شێوەیەکی یەکلایی و هه‌تاهه‌تایی پێم به‌خشین و بۆ ئێوە و میراتگرەکانتانه‌، ئەوەی ئازارتان بدات ئازاری خودای داوە، بە شایەتیی: ئه‌بووبکری کوڕی ئه‌بی قه‌حافە، عومه‌ری کوڕی خه‌تاب، عوسمان کوڕی عه‌فان، عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالب و موعاویەی کوڕی ئه‌بی سوفیان.
(أنطی) زمانی یەمەنییە لە (أعطی)یەوە هاتوە، واتە پێی دا (پێیبەخشی) کە لە قسەی عامیەتی یەمەنییەکاندا تائێستایش بەکاردێت، عینون و جیرون لە سەر ئەرزی شامن و لە سەر (المرطوم و بیت ئیبراهیم) ڕانەوەستان، ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت خەلیل لە نزیک (بیت المقدس) و لە کتێبەکانی السیرە نەگەڕام کە لە جێبەجێکردنی ئەم نووسراوە لە پاش گرتنی شام چی بوە، ئایا (دارییه‌كان) ئەو شوێنانەیان وەرگرتوە یان نا. حکوم لە سەر ئەم مەسەلەیە وەک ئەوە وایە حکوم لە سەر ماسییەک بدەیت کە لە ئاودابێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە نیشانەی بەهێزیی باوەڕبوونی پێغەمبەر بە گەییشتن بە ئامانجەکەی پیشاندەدات، وەک دەردەکەوێت.