Mustafa-Barzani

كارۆخ عوسمان: بت و سەنەمەكانی وڵاتی من.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم وڵاتەی ئێمەدا؛ (شكاندنی بتەكان سەدجار لە وشیاركردنەوەی بت پەرستان ئاسانترە). حەپسەخان
لەدەھۆك؛ چەند ساڵێك لەمەوبەر گەنجێك بەشۆفێری تاكسیەكە دەڵێت: (لالی ڤێ سەنەمێ دێھێم خارێ).
مەبەستی لای پەیكەرەكەی مەلا مستەفای بارزانی بووە.
دوای دابەزینی كابرای گەنج، شۆفێری تاكسیەكە پەیوەندی بەئاسایشی پارتیەوە دەكات و ئەو قسەیەیان پێڕادەگەیەنێت، تەنھا بۆ ئافەرینێك و چەند دە ھەزاریەكی سەوزی دزراو.
جەماعەتی ئاسایش بەشۆفێری تاكسیەكە دەڵێن: تاقیبی گەنجەكە بكە، تا ئێمە دەگەین.
بەكورتی، ئەو گەنجە لەناو ماڵەكەی خۆیدا دەستگیر دەكرێت، بەلێدان و تەعزیبێكی زۆرەوە ٦ مانگ بەبێ سوئال و جواب، بێ ئەوەی دادوەرێك قەراری بۆ دەربكات دەیخەنە زیندانێكی تاریك و تروك.
دوای ئەوەش بەتەكلیف و دەیان واستەو گفت و بەڵێننامە بەری ھەڵەدەن.
ئینجا ببینن، بەقەد ھەموو ڕەسمەكانی كەمال ئەتاتورك لەتوركیا ڕەسمی چەند سەرۆك حزبێك لەم ھەرێمە بچكۆلەیەی ئێمەدا ھەیە.
وەك بڵێی دەوڵەتێكی وەك ئەمریكایان بۆ كوردان دروست كردبێت.
بەعزێكیان بوون بەئەدرەسی دۆزینەوەی شوێنەكان.
ڕێك وەكو بت و سەنەمەكانی سەردەمی جەھالەت دەپەرسترێن.
ئاخر وەرن لێڕامێنن ئاخۆ ئەوانەی كەئێستا بت و سەنەمیان بۆ دروست كراوە یاخود ڕەسمیان ھەڵواسراوە بەتاق و دیواری شارەكاندا چ خزمەتێكی ئەم خاك و خەڵكەیان كردووە؟
جگە لەنەھامەتی و گەندەڵی و ترۆری كەلتورو فكرو جەستە چیتریان كردووە ئاوا بونەتە جێگەی پەرستش؟
خۆ لەسەردەمی ئەوانەی سەنەمیان بۆ دروستكراوە خەڵكی ئەم وڵاتە زیاتر توشی نەگبەتی و دەردی سەربوونە نەك سەردەمی تاك دكتاتۆر، ئێستا خاوەن سەنەمەكان بەدارودەستەكانیانەوە دكتاتۆرن، واتا وڵاتیان بەرەو فرە دكتاتۆری برد نەك خۆشگوزەرانی.
جا سەیركەن، بەھۆی ئەم نوسینەی من سەدان بتپەرست دەكەونە وێزم و تەشھیرو تەخوینم دەكەن، ئەوانەی ملكەچی بت و ئەولادە دكتاتۆرەكانی دوای بتەكانن، بۆیە شكاندنی بت و سەنەمی دكتاتۆرەكان ئاسانترە لەوشیاركردنەوەی بت پەرستەكان.
ئاخر شكاندنی بتی مەلا مستەفاو لموزی ئەولادەكانی بەچەند ڕۆژێك دەكرێت, بەڵام ئەوەناكەین چونكە عنف لەزھنیەتماندا نیە, بەڵام وشیاركردنەوەی ئەوانەی دوای ئەو سەنەمە كەوتوون قوڕسە بەقەد قوڕسی كۆڵینی كێوی بێستون، ئەوەی ڕوودەدات وەكو خۆر دیارە بەڵام ھێشتا بتپەرست ھەن كە چاویان دەنوقێنن.
بەعزێكیتر بەئارەزوو بونەتە عابیدی ئەولادەكانی پەرستێوی ماڵباتی بەقاڕوون بووی تاڵەبانی، كاتێ پێیان دەڵێی؛ ئەوانە فێڵبازن و لەگەڵ گورگ گۆشت دەخۆن و لەگەڵ مەڕ شین دەگێڕن ئەو بەعزەیان وەكو ھار لێت دێنە دەست و كوڵی مەستی حەماسەتی فێڵ لێكراویان بەسەرتدا ھەڵدەڕێژن.
بۆیە بت شكاندن ئاسانترە لەئازادكردنی بتپەرستە جۆشخواردووەكان.
خۆ كە پێشیان بڵێی؛ ئەو بتانە ھۆكاری دەردەسەری ژیانی ئێوەن ڕاستەوخۆ سەری ڕەزامەندی دەلەقێنن بۆ بت و سەنەم و ھەڵگرانی شیعاری بتە پەرستێوەكان.
ئەوەیە تەفروتونابوونی كەلتوری كۆمەڵگەی ئەم وڵاتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت