پشکۆ ناکام: دۆمینە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ حیزب و گروپە سیاسیەکانی هەرێم بوون بە ژووری بازرگانی و دەیان جۆر ( صفقات ) ی بازرگانی لە نێوان( نوخبە)یەکا دابەش ئەکرێ، ئەو نوخبەیەی ئیتر تورەکەی ناوەکان هەزاران ناویشی تیا، هەر بە سودفە ئەوان دەرئەچنەوە!. هەر بە سودفە.! جگە لەوەش فێری ئەوەبوون خواخوایانە کەسێک، نەفەرێک، زەلامێک لە پەنایەکەوە فەزیحەیەکیان بخاتە ڕوو، بە پەلە شکاتی دادگایان لێ ئەکەن بە ناوی ناوزڕاننەوە داوای قەرەبوویەکی شەش حەوت سفری ئەکەن، بۆ؟ کاکم شەخسیەتی شکاوە و درۆی بە ناوەوە کراوە.! ئەوان دەیان ساڵە درۆ لەگەڵ خەڵک ئەکەن و بازرگانی بە دەنگیەوە ئەکەن، هیچ پێیان عەیب نیە ، کە ئەوان باسی شەخسیەت شکانن ئەکەن ئەوەنە شەخسیەتی خەڵکیان شکانوە و بە ناوی میللەتەوە درۆی وایان کردوە. ئەبێ خەڵک گەر سكاڵا لەسەر ئەو پارلەمانتار- بازرگانانە تۆمار بکات ئەوە بە ژمارەی دەپانزە سفریش نەجاتیان نابێ. لەم ڕۆژانەیا دەرچوویەکی قوتابخانەی قوڕەیش کە ئەیەوێ سیستەمی سیاسی هەرێم بە سەرمەوقولات بگۆڕێ و دوای ئەوەی وەک” حاسیبە ” بازاڕی کزبووە و کەمتر باسی زەڕب و زائید و تەقسیم ئەکات، پاش ئەوەی چەن موڵکێکی لە ڕێی بازرگانی/ سیاسییەوە کەوتۆتە ڕوو، لەشی کەوتۆتە خوران بڕیاری یاوە هەرکەس باسی موڵکەکانی بکا ئەبێ پارەیەکی پارەیەکی زۆری شەش سفری باتێ وەک قەرەبووی ئەو بەسزمانە.! جا بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیش سوێندی بە حیجاب خواردوە کە ئەو پارەیە بە نەخۆشخانە ئەبەخشێ، بەڵکو لەم ڕێگەیەوە خەڵک بڵێن پیاوی چاکە و چەن دەنگێک بۆ خۆی بکاتەوە. فەزیحە بازرگانیەکانی پارلەمانتاران ئاشکران، بەڵام بەجۆرێکیان لێهاتوە وا سەرو بن کراون بە دەیان نێت و ساختەچێتی یاسایی شاردراونەتەوە و مەگەر دادگاکان دووسێ مانگ پشوو وەرگرن هەر بە دوای موڵکەکانی ئەو پارلەمانتارە/ بازرگانەیە بگەڕێن و هەر شتێکیش کەشف بێ ئەڵێن: ئەوە کەیسە بە سیاسی کراوە و بۆ دژایەتی حیزبەکەی ئەو بەکار ئەهێنرێت ووردە ووردە ئەبێ بە ” ڕابردوو”!.
سەیرم لێیەت پارلەمانتارێکی گەندەڵی بازرگان بە دەنگ و ویژدانی خەڵکەوە، ئەبوایە لەبری ئەو هەموو درۆیانەی کردوونی، ئەو هەموو بەڵێنانەی دوای هەڵبژاردنەکان فش ئەبنەوە، لەبری ئەو یاری کردنە بە هەست و عەواتیفی خەڵک لەڕێی دروشمە ناوی بێ ناوەڕۆکەکانەوە، لەبری ئەو ساختەکارییانەی کراوون تا کاکی پارلەمانتار کاندید بکرێتەوە ..و. و.. لەبری …. و.. ئەبێ خەڵک و میدیاکاران ئەوان بەن بە دادگا لەسەر هیچ نەبێ لەسەر بەکارهێنانی دەنگی خەڵک بۆ بازرگانی و خۆ دەوڵەمەن کردن.
بەڵام کەسێ بە هۆی پارلەمانەوە بازرگانی بکا، بەناوی خوا و ڕیشەوە پارە کۆبکاتەوە، لە باسی ویژدانا مێش میوانی نیە و وا ئەزانێ باسی دۆمینەی بۆ ئەکەیت….!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت