جیهاد موحەمەد: تاوانێک دەرهەق بە پەپولەیەک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چ وەحشەتگەریەکە کوشتنی تۆ، چ دڵڕەقی و بێ ویژدانیەکە خوێنهێنان لە تۆ، چ تاوانێکی گەورەیە سڕینەوەی ژیانی تۆ.
بە راستی کوشتنی تۆ(ڕۆزا خان) ئازارێکی گەورە بوو، ئەزانم چەند دڵپاک و بێگەرد بوویت، ئەوەی تۆی ناسیبێت ترساوە لە دڵپاکییەکەت، بەڵام خۆ بۆ ئێمە نەبوو ئاگادارت کەینەوە لەو دڵپاکییەت و پێت بڵێین گەلە گورگی پیاوان زۆرن، چونکە زۆر نەماندەناسیت، لەوانە بوو ئەو ئامۆژگارییەمان نەک لێ قبووڵ نەکەیت بەڵکو دڵگرانیش بیت لێمان.
هەر ئێستا خانمێکی بەڕێز تەلەفوونی بۆ کردم و ئەم هەواڵە دڵتەزێنەی داپێم، پێشی وتم، وەک ژنێکی ناسیاو و هاوڕێت پڕکێشی کردووە و بۆ چەندین جار تۆی جوانەمەرگی ئاگادارکردۆتەوە لە دڕندەیی پیاوە چەپەڵ و چەقۆوەشێنەکان، بەڵام بەداخەوە وەک دەڵێن و من تۆم زۆر نەناسیوە، تۆ هەر بۆ ساتێک گوێگربوویت و دواتر هەموو ئامۆژگارییەکانت فەرامۆش کردووە.
کوشتنی تۆیەکی دڵساف و بێگەرد، تۆیەکی بێ گوناح و پاک و خاوێن و دوور لە هەموو دزی و گەندەڵیەک، تاوانێکە هێندەی تاوانی لە سێدارەدانی کاکە ڕامین حسین پەناهی و کاکە زانیار و لوقمان مورادی، هێندەی تاوانی موشەکبارانکردن و شەهیدکردنی پێشمەرگەکانی دیموکرات، هێندەی تاوانی کڕین و فرۆشتن بە کچ و ژنە ئێزیدیەکانەوە.
تاوانی خوێنڕشتنی کەسێکی بێ تاوان و، تاوانی دەیان کەس و سەدان کەس وەک یەک وایە و جیاوازی نییە.
ئەوەی من لە دوورەوە، تۆم ناسیوە، هیچت نەدەزانی جگە لە پێکەنین، جگە لە دڵسافی، جگە لەوەی کە دڵی خۆت بۆ هەموو کەسێک دەکردەوە، تۆ دەبوایە دڵی خۆت تەنهان بۆ پەپولەکان بکەیتەوە نەک بۆ مرۆڤە دڵڕەقەکان، تۆ دبوو لەگەڵ گوڵەکاندا بژیاییتایە نەک لەگەڵ مرۆڤی بێ ویژدان، تۆ دەبوو لەگەڵ تنۆکە بارانەکاندا گفتوگۆت بکردایە نەک لەگەڵ مرۆڤە چەپەڵەکان، تۆ دەبوو تەنها دەرگا و پەنجەری ماڵە خنجیلەکەت بۆ گوێگرتن لە جریوەی چۆلەکەکان بخستایەتە سەرپشت نەک بۆ گوێگرتن لە قسەی باق و بریقی مرۆڤە بێ ئابڕووەکان، تۆ دبوو تەنها لە گەڵ تەنهاییدا بژیاییتایە و نەفرەتی هەتاهەتایی لە مرۆڤی دڵپیس بکەیت، تۆ دبوو بوکی ڕازاوەی ئەوروپا ڤێننای پایتەختی نەمسات بەس بوایە بۆت، تۆ دبوو کچ و کیژۆڵە هەست ناسکەکانت لە ئامێز بگرتایە نەک پیاوی مێشک پووت و ویژدان داڕزاو، تۆ دەبوو کچە گەریلایەک بویتایە بە قەدپاڵی قەندیلەوە، یان وەک دەستەخوشکەکانت لە کۆبانی لە جیاتی لە ئامیزگرتنی پیاوێکی دڵ ڕەق تفەنگێک لە شانتا بوایە.
کچە دڵساف و بێگەردەکە، هەرچەند زۆر نەمدەناسیت وەلێ بەڕاستی کوشتنی تۆ بوو بە ئازارێک بەرمنادات، ئەو تووندوتیژیە بێ ویژدانییەی بەرامبەر تۆ کرا هێندەی تر ڕقی ئەستورکردم بەرامبەر بە پیاوی دڵڕەق، بەرامبەر بە هەموو نێرسالاری و پیاوسالارییەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت