Imad-Ali-003

عیماد عه‌لی: ئه‌گه‌ری دۆڕانی كورد له‌ یاریه‌كه‌ی به‌غدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌وه‌ی زۆر قازانجی بۆ كورد بوو، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوتله‌ سیاسیه‌ براوه‌كانی عیراق له‌ژماره‌ و قه‌باره‌دا له‌ده‌رئه‌نجامدا له‌یه‌كتر نزیكبوون له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا و كوتله‌ی گه‌وره‌ی جیاواز له‌وانیترده‌رنه‌كه‌وت. بۆیه‌ یاریه‌كه‌ی ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م خوله‌دا ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان دروست بێت یان به‌هه‌مان به‌شبه‌شێنه‌ی پێشتر بروات، ئه‌مه‌ش له‌ ئامانجه‌كانی ده‌سترۆیشتوانی وڵاتانی‌ هه‌رێمی جیهانیه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ك قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كه‌ كه‌ به‌دڵیان نه‌بوو، به‌ دروستكردنی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بتوانن به‌ زاڵی بمێننه‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت رۆشنبیری و فه‌لسه‌فی گه‌لانی عیراقه‌وه‌. ئه‌گه‌ر كورد به‌ یه‌كگرتوویی و دوور له‌ هه‌ندێگ به‌رژه‌وه‌ندی بجوڵێته‌وه‌ ( كه‌ له‌وباوه‌ره‌دام به‌م كاره‌كته‌رانەوه‌‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت) ئه‌وه‌ براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت و ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌و دوو پێكهاته‌كه‌ی تر كێبركێی حزبی بكات، ئه‌وه‌ دۆراوی یه‌كه‌م ده‌رده‌چێت و له‌وان زیاتر زه‌ره‌ده‌كات نه‌ك وه‌كو ئه‌وانیتر نه‌ دۆراو نه‌ش براوه‌ بیت، بۆ؟
ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو بێت و پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر هاوپه‌یمان بن، له‌ هه‌موو بریاره‌كان به‌ هه‌ستیاره‌كانیشه‌وه‌ ده‌بنه‌ هێلكه‌ی قه‌پانه‌كه و ئه‌توان سه‌رجه‌م پرسه‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و، وه‌ك ئه‌وه‌یان لێدێت كه‌ به‌ ناراسته‌وخۆ حوكمی عیراق بكه‌ن. یه‌كگرتوویی كورد بۆ پرسی نێوخۆیی و چاره‌نوسی دورمه‌وداش به‌ر‌دێكی بناغه‌یی ده‌بێت. به‌ڵام گه‌ر په‌رته‌وازه‌ بن و به‌ دوو دید و بۆچون یان زیاتر برۆن، ئه‌وا به‌هه‌مان وه‌زعی سونه‌ و شیعه‌، ئۆپۆزسیۆن و دسه‌ڵاتیان لێ دروست ده‌بێت و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌روه‌كو پێكهاته‌كانی تر دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا و، هیچ قورساییه‌كی تایبه‌تیان نامێنێت و به‌هه‌مان بارودۆخی پێشتر ده‌رۆن به‌رێوه و ته‌نانه‌ت خراپتریش‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رلمانی عیراق و مه‌سه‌له‌ی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار و ئه‌گه‌ری له‌ ئارادا بونی دووكاندیدی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ كورد له‌و ئاسته‌دا‌نیه‌ بتوانێت له‌م قۆناغه‌ ئامانجی حزبی بكاته‌ قوربانی ئامانجی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵك چ ئومێدێكیان پێ بمێنێت.
دابه‌شبونی عیراق به‌سه‌ر دوو دید و روانگه‌ و پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆن و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ پشكداری گه‌وره‌ترین خاڵی یه‌كێتی و یه‌كبونی خاك و ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری عیراق ده‌بێت و ئه‌وه‌ی له‌م بۆچون و ره‌فتاره‌ ی به‌ نیازن له‌ عیراق به‌رجه‌سته‌ بكرێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌شدار بێت ده‌بێت له‌ دووباره‌ لكاندنه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ عیراق به‌ زه‌لیلی و ژێرده‌سته‌ییه‌كی زیاتر و به‌هێزتره‌وه‌ خۆی بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو خۆی له‌ سه‌ره‌تای گه‌رانه‌وه‌ بۆ پاش ساڵه‌كانی بیستی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌بینێته‌وه‌.
له‌م رۆژانه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دوكه‌ڵه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی په‌رله‌مانی عیراق و نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی له‌ دیاریكردنی كاندید بۆ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و سه‌رۆكی عیراقیش ده‌ركه‌وت وئێستاش ئه‌و ململانێیه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك كۆمار له‌ نێوان هه‌ردوو حزبی زلهێز له‌ ئارادایه‌، كه‌ ترسناكیی زۆر گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و، لاف و گه‌زافی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌خاته‌ ژیر پرسیاره‌وه‌. له‌م‌ مانگه‌دا زۆر شتمان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ و عه‌قڵیه‌تی كوردیشمان به‌یه‌كجاری بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ تاچه‌ند بیریان له‌ ستراتیجیه‌ت و ئامانجی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان كردۆته‌وه‌، یان واده‌رۆن كه‌ به‌ناچاری ده‌بێت دووباره‌ بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ خاڵی سفری چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.‌