محەمەد بەرزی: مـەغــدیــد.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مەغدید لە گوندێکی ئاوەدانی نیشتمانە ژێردەستەکەماندا، جوتیارێکی چاپوک و چالاکی لاو بوو. ئەوەندە شارەزا و حەزی لە پیشەکەی خۆی بوو، لەسەر هەر بستە زەوییەک، گەڵا توورێکی بەرچاو بکەوتایە، ڕێک دەیزانی بنکەکەی توورێکی گەورەیە، یان بچووک . شیرینە، یان توون . سورە، یان سپی . ئەم هونەرەشی پشتاوپشت لە باوک و باپیرانییەوە بۆ هاتبووە خوارەوە. ئەو بە ئارەقی ناوچەوانی و هێزی بازووەکانی، گوزەرانی ڕۆژانەی خۆی و خێزانە بەختیارەکەی دابیندەکرد. هەرگیزاو هەرگیز دەستە زبر و ماندووەکانی لە هیچ کەسێک پان نەکردبۆوە و شای بە سەپان نەزانیبوو. بەڵام شاڵاوی خوێناوی ئەنفال و سیاسەتی وێرانکاری بەعس، گوندەکەیانی کاولکرد و سەراپا ژیانی خێزانە سەربەرزەکەیان، بە یەکجاری شێوا و بە پەلەپڕوزکێ خۆی و خێزانەکەی، لە کۆمەڵگایەکی زۆرەملێدا و بە هەزار حاڵ جێگایان بۆوە.
لەو کۆمەڵگا پۆخڵەدا ژیانیان بە تەواوی تێکچوو. ئەگەر یارمەتی خەڵکە بەشەرەفەکەی نەبووایە، حاڵیان شڕبوو، چونکە مەغدید کەسێکی نەخوێندەوار بوو، جگە لە جوتیاری کارێکی تری نەدەزانی. بۆیە هەموو خەون و خولیایەکی، تەنها ئەوە بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەڕێتەوە بۆ گوندە جوانەکەی خۆیان و دەستبکاتەوە بە کێڵانی زەوییە بە پیتوبەرەکەتەکەی و سەرلەنوێ کووزەکان بۆ بەرخ و کاریلەکانی دروستبکاتەوە.
ژیانی کولەمەرگی مەغدید بەردەوامبوو، تا ئەو ڕۆژەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان، ڕژێمە خوێناوییەکەی بەعسی ڕاماڵی. ئەو ڕۆژە کەس وەک مەغدید دڵی شاد و گەش نەبوو، لە خۆشیاندا هەموو گیانی پێدەکەنی و قاچەکانی بەر زەوی نەدەکەوت، ئاخر خزمێکی نزیکی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ڕاپەڕین، کە چەندین ساڵبوو پێشمەرگە بوو. لەوانەبوو یارمەتی بدات و ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ئاسان بکات، هەر بۆیە کە حکومەتی هەرێم دامەزرا، مەغدید بە پەرۆشەوە خۆی گەیاندە خزمەکەی، بە هیوای ئەوەی کۆمەکی بکات و بە گوندە کاولەکەیانی شادبکاتەوە. جا ئەویش لە جیاتی ئەوەی هاوکاری بکات و ڕێگای گەڕاندنەوەی بۆ ئاسان بکات، کەچی بە نامەیەکی کورتەوە ناردی بۆ کارگەیەکی گەورە، کە لە دوای ڕاپەڕینەوە تاڵان و لە کار کەوتبوو.. مەغدید نامەکەی گەیاندە کارگەکە، هەر ئەو ڕۆژە بە بێ ئەوەی داوای پێناسە و ڕەگەزنامەی لیێ بکەن، بە ناونیشانی پاسەوان دامەزرێنرا و بوو بە مووچەخۆری حکومەتە بێ پلانە ساواکەی هەرێم. لەبەر خاتری خزمەکەشی، نە دەوامیان بۆ دانا، نە تەنها ساتێکیش پاسەوانی کرد. هەموو سەری مانگێکیش مووچەی خۆڕایی خۆی دەخستە تەنکەی باخەڵێیوە و بە تەواویش ڕێگا و ڕووگەی گوندە وێرانەکەیانی لەبیرچۆوە و بوو بە مووچە خۆری بندیوار، ئەمەش سەرەتای کاولکردنی وڵات بوو.
مەغدید تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس مێش میوانی نەبوو. بەڵام کە میستەر برێمەری حاکمی ئەمەریکایی سیستەمی نوێی مووچەی بۆ عیراق دانا و مووچەی کارمەندانی پلە یەکی گەیاندە سێ ملیۆن دینار و بەرەوژوور، کێچ کەوتە کەوڵی و جارێکی تر خۆی گەیاندەوە خزمەکەی و نامەی دووەمی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان هێنایەوە. لەو نامەیەدا بە خەتێکی ناشیرین نووسراو بوو: ( ناونیشانی مەغدید بەرزبکەنەوە بۆ کارمەندی پلە یەک و بیکەن بە بەڕێوەبەری گشتی پاسەوان !! ). ئەوە یەکەمجار بوو ناونیشانی وا سەیر ببیستم. ئەم داوایە وەک گابەردێکی گەورە بەر سەرە سپییەکەی بەڕێوەبەرەکەمان کەوت، وا پەشۆکا ئاگای لە خۆی نەما . ئاخر ناهەقی نەبوو، چونکە خۆی زیاتر لە بیستوپێنج ساڵ خزمەتی هەبوو، هێشتا کارمەندی پلە دوو بوو، سەرباری ئەمەش چەندین سەرۆک ئەندازیاران و بەڕێوەبەری هونەری و کارگێری لەو کارگەیەدا بوون، هێشتا هیچیان نەکرابوون بە پلە یەک، کەچی ئێستاش داوای لێدەکەن نووسراو بۆ کاکە مەغەی نەخوێندەوار بکات، تا بکرێت بە بەڕێوەبەری گشتی پاسەوان و فەرمانبەری پلە یەک!. کە ئەوەم بینی دنیام لەبەرچاو تاریکبوو، وەزیفەشم وا لەبەرچاو کەوت، هەر بۆیە بە جارێک وازم لە کارەکەم هێنا و ببڕای ببڕای سەرم نەکردەوە بەو کارگەیەدا و ئاگاشم لە دەنگوباسی مەغدیدیش نەما.
پاش چەند ساڵێک لەبەردەمی دوکانێکی سەوزەفرۆشدا، مەغدیدم بینی، لە مۆنیکایەکی سپی تازە دابەزی و تەماتە و تووری ئێرانی دەکڕی. ئەوەندە پۆشتەوپەرداخبوو، لەوە نەدەچوو ڕۆژێک لە ڕۆژان جوتیار بوو بێت. دەستو سوکانەکەی و سمێڵ و قژە ڕەشکراوە تۆخەکەی، وایان نیشاندەدا، بەڕێوەبەری گشتی پاسەوان، یان خانەنشینکراوی پلە یەک بێت!. لەو ڕۆژەوە هیوام بەو لایەنانە نەماوە، کە کەسانی وەک مەغدیدیان فێری تەمەڵی و مووچەی خۆڕایی و سەوزە و تەماتەی ئێرانی کرد و نەیانهێشت بناغەی دەوڵەتێکی یاسایی بۆ خۆمان و نەوەکانی دواڕۆژمان دابمەزرێنیین. هەر بۆیە ڕۆژی ( 25 -07 – 2009 ) ، کە بەرەو بنکەی دەنگدان دەڕۆیشتم، تا لیست و سەرۆکێک بۆ خۆم هەڵبژێرم، بە درێژایی ڕێگا بیرم لە دواڕۆژی میللەتەکەمان و خوێنی پاکوبێگەردی هەزاران هەزار شەهید دەکردەوە، ئەو ساتەشی بە تەنها لە کابینەکەدا وەستابووم و دەمویست دەنگی خۆم بخەمە سەر فۆڕمی هەڵبژاردنەکە ، کەللەی زلی مەغدید و قژ و سمێڵە ڕەشکراوە قەترانییەکەی و ئەو دوو نامەیەم هاتەوە بیر، بۆیە بە ویژدانێکی پاک و باوەڕێکی نەگۆڕەوە، نە دەنگم بەو لیستەدا، کە هەزاران کەسی وەک مەغدیدی شارەزا و چاپوک و چالاکیان لە جوتیاری خست، نە بە سەرۆکەکەشی، کە لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕەبەقدا، نەیتوانی قردێلەی باخچەیەکی ساوایان، لە هەڵەبجە شەهیدەکەی سوورە گوڵەکەی سلێمانیدا بکاتەوە، کە بە درێژایی مێژوو، قەڵای بەرزی شەرەف و سەنگەری سەختی کوردایەتی و بەرگری و بەرخۆدان بووە.

*****
تێبینی : ئەم نووسینە ساڵی 2009 لە هاوڵاتی ژمارە ( 555 ) دا بڵاوکراوەتەوە. حاڵی ئەو ڕۆژەمان هەزارجار لە ئەمڕۆمان باشتر بوو، نە تورکیا و ئێران بۆمبابارانیان دەکردین، نە بازگەی حەشدی شەعبیش لە پردێ و قەرەهەنجیر یەخەیاندەگرتین، نە کۆمەڵگاکەشمان وا شەکەت و شێواو بوو. ئەوەی ئەمڕۆش دەنگ بەو حیزبە خۆسەپێنەرانە بدات، ئەوا بە دەستی خۆی وڵات و میللەتەکەمان ڕووبەڕووی نەهامەتی گەورەتر دەکاتەوە.