عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: گۆڕان لە ماوەی یەک ساڵی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان چیکرد، و چی گۆڕی؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئێستا لەهەرێمی کوردستان هاوڵاتیان و پارتەسیاسیەکان سەرقاڵی بانگەشەو خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە لە 30- 09- 2018 بەڕێوەبچێت.
دەستپێکی خولی چوارەم کەدەکاتە ڕۆژی سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی خولەکە لە 06- 11- 2013 بوو، بەڵام هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەهۆی ململانێ و ڕێکنەکەوتنی لایەنەسیاسیەبراوەکان کەوتە 29- 04- 2014 واتا دوای زیاتر لە 6 مانگ بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ئینجا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، و دواترودوای ڕێککەوتنی لایەنەبراوەکانی هەڵبژاردن پێکهاتەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کەهەڵبژێردران بریتی بوون لە دوکتۆر یوسف محەمەدسادق سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، دوکتۆرجەعفەر ئیبراهیم ئیمینکی جێگری سەرۆک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەخرەدین قادرمارف سکرتێری پەرلەمان لەپشکی کۆمەڵی ئیسلامی.
کارکردنی پەرلەمانی کوردستان گەر لەوساتەوەی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا تا ئەو ڕۆژەی خوێندنەوەی یەکەم بۆپڕۆژەکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا، ئیتر لەو ڕۆژەوە واتا لە 23- 06- 2015 وە بەناڕاستەوخۆیی پەرلەمانی کوردستان پەکخرا و ڕێگری و کۆسپی زۆر بۆ بەڕێوەچونی کارەکانی دروستکران، چونکە دەستبرا بۆکورسی سەرۆکی هەرێم، تائەوکاتەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو بەبڕیارێکی تاکە کەسی و حیزبی لە 12- 10- 2015 بەتەواوی کڵۆم لەدەرگاکەی دراو ڕێگەلەسەرۆکەکەی گیرا تەنانەت بشچێتە شاری هەولێر.
لێرەدا مەبەستمە هەندێ لەو گۆڕانکاری و کارانەی کە تەنها لەماوەی ساڵێکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا کەسەرۆکەکەی لەپشکی گۆڕان بوو کران بیانخەمەڕوو، هەڵبەت نابێت ڕۆڵی بەرچاوی سکرتێری پەرلەمانیش لەبەرچاونەگیرێت لەو گۆڕانکاری و کارانەدا.
بۆیە ئاماژە بەهەندێ لەو گۆڕانکاریانە دەکەین کەکراون و کەسیش ناتوانێت نکوڵیان لێبکات، چونکە هەمووی لەپڕۆتۆکۆلی پەرلەماندا پارێزراون و ماون، لەوانەش؛
A- پەرلەمانی کوردستان لەو ساڵەدا ببوە پەرلەمانی هەموان بەشێوەیەک کوردانی باکور، باشور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا بەپەرلەمانی خۆیانیان دەزانی و دەرگای واڵاکرابوو بۆ هەموان و لەپێشوازی هەموانیشدا بوو بێ جیاوازیکردن.
B- سێ لیژنەی گرنگ و پێویست بۆ لیژنەهەمیشەییەکانی پەرلەمان زیادکران کەبریتی بوون لەلیژنەکانی ( پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی، ناوچەدابڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لیژنەی کاروباری پەرلەمان تایبەت بەبەدواداچونی هەمووکارەکانی پەرلەمان ) جگەلەوەش بۆدروستکردنی پردێکی بەهێزی پەیوەندیکردن لەنێوان پارێزگای کەرکوک و پێکهاتەکانی ناوی لەگەڵ پەرلەماندا نوسینگەیەکی پەرلەمان لەو شارەدا کرایەوە.
C- برەودان بەکاری تیم ووەک یەک سەیرکردنی فراکسیۆنەکانی نێوپەرلەمان کەژمارەیان 17 فراکسیۆن بوو ، هەروەها خستنەبەرنامەی کاری پڕۆژەکانی فراکسیۆنە جیاوازەکان بەپێی پێویست.
D- بەکراوەیی هێشتنەوەی هەموو دانیشتنەکانی پەرلەمان تاکو خەڵکی ئاگاداربن لەنێو هۆڵی پەرلەماندا چی دەگوزەرێت و چ پڕۆژەیەک گفتوگۆی لەسەردەکرێت، تەنانەت هەوڵیشدرا تاکو کۆبونەوەی لیژنەجیاوازەکانی پەرلەمانیش کە 22 لیژنەبوو بەکراوەیی بێت و ڕۆژنامەنوسانیش ئازادبن لەئامادەبونی کۆبونەوەکان.
E- فراکسیۆنی گۆڕان یەکەمین فراکسیۆن بوو کەبەفەرمی و بەواژۆی سەرجەم ئەندامانی لەگەڵ سەرهەڵدان و قوڵبونەوەی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرو موچەخۆران داوای بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی کرد کەلەپشکی گۆڕانیش بوو لە 06- 09- 2015دا لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەڵام لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە ڕێگیری لێکراتاکو بێتە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان .
F- بەبەراورد بەخولەکانی پێشوو تەخشان و پەخشانکردنی پارە بەڕێژەی 75 ٪ وزیاتریش کەمکرایەوە،و لەبری کڕینی ئوتومبێلیش بۆ پەرلەمانتاران ئەو پارەیە درایە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی دەستی گروپی تیرۆریستی داعش، وبۆ خانەوادەی هەرشەهیدێک بڕی 2,000000 دووملیۆن دینار دیاریکرا بۆپێدانیان.
G- لەو ماوەیەدا 707 پرسیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران ووەزارەت و دەستەکانی حکومەتکران کەزیاتر لە 200 پرسیاریان لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانەوەکراون، و لەو 707 پرسیارە 560 پرسیاریان وەڵامەکانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران، ئەمەجگە لەوەی کەهەرلەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانەوە دەیان یاداشت و پڕۆژە دراوەتەحکومەت تاکو کارییان لەسەربکات، و چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیاریش دراونەتە دادگاکان و دەستەی دەستپاکی ولایەنەکانی تری پەیوەندیداربۆ لێکۆڵینەوە.
H- لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا 8 جار وەزیری وەزارەتە جیاوازەکان بانگهێشتکراون و ئامادەبوون، و 35 جارییش وەزیر بانگهێشتی لیژنەجیاوازەکانی پەرلەمان کراون. جگەلەئامادەبونی ئەنجومەنی هەرێمی بۆنەوت و گاز بۆپەرلەمان و لیژنەپەیوەندیدارەکان.
I- خوێندنەوەی یەکەم بۆ 147 پڕۆژەیاساوبڕیار کراوە، 18 یاسا دەرچوێنراوە کەیاسای گرنگ و پێویست بوون لەوانە ( یاسای کوردستان بو سندوقی داهاتە نەوتی وگازییەکان ، یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەلەهەرێم، یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، یاسای بودجەی پارتەسیاسیەکانی هەرێم، یاسای نوسینەوەی دەستوری کوردستان بۆڕاپرسی و… هتد.) ئەمەجگە لەدەرکردنی 37 بڕیاری گرنگ لەوانەش بڕیاری ژمارە 19 کەتایبەت بوو بەهاوتاکردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەهێزەکانی ناوخۆ، بڕیارەکانی ژمارە 24، 25 کەتایبەت بون بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و داننان بەکانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
Jــ دەستبەکاربونی لیژنەی نوسینەوەی دەستورو نوسینەوەی بەشێکی زۆری دەستورەکە، هەروەها دەستکرا بەهەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە چونکە لەخولی چوارو خولەکانی پێشوشدا پەرلەمان خاوەنی پەیڕەوێکی پڕلەبۆمبی توقیتکراو بوو، بەشێوەیەک پەرلەمان و پەرلەمانتارانی بەتەواوەتی کۆت و بەندکردبوو.
ئەمانە مشتێکن لەخەرواری ئەو جیاوازی وکارو گۆڕانکارییانەی کەلەپەرلەمانی کوردستاندا کران لەو ماوە کورتەدا، بەڵام پەکخستنی پەرلەمان و کڵۆمدانی دەرگاکەی جگەلەوەی عەیبەیەکی گەورەی هێنایە سەرشانی ئەو بەرپرسانەی چارەکە سەدەیەکە باس لەدیموکراسی، سەروەری یاسا، مافی مرۆڤ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەن، بوەهۆکارێکیش بۆ باڵادەستی حکومەت و بەرپرسەکانی تاکو بەخواستی خۆیان و بێ چاودێری ولێپێچینەوە کۆمەڵێک بڕیاری نایاسایی و نالۆژیکی دەربکەن کەکاری ئەوان نیە، لەوانە سەپاندنی سیستمی پاشەکەوتی موچە، زیادکردنی باج و ڕسومات، زیادبونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری و گەندەڵی و……… .
داخستنی پەرلەمان وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان لەهەرێمدا شتێکی نەهێشتەوە بەناوی ئەزمونی هەرێم وشانازیکردن پێوەی، وەکاریگەریشی کردە سەر نەمانی هاوکاریەکانی باشور بۆ ڕۆژئاواو ناوچەکانی دیکەش، وەک ئەوەی نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا (غەریب حەسۆ) لە 10- 01- 2017 ئاماژەی بۆکرد لەکاتی سەردانیکردنی چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەجیاوازەکان بۆنوێنەرایەتی ڕۆژئاوا لەسلێمانی بەمەبەستی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کانتۆنەکان لەڕۆژئاواو ڕاشکاوانە وتی ( لەوکاتەوەی پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە ، هاوکارییەکانی باشوریش بۆ ڕۆژئاوا وەستاوە )
وەکاری کونسوڵیەکانیشی قورسترکرد بەوتەی ( جانێت ئەلبێردا)ی کونسوڵی هۆڵەندا لەهەرێم کەڕاشکاوانە لەکاتی سەردانی بۆنوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان لە 15- 02- 2017 داووتی ( داخستنی پەرلەمان کاری دیبلۆماتە ئەوروپیەکانی سەختکردوە ) .
هەرگیز پارتەدەسەڵاتدارەکان نەویستویانەو نەتوانیویشیانە پەرلەمان بکەنە مەرجەعی باڵای بڕیاردان ، نەڕێگەشیان داوە پارت ولایەنەکانی تر بەوکارە هەستن وشکۆ بۆدامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەرلەمان بگێڕنەوە .
بەهیوای هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد بۆخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وکردنی پەرلەمان بەشوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەوگرفتەکان ، وەتەواوکردنی ئەو کاروهەنگاوانەی کەلەخولی چوارەمدا تەواونەکراون .

بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان