شێرزاد شێخانى: کێخواى گوندى کوردستان.

واى ده‌بينم ئايينده‌ى هه‌رێمه‌كه‌مان زۆر باش نابێت، ئه‌م بيركردنه‌وه‌يه‌‌شم له‌ره‌شبينيه‌وه‌ نيه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى زاده‌ى خوێندنه‌وه‌يه‌كى هێمنانه‌و هوشيارانه‌ى ئه‌و روداو و هه‌ڵويسته‌ سياسيانه‌يه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ روونى چه‌ندين په‌ياممان پێئه‌گه‌يه‌نن. ئاماژه‌ىكان […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

واى ده‌بينم ئايينده‌ى هه‌رێمه‌كه‌مان زۆر باش نابێت، ئه‌م بيركردنه‌وه‌يه‌‌شم له‌ره‌شبينيه‌وه‌ نيه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى زاده‌ى خوێندنه‌وه‌يه‌كى هێمنانه‌و هوشيارانه‌ى ئه‌و روداو و هه‌ڵويسته‌ سياسيانه‌يه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ روونى چه‌ندين په‌ياممان پێئه‌گه‌يه‌نن.
ئاماژه‌ىكان به‌گشتى به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئه‌ڕۆن كه‌وا پارتى وبنه‌ماڵه‌ى بارزانى خه‌ريكن هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ره‌و ديكتاتۆريه‌تى تاكحيزبى قائيدو سه‌رۆكى قوماندار ئه‌به‌ن و، ئه‌و هه‌ڵويستو لێدوانانه‌ى ئه‌م دواييه‌ى سه‌رانى ئه‌م حيزبه‌ گه‌واهى ده‌ده‌ن كه‌وا پارتى كه‌وتۆته‌ ژێر نه‌شئه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌ ته‌زويركراوه‌كه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مدواييه‌ى په‌رله‌مانى به‌غداو، ئێستاش به‌هه‌مان نه‌فه‌سه‌وه‌ خه‌ريكى خۆ ئاماده‌كردنن بۆ ته‌زويرێكى دوو هێنده‌يى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان. بۆيه‌ له‌خۆڕا نيه‌ كه‌ سه‌رانى ئه‌م حيزبه‌ باس له‌ سه‌رووى 40 كورسى په‌رله‌مانييه‌وه‌ ئه‌كه‌ن بۆ حزبه‌كه‌يان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا. با به‌وردى سه‌رنج له‌به‌شێك له‌و لێدوانانه‌ بده‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا سه‌رانى پارتى داويانه‌ به‌به‌ر گويێى نه‌ياره‌كانيان.
له‌ دوا وتارى مه‌سعود بارزانييه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ين كه‌ له‌بانگه‌شه‌ى حزبه‌كه‌ى له‌سلێمانى رايگه‌ياند” ئێمه‌ ئامانجێكمان هه‌يه‌، كێ له‌گه‌ل ئه‌و ئامانجه‌ بوو، ئێمه‌ يه‌كڕيز ده‌بين له‌گه‌ڵى . كێش لايدا مه‌حاڵه‌ له‌گه‌ڵى يه‌كڕيز بين”؟!.
ئه‌مه‌ش رێك ئه‌و راستيه‌مان پێ ده‌ڵێ: كه‌وا پارتى مه‌به‌ستى له‌يه‌كڕيزى ته‌نهاوته‌نها ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا سه‌رجه‌م حزبو لايه‌نه‌ سياسيه‌كان ئه‌بێ كۆيله‌ى ده‌ستى خۆيان بن و هيچ هه‌ڵوێستيكيان نه‌بێت به‌ده‌ر له‌سياسه‌تو هه‌ڵويسته‌كانى پارتى. ته‌نانه‌ت شه‌ڕي ئێستاى پارتيه‌كان له‌دژى ده‌ستنيشانكردنى كانديدانى يه‌كێتى بۆ يۆستى سه‌ركۆمارى عيراق ئه‌چێته‌ خانه‌ى ئه‌و خۆسه‌پاندنه‌ى پارتى به‌سه‌ر سياسه‌تى هه‌رێمه‌وه‌. دژايه‌تى ئه‌وان بۆ به‌ربژێره‌كانى يه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا مۆرى پشتگييرى موختارى ئه‌وانيان به‌سه‌ره‌وه‌ نيه‌ ، بۆيه‌ ناهێڵن ببنه‌ كانديدى كورد بۆ ئه‌م پۆسته‌؟. ئه‌مه‌ش به‌راى من له‌دژى خودى ئه‌و كانديدانه‌ى يه‌كێتى نيه‌، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى دژايه‌تى هه‌ڵوێستو سياسه‌تى سه‌ربه‌خۆييانه‌ى يه‌كێتييه‌، هه‌ر بۆيه‌ش به‌بێ گوێدانه رێكه‌وتنه‌كانى پێشوويان له‌گه‌ل يه‌كێتيدا كانديدى خۆيان دياريكردو ، كاريشيان بۆ ئه‌وه‌ كرد‌ كه‌وا هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌ركۆمارى عيراق بخه‌نه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دواى ته‌زويره‌ به‌رفراوانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌يان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى كوردستاندا، بڵێن ئێمه‌ كوتله‌ى گه‌وره‌ى په‌رله‌مانى كوردستانين وزۆرينه‌ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌نگيان به‌ئێمه‌ داوه‌ بۆيه‌ پۆسته‌كه‌ى سه‌ركۆمارى عيراق ئيستحقاقى پارتييه‌.
ته‌نانه‌ت ئه‌م حيزبه‌ شه‌رم له‌وه‌ش ناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ گه‌وره‌يه‌ى ئێستاى بۆ پۆستى سه‌رۆكى وڵاتێك بكات كه‌ ساڵێك پێش ئيستا سێ به‌سێ ته‌ڵاقى دابو، داواى له‌ لايه‌نگرانيشى ده‌كرد به‌ربه‌رچاوى ميدياكانه‌وه‌ په‌ساپۆرته‌ عيراقييه‌كانيان بسوتێنن، كه‌چى ئێستا شه‌ر له‌سه‌ر پۆستى وڵاتيك ئه‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ته‌كه‌يان له‌ميدياكانه‌وه‌ ده‌يگوت ( بوغدا پۆره‌ى نيه‌ ) !.
غرورى سه‌رانى ئه‌م حيزبه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بنكه‌ حيزبى وداموده‌زگا ميدياكانيشيانه‌وه‌، ئه‌وه‌تا نوسه‌رێكى ده‌رباريان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌وا په‌يامى ئه‌و‌ان بۆ يه‌كێتى وهه‌مو هێزه‌ عيراقييه‌كان ئه‌وه‌يه ‌” كه‌ دان به‌ سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى داهاتوى عيراق نانێن ئه‌گه‌ر له‌خۆيان نه‌بێ”، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شى كردوه‌ كه‌وا ” رێگه‌شى پێ ناده‌ن پێ بنێته‌ هه‌ولێره‌وه‌”، وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشتر له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى په‌رله‌مانى كوردستانيان كرد.
‌پارتي وده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كه‌ى به‌ناوى پاراستنه‌وه‌ ، ده‌مێكه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن حيزبه‌كه‌يان بكه‌نه‌ ( حيزبي قائيدى) كوردستان ، به‌درێژايى ساڵانى رابردووش بينيمان ده‌يان سياسه‌تمه‌دارو چالاكوانى مه‌ده‌نى و نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسيان راوه‌دوناوه‌و هه‌ندێكيشيان تيرۆر كرد، رۆژانه‌ش تۆمه‌تى بێ بنه‌ما له‌لايه‌ن ده‌زگا ئه‌منيه‌كانى پارتى و وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌درێنه‌ پاڵ نه‌ياره‌كانى ديكتاتۆرييه‌ته‌كه‌ى پارتى و، پايته‌ختى هه‌رێمه‌كه‌يان لێ حه‌رام ئه‌كرێ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ سياسيه‌كانيان، تا ئێستا ده‌يان سكاڵاى ناياساييان له‌دژى په‌رله‌مانتارو سياسه‌تمه‌دارو به‌رپرسانى هێزه‌ نه‌ياره‌كانيان تۆمار كردوه‌و به‌ته‌ماى ده‌ستگييركردنيانن، جگه‌ له‌وه‌ى پاراستنه‌كه‌يان به‌ گرته‌ى نائه‌خلاقيش به‌شێك له‌سه‌ركرده‌و مه‌سئولانى لايه‌نه‌كانى تريشيان ترساندوه‌و كردويانن به‌ كۆيله‌ى خۆيان.
پارتي ئێستا كوردستا‌نه‌كه‌ى ئێمه‌ى كردوه‌ به‌گوندێكى بچووك و خۆيشى كردوه‌ به‌كێخواى ئه‌م گونده‌، كه‌سيش به‌پياو نازانێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌شێك بێت له‌خه‌ونى سه‌رۆكى پارتى و كۆيله‌كانى، خه‌تاكه‌ى به‌ رێژه‌يه‌كى زۆر ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆى حزبه‌كانيترى ئه‌م هه‌رێمه‌، كه‌ له‌هه‌مو شتێكدا سازش له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى‌ ميلله‌ته‌كه‌يانو ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندى خۆشيان ئه‌كه‌نو، تۆقيان له‌و حيزبه‌ چوه‌ كه‌ به‌بێ هێزێكى ده‌ره‌كى جورئه‌تى ته‌قه‌كردنێكى نيه‌ ، كه‌چى به‌زۆرى زۆردارى خۆى سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر هه‌رێم ‌و ميلله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌.
لێره‌وه‌ هيچ دڵخۆش نيم به‌ ئايينده‌ى كوردستانه‌كه‌مان، پێشبينى رۆژاني زۆر ره‌شتر له‌ئێستا ئه‌كه‌م، چۆن 35 ساڵ به‌ده‌ست ديكتاتۆرييه‌تى سه‌دام حوسێنه‌وه‌ ناڵاندمان، ئاواش له‌ژێر سايه‌ى حوكمى ديكتاتۆرييانه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانيدا چه‌ندين ده‌يه‌ى تر‌ ئه‌بێ بناڵێنين، چونكه‌ ئێستا كوڕو كوڕه‌زاكانى بارزانيش مه‌شقيان پێئه‌كرێت بۆ گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵاته‌ به‌مييرات گوێزراوه‌كه‌يان.
بۆيه‌ ئه‌توانم بڵێم كه‌وا هيچ ده‌رچه‌يه‌كمان له‌به‌رده‌مدا نيه‌ ته‌نها دوو شت نه‌بێ ، يان ئه‌وه‌تا رازى بين به‌و ديكتاتۆريه‌ته‌ى پارتى به‌ته‌مايه‌ به‌سه‌رماندا بيسه‌پێنێ، يانيش ئه‌بێ هه‌تا ئه‌م حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار بێت له‌هه‌ولێر، به‌ دوو ئيداره‌يى ميلله‌ته‌كمان په‌رته‌وازه‌ بێت و، ئه‌زمونى كۆرياو فێتنام ويه‌مه‌نى پێشووترمان بۆ زيندو ببێته‌وه‌ ، چونكه‌ به‌م وه‌زعه‌ى ئێستا مه‌حاڵه‌ كورد بتوانێ ئايينده‌يه‌كى گه‌ش بنيات بنێت له‌ژێر سێبه‌رى حيزبێكى ديكتاتۆرو سه‌ركرده‌يه‌كى خۆپه‌رست كه‌ هيچ حيسابێك بۆ ميلله‌ته‌كه‌ى ناكات سه‌ربارى ئه‌و ده‌ريا خوێنه‌ى كه‌ به‌خشيويانه‌ بۆ رزگاربون له‌ديكتاتۆريه‌تى هه‌شتا ساڵه‌ى عيراق و، چاويان له‌ئايينده‌يه‌كى گه‌شتره‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌يان.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی