دوکتۆر کەمال میراودەلی: گەوادۆلۆجی: فەلسەفەی دەسەڵات وەک گەوادیی و خۆفرۆشتن. بەشی چوارەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەوادیی چییە؟ بەرەو پێناسەیەکی فەلسەفیی

گەوادەکان دێن و دەڕۆن
وشەکانم دەمێننەوە
دەمێننەوە وەک مۆری گەوادیی
لە سەر ناوچەوانی
بێ ئارەقەی شەرمی گەوادەکان.

گەر تۆ هەر بە دوا کەویت، پرسیار نەکەیت، پێناسەی هەر هیچ شتێک نەکەیت، ناتوانی پێناسەی گەوادییش بکەیت، ناشتوانی بزانیت یان بتەوێت بزانیت ئایا بوویت بە گەواد یان نا؟

{ 23 }
گەوادیی چییە؟
ئەو پێناسانەی پێشوو کە پێیان گەیشتین زیاتر وەسفی [کردار] ی گەوادیین، وەک پراکتیسێکی خۆفرۆشتنی سیاسیی، نەک گەوادیی وەک چەمکێکی فەلسەفیی.
ئایا دەتوانین لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە پێناسەی گەواد و گەوادیی و گەوادی سیاسیی بکەین؟
گرفت پێناسەیە.
بۆ هەر هەموو شتێک گرفت پێناسەیە.
پێناسە، پێناسە، پێناسە
بیناسە، بیناسە، بیناسە
بیناسە: خۆت، ئەوی دی، دنیا، هەر شتێ کە دەتەوێ تێی بگەی، باسی بکەی، بەکاریبێنی، بەکارتبێنێ
خۆت بناسە بەر لەوەی ئەوی دی بناسی، بەلام ناشتوانی خۆت بناسی گەر ئەوی دی نەناسیی، دیدی خۆت و جیهانبینیی خۆت نەبێت.
وریای ئەو وشە بازاڕیی و چەمک و بیرۆکانە نەبیت کە ڕۆژانە دەیانبسیی، بەکاریان دێنی، بۆیان یان پێیان هەڵدەپەڕیت.
گەر نەتوانی ڕووداوەکان، ڕەوشەکان، ڕایەکان وەک پرۆسە و وەک دیمەنە گەورەکە تێبگەیت.
ناسین و زانین دیالەکتیکیی و فرەلکین.
[دیالەکتیکی واتە: دوولکی ناکۆک و دژەمانا.
فرەلکیی: واتە مانا تەنیا لە ناو فەزایەکی فراوانی پێوەندی شتەکان و ناوەکان و بیرەکاندا هەیە، بە بێ ئەو فەزایە/ دیمەنە گەورەکە/ مانا دروست نابێت].

{ 24 }
گرفتەکە لەوەدایە کە وشە و زاراوە و چەمکەکان بەکاربێن بێ ئەوەی پێناسە بکرێن. ڕاستیی سەرەتای دەرکەوتنی بنەمایی بەهێزی دایلەکتیکی فەلسەفیی لای سۆکرات گرنگیدانیی شێلگیر و ئازایانە و میتۆدییانەیە بە پرس و پێویستی پێناسەکردن.
کەسێک باسی خۆشەویستیی قووڵی خۆی بۆ دڵدارەکەی بکات، پێی دەڵێ: وەرە پێناسەی خۆشەویستیم بۆ بکە تا بزانم کە دەزانی باسی چێ دەکەی.
کەسێک بڵێن پیاوی چاکە، چونکە خوداپەرستە، دەڵێ: وەرە پێم بڵێ خوداپەرستیی چییە و چاکە چییە تا تێت بگەم باسی چی دەکەی.
بەم شێوازەی [نازانم و تکایە بۆم پێناسە بکە تا بزانم ] سۆکرات خۆبەزلزان و خۆ بە زۆرزانەکان و ئەو سیستمی دەسەلاتەی لەسەر چەمکە پێناسەنەکراوە تەقدیسکراوەکان وەستاوە، دێنێتەوە سەر سفر..
ئاخری بەرگەی ئەوە ناگرن کە کەرسەکە گردی خۆزلکردن و زۆرزانییان بە قوڵنگی پرسیاری نەزانیی خۆی داوەشێنیت، سزای دەدەن و ئیعدامی دەکەن..
تەقدیس لە سەر جەهالەت دەژی.
گەورە لە سەر کۆیلایەتی بچووک و خۆبچووککەرەوە دەژی.
زانینی دایلەکتیکی [پرسیار و پرسیاری زیاتر تا گەیشتن بە راستیی] جەهالەت و تەقدیس پێکەوە دەڕوخێنێت.
پرسە فەلسەفییەکان زادەی پرسیارە ئاسایی یەکانن: ئەو پرسیارانەی بە سەختیی داوای پێناسەکردن دەکەن، داوای گەیشتن بە چەمکی حەقیقەت دەکەن.
زانین بێ پرسیار نییە.
وەڵام – بێ پرسیاری پتر و پتر تاگەیشتن بە باشترین پێناسە – زانین بەرهەم ناهێنێ.
گەواد- چ ئەخلاقیی، چ دینیی، چ سیاسیی، دوژمنی پرسیار و پرسیاری زیاترە.
دوژمنی دایەلۆگ و ڕاستیناسیی و بنکۆڵی قسە و واتاکانە.
گەواد- حەزی لە تاکی حیز و جمهوری مێگەلییە، پاڵکەوێ و گوێ بگرێ و باوەڕ بکا و بیرنەکاتەوە و نەپرسێ و – بە هەموو شێوەکان جەستەی ببەخشێ.
واتە یەکلایەنیی ئاخاوتن: گەواد واعیز، گوێگر حیز.
لەم کۆمەڵگایانەدایە کە پرسی پێناسەکردن نایەتە گۆڕێ.
لەو کۆمەڵگایانەدایە کە مەڕگەڵی زیاندار دروست دەبێ.
هیچ شتێ پێویستی بە پێناسە نییە. هەموو شتەکان پێشتر ناسکراون، زانراون، بڕیاردراون.
یان هەموو لە یەکەوە دێن و لەیەکدا ون دەبنەوە.

{ 25 }
مادام حەز لەزانین کردن، یەکەم خولیای عەقڵیی فەلسەفیی و زانستیی مرۆڤە، کە تەنیا و تەنیا بە پرسیارکردن بە دوای پیناسەی راستدا دەکەوێتەکار، ئەوا کۆمەڵگای بێ پرسیار ئەو (حەزی زانین) ە بە دوای پێناسەدا، کە سروشتیی و خۆدایی یە، دەکاتە (حیزیی نەزانین) کە دینیی و کۆمەڵزادەیی و دەسەڵاتکردەیی یە.
بە واتایەکی تر ڕەوشی گەوادبوون و گەوادکردن دژ و پێچەوانەی ڕەوشی هۆشیاریی و عەقلانییکردنە.
کوێرکردنی عەقل، کوێرکردنەوەی عەقل، سڕکردنی عەقڵ، زڕکردنی عەقڵ، ڕزاندنی عەقل، کردنی عەقل بە قفڵ و ئاڵقەڕێزی عەقل خۆی- پێشینەی پێویستی زاڵكردنی زایەڵەی گەوادیی و حەزی حیزکردنن لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵدا.
کوشتنی عەقل کوشتنی هەوڵی عەقڵە بۆ ناسینی خود و پێناسەکردنی شتەکان.
بۆ گەیشتن بە مرۆڤی ئازاد و خاوەن کەرامەتی شەخسیی و بەرپرسیاریی ویژدانیی.
پێناسەکردن ئەلفوبێی یان هەنگاوە گڕوگاڵییەکانی کاری عەقڵی مرۆڤە.
پێناسەکردن تەنیا زانینی هەستیی سەرەتایی نییە، بەلکو زانینی شتە لە جەوهەری بوون و لە ڕەوشی بوونیدا:
چییە، چۆنە، ڕەوشی بوونی چییە، ئەرکی بوونی چییە و چۆن کار دەکا و لە چ هەلومەرجێکی ژینگەیی ماددیدا و بۆ چ ئامانجێک هەیە!
پرسیارنەکردن و پێناسەنەکردن سەرەتای سەرەتای پرۆسەی گەوادبوون و گەوادکردن وگەوادکرانە.
بۆیە سەرەتای لەدایکبوونی عەقڵ، سەرەتای فەلسەفە و زانست، بە گەڵاڵەکردنی کێشەی پێناسە وەک پرسی هەرە مەزنی عەقڵ دەستی پێکرد.

{ 26 }
ڕاستیی، یۆنانییەکان پێناسەیان کردە سەرەتای بنەمایی و پرینسیپی سەرەکیی فەلسەفە، یان بە مانا ڕوونترەکەی کارکردنی عەقل بۆ تێگەیشتنی دنیا و سروشت و گەردوون.
لەم بوارەدا دوو بۆچوون یان میتۆدی فەلسەفیی بەهێز دەرکەوتن کە بوونە دوو ڕێبازی سەرەکیی فەلسەفە و زانست تا ئێستاش:
1- ڕێبازی ئایدیالی یان نموونەیی ئەفلاتوون
2- ڕێبازی زانستیی وابوویی/ ماددیی ئەرستۆ.

{ 27 }
ئەفلاتون بە کورتی شتێکی ئاوا دەڵێ:
1- سۆکرات ڕاست دەکا هیچ شتێ ناناسین و، ڕاستییەکەی نازانین تا پێناسەی نەکەین
2- ئەو پێناسە دەبێ تەواو بێت
3- بۆ ئەوەی پێناسەیەکی تەواومان هەبێت دەبێ پێناسەکە حەقیقەتیی یان بوونڕاستیی/ یان ڕاستیی بوونی شتەکە بەرجەستە بکات. کە ئەمە دوایی پێی وترا ئۆنتۆلۆجی [بووونناسیی]
4- ئەمە شتێکە ناکرێت
5- بۆ نموونە با پێناسەی گوڵ بکەین! ئایا دەتوانین حەقیقەتی گوڵ بزانین و لە پێناسەیەکدا بەرجەستەی بکەین؟ نا.
6- بۆ؟ چونکە گوڵیکی ئایدیالی بەرجەستەمان نییە. گوڵ هەیە هێشتا تۆوە لە خاکدا، گوڵ هەیە هێشتا خونچەیە، هەیە تۆزیک پشکوتووە، هەیە گوڵووکەی بچووکی پەلکدارە، هەیە دەیان پەلکی هەیە، هەیە گوڵەباخە. هەیە گوڵە حاجیلەیە، هەیە گوڵی دەشتەکییە، هەیە تەنیا لە چیاو شاخ دەڕوێ، گولی سوور، زەرد، مۆر. شین، پەمەیی، گولی بۆندار و بێ بۆن هەیە. گوڵ هەیە گەشە، گوڵ هەیە ئاودار و بۆندارە، هەیە سیس و وەریوە، گۆڵی وشکراوە هەیە. پێناسەی گوڵ کام گوڵە دەگرێتەوە؟
7- بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگتر گولێکمان نییە کە بە ڕەوشێکی ناسراوی گوڵیی بمێنێتەوە: بەو مانایەی ئەوەی ئێستا خونچەیە و بە لکە دارگوڵەباخێکەوە یە، دوای ماوەیەک دەپشکوێ و رەنگ و قەبارە و بۆنی دەگۆڕێ، دوای ماوەیەکی تر پەلکەکان فراوانتر و کراوە تر دەبن، دوای ماوەیەکی تر وردە وردە سیس دەبێ، دوای ماوەیەکی تر دەوەرێ و نامێنێت. هەر وەک گوڵەکە لە ئەسلا نەبووبێت.
8- ئیدی ئێمە پێناسەی کام گوڵە دەکەین؟ بۆ ئەوەی شتێک وەک بوو ڕاستیی، وەک ئۆنتۆلۆجی پێناسە بکرێ:
دەبێ بوونێکی تەواویی یەک ڕەوشی خۆناسیی/ بناسیی هەبێت
دەبێ نەگۆڕ بێت و بوون ڕاستییەکەی وەک خۆی بمێنێتەوە
9- ئەمەش لە هیچ شتێکدا بەدی نایەت.
با نموونەیەکی تری ئەفلاتوون وەرگرین: کورسیی کە مرۆڤ دروستی دەکات.
کورسی ئایدیالمان لە دنیادا نییە.
کورسی تەختە هەیە، هی ئاسن، هی تەنەکە، کورسی بچووک، گەورە. زۆر گەورە، کورسی دوو قاچ، سێ، چوار، کورسی عەرشی پاشا، کورسییە شکاوی ماڵی هەژار و نەدار.
کە زیاتر لە سەردەمی ئەفلاتون تێپەڕێنین:
کورسی پێچکەدار هەیە کە دەڕوا، پێچکە دار کە بە پاتری کار دەکات، بە کارەبا کار دەکات، کورسی کە بە قاڵدرمەدا هەلدەگەڕێ و پەککەوتە و پیرەکان دەگوازێتەوە، کورسی سەرتاش هەیە، هی ناو سەیارە، کورسی کەمەربەستی ناو تەیارە، کورسی کە دەخولێتەوە، کە پشتت دەشێلێت، کە بە دیزاینێکی ئارکیتێكچەری جوان کراوە و هەزاران دۆلار باییدارە، هی کووشن-دار و چەرمی نەرم کە تێیدا نقوم دەبیت، هی زەق و رەقی ئێستگەکانی پاس کە ناچاریی نەبێت لە سەریان دانانیشت. ئیدی سەدان و سەدان جۆری کورسیی.
ئیدی چۆن پێناسەی کورسیی دەکەین؟ هیچ پێناسەیەک هەموو ئەمانە یان ئەوانەی لەمەودواش هەمیشە باشترو چاکتر دروست دەکرێن، ناگرێتەوە و یەک جۆرە جەوهەری بوون و ڕەوشی بوونیان دەرناخات!!

{ 28 }
ئەفلاتوون بە دوای وەڵامدا دەگەڕێ. بە دوای کلیلی پێناسە دا.
ئەم بۆچوونەی ئەفلاتوون عەقلانییە واتە ئەنجامی کارکردنی عەقڵە.
ئەوەی ئەو سەرنجی داوە تۆش دەتتوانی سەرنجی بدەیت و بیکەیتە پرسیارێکی عەقلانی فەلسەفیی
بەلام تۆ قەت لەم ڕوانگەوە ناڕوانی کە تۆش وەک هەموو مرۆیەکی کۆن یان سەردەم عەقڵت هەیە و دەتوانی سەربەخۆ لە [ ئەوی دی] بەکاری بێنی.
لەو ڕوانگەوە ناڕوانی کە عەقڵ ئەرکێکی بوونیاریی [وجوودیی] گرنگی هەیە کە پرسیارکردنە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن، بە هەموو ئاستەکانی حەقیقەتی بوون.
کە خڕکردنەوەی پرسیارەکانە بۆ گەیشتن بە پرسێکی فەلسەفیی گرنگ، گواستنەوە لە چەندێتیی پرسیار بۆ چۆنێتیی پرس.
کە گەڕانە بە دوای وەڵامگەلێک کە عەقل بتوانێ وەک بۆچوون و ئامرازی لێکدانەوەی خۆی بەکاری بێنێت تا کەسێکی تر، گرۆیەکی تر، سەردەمێکی تر ئامرازیكی باشتر گەڵالە دەکەن.
ڕەنگە تۆ یەکێک لە وانە بیت: تەمبەڵ، تەوەزەل، عەقڵسڕ، ویژدانزڕ، ئەوەت پێباشتر بێت یەکێک بیت لە مێگەلی مزگەوتیی، بێ بیرکردنەوە، بێ پرسیار، بێ گومان، لەم سەدەی بیستویەکەمەدا، گوێ لە باعەی وەعزی بزنێکی ئەعرابیی عەمامەدار و ڕیشدار بگریت، لەوەی عەقڵت لەو گەردوونە مەزنەدا ئازاد کەی تا ببینێ و بپرسێ و بپرسێ و بپرسێ.
ئەوەی ئەفلاتوون کردوویەتی لە سەرنجە هەستییەکانەوە دەست پێدەکات: بەکار‌هێنانی کارسازە هەستییەکانمان چاو ، گوێ، بۆن، هەست،
ئەوسا هەنگاونان بۆ ئاستی عەقڵ- وردبوونەوە و بەراوردکردن، پرسیارکردنی زیاتر و زیاتر و لە وەڵامی باشتر و باشتر گەڕان.

{ 29 }
ئەفلاتوون، بە کاری دایلەکتیکی عەقل واتە وردبینیی و دژبینیی و گشتبینیی، دەگاتە ئەوەی شتێک بۆ ئەوەی بتوانرێ پێناسەیەکی ئۆنتۆلۆجیی بوونڕاستیی بکرێت:
1- دەبێ شتێک بێت هەموو شتەکانی هاوشێوە و جۆر لە خۆیدا بکاتە یەک: گولێک هەموو گوڵەکان بنوێنێت، کورسییەک چاوگەی هەموو کورسییەکان بێت.
2- دەبێ نەگۆڕ بێت و ڕەوشێکی نەمریی ئەبەدیی هەبێت.
3- دەبێ مرۆڤ هەر جۆرێکی ببینێت بتوانیت بیناسێتەوە.

{ 30 }
ئەمە لە کوێدایە؟ چۆن دەبێت؟ گولێک نموونەی هەزارەها جۆر و ڕەوشی گوڵ بێت و ئەزەلیی و هەمیشە-گوڵیی بێت؟
کورسییەک نموونە و ئایدیالی ئەبەدیی هەموو کورسییەکان بێت؟
بەم جۆرە بۆ ملیۆنەها شت و بووی زیندە و نازیندە و سیفات و ڕەوشەکانی بوون؟
ئەفلاتوون، بە زەبری قووڵکردنەوەی زەین و زیرەکیی بەراورد، دەگاتە ئەوەی:
ئەوە لە دنیا ی ئایدیا، بیر یان ئایدیال دایە.
شتێک نییە بە ڕاستی گوڵی خاوەن یەک پێناسە بێت، کورسیی خاوەن یەک پێناسە بێت، مانگای خاوەن یەک پێناسە بێت، پەپوولەی خاوەن یەک پێناسە بیت و… هتد.
ئێمە:
1- تەنیا بیرۆکەی / ئایدیا ئەو شتانەمان هەیە
2- ئەو ئایدیالە نموونەیی یە لە جیهانی ماددیدا نییە، لە شتەکە خۆیدا نییە کە دێ و دەڕوا، بەلکو لە بیرەکەیدایە کە دەمێنێ و نەمرە و ئەویش لە جیهانی ئایدیال ، جیهانی میتافیزیک، ئاسمان، بوونی ئیرادەی خودایی یان هەرشتێکی ناو دەنێی بوونی ئەبەدیی هەیە. [واتە مانگا و گوڵ وشەی پێناسە نین بەڵکو ئایدیای گشتگر و ئەبەدیینوێنن]
3- ئێمەش کە لە دایک دەبین توانستی سروشتکرد، خوداکرد، غەریزەیی، فیتریی ناسینەوەی شتەکانمان هەیە.. چونکە هەموو شتەکان لە بیرەوەرییماندا هەن و کە بینیمانن دەیانناسینەوە. بۆیە ئەوەندە بەسە گولیک ببینین دەزانین گوڵە. ئەوسا گولیکی زۆر جیاواز لە کیوان کە کەس پێشتر نەیبینەوە، گەر بیبینین بە غەریزەیی دەزانین گوڵە و بە سەرسامییەوە دەڵیین: ئای لەو گولە سەیرە جیاوازە!
4- کەوایە ئەفلاتوون زیاتر دەهزرێ. حەقیقەتی بوون لەم سروشت و جیهانەدا نییە لە جیهانی ئایدیال/ ئایدیا/ بیر دایە.
5- بوونی حەقیقەتی شتەکان لە جیهانی ئایدیالدا پێش بوونیانە لە جیهانی سروشتیی و ماددیدا.
6- کەوایە دەبێ هێزێکی میتافیزیکی، سەروو- سروشتیی ، ئاسمانیی، یەزدانیی، پێشتر نەخشە و ئایدیای شتەکانی دانابێت. دەبێ گەردوون پەروەردگارێکی هەبێت.

{ 31 }
ئەم بیرکردنەوەی ئەفلاتوون تا بڵێی مەزن و پیرۆزە. تەنیا لەوەدا نا کە دنیای ئایدیالی کردە پرسی عەقل.
لەوەدا کە نیشانی دا عەقڵی تاکە مرۆیەک و پۆتینشیالی عەقڵیی هەر مرۆڤێک چەند گەورە و ىێ کۆتایی یە.
نیشانی دا جیاوازیی تاکەمرۆڤێک کە بیردەکاتەوە و سەدان مێگەلیی مرۆڤ کە بیرناکەنەوە و لە سەر ئاخووڕ و قەسابخانەکاندا خۆیان دەبیننەوە، چەندە گەورەیە.

{ 32 }
لە ڕوانگەی عەقڵەوە بیرەکانی ئەفلاتوون لە ئاسمانەوە بۆ ئەرز دانەبەزیون
ئەوە عەقڵی مرۆڤە خولیای گەیشتن بە بیری هەمیشە بەرزتر و جوانتر و نەمرتر و ئەبەدییتری هەیە.
ئەوە بە چاوی خۆمان بەرجەستەبوونی ئایدیالی بەرزی ئەفلاتوون لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبینین:
هەمیشە گوڵی جوانتر هەیە، باخی ڕازاوەتر هەیە، قەت بە هەرە جوانترین و ڕازاوەترین ناگەین چونکە هەمیشە جوانتر و ڕازاوەتر بێ کۆتایی هەیە، ئەمە تەنیا سیفەتی سروشت نییە، خواستی بیکۆتایی عەقڵی مرۆڤیشە.
هەمیشە کورسیی چاکتر و جوانتر و بە خزمەتتر بۆ مرۆڤ هەیە و رۆژ بە رۆژ دیزاینزان و داهێنەران کورسی جوانتر و باشتر دروست دەکەن
سەیارەی باشتر، تەیارەی باشتر، تەلەفوونی زیرەکی باشتر و باشترین
پرۆسەکە لە هەژمار نایە و بێ کۆتایی یە.
ئەمەیە مانای عەقڵیی راستەقینەی ئایدیالی ئەفلاتوون
ئەو بیرۆکەش کە ئێمە دەتوانین شتەکان و پێناسەکان تەنیا وەک بیری خۆمان – لەڕێگەی زمانەوە، دەربڕین تا ڕادەیەکی زۆر دروستە.

{ 33 }
بەلام ئەرستۆ ڕێبازیكی تری پێچەوانەی دۆزیەوە، کە:
1- ئێمە ئایدیای شتەکان لە شتەکان خۆیان وەردەگرین. گەر بە چاو و هەستەکانمان گوڵ و چەشنەکانی گوڵ نەبینین قەت ئایدیای عەقلانی گوڵ – مان لا دروست نابێت.
2- پێناسەی شتەکان لە ئایدیا ی ئێمەدا نییە، لە وەدا نییە عەقڵ بۆ دنیا ی میتافیزیک راکێشین بەلکو لە بوونی شتەکان خۆیان دایە، لە بوون-خۆی-لە خۆی دایە.
3- کەوایە لە جیاتی ئەوەی واز لە ناسین و زانینی گوڵەکان بێنین بەوەی هەموویان لە ئایدیالێکی میتافیزیکییەوە هاتوون و بوویەکی میتافیزیکی دروستیی کردوون و سوپاس وستایشی ئەو پەروەردگارە بکەین و عەقل رازیبکەین و بیخەوێنین و بیخافڵینین، دەبێ عەقڵ بخەینە کار تا هەر هەموو گوڵەکان، هەموو زیندەکان، هەموو بووەکانی ماددی، هەموو ڕەووشەکانی سروشت، هەموو رووداوەکانی جیهان بخەینە بەر زەینی تیژ و عەقڵی قووڵڕۆ و گشتگر و زانینخواز تا بزانین:
1- هەرشتێ لە چییەوە پەیدا بووە واتە جەوهەرەکەی چییە: لەمەوە ئەرستۆ گەیشتە بوونی زینە/ژینۆ یان جینات وەک هۆکاری سەرەتایی بوونی زیندەکان چ ڕووەک چ گیاندار.
2- بزانین ڕەوشی بوونێ چۆنە؟ واتە لە چ هەلومەرجێکدا درەخت دەبێ بە درەخت، پیاز دەبێ بە پیاز، خەیار بە خەیار، گوڵ بە گوڵ، ئاسک بە ئاسک، مرۆڤ بە مرۆڤ
3- پرۆسەی [ئەو بوونە بە بوون] بۆ هەر زیندە و ماددەیەک چییە و چۆنە؟
4- بەلای ئەرستۆ وە ئەمە ڕیبازی زانستیی گەیشتن بە پێناسەیە.
دەبێ عەقڵ سروشت وجیهان و گەردوون بکاتە تاقیگەیەکی گەورە و بێ کۆتایی تا بگاتە ئایدیالی بوون و عەقلانییکردن و پێشکەوتنی خۆی لە سەر زەمین.