بەهرۆز جەعفەر: بزانە بە پارتی وتراوە یان نە!؟.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پارتی دیموکراتی کوردستان بیانوی هەیە، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وە دوکتۆر بەرهەم پرسیان پێ نەکردوون و، ئاگایان لە کاندیدکردنی دوکتۆر بەرهەم نەبووە، بەڵام ئەمە تەنها بیانویەکە کادرو لایەنگرانی خۆیانیان پێ چەواشە ئەکەن: کاک دوکتۆر بەرهەم لە گەشتی پێش جەژنی قوربان دا، لە ئەمریکا کاک مەسرور بارزانی بینیوەو، خواستی کاندید بونی خۆی بۆ ڕوون کردۆتەوە.
دواتر لە ڕێگەی دۆستێکەوە، دووجار سەردانی کاک نێچیرڤان بارزانی کراوەو، پێی ڕاگەیەندراوە، هەردوو جارەکەش ڕەتی کردۆتەوە پاڵپشتی دکتۆر بەرهەم بکەن بەتایبەت لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ناو (ی، ن، ک).
ئینجا کاک بافڵ تاڵەبانی و کاک کۆسرەت سەردانی کاک مەسعود بارزانی یان کردووە و، کاندیدبونی دکتۆر بەرهەم یان بۆ ڕوون کردونەتەوە.
پێشوتریش کاک بەرهەم خۆی سەردانی کاک مەسعود بارزانی کردووەو، باسی یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانیان لەم قۆناغەدا کردۆتەوە. ئینجاش لە کۆتایی دا ئازادانە و بە ئاشکرا ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی (ی. ن. ک) کردوویانە بە تاکە بەربژێری خۆیان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەر یەکڕیزی لەبەر کوردستان، لەبەر هەندێ ئیعتیبارات ڕێزی لێگیراوە، ئەمە ناکاتە ئەوەی ئەوان هەموو کورد بە غوڵامی خۆیان بزانن، عالەم دانیشێت بزانین ئاخۆ کەی پارتی ئەمە دیراسە ئەکەن و، كەی وەڵام ئەدەنەوەو!. ئەو زەمەنە گوزەشت!. ئیمڕۆکە مریشکیش نەبێت هێڵکە لە بازاڕ زۆرە، خەڵک عومری خۆی نەدۆزیوەتەوە دانیشێت بە دیار دەسی بەدەسی و سەبرگرتنی پارتیەوە.!.
لە لایەکی ترەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، لەئێستادا باجی نوخبەیەکی غافڵ و بێ موبالات ئەدات لەدەوری ناوەندی بڕیاری حیزبەکەی، هاوکاتیش ئەنجامی شکستەکانی خۆی ئەدورێتەوە لە دوای ڕیفراندۆم ەوە، گومان لەوێدا نییە دەستەڵاتی کوردی کەوتن و، هەستانەوەیان مەحاڵە، ئەم هێزە تەقلیدیانەی ڕۆژھەڵات وەهان کە تاکە نووکی توێڵیان لە زەوی نەدات، نازانن کەوتوون. نزیکەی (50٪) هاوڵاتیان تەنانەت هەر بەشداری دەنگدان ناکەن، جگە لەوەی سەدان هەزار هاونیشتیمانی لەداخی سیاسەتە شکستخواردووەکەی درۆزنەکانی کوردایەتی سەری خۆیان هەڵگرتوەو، وڵاتیان جێهێشتوە، (١٠٪) تەزویر و مردووەکان دەنگ ئەدەن، کەواتە ئەمێنێتەوە (40٪) کە لەو باوەڕەداین لەو بڕە پارتی (10٪) ی دەنگی خەڵکی کوردستانی هەیە. ئەوەش بە پاڵپشتی دەیان کارخانەی میدیایی و سەدان ملیۆن دۆلار…
ئیمڕۆکە گەردەلولی سەرشێتانەی زەریا هێزە شکستخواردوەکان ئەداتە لاوەو، بە جێ ئەمێنن، ئەو پەلە قاژەیەی پارتی بۆ لای ئێران و مەهدی موهەندیس و مالیکی تێگەیشتنی درەنگ وەختی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هیچ ڕۆڵێکی نادرێتێ و، نامێنێ. گومان لەوەدا نەماوە ئەو مەرجەعیەتەی هەولێر بەرەو کۆتایی ئەچێت، بەڵام خەمی هەموان ئەبێت پاراستنی کیانی کوردی و مانەوەی هەرێمی کوردستان بێت.
پارتی لەبری بچێت پارە بە میدیای جیهانی بدات و، بەرتیل بە مۆزەفەکانی سی ئای ئەی و سێنیەر فیڵۆوەکانی واشینگتۆن ئینستیتیوت بدات، با بهاتایە پاڵپشتی پرۆژە زانستی و نیشتیمانیەکانی لە ناوخۆدا کردبایەو، دەستی یەکڕیزی و متمانەی درێژ کردبایە، بەداخەوە ئیمڕۆ حیزبی کوردی بەتایبەت پارتی بوون بە کۆمپانیاو جاش یان نەخوێنەوار یان بێ گیانێک نەبیت هیچ حزورێکت نابێت تیایاندا. بۆیە بە پێچەوانەوە ئەم حیزبە لەم کێبڕکێ و دەنگە دەنگەدا ئەیدۆڕێنێ و، لە ئیستەوە نابێت رێگە بدرێت شکستی (27) ساڵی سیاسەتیان بخەنە ئۆباڵی ئەم و ئەوی ناوخۆیی و، خەڵکی خۆیان بەو بالۆرانەوە سەرقاڵ بکەن!. بەرهەم ساڵەح کاندیدی ئەوەڵ و ئاخیری عێراقیەکان و زۆرینەی کوردستانیان و ئێران و ئەمریکاو ئەوروپاو دامودەستگە دوەلیەکانە. کەس بەری پێ ناگرێت و، ئەو ئیرهابە فیکریە ڕابگرن. تکایە.