شێرزاد شيخانى: سزا قوڕسه‌كه‌ى جه‌ماوه‌ر بۆ حزبه‌ كوردستانيه‌كان.

هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مدواييه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ند راستيه‌كى بۆمان دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ به‌شێك له‌نوسه‌ران و چاودێرانى سياسى ده‌مێكه‌ باسيان لێوه‌كردوه‌، به‌تايبه‌تيش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ لاوازانه‌ى حزبه‌ كوردستانيه‌كان به‌رامبه‌ر به ‌فيرعه‌ونبونى پارتى و سه‌رۆكه‌كه‌ى. سه‌دان […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مدواييه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ند راستيه‌كى بۆمان دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ به‌شێك له‌نوسه‌ران و چاودێرانى سياسى ده‌مێكه‌ باسيان لێوه‌كردوه‌، به‌تايبه‌تيش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ لاوازانه‌ى حزبه‌ كوردستانيه‌كان به‌رامبه‌ر به ‌فيرعه‌ونبونى پارتى و سه‌رۆكه‌كه‌ى. سه‌دان وتار نوسران، سه‌دان رۆشنبير به‌درێژايى ماوه‌ى رابردو زه‌نگى مه‌ترسيه‌كانى به‌ديكتاتۆربونى پارتييان لێدا، ده‌يانجار باسمان له‌وه‌كرد كه‌وا هه‌ر حزبێك له‌پارتى نزيك ببێته‌وه‌ به‌ئاگره‌كه‌يه‌وه‌ ئه‌سووتێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌س گوێى لێنه‌ئه‌گرتين، بۆ هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندى‌ بچوكى حيزبى و شه‌خسى جه‌ماوه‌ر‌يان له‌خۆيان ره‌نجاندو كرديانه‌ قوربانى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى پارتى.
كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى يه‌كگرتوو، دوا به‌دواى ئه‌ويش جڤاتى نيشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئه‌و ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كييانه‌ى باسيان له‌ده‌رئه‌نجامه‌كانى هەڵبژاردنى ئه‌مجاره‌يان كرد، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌و چاڵه‌ گه‌وره‌يه‌ى ئه‌م حزبانه‌ تێى كه‌وتن، كاتێك له‌پارتى نزيكبونه‌وه‌و ئه‌م باجه‌ قوڕسه‌‌ياندا كه‌ نيوه‌ى كورسييه‌كانيان له‌ده‌ست چوو.
ئه‌گه‌ر سه‌يرى ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاييه‌كان بكه‌ين، ئه‌بينين رێژه‌ى كورسيه‌كانى گۆڕان نيوه‌ به‌نيوه‌ دابه‌زيوه‌. رێژه‌ى كورسييه‌كانى يه‌كگرتوو به‌هه‌مان شێوه‌، هه‌ندێ حزبيش هه‌ر به‌يه‌كجارى جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى له‌ده‌ستداوه‌و نه‌يتوانى يه‌ك كورسيش به‌ده‌ست بهێنێ، ئه‌مه‌ هه‌موى ده‌لاله‌تى ئه‌وه‌يه‌ ئه‌و حزبانه‌ى له‌پارتييه‌وه‌ نزيك ده‌بنه‌وه‌ يان موجامه‌له‌ى ئه‌كه‌ن و ناتوانن هه‌ڵوێستێكى نيشتمانى دژ به‌پارتى وه‌ربگرن، له‌ نه‌تيجه‌دا ئه‌مجۆره‌ باجه‌ قوڕسه‌ ئه‌ده‌ن. له‌به‌رامبه‌ريشدا ئه‌بينين ئه‌و حزبانه‌ى‌ هه‌ڵوێستى ئازانه‌يان هه‌بو به‌رامبه‌ر به‌ ديكتاتۆرييه‌تى پارتى ده‌نگيان به‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو زيادى كردوه‌، نمونه‌ش كۆمه‌ڵى ئيسلامى كه‌ هه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵويسته‌ جوامێرانه‌كانى تا ئه‌خير له‌حزه‌ش به‌رده‌وامبو. نه‌وه‌ى نوێش كه‌ ئازايانه‌ هاته‌ مه‌يدان هه‌ر له‌مه‌سه‌له‌ى ريفراندۆمه‌ شوومه‌كه‌وه‌ تا ريسواكردنى سه‌رانى پارتى خه‌باتى كردو، توانى ئه‌نجامێك به‌ده‌ست بێنێ كه‌ پارتى تووشى شۆك كرد.
ئه‌م حزبانه‌ له‌و حه‌قيقه‌ته‌ نه‌گه‌يشتون كه‌وا پارتى به‌ته‌زويرو ساخته‌كارى ئه‌توانێ له‌هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگى خۆى مسۆگه‌ر بكات، ئه‌م مه‌هزه‌له‌يه‌ى ئه‌خيريش كه‌ به‌ 44 كورسى پارتى ته‌واو بو، هه‌ر هه‌مان مه‌هزه‌له‌كانى پێشتره‌ ، پارتى ئه‌گه‌ر يه‌ك ده‌نگى جه‌ماوه‌ريشى له‌گه‌ڵدا نه‌بێ، به‌ ئيرهاب و پاره‌و كڕينى ويژدانى ئه‌مو ئه‌و، ئه‌توانێ هه‌موده‌م خۆى وه‌كو هێزى يه‌كه‌م له‌سه‌ر ساحه‌كه‌ى كوردستان بهێڵێته‌وه‌، به‌ڵام حزبه‌كانيتر ته‌نانه‌ت تواناى ته‌زويرو ساخته‌كاريشيان نيه‌، هه‌ر گورزێكى جه‌ماوه‌رى به‌ريان بكه‌وێ، يه‌كسه‌ر كاريگه‌ريه‌كه‌ى به‌سه‌ر كورسييه‌كانيانه‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێ .
پرسيار لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌، ئايا پارتى و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى هي ئه‌وه‌ن حزبه‌كان جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى خۆيان بكه‌نه‌ قوربانى به‌رژه‌وه‌نديه‌كانى؟. ئايا ئه‌م حزبانه‌ له‌چى تۆقيان چوه‌و، ناتوانن لاى جه‌ماوره‌كه‌يان بگرن و، شێلگييرانه‌ ديفاع له‌ماف و به‌رژه‌وه‌ندى جه‌ماوه‌ره‌كه‌يان بكه‌ن؟. ئايا ئه‌م حزبانه‌ به‌چاوى خۆيان نابينن پارتى و ده‌سه‌ڵاته‌ تاكڕه‌وه‌كه‌ى چ زوڵمێك له‌و ميلله‌ته‌ ئه‌كه‌ن؟. نابينن ئه‌م هه‌مو مافيايانه‌ى ده‌سه‌ڵات چۆن سه‌روه‌ت و سامانى ميلله‌ته‌كه‌يان ئه‌دزن، بۆچى له‌هه‌ندێ مه‌واقيفدا لاى پارتى ئه‌گرن له‌سه‌ر حيسابى ئێشو ئازارى ميلله‌ته‌كه‌يان؟.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چ ئيستفاديه‌كى ئه‌كرد ئه‌گه‌ر پارتى له‌ريفراندۆمه‌كه‌ى سه‌ركه‌وتوبوايه‌، به‌به‌رچاوى خۆيانه‌وه‌ نه‌يانبينى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌كه‌يان و وه‌زيره‌كانيان له‌حكومه‌ت شاربه‌ده‌ر كران؟!. بۆچى جورئه‌تى شاسوار عه‌بدولواحيديان نه‌بو، كه‌ هه‌ندێ له‌قه‌ڵه‌مفرۆشه‌كان به‌ناوى ( خاوه‌ن مه‌دينه‌ت ئه‌لعاب ) ناوى ئه‌به‌ن، خۆ ئه‌و گه‌نجه‌ زۆر حه‌كيمانه‌تر له‌وانه‌ى په‌نجا ساڵ زياتره له‌ سياسه‌تو شۆڕشه‌كاندا ژيانيان به‌سه‌ربردوه‌، له‌به‌رامبه‌ر پارتى و سه‌رۆكه‌كه‌ى وه‌ستاو، جه‌ماوه‌ريشى هانئه‌دا بۆ دژايه‌تيكردنى ريفراندۆمه‌كه‌. ئه‌وه‌ش پاداشته‌كه‌ى بو كه‌ به‌ ته‌نها چوار مانگ له‌دامه‌زراندنى ئه‌و هه‌مو ده‌نگه‌ى هێنا كه‌ حزبيتر به‌ په‌نجا ساڵى خه‌بات و هيتريش به‌ سى ساڵى ته‌مه‌نيه‌وه‌، نه‌يتوانى به‌قه‌ده‌ر نيوه‌ى ده‌نگه‌كانى ئه‌و به‌ده‌ست بێنێ!.
ئه‌و شه‌ڕه‌ى يه‌كيتى له‌به‌غدا به‌رامبه‌ر پارتى كردى سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌ركۆمار، ئه‌گه‌ر پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بيكردايه‌، ئێستا هاوكێشىه‌كه‌ قڵپ ئه‌بوه‌وه‌و ئه‌و 44 كورسييه‌ى پارتى به‌ته‌زوير بردى هه‌موى بۆ يه‌كێتى ئه‌بو، ئه‌مه‌ معياره‌ كه‌ هه‌ر حزب و لايه‌نێك دژى ديكتاتۆريه‌تى پارتى بێت، ئه‌و ئه‌يباته‌وه‌، چونكه‌ حه‌قيقه‌تى پارتى بۆ هه‌مو لايه‌ك ئاشكرابوه‌، ئه‌وه‌تا به‌درێژايى حه‌فتا ساڵى ته‌مه‌نيه‌وه‌ نه‌يتوانيوه‌ له‌ناوچه‌كانى سلێمانى پێگه‌يه‌ك بۆ خۆى دابنێ، چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى رۆشنبيرن، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ولێر و دهۆكيش به‌بێ ته‌زويرو ساخته‌كارى ناتوانێ خه‌ڵك بۆ لاى خۆى رابكێشێ.
بايكۆتى نيوه‌ى ده‌نگده‌رانى هه‌ڵبژاردنيش باشترين به‌ڵگه‌يه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پارتى وه‌كو هێزى يه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵات له‌به‌رچاوى خه‌ڵك كه‌وتوه‌، نازانم ئه‌و حزبانه‌ى ئه‌بنه‌ كلكى پارتى چ سوودێكيان لێ وه‌رگرتوه‌ تا ببنه‌ پاشكۆى له‌مه‌سه‌له‌‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا؟!.
سياسه‌ت هه‌ڵوێسته‌، هه‌ڵوێستيش ئازايه‌تى ئه‌وێ. جه‌ماوه‌ريش چاوكراوه‌يه‌ چيتر به‌ درۆى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردن هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێ و سزاى ئه‌و حزبانه‌ ئه‌دات كه‌ ته‌عبير له‌خواستو ويسته‌كانيان ناكه‌ن.
ئيدى كه‌س ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ ئه‌لفوبێيه‌كى به‌سه‌..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
شێرزاد شێخانی

about شێرزاد شێخانی