شێرزاد شێخانى: دوو ئیدارەیى وەک زەرورەتێکى مێژوویى!

جارێکیتر پارتى بەڵتەچییەکانى خۆى سازدا بۆ پەلاماردانى خەڵکه نەیارەکانى لەهەولێر. هەمان ئەو بەڵتەچییانەى کۆڕێکى گەنجى هەولێریان خەڵتانى خوێن کرد لەسەر فوول لایتێک، لەمڕۆژانەدا تەقەیان لەئۆتۆمبیلەکانى قوباد تاڵەبانیش کرد !. پێرێ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

جارێکیتر پارتى بەڵتەچییەکانى خۆى سازدا بۆ پەلاماردانى خەڵکه نەیارەکانى لەهەولێر. هەمان ئەو بەڵتەچییانەى کۆڕێکى گەنجى هەولێریان خەڵتانى خوێن کرد لەسەر فوول لایتێک، لەمڕۆژانەدا تەقەیان لەئۆتۆمبیلەکانى قوباد تاڵەبانیش کرد !.
پێرێ رێگرتن لەچوونى کاک کۆسرەت بۆ هەولێر، دوێنیش باس لەرێگری لەسەرۆک کۆمار قاچ بخاتە هەولێرەوە، ئەمڕۆش تەقە لە قوباد تاڵەبانى، دوور نیە بەیانیش رەشبگیرى کادیرو ئەندامانى یەکێتى لەهەولێر دەستپێبکات، یا هەر نەبێ ، دروستکردنى تۆمەتى ناڕەواى هاوشێوەى لایەنگرانو کادیرانى کۆمەڵى ئیسلامیش بێتە ئاراوە. لەولاشەوە لێدوانى سەرانى پارتى و ئەندامەکانیان لەسەر بچووککردنەوەى پشکى یەکێتى لەحکومەتى داهاتو، ترۆپکى هەڕەشەکانیش لەسەر زارى نوسەرێکى دەرباریان سەبارەت بە قسەکەى مەسعود بارزانی بە بێباکى لەدروستبونى دوو ئیدارەیی.
ئەمانە بەگشتى پەیامى ئاشکران لەسەر نیەتەکانى سەرانى پارتى و ئیستفزازى یەکێتیەکانى هەولێر، خۆ سازدانیشە بۆ جیاکردنەوەى دوو ئیدارەى هەرێم، بەڵام یەکێتى هێشتا ماویەتى لەو مەسجانە تێبگات، ئێستاش هەندی لەسەرکردەکانیان دڵی خۆیان بەوە ئەدەنەوە کەوا دوو ئیدارەییان پێخۆش نیە و نابێت.
چوار ساڵە لە بەشێک لەوتارەکانمدا باسم لەحەتمیەتى دروستبونى دوو ئیدارەیی کردوە، چونکە ئەوساو ئێستاش دڵنیام لەوەى کەوا پارتى وەکو حزبێکى دیکتاتۆرو تاکڕەو هیچکات حەزى بە دیموکراسییەت و چارەى ئەم فرەحزبییە نایەت، هەرچی لەقسەى ئەوان دەرچێ ، یان سیاسەتو هەڵوێستى سەربەخۆى هەبێت، لای پارتى پەسند نییەو نەیارە، بەڵام ئەم حزبانەى کوردستان بەتایبەتیش یەکێتى نیشتمانى هێشتا تێناگەن کەوا هەڵکردن لەگەڵ حزبێکى ئاوادا زۆر زەحمەتەو ژیانیان لێ تاڵ ئەکات.
ئەوانەى تا ئێستا روویانداوە هەموى ئیستفزازکردنى یەکێتیە، بەو حیسابەشە کە پارتى ئەیەوێ یەکێتى ناچار بکات بەجیاکردنەوەى ئیدارەکەو دواتر ئۆباڵەکەشى بخاتە سەرشانى یەکێتى و خۆی وەکو پارێزەرو خەمخۆرى یەکڕیزى میللەت پیشانبدات لەسەر ئاستى ناوخۆو دەرەوەى کوردستان.
ئەگەر ماڵ بەهۆى کێشەى ناوخێزانەوە تێکچو، هیچ چارەیەک نەما وەک ئەڵێن ( الطلاق أبغض الحلال ) ئێستا کارەکە بەهۆى سياسەتە سەرکێشیەکانى پارتى گەیشتۆتە بنبەست و هیچ چارەیەک نەماوە غەیرى تەڵاقدانى یەکتر، ئەگینا ماڵەکە لەوە زیاتر تێک ئەچێت وئەندامى خێزانەکانیش ئەفەوتێن.
دوو ئیدارەیی کوفرو گوناهێکى گەورە نیە، بەتایبەت پێشتریش ئەم ئەزمونەمان بینیوەو، پێم باشترین چارەسەرە لەبەرامبەر حاڵەتى بەدیکتاتۆر بونى پارتى. چونکە ئەم حزبە بەراستى کار بۆ دەسەڵاتیکى تاکڕەوی خۆی ئەکات و هیچ کەس بەپیاو نازانێ، جا ئەگەر کەسێک تۆزێک کەرامەتى هەبێ، ئەبێ ئەم دیکتاتۆریەتەى پارتى قبول نەکات، ئەویش تەنها دوو ڕێگاى لەپێشە، یان ئەوەتا بەشەڕو کوشتار وەکو هەر رژێمێکى دیکتاتۆر کۆتاىى پێ بهێنرێ کە لەمەشدا تەنها میللەت زەرەرمەند ئەبێ، یان ئەوەتا ( أضعف الایمان) ئەوەیە لێى جیا ببیتەوە، هەڵبەت ئەم جیابونەوەش تا کۆتایى دونیا نیە، هەر کاتێک پارتى هۆشى هاتەوەسەر وەکو لەساڵى 2005 بەفشارى ئەمریکا رازیبوو بە یەکخستنەوەى دوو ئیدارەکە، ئەوا ئەتوانن ئیدارەکە یەکبخەنەوە، ئەگەرنا میللەت ئەتوانێ فشار بخاتە سەر پارتى بۆ ئەوەى بگەرێتەوە سەر رێبازی دیموکراسیەت و بەعەقڵێکى تازەوە سیاسەت بکات.
سەرکردایەتى یەکێتى ئێستا وایلێهاتوە قوربانى بەهەموو سەروەری و ئیستحقاقاتی خۆیشى بدات لەپیناو حزبێک کە هیچ حیسابێکی بۆ ناکات، بەشێک لەسەرکردە چاوچنۆک وبەرژەوەند پەرستەکانیان تەنازول لەهەمو سەروەرییەکى یەکێتى ئەکەن لەپێناو مشتێ پارەى دزراوى نەوتى میللەت لەلایەن سەرانى پارتییەوە، هەر بۆیەشە بوونەتە کلکى پارتى و پشتیان لەمیللەتى خۆیان کردوە.
پێم سەیرە یەکێتى ئەوەندە تۆقى لەدوو ئیدارەیى چوە، خۆ هەر نەبێ بە جیابونەوەى ئیدارەکە، ئەتوانێ پەرلەمانێکى تۆزى مەعقوڵترو دیموکراسییەتتر دروست بکات، ئەتوانێ حکومەتێکى تۆزى بەرەحمتر لەحکومەتەکانى پارتى دامەزرێنێ، ئەتوانێ نیوەى بودجەى بەغدا بۆ هەرێمەکەمان دابینبکات وەزعى ئەم ناوچانەمان بۆ چاک بکاتەوە کە پارتى دوژمنایەتى ئەکات تەنانەت لەپرۆژەى ئاوەدانکردنەوەشدا، ئەتوانێ سەرۆکێکى هەرێمى عاقڵتر و زاناتر بۆ ناوچەکە هەڵبژێرێ نەوەک سەرۆکێک کە قەدەرى میللەت بەبریارێکى سەرکێشانەى خۆى بخاتە مەترسییەوە، بە جیابونەوەى ئیدارەکە جۆرێک لەمونافسە دروست ئەبێ بۆ خزمەتى میللەتەکەمان. ئەتوانین لانیکەىم نیوەى میللەتەکەمان لەزوڵمو زۆردارى پارتى رزگار بکەین. چونکە ئەبێ باش بزانین تا پارتى حوکمڕانى تاکڕەوى خۆى بەسەرماندا بسەپێنێ، ئەم میللەتە ئیسراحەت بەخۆیەوە نابینێ.
با چاوەڕێ بین بزانین هەنگاوەکانى داهاتووى پارتى چی ئەبن بەرامبەر بە یەکێتیەکانى هەولێر، کە گومانم نیە پارتى لەسەر ئەم رێبازەى خۆى لەدژایەتیکردنى یەکێتى بەردەوام ئەبێ و رۆژانەش ئیستفزازى زیاترى یەکێتیەکان ئەکات، وهیچ بە دووریشى نازانم دەست بەسەر موڵکو ماڵى سەرکردەکانى یەکێتیشدا بگرێت لەهەولێرو وردە وردە لەم شارەدا دەریانپەڕێنێ، ئەوسا سەرکردەکانی یەکێتى پەنجەى پەشیمانى ئەگەزن کە متمانەیان بە حزبێک کردوە کە بەخوێنیان تینوەو تا ئێستاش بەگەورەترین دەژمنى خۆى زانیوە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی