شێرزاد شێخانى: دە بیخۆن میللەت عافیەتتان بێت!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ئەوە ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنە ساختەکەى پەرلەمانى کوردستانیش راگەیەندراو، دادگاى باڵاى هەرێمیش پەسندى کردو، کۆمسیۆنیش بەدڵى پارتى کارەکانى خۆى کۆتایى پێهێنا، با خەڵکى غەدرلێکراویش تا چوار ساڵیتر سییر بخۆن و زۆرنا لێدەن.
زۆر لەپێش وادەى هەڵبژاردنەکە سەرانى پارتى و بەتایبەتیش بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنیان رایانگەیاند کەوا ئەمجارە لەسەرووى چل کورسییەوە بۆ خۆیان مسۆگەر کردوە، چۆنیشیان وت هەروابو، بەتەزویرو ساختەکارى قسەکەى خۆیان بردەسەر. ئەم ئەنجامە راگەیندراوەش ئەگەر چى بەلاى ئێمەومانانى کوردستانیان شتێکى چاوەڕوانکراو بو، بەڵام هەر ئینسانێک یەک تۆز عەقڵى هەبێ باوەڕ بەم ئەنجامانە ناکات و، ئەبێ بپرسێ ، ئەبێ نهێنى ئەو سەرکەوتانە گەورەیەى پارتى چی بێت، لەکاتێکدا نانو قووتى خەڵکى بڕیوە، چەندین ملیار دۆلارى مووچەى فەرمانبەرانى خواردووە، دەیان ملیار دۆلارى لەسامانى میللەتەکەى دزیوە، نیوەى خاکى کوردستانى لەدەستداوە، ریفراندۆمێکى درۆزنانەى ئەنجامداو ئێستاش گەڕاوەتەوە بەغدا، پرسى کەرکوکى تا هەتا لە گۆڕ ناوە، خەڵکى هەرێمەکەى خۆى لەسەر فوول لایتو شکاندنى سەیارە خەڵتانى خوێن کردوە، بە سەدان ئازادیخوازى میللەتەکەى لەکونجى زیندانە نهێنیەکانى ئاخنیوە، لەگەڵ هێزە ئیقلیمیەکان دژایەتى چوار پارچەى کوردستانى کردوە، سەربارى هەمو ئەمانەش لە هەڵبژاردنەکاندا یەکەم دەرئەچێ و دەسەڵاتى تاکڕەوی و دیکتاتۆرییانەى خۆی ئەسەپێنێ بەبەرچاوەى میللەتیشەوە ساختەکارى لەهەڵبژاردندا ئەکات، ئەبێ سیحرى ئەم مەسەلەیە چی بێت، حزبێک کە بنەماڵەیەک بەڕێوەى ئەبات بۆ حەفتا ساڵ فەرمانڕەوایەتى کوردستانێک بکات کە دەیان ساڵە رۆڵەکانى خوێنى بۆ ئەڕێژن ؟.
لەهەمو هەڵبژاردنێکدا دەیان حزبی غەیرى پارتى کێبرکێ ئەکەن لەسەر کورسییەکانى پەرلەمان و دەسەڵات، مەعقولە لەم هەمو حزبانە یەکێکیان تیا نەبێ لەپارتی مەعقولترو دڵسۆزترو نیشتمانپەروەرتر نەبن؟. مەعقولە دەسەڵاتى کوردستان بەدرێژایى زیاتر لەبیست ساڵ بەدەست تاکە کەسێکى ناو پارتى بێت کەناوى نێچیرڤان بارزانییە؟. مەعقولە چارەنوسى میللەتێک بۆ ماوەى چل ساڵ بکەوێتە دەست تەنها یەک سەرۆکى پارتی یارى بەموقەدەراتى ئەم مییللەتەوە بکات؟.
بۆچى زیاتر لەنیوەى میللەت بایکۆتى هەڵبژاردنەکانى ئەمجارەیان کرد، بۆ نەچونە سەر سندوقەکان وکارتى سپى بخەنەوە ناویەوە، یان کەسانى غەیرى پارتیەکان بگەیەننە پەرلەمانو دەسەڵاتەوە. گریمان هەمو حزبەکان هاوشێوەى پارتین و کەسیان بەشایستە نازانن، لانیکەم ئەیانتوانى زەربێک لە لیستى هەڵبژاردنەکان بدەن بۆ ئەوەى بەتاڵ بکرێتەوە، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەى پارتی وحزبەکانى تر نەتوانن ساختەکارى لەهەڵبژاردنەکانەدا بکەن . چی ئەبو ئەگەر پارتى ئەو پانزە کورسییەى بەناهەق تەزویر نەکردایەو بە 30 کورسى رازیبوایە، خۆ هەر حزبی یەکەم ئەبو، ئەم هەمو رەخنەیەشى نەئەهاتەسەر. بەڵام ئەمە سروشتى ئەو حزبەیە کە بەبێ ساختەکارى و یارى بەهەستى میللەت ناتوانێ لەسەر ساحەکەدا بمێنێتەوە.
حکومەتەکەى پارتی بەسەدان ملیار دۆلارى داهاتی نەوتى دزى و خستیە باخەڵى بنەماڵەی بارزانییەوە، نیوەى خاکى کوردستانى لەدەستدا بەریفراندۆمێکى درۆزنانەوە، مووچەو قووتى منداڵانى بڕی، کارەبای پێ چاک نەکرا، ئەوە ئاوەکەشمان ئەبڕی، کوردستانى پڕ کرد لەدەرمانى ساختەو خواردنى ئێکسپایەر، گەنجانى هەولێرى خەڵتانى خوێن کرد و مامۆستایانى دایە بەر شەق، بۆڕى نەفتیشیان کونکرد، وڵاتیشیان کردە دۆزەخێک بۆ هاوڵاتیان کە رۆژانە خۆیان لەبەحرى ئیجە ئەدەن و مناڵەکانیان تیایدا ئەخنکێن، سەربارى هەمو ئەو تاوانانەش هەمو جارێک بەیەکەمى هەڵبژاردن پاداشتى ئەکەن!.
دە ئێستا بیخۆن ئەى میللەت، عافیەتتان بێت ئەم دەسەڵاتە جوانەى پارتى کە هەر قابیلى ئێوەیە..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
شێرزاد شێخانی

About شێرزاد شێخانی