نەوزادى موهەندیس: داهاتى نەوتى عێراق و هەرێم، لەنێوان شەفافیەت و شاردنەوەدا..

ئاشکرایە هەر کات داهات و خەرجیەکانى هەر حکومەت و دەوڵەتێک ئاشکرا و ڕوون بوون،ئەوا هیچ کات ڕەخنە و گلەیى ئاڕاستە ناکرێت و بەپێچەوانەشەوە کاتێک دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتوانى ئەو وڵات و […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

ئاشکرایە هەر کات داهات و خەرجیەکانى هەر حکومەت و دەوڵەتێک ئاشکرا و ڕوون بوون،ئەوا هیچ کات ڕەخنە و گلەیى ئاڕاستە ناکرێت و بەپێچەوانەشەوە کاتێک دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتوانى ئەو وڵات و کۆمەڵگایانە هەوڵیاندا کە داهات و سەروەت و سامانى وڵاتەکانیان بشارنەوە و خەرجیەکانیش دوور لە یاساى ساڵانەى بودجە و بە ئارەزووى خۆیان و بۆ بەرژەوەندى حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکان خەرج بکەن و بیخەنە خزمەت خۆدەوڵەمەندکردن و هەاژارکردنى کۆمەڵگا و جەماوەرى گەلەکانیانەوە، ئەوا بەدڵنیاى ڕەخنەى توند و گومان لە تەواوى پڕۆسەکە دەگیرێت و دروست دەبێت. بۆیە هەق وایە لە سیستەمە حوکمڕانیە دیموکراسیەکاندا هەموو سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردنەکان تا ئەو ئاستە شەفاف و ڕوون بن کە هیچ گومان و پرسیارێک هەڵنەگرن و لەهەمان کاتیشدا نەبنە هۆى زیان گەیاندن بە ئاسایشى وڵات. بەم شێوەیە حومکڕانیەکى ساغڵەم و تەندروست دێتە کایە و هەموانیش هەست بە بوون و پارێزراوى سەروەت و سامانى خۆیان و وڵاتیش دەکەن. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمى کوردستانى بەناو دیموکراسیدا ئەم ڕاستیانە پێچەوانە بونەتەوە و سەروەت و سامانى وڵات هیچ کەس زانیاریان لە بارەیەوە نازانێت و ناشزانرێت چۆن خەرج دەکرێنەوە، بەپێچەوانەشەوە لە دەوڵەتى عێراقدا تاڕادەیەکى باش هەموو زانیاریەکان لەبەردەستان.
ئەوەتا عێراق لە مانگى 9/2018دا بڕى (06795022 ) بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى بەسرە و باشورى عێراقەوە جگە لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکوک فرۆشتوە و بڕى داهاتەکەشى بریتیە لە ( 7912571000) دۆلار و تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانە بریتى بوە لە (3560000) بەرمیل نەوت و هەر 1 بەرمیل نەوتیش فرۆشراوە بە تێکڕاى (091ر74) دۆلار.
بەڵام لەهەرێمى کوردستاندا 3 ساڵە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان ڕاپۆرتى مانگانەى فرۆشتنى نەوت بڵاوناکاتەوە و هیچ کەس نازانێت چەند نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەى چەندە و چیشى لێدەکرێت؟
ئەوەى ئاشکرا بوو دواى ڕیفراندۆم کە ڕۆژنە هەرێمى کوردستان تەنها ( 360000 ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت چونکە نەوتى کێڵگەکانى ( ئاڤانا و باى حەسن لە کەرکوک ) گەڕایەوە بۆ کۆمپانیاى نەوتى باکور و ژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقى.
بۆیە لە ئێستادا دەتوانرێت بوترێت ڕۆژانە بڕى ( 400000 ) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت. گەر نرخى 1 بەرمیل نەوت بە ( 70 ) دۆلاریش دابنرێت کە ڕەنگە زیاتریش بێت چونکە ماوەى 10 مانگە نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبۆتەوە و لە ئێستادا گەیشتۆتە ( 84 دۆلار).
بۆیە:
لە مانگێکدا 30 ڕۆژ*400000 بەرمیل= 12000000 بەرمیل نەوت
نرخەکەى 12000000*70 دۆلار= 840000000 دۆلار
لە ساڵێکدا 840000000*12 مانگ = 10080000000 ملیار دۆلار
لەکاتێکدا بڕى پارەى پێویست بۆ مووچەى تەواو بریتیە لە ( 860 ) ملیۆن دۆلار
بەم شێوەیە 10080000000/ 860000000 =7ر11 مانگ
کەواتە حکومەتى هەرێم دەتوانێت بەتەنها لە داهاتى نەوت مووچەى تەواوى ( 11 مانگ و نیو ) بدات.
ئەمە جگە لە داهاتە ناوخۆییەکانى تر لە
1- بەروبومە نەوتیەکان مانگانە 150 ملیۆن دۆلار
2- داهاتى ڕسومات و باجەکان و… هتد. بریتیە لە 150 ملیۆن دۆلارى تر
واتە 300 ملیۆن دۆلارى تر داهات هەیە
بەڵام بەهۆى دانەوەى قەرزى کەڵەکەبووى ساڵانى ڕابووردوو کەزیاد لە ( 20 ملیار دۆلارە ) و لە ئێستادا زیاتر لە ( 1 ساڵ ) ە مانگانە حکومەتى هەرێم بڕى(( 250-300 )) ملیۆن دۆلار قەرزى کۆمپانیاکان دەداتەوە ،بۆیە ناتوانێت مووچەى تەواو بداتەوە
بەم شێوەیە حکومەتى هەرێم لە مووچە و قوتى فەرمانبەران و هاوڵاتیان دەبڕێت و قەرزەکانى دەداتەوە و میلەتى هەژار و برسى کردوە لەئەنجامى هەڵەى سیاسەتى نەوتیەوە.
بۆیە هەق وایە هەموو ئەو لێپرسراوانەى کە بونەتە هۆکارى ئەم دۆخە ئابوریە خراپەى 4 ساڵى ڕابووردوو:
1- بدرێنە داداگا.
2- لە خولى داهاتووى پەڕلەماندا هەموو ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن.
3- داهات و خەرجى 4 ساڵى ڕابووردوو بخرێنە بەردەم پەڕلەمان و هەموان بزانن چى لێکراوە و کێ بەرپرسیارى خەرجیەکان بوە.
4- پێویستە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان مانگانە هاوشێوەى وەزارەتى نەوتى عێراقى و کۆمپانیاى سۆمۆ ڕاپۆرتى فرۆشتن و داهاتى نەوت بڵاوبکاتەوە.
5- پێویستە ڕاپۆرتەکانى کۆمپانیاى ووردبینکەرى کەترى نەوت ( دیلیۆت ) مانگانە و لەکاتى خۆیدا بڵاوبکرێتەوە بە کورتى و بە پوختى و دوانەکەوێت و تەنها ڕێکخستنەوەى ژمارەکان نەبێت.چونکە ماوەى 2 ساڵە تەنها 3 ڕاپۆرتى بڵاوکردۆتەوە لەسەر ساڵى 2017 و 3 مانگى ساڵى 2018 کە پێویستە ساڵانى 2014 و 2015 و 2016ش ووردبینى بکات و بڵاویان بکاتەوە..
ئەوەى دیارە تەنها مانگانە بڕى( 375ملیار دینار ) دەدرێتە وەزارەتى دارایى و ئابورى بۆ مووچە و خەرجیەکانى تر.بەڵام داهاتى حکومەت زۆر لەوە زیاترە.
بۆیە پێویستە:
1- یاساى ژمارە 2 ساڵى 2015 (یاساى ێندوقىکوردستان بۆ داهاتە نەوتى و گازیەکان) بخرێتە کار و هەموو داهاتەکان ئاشکرا بکرێن وبگەڕێتەوە خەزێنەى حکومەت.
2- بە پشتبەستن بە یاساى ژمارە 22 ساڵى 2007 (یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان- عێراق ) بەشى پێنجەم ( دامەزراندنى کۆمپانیا گشتیەکان) لە مادەکانى ( 10 و11 و 12و13 ) کە 11 ساڵە دەرچوە و کارى پێناکرێت کۆمپانیا نەوتیەکان دابمەزرێن و دەسەڵاتى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان کەمبکرێتەوە.
3- هەموارکردنەوەى یاساى ژمارە 22 ى ساڵى 2007 چونکە کەموکوڕى تیادایە و باسى لە دامەزراندنى کۆمپانیاى غازى سروشتى نەکردوە،کە هەرێمى کوردستان بڕێکى زۆرى غازى سروشتى هەیەکە دەگاتە نزیکەى (5 تریلیۆن مەتر سێجا).
4- سیاسەتى نەوتى هەڵەى چەند ساڵى ڕابووردوو ڕاستبکرێتەوە.
هەموو ئەم کارانە لە کەرتى نەوتدا بەکەسانى بەهێز و شارەزا و بە ئەزموون و پسپۆڕ دەکرێت،بەداخەوە لە چەند ساڵى ڕابووردوودا کەسانێکى پسپۆڕ و شارەزا نەبوون لە کەرتى نەوتدا لە پەڕلەمانى کوردستاندا بۆیە سیاسەت و کەرتى نەوت بەوشێوەیە براوە بەڕێوە.
لەکۆتاییدا و دواى 16 ساڵ لە سیاسەتى نەوتى هەڵە و بەڕێوەبردنێکى شکستخواردوو و دواى 16 ساڵ لەگەندەڵى و شاردنەوەى داهاتەکانى نەوت و دواى 16 ساڵ لە قۆرخکارى و شاردنەوە و تاریکاندنى و هەڵلوشینى داهاتێکى زۆرى ئەم وڵات و میلەتە،ئیتر کاتى ئەوە هاتووە کە نەوتى کوردستان خۆماڵى بکرێت نەک لە چنگى کۆمپانیا بیانیەکان ( بەناو ئیستیعمارى کۆن و نوێ) بە تەنها بەڵکو لە چنگى دەستڕۆیشتوانى ئەو کەرتە لە کوردستانیشدا و هەق وایە نەوت و داهاتەکانى بخرێنە خزمەتى خۆشگوزەرانى و ئاوەدانکردنەوەى کوردستانەوە و ڕەخساندنى هەزاران هەزار هەلى کار بۆ گەنجانى بێکار و بەشمەینەتى ئەم وڵاتە و نەهێشتنى بێکارى ونەوت چیدى نەبێتە هۆکارى دواکەوتن و سووتماککردنى کوردستان ولە نیقمەتەوە بگۆڕدرێت بۆ نیعمەت و هەموان بێ جیاوازى دەنگ و ڕەنگەکان لەسایەیدا بحەسێنەوە و ژیان و گوزەرانێکى پڕ شکۆ و کەرامەت بگوزەرێنن.

نوسەر پسپۆڕ لەنەوت و پتڕۆکیمیاویی

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
نەوزادی موهەندیس

about نەوزادی موهەندیس