ئەشواق شێخ نەجیب: شتێك نيە بەناوى شەرەف.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو کەسەی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەناوى شەرەفەوە تاوانێک ئەکات.. ئەو هێشتا لە بنەماکانی شەرەف نەگەیشتووە، ئەو خۆی بە خاوەن شەرەفێک ئەزانێ، کە خۆی نییەتی، بەڵکو بە بڕوای ئەو شەرەفەکە لە جەستەی دایک و خوشک و ژن و کچی ئەودایە.
تا ئێمە قبوڵی ئەوە بکەین جەستەی ئێمە شەرەفی نێرینە بێت، تا ئێمە ملکەچی سزا ناسروشتیی و بەربادو نامرۆڤییەکانی ئەوان بین، بەدڵنیاییەوە ملکەچی سزا بەزۆر بەسەردا سەپێنراو و ستەمکارانەکەی ئەوانین. ئەوان چییان نەکراوە، کاتێ وەک کارەکەرو وەک ئاژەڵێکی شیردەرو وەک کەنوویەک بۆ بەتاڵکردنەوەی خۆیان و وەچە خستنەوە، مناڵمان پێ فڕێبدەن؟! تا کەی بەو نادادپەروەریی و ستەمە قایل بین.. گەر بڕیار وایە هەردوو ڕەگەز مرۆڤ بن، ئیتر ئەرکی ئێمەیە لە هەموو ئەو یاسا نامرۆڤییانەی ئەوان یاخی بین و جیهانێک بهێنینە گۆڕێ، جیهانی حورمەت گرتن بێ لە مرۆڤ، یاساو ڕێسایەک بەڕێوەمان ببات مرۆڤ لە سایەیدا ئارام بژی، نەک ڕەگەزێک لەژێر سایەی ڕەگەزێکیتردا لە سەرجەم خولیاو ئارەزوو و غەریزەکانی بپرسرێتەوەو توندوتیژیی و کوشتنیان لەگەڵدا پەیڕەو بکرێت.
کە بڕیار وابێت هيچ پياوێك موڵكى هیچ ژنێك نەبێت.. كەواتە بۆ ئەبێت ژنێك ببێتە موڵكى پياوێك.. مەگەر ژن ناتوانێت خۆى سەربەست بێت و بۆ خۆی بژى، وەكو مرۆڤێک داهاتووى خۆی ديارى بكات.. ئەوە خۆيەتى كە بڕيار ئەدات بەتەنها ژيان بكات، يان هاوكارێك و هاوڕێیەک يان هاوژينێك ديارى بكات و لەگەڵى بژى.
بۆچی ئەبێت ژن قوربانیی فەرمانەکانی نەریت و یاسا ڕزیوەکان بێت.. ئەو نەریتە سەرلەبەر ڕەخنە لێگیراوە لەکوێوە هاتووە، تەنانەت مافی مێیینەیی ئاژەڵێکیش بە مرۆڤی مێیینە ڕەوا نەبینێت. ئێوە تەنها یەک توخمی زیندەوەرێک ناو بهێنن، ئاژەڵێک، پەلەوەرێک بدۆزنەوە، کە بەشێوەی مرۆڤی نێرینەی دەروون ڕەش مامەڵە لەگەڵ مێینەی خۆیدا بکات.. گەر باس لەسەر هێزە، نێرینەی ئەوانیش لە مێیینەیان بەهێزترن، وەلێ ئەو هێزە نەیکردوون بە بکوژی مێیینەکانیان.
هاتنە ناو ژیان وەک دەرەنجامی پرۆسەیەکی سروشتییەو چوونە دەرەوەش هەر بەوشێوەیە، کەواتە مافی لێسەندنەوەی ژیان لە منی ژن، چەند بۆ پیاو ناڕەوایە، هەر ئەوەندەش بۆ منی ژن ناڕەوایە. ئەوە مافێکی سروشتییەو هیچ کەسێک بۆی نییە بەو دڕەندەییەوە بڕیاری لەسەر بدات.. پیاو چەند مافە سروشتییەکان و مامەڵەکردنی وەک مرۆڤ بەخۆی ڕەوا ئەبینێ، هێندەش ژن بۆی هەیە لەسەر مافەکانی، ڕێک بە پارسەنگی پیاو بەرگری بکات و بەدەستیان بهێنێت.. دەبێت ژن بە هەر ڕێگەیەکە مافە سروشتییەکانی بەدەست بهێنێتەوە، ئەوە خەڵات نییە لە پیاوەوە ببەخشرێت، بەڵکو مافی سروشتیی ئێمەیەو ئەبێ بمانبێت.
گەر ژن بەو هەموو سۆزو میهرەوە کە هەیەتی و پیاوان لێی تێناگەن، ئەو مافە سروشتییانەی خۆیان بە ڕەهایی بەکار بهێنن، ئایا ئەم دۆزەخەی ژیان ناگۆڕێت بۆ میهرەبانیی و ژیان جوانتر ناکات؟
ئایا گەر بگەڕێینەوە بۆ سروشتی مرۆڤانەی خۆمان و یەکسان بین لەگەڵ پیاوان و لەو هەموو جیاوازییە گەورەیە ڕزگارمان بێت، ئەو پێکەوە جوانتر ژیانە نابێتە هۆی ڕەواندنەوەی چەپاندنی پیاوان و لە دواکەوتەیی نەفەسی سێکسیی ڕزگاریان نابێت؟
بەوجۆرەش کۆمەڵگەیەک ناخوڵقێت لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی مرۆڤایەتیدا لەبار بێت؟ ئێمە کۆمەڵگەی پێشکەوتوومان مەبەستەو کاری بۆ ئەکەین.. نەک چەوساندنەوەو ستەمگەرایی و جیاوازیی ڕەگەزیی. ئەوەش ئەرکی هەموو قۆناغ و سەردەمێکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت