بورهان شێخ ڕەئوف: ئازادکردنى قەشە ئەمریکیەکە کۆتایى بە کێشەکانى ئەمریکاو تورکیا دەهێنێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى ئەوەى لە 9 دیسەمبەرى ساڵى 2016 قەشەئەندرۆ برانسۆن ى ئەمریکى لە شارى ئەزمیرى خۆرئاواى تورکیا بە تۆمەتى سیخورى کۆمەک و هاریکارى تیرۆرو بە دیاریکراوى لەبەرژەوەندى بزوتنەوەى خزمەتى فەتحوڵا گویلەن و پارتى کرێکارانى کوردستانى کارى کردبێت، زیندانى کرا و لێپێچینەوەى لە گەڵ کرا و لە ئاکامدا دادگاى تاوانەکانى دووەم لە ولایەتى ئەزمیر بڕیارى زیندانیکردنى بۆماوەى سێ ساڵ و مانگ و نیوێک بۆ قەشە برانسۆن دەرکرد.
لەو کاتەوە ئەمە نیگەرانى زۆرى دروستکرد لاى ئەمریکیەکان هەرچەند پێشتر لەکاتى سەرهەڵدانى کێشەى نێوان تورکیاو ئیسرائیل و دواى ئەوەى تورکیا کەشتیەک کۆمەک و هاوکارى نارد بوو بۆ غەزە و ئابڵووقەى دەریایى شکاندبوو پەیوەندییەکانى ئەو دوو وڵاتە گرژى زۆرى تێکەوت و کوژارو بریندارو دەستگیرکردنى هەندێ کەس لە تاقمى کەشتیە کەى تورکیا بەڵام ئەمریکیەکان هاوکار بوون بۆ ئازادکردنیان بەڵام دواتر تورکیا ئەم قەشەى حوکمدا.

ناکۆکیەکانى ئەمریکا و تورکیا
ناکۆکى ڕیشەیى نێوان ئەم دوو وڵاتە کاتێک دەستیپێکرد کە سەرەتاى هاتنە سەرحوکمى پارتى داد و گەشە بوو لە تورکیا ساڵى 2002 لە کاتى خۆئامادەکردنى ئەمریکا بۆ داگیرکردنى عێراق ئەو کات کە تورکیا هەرچەند ئەندامى هاوپەیمانى ناتۆ بوو بوارى نەدا هێزەکانى ئەمریکا لە خاکى تورکیاوە پەلامارى عێراق بدەن، من ئەمە بە خاڵى سەرەکى و بنەڕەتى دەبینم هەرچەندە لیستێک ململانێ ى تر هەیە کەدەکرێت زەمینەساز بن بۆ سەرهەڵدانى ئاریشەو قەیرانى پڕ سەرئێشە کە ئەوانیش خۆیان لە کێشەى ڕەزا سەراف و و کێشەى پێدانى فیزا و دادگاییکردنى پاسەوانەکانى سەرۆکى تورکیا کەلە کاتى سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا پەلامارى خۆپیشاندەرانیان دابوو هەروەها کێشەى کڕینى سیستمى بەرگرى S400 ڕوسى.
هەموو ئەمانە و سەرەڕاى بوونى ناکۆکى ستراتیجى نێوانیان لە سەر کێشەى فەلەستین و ئایندەى سوریاو پەیوەندییەکانى ئەمریکا لە گەڵ کوردانى ڕۆژاواو پارتى کرێکارانى کوردستان و بزوتنەوەى خزمەتى گویلەن و هەروەها پەیوەندى تورکیا لە گەڵ ئێران.

کۆتایى دێت قەیرانەکە؟
بۆیە لە ئاکامى خوێندنەوە بۆ ئەو پەیوەندى و ناکۆکیانەى کە هەن لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا دەکرێت بڵێین کە ئازادکردنى قەشەئەندرسۆن فاکتەرێکە بۆ سووککردن و خاوکردنەوەى ئاڵۆزى و گرژییەکانى نێوانیان و وەلانانى زمانى هەڕشەو سزادان تاوەکو چارەسەرى کۆتایى بێت بۆ ناکۆکیەکانیان.
هەرچەندە سەرۆک ترەمپ ڕایگەیاندبوو ئەمریکا سەرانەو فدیەو پاداشت نادات بۆ ئازادکردنى قەشە ئەندرسۆن و مەسەلەى ئازادکردنەکەشى وەکو بابەتێکى بانگەشە بۆ هەڵبژاردنى تەواوکارى کۆنگرێس بەکاردەهێنێت لەماوەى داهاتوودا.
بەڵێ ڕاست و دروست زیندانیکردنى قەشەکە بووە هۆکارى سەرەکى ئەم قەیرانە سەرەڕاى بوونى زۆر ململانێ ى توند و ستراتیجى بەڵام ئەنجام و کاردانەوەکانى ئەم قەیرانە زۆر سەخت بوو بۆ تورکیا بەتایبەتى سەپاندنى سزاى ئابورى وز یادکردنى باج و ڕسومات بۆ سەر کاڵاى تورکى بە تایبەتى بۆسەر ئاسن و فافۆن کارێکى واى کرد لیرەى تورکى ڕێژەیەکى زۆر لە بەهاکەى لە ماوەیەکى کورتدا لە دەست بدات، لەلایەکى ترەوە ئەم کێشەیە کاردانەوەو دەرئەنجامى قورس و تاقەتپڕوکێنى بۆ تورکیا خوڵقاند لەبەرئەوە تورکەکان خوازیارن بە ئازادکردنى هەموو سزاو فشارەکان کۆتایى پێبێت و لاپەڕیەکى نوێ هەڵبدەنەوە.
هەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا باڵوێزى لە تورکیا نیە و پەیوەندییەکانیان لە دۆخێکى خراپدایە بە هۆى هەموو ئەو ناکۆکى و ململانێ یانەى کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا بۆیە بە بوونى هەموو ئەو خاڵانە زۆر زەحمەتە وا بە ئاسانى بتوانرێت پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایى بکرێتەوە بەڵکو ئەگەرى ئەوەهەیە لە هەر ئان و ساتێکدا کێشەو قەیرانى قورس سەرهەڵبدەن.
دادگاىتورکیا لە 12/10/2018 بڕیارى ئازادککردنى قەشە ئەندرۆ برۆنسون ى دەرکرد دواى بە سەربردنى زیاتر لە دوو ساڵ لە زینداندا بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى تایبەتى ناوبراو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت