دوکتۆر کەمال میراودەلی: گەوادۆلۆجی، فەلسەفەی دەسەڵات وەک گەوادیی و خۆفرۆشتن. بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عەقل و پیرۆزیی

{ 53 }
لە بەر ئەوەی نیۆپلاتۆنیستەکان کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر هەر دوو دینی مەسیحیی و ئیسلام هەبووە، لەم بەشەدا زیاتر بۆچوونە عەقڵییەکانیان ڕوون دەکەمەوە تا بشێ دواتر لە گەڵ بۆچوونە دینییەکان بەرواردی بکەین.
1- وەک وتمان نیۆپلاتۆنیستەکان هیچ بیرێکی مرۆڤاندنی ئافەریدەکار وەک پیشەساز، سنعەتکار، خولقێنەر بە قسە یان کردار، پێشکەش ناکەن. ئەمە بە سوکایەتیی بۆ مەزنیی و پیرۆزیی عەقلانی ئایدیای [هۆکاری یەکەم] و [سەرەتای یەکەمی تاک] دەزانن و تەنانەت سیفەتی [بوون] یشی نادەنێ. تاکی یەکەمی پیرۆز سەرچاوەی ئافەریدەکاریی و ئامانجی بۆ- گەڕاوەی هەموو بووەکانە. ئەو بوویەکە لە سەرووی بوونەوە، بوونی بێ بوون. ئەم بیرەیان لە کتێبی شەشەمی ئەفلاتوونەوە هاتووە کە لە بەراوردی [بوونی یەکەم] بە خۆر، ئەفلاتوون دەڵی [سەرەتای یەکەمی پیرۆز/ چاکە لە هێز و پێڕۆزییدا لە بوون بەدەرە.] لای نیۆئەفلاتوونیستەکان/ پلۆتینۆس بە تایبەتی، ئەمە دەبیتە مۆدێلی وابوویی [ریالیتی] لە فۆرمی ئاگایی [نەوس] و ڕەوان [ڕۆح] دا.
2- هەروەها هیچ سەرەتایەکی ڕۆژگاریی، کاتیی، زەمەنی بۆ سەرەتای بوون/ گەردوون دیاری ناکەن. بە پێچەوانەوە [دەرکەوتی] گەردوون لە [یەکەم پرینسیپی تاک و پیرۆز] ەوە، هەمیشە هەبووە و هەتا هەتایە دەمینێت. لە هەموو لەحزەیەکیشدا بەردەوام ڕوودەدات، لە لەحزەی ئەم نووسینەی مندا، لە لەحزەی خوێندنەوەی تۆ دا، بۆ هەتا هەتایی بێ کۆتایی.
3- ئەوان بیری تەشەنەکردنی [ئاگایی] وەک [ فەزای بوون]، وەک هۆکار و ئەنجام لیکنادەنەوە، زیاتر وەک پرینسپێکی لێکدانەوەیی/ تەفسیریی بۆیدەچن. بەلای ئەوانەوە هەموو چالاکییەک لە جیهاندا دووانەیی یە مادام [چالاکی ناوەوەیی] و [چالاکی دەرەوەیی] هەیە. درەخت ڕوالەتی دەرەوەی درەختە. بەلام ئەو روالەتە دەرخەری چالاکییەکی یان بوویەکی ناوەوەیی یە کە ئەوان پێیان دەوت [لۆگۆس، پرینسیپی پێکهینەری سەرەتایی، یەکەم]. (ئێستا ئێمە دەزانین ئەو پرینسیپە سەرەتایی یە ناوەوەیی یە بریتییە لە کۆدی جینەکانی درەخت و زیندە جیاوازەکان). ئەوە لۆگۆسی هەر ڕووەکیکە کە جۆری درەختەکە و میوە و بەرهەمەکەی دیاری دەکات. بیری ناوەوەی مرۆڤ [لۆگۆس] خۆی لە زمان و ئاخاوتن و ڕەفتار و کرداردا دەردەبڕێت.
4- بەڵام ڕواڵەتی یان چالاکی دەرەوەیی – ئامانجی لۆگۆس، یان پرینسیپی ناوەوەیی نییە. تۆوی بامیە ئامانجی ئەوەی هەڵنەگرتووە کە بامیە دروست کات، هی بیبەر بیبەر، هی پیاز پیاز. بەڵکو ئەوە کارێکە لە خۆیەوە ڕوو دەدات، و ئەمجا دیوە دەرەوەییەکان هیشتا دیوی دەرەوەیی زیاترو زیاتریان لیدەبێتەوە. کە لە ڕوانگەی بوونناسییەوە زیاتر لە ئەسڵەکە دوور دەکەونەوە.. بۆ نموونە:
لۆگۆسی/ تۆوی/ جیناتی درەخت، رەگی درەخت، قەدی درەخت، لق و پۆپی درەخت، گەلای درەخت و… هتد، میوەی درەخت دەبیتە دەرمان، خۆراک، یان ژەهر،
زمانی مرۆڤ دەبێتە دیاردەی ئاخاوتن، نووسین، چیرۆک، بایۆگرافیی، فەلسەفە، مێژو و… هتد.
5- بەڵام لە هەموو ڕەوشێکدا چالاکی دەرەوەیی هەوانتە و خۆڕایی نییە، بەڵکو بەندە بە چالاکی ناوەوەیی [ لۆگۆس/ جینات] ەوە کە سروشت و ڕەوشی چالاکییە دەرەوەییەکان دیاری دەکات. واتە [چالاکی ناوەوەیی لۆگۆس]، جۆرێک لە [پێشنەخشە] ی [چەشن] و [ڕەوشی بوون] ی [دیاردە دەرەوەییەکان] ی هەڵگرتووە.
6- ئەم خۆدەرخستنە وەستاو نییە، بەڵکو زیندوو و بگۆڕە. ئەم ڕەوشەی بوونیشیان بە ڕەوان/ ڕۆح ناساند. ئەم زیندویتییەی چالاکی ڕۆحە کە دەبێتە هۆی زێدەیی و فرە- چەشنی بووەکان. فۆرمە نەمرە ئەفلاتوونییەکان، وردە وردە لە پرۆسەیەکی گەشەکردنی ئەندامیی/ ئۆرگانییدا دا کە بە کات و شوێن سنووردار کراوە، وەک توخمی سروشتی دەردەکەون. بەڵام ئەمانە هەمووی پێشتر لە ئارای/ فەزای ئاگاییدا پێشوێنەکراون.
7- ئەو فۆرمە ئەندامییانەی نیۆپلاتۆنیستەکان تەنیا نەخشە و وێنەسازیی و پێناسە و [ئیستینساخ] ی فۆرمە ئایدیالەکان نین، بەڵکو بووەی عەقڵیی پر لە ژیانی بەئاگان. ئەوان بە چالاکی و بزێویی خۆیان تێکەڵکاریی و پێکەوەبەندیی دروست دەکەن تا کۆزمۆس/ گەردوونێکی زیندوو دروست دەکەن. ئەوە [ ژیانی دەولەمەندی ناوەوە] یانە کە بریتییە لە چالاکی هۆشمەندانەی بیرەکان وەک هەن، کە ئاخری دەبیتە هۆکاری دەرکەوتنی وێنەکانیان لە کات و شوێندا و ئەو بوونە فیزیکییە و هەموو زیندە و بووەکانی ناوی دروست دەکەن.

{ 54 }
ئەوەی وەک هەموو فەیلەسوفانی پێش و پاش خۆیان نیۆئەفلاتونیستەکانی وەگیر هێناوە ئەوەیە لیکی بدەنەوە: چۆن؟
چۆن فۆرمە نەمر و نەگٶڕەکان کە لە [بیر/ئایدیا] دا پێشوێنە کراون، لە جیهانی ماددیدا دەردەکەون و ڕاستیی پێکیشی دەهێنن؟ بە واتایەکی تر چۆن لێککاریی و هاوبەندیی لە نێوان [عەقل و ماددە] دا دروست دەبێت؟
1- ئەوان لەوە زیاتریان پێنەکرا کە بۆ بیرۆکەی یۆنانیی [سایک دەروون یان ڕۆح] بگەرینەوە و ڕۆح بکەنە چالاکییەکی تر [لە پاڵ ئاگایی] کە لە ئەنجامی چالاکی [پرینسیپی یەکەم/ تاک] ەوە پەیدا دەبێت. ئەوسا ڕۆح بە هۆکاری ئەو زیندەیی و زەبەندیی و فرەچەشنییەی ژیان لێکبدەنەوە. لە لایەکەوە ڕۆح بە [بیری سەرەتایی تاک و پاک] ەوە پەیوەستە و لە لایەکی ترەوە کارسازی دەرکەوتنی گەردوونی ماددەی زیندەیە.
2- [ڕۆح] لە ڕێگای چالاکی دەرەوەیی [ئاگایی] یەوە ئاوڕ لە [هۆکاری خۆسازی یەکەم] دەداتەوە و تا بەراستی لە ڕاستی خۆی بگات و بزانێ چییە. لەم تەماشاکردنەوەیدا بەو فۆرم و بیرانە ئاشنا دەبێت کە بە نەمریی و نەگۆڕیی لە [بیر] دا ئامادەن. زانین دەربارەیان وەردەگرێ و بە [پێداویستییەکی چاکەخوازیی] وێنەی [فۆرمە ئەبەدییەکان] بۆ [فەزای بوون] هەڵدەگرێت. ئەمەش دەبێیتە هۆی پەیدابوونی تەواوی گەردوون و جیهانی زیندە لە سەر زەمین. بەم جۆرە کۆی گشتیی جیهانی ماددی و جیهانی بەرهەست لە ناو [ڕۆح] دا حەشاردراوە- نەک بە پێچەوانەوە کە ڕۆح لە ناو ئەو جەستانەدا بیت کە زیندەیی یان دەداتێ.
3- نیۆپلاتۆنیستەکان جیاوازیی لە نێوانی ڕۆح و سروشتدا دەکەن. ئەمەش جیاوازیی [پلەی باڵا] و [پلەی نزمی] کارسازیی رۆح یان دەروونە. لای ئەوان سروشت تەنێ جەوهەری یان سروشتی هەر بوویەکی سروشتیی یان سروشت بە هەموویی نییە بەڵکو لە یەکەم وێنەیدا ڕواڵەتێکی نزمتری ژیانی ئاگایی یە. واتە ژیانی چالاکی خۆکاریی [ئۆتۆنۆمی] کە بە هۆشیارییەوە لە لایەن [ئاگایی پلە باڵای] زیندەی تاکەوە کۆنتڕۆل نەکراون.
4- ئەو [چالاکییە خۆکارییە]ی [ئاگایی سروشت] بە جۆرێک تەماشای تەماویی لە پرۆسەیەکی ڕامانی خامۆشدا، ڕواڵەتە پێویستەکانی جیهانی زانشیاو [شیاوی زانین ] دێنێتە پێشەوە. بەم جۆرە هەموو دیاردەیەکی جیهانی سروشتیی تەنانەت نزمترین جۆری ماددەی نائۆرگانی یان بە ڕواڵەت بێ بەها، [لەحزەیەکی بوونی ناوەوەی پیرۆز و نەمر] ی هەیە.

{ 55 }
لە بەر ئەوە لای نیۆپلاتۆنیستەکان، جیهانی ماددیی بە حوکمی بوونی ئەو [لەحزە ڕۆحییە ناوەوەییە پیرۆزە] لە جەوهەردا شوێنێکی چاک و جوانە، بەرهەمی بێڕەنجی پەروەردگاریی گەردوونیی و ‌هێزی پیرۆزە، و شایانی ئەوەیە مرۆڤ هەمیشە بایەخ و ڕیز و قەدرزانیی بۆی هەبێت.
لەم بوونە گەردوونییە پیرۆزەدا، [بوونی مرۆڤ] نواندنیکی سەرنجڕاکیشی [گەردوونە وەک هەموویی] ، مایکرۆکۆزمێکە [وردەگەردوونێکە] کە هەموو ئاستەکانی بوونی لە [یەکێتیی/ یەکبوون، ئاگایی، ڕۆح، سروشت و ماددە] لە یەک تاکی ئۆرگانییدا کۆبوونەوە.
نیۆئەفلاتۆنیستەکان ئەم تاکبوونە سەرنجڕاکێشەی مرۆڤیان بە بەڵگەی ڕوون دانا کە کە ئێمەی مرۆڤیش وەک هەموو بنیاتی گەردوونی، لە [سەرەوە هاتووین]. لە بەر ئەوە مرۆڤ لە ڕەوشی یەکەمییدا بوویەکی کۆمەڵیی یان سیاسیی نییە، بەڵکو [بوویەکی پیرۆزە] و مەبەست و ئامانجی ژیان هێندە لەوەدا نییە کە بەکاری چاک و بەهای کۆنەواریی، مانا و بەها بە کۆمەلبەندییمان بدەین، وەک لە گێڕانەوەی پیرۆزیی و خودایی یە لە ئێمەوە بۆ هەموو بوون.

{ 56 }
لەمەوە ڕەوشتیاریی [ئێتیکی] نیۆئەفلاتۆنیستەکان بەهاکانی [دادپەروەریی، باک، هێمنیی و ئازایی] یان بە گرنگ و بایەخدار دادەنا، بەڵام ئەرکی ئەو چاکڕەوشتییانە ئەوەیە کە ئێمە بۆ پێوەندییەکی کەسیی زۆر گرنگتر و بالاتر لەگەڵ [ئاگایی پیرۆز] یان [پرینسیپی یەکەم خۆی] پاک و بەرز بکەنەوە. واتە چاکەکاریی مرۆڤ لە چوارچێوەی کاری ڕٶژانەی مرۆڤدا نامێنێتەوە، بەڵکو زیاتر ڕەوشیکی خۆشیی ڕۆحی ناوەوەیی یان خٶشرەوانیی، خودشادیی یە [بە یۆنانی ئودەیمۆنی] کە مرۆڤ لە ڕەوشی خودایی نزیک دەکاتەوە.
بەم چالاکییە عەقڵییە گەردوونییە کە چەند سەدەی لە هەزارەها باس و ئاخاوتن و گفتۆگۆی عەقلانی خایاند، نیۆپلاتۆنیستەکان بە سروشتیی گەیشتنە ئەو ئەنجامە عەقڵانییە کە ڕیگای ڕزگاریی و بەختەوەریی ڕۆحی مرۆڤ لە [ژیانی فەلسەفیی] دایە، لە [هەول و چالاکیی ڕەنجدەرانەی عەقل کە بگەڕێتەوە بۆ [تاکی یەکەم] و لە هەموو باکێک بۆ جەستە دەستبەردار بێت.

{ 57 }
ئەمەیان بە ئەرک و پەیامی بەردەوامی عەقڵ و عەقڵی تاکی هەر مرۆڤێک دانا بۆ پیرۆزکردنیی بوونی مرۆڤیی و لەمەوە نیۆپلاتۆنیستەکان دژی ئەو بۆچوون و باوەڕەی مەسیحییەکان وەستان کە ئەم ئەرکە لە لایەن تاکە مرۆڤێکەوە، مەسیح، کە وەک [کوری خودا] پیرۆز کراوە، ئەنجام درا بێت. ئەمە پریسنیپێکی ڕەوشتیاریی/ئیتنیکی گرنگی فەلسەەفی نیۆئەفلاتوونییە: مرۆڤی تاکی عەقلئازاد بەرپرسیارە لە پرۆسەی ژیانی خۆی کە عەقل [دیوی ناوەوەی مرۆڤ] بەرامبەر جەستە [دیوی دەرەوە] نوێنەری ئامادەیی یەکەم پرینسیپی پیرۆزە لە مرۆڤدا کە لە کاتی بەکارهێنانی گەردوونییدا پاڵی پێوە دەنێت پیرۆزیی سەرەتایی خۆی بگێڕێتەوە و بۆ ئاستێکی باڵای خودایی بەرزبێتەوە.

{ 58 }
پرۆژەی نیۆئەفلاتونی پرۆژەیەکی عەقڵی ڕووتە یان تەجریدیی/ ئەبستراکت. مەبەست لەمە ئەمەیە کە عەقل تەنیا لە ڕیگای چالاکی ڕامان و لێکدانەوە و بەراوردیی و گشتاندن و گەردوونکاریی خۆیەوە، ڕوانگەی عەقلانی بۆ پرسە مەزنەکان گەڵاڵە دەکات. واتە لە سەر بنجینەی پشکنین و ناسینی تاکە بابەتیکی ماددی یان ئەزموونکاریی یان لێکدانەوە و شیکاریی و ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان نەوەستاوە. ئەمە وەک پێشووتر باسمان کرد، بۆچوونی ماددی ئەرستۆیی یە.
ئەوان لە سەر بنەمای بۆچوونە ئەفلاتوونییەکان، لە ئاستی چالاکی هەرە باڵا و گەردوونی عەقڵدا پرسی بوون دەپشکنن. خولیای ئەوان لێکدانەوەی بوون و گەردوونە لە ئەبەدیبوون و هەموویی و پیرۆزیی و زیندوویەتییدا کە مرۆڤ وەک نوینەری ئاگایی پیرۆزی خودایی مایکرۆکۆزمێکی ئەو گەردوونە مەزنەیە.

{ 59 }
هەروەک چۆن ئەفلاتوون باوەڕی وایە کە[جەستەی کۆمەلایەتی/ پۆلیتی یان دەوڵەت] دەبێ لە لایەن کۆکاریی عەقڵیی واتە فەیلەسووفانەوە ىەڕیوەببردرێت کە ئامانجیان گەیشتن بە ڕاستییە پیرۆزەکان و بەختەوەری مرۆڤ و داپەروەریی مرۆڤایەتییە، هەر واش جەستەی تاک واتە بوونی هەر مرۆڤێکی تاک، دەبێ لە لایەن عەقلی خۆیەوە کە نواندنی بەهرەی خودایی یە، ڕێنمایی و فەرمانڕەوایی بکرێت، ئەگینا هەم کۆمەڵ هەم تاک، لە غیابی عەقڵی ڕێکار و پشکنیار و گەردوونییدا تەنیا دەبنە جەستەیەکی ماددی شایانی کڕین و فرۆشتن و خراپبەکارهێنان و فەساد و داڕزان.

{ 60 }
بەم جۆرە فەلسەفەی ئەفلاتوونی، کۆن و نوێکراوە، جەخت لە سەر پیرۆزیی دەکات:
1- پیرۆزیی و بالایی و بێبوونیی ماددیی و سیفەتمرۆڤیی بوونی یەکەم کردگار.
2- پیرۆزیی بوون وەک گەردوون و زەمین وسروشت و هەموو زیندە و دیاردەکان کە نواندنی [ئاگایی ناوەوەیی پیرۆز] و [نەوس/ تەشەنەکردنی ڕۆحن].
3- پیرۆزیی مرۆڤ وەک مایکرۆکۆزمی بوون و گەردوون.
4- پیرۆزیی عەقل وەک ئەو هیزە ناوەوەییە پیرۆزەی دەتوانێ راستبوویی [حەقیقەتی بوون] دەرک پێ بکات و مرۆڤ بۆ ئامانجێکی ئایدیالی شێوە خودایی بەرز بکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت