عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: پێشنیارێک بۆپێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی نوێی هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

Aــ لەپێناو پێکهێنانی پەرلەمان وحکومەتێکی تۆکمەوبەهێز.
Bــ لەپێناو سڕینەوەونەهێشتنی یەکجارەکی ئاسەواری دووئیدارەیی و دوو زۆنگ و سێ زۆنگی.
Cــ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بەشارو ناوچەجیاوازەکانی هەرێم.
Dــ لەپێناو سەرەتایەکی باش بۆجێگیرکردنی سیستمی ناناوەندێتی ( لامەرکەزی) لەهەرێمی کوردستان.
Eــ لەپێناو دروستکردنەوەی پەیوەندی ئاسایی و دروست لەنێوان هاوڵاتی و دامەزراوەکانی هەرێمدا.
Fــ لەپێناو قۆرخ نەکردنی هەموو دامەزراوەکان لەلایەن هیچ پارتێکی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەکارگێڕی گشتیدا.
پێشنیارێک دەخەینە ڕوو بۆئەو هێزوپارتە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان کەبەشداردەبن لەپێکهێنانی کابینەی نوێ واتا ( کابینەی نۆیەم)ی حکومەتی هەرێم، و هەروەها ئەو هێزەسیاسیانەی کە ئەندام و فراکسیۆنیان دەبێت لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پێشنیارەکە کورت وپوخت بریتیە لە:
1- هەردوو دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێکردن کەدەکاتە ( پەرلەمان و حکومەت ) هەریەکەیان لەشارەکانی هەولێرو سلێمانی جێگیربکرێن، کەئەمەش کارێکی ئاساییەو ناکرێت بەبابەتێکی هەستیار لێکبدرێتەوە.
2- دەکرێت هەموو وەزارەتەکانی کابینەی نوێ لەپایتەخت یان شارەگەورەکان کۆنەکرێتەوە، بەپێچەوانەوە واباشترە نیوە یان بەشێکی وەزارەتەکانیش لە شار و شارۆچکەکانی تردابن، ئەویش بەپێی گونجاندن یان پێکهاتەکەیانەوە، بۆنمونە دەکرێت وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەپارێزگای دهۆکی ڕەنگیندا بێت، یان وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوان لەسلێمانی سەرکەشدا بێت، چونکە بەپایتەختی ڕۆشنبیری ناوزەندکراوە. دەشکرێت وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەپارێزگای هەڵەبجە یان ئیدارەی گەرمیان و چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان بێت، دەشگونجێت وەزارەتی پیشەسازی وبازرگانی بەهۆی ئەوەی چەندین کارگەی گەورە لەسنوری شارۆچکەی بازیاندا هەیە وەزارەتەکەش هەرلەو ناوچەیەبێت.
ئەمانە نمونە گەلێکن و, زۆر وەزارەتی تریش هەن. دەکرێت دوای دیراسەو توێژینەوەیەکی ورد ببرێتە شوێنی دیکەش، وەک وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ حەوزی بیتوێن و دەڤەری ڕاپەڕین یان شارەزوور، سامانە سروشتیەکان بۆ سنوری کۆیە یان چەمچەماڵ و… هتد.
سەبارەت بەدەستەکانیش دەکرێت هاوشێوەی وەزارەتەکان ئەوانیش بەتایبەت ئەوانەی پێویست ناکات لەپایتەخت بن دابەشبکرێن بەسەر شاروناوچەکانی تردا، بۆ نمونە/ دەستەی ژینگە لە سنوری سۆران و باڵەکایەتی یان دوکان و دەستەی کاروباری مین ببرێتە ناوچەیەک، کە تا هەنوکەش مین و تەقەمەنییەکی زۆری تێدایە بەنمونە ناوچەی پێنجوێن یان ناوچەی سۆران و دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باشترە ببرێتە کەلار یان کفری.
ئەم پۆلێنکردن و ئاماژادانانە بە دامەزراوە یان وەزارەت و دەستەکان مەرج نیە دەقاودەق بەو شێوەیە بێت.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێت و ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کە ناکرێت نوسین یان پێشنیارێکی لەو شێوەیە شیکردنەوەو شەن و کەوی ناجۆرو نالۆژیکی بۆبکرێت لەلایەن هیچ کەسێک یان پارتێکی سیاسی چونکە لای من هیچ جیاوازییەک نابینم لەنێوان شاروناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەزاخۆوە تاخانەقین، و لە پێنجوێنیشەوە تاحەمرین، وەدەکرێت لەکاتی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت و خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەم بابەتە ببێتە بەشێک لەتەوەرەکانی دانوستان و گفتوگۆکان.

تێبینی: بۆیە ئاماژەم بەهیچ شاروناوچەیەکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (دابڕێنراوەکان) نەداوە چونکە لەئێستادا ئەوناوچانە لەڕووی کارگێڕییەوە سەربەحکومەتی هەرێم نین، گەر نا دەبوایە بەشێک لەو دامەزراوانە بێ یەک و دوو لەو ناوچە و شوێنانە بونایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت