نەبەز گۆران: لای ماڵی كاك عومەر دابەزین هەیە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەساڵی رابردوو، لە رووی سیاسییەوە دەساڵێكی پڕجوڵەبوو. دۆخی نارەزایەتی گەیشتە ئەو شوێنەی، ئیدی پێویستی بە مۆدێلێكی نوێ‌ لە هێزبوو، مۆدێلێك بێت هێزێكی رادیكاڵی رەخنەگر شوێنی نیگەرانییەكان بگرێتەوە. ئەو هێزە دروستبوو، یانی كەشتییەك بە رابەرایەتی كاك نەوشیروان دروستكرا، ئەم كەشتییە هەموو رەنگەكانی تێدابوو، ئەوەی رەنگەكانی پێكەوە كۆدەكردەوە خەونی گۆڕینی سیستەمی حوكومرانی، مافی هاوڵاتی بوون، سەروەری یاسا و، كۆمەڵێك پرۆژەی دیكەبوو.
ئێستا ئەم هێزە لەناوخۆی خۆیدا تووشی كۆمەڵێك دیدگای زۆر جیاواز بووە، كاپتنی كەشتییەكە گۆڕاوە، قۆناغەكەش گۆڕاوە، بەڵام جوڵە رادیكاڵەكان سست بوون و، جوڵەی نەرمی مۆدێلە ئاساییەكە شوێنی گرتوونەتەوە. بەشێكی زۆری نیگەرانییەكانیش لە گۆڕینی ئەو جوڵانەوە دەست پێدەكات. ئەم هێزە لە بنەوانەوە خۆی لەسەر پەروەردەی رادیكاڵبوون بونیاد نا، كتوپڕ رادیكاڵبوونەكەی وەستا و نەرمە سیاسەت شوێنی گرتەوە، هەر لەگەڵ شوێنگرتنەوەی ئەم نەرمە سیاسەتە، ئیدی دەنگە نارازییەكان بەرزبوونەوە.
ئێستا ئەو هێزە لە دۆخێكی دروستدا نییە، بەتایبەتی ئەوەی لەناو دونیای شاشەكاندا_تایبەتر لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان_ ئەوەی دیدگا جیاوازەكانی ناو ئەم هێزە بەیەكتری دەكەن، جێگای سەرسوڕمانە. هەموو ئەوانەی لە دونیای شاشەكان قسەی زۆر خراپ، پەلاماردانی كەسایەتی، لەیەكتری دەكەنە چەقی تێگەیشتنیان، رۆژگارێك پێشتر دۆست بوون، هاوڕێ‌ بوون، پێكەوەبوون! ئەما ئێستا بە خراپترین جۆری ئاستی زمان، خراپترین جۆری ناتێگەیشتن خەریكی وردكردنی ئێسقانی یەكترین! رەنگە هیچ پێویست نەبێت هاورێ كۆنەكانی ناو ئەو كەشتییە ئاوا لەیەكتر بكەن، بەڵام دڵنیام هیچ لایەكیان گوێ‌ لەم رستەیە ناگرێت.
ئەشێت دیدگاكان جیاوابن، ئەشێت دونیایەك رەخنە هەبێت، دونیایەك نیگەرانی هەبێت، بەڵام ئەوەش هەیە هێشتا وزەیەك لەناو ئەم هێزەدا هەیە، ئەم وزەیە بەردەوام لە بەرگریدایە بۆ ئەوەی هێزەكە ماهیەتە راستەقینەكەی خۆی لەدەست نەدات. ئەو كردەیەی، كە ناویان ناوە_گۆڕینی كیلۆن_ هیچ پێویست نەبوو. بۆ ئەوەی سادە تری بكەمەوە _ عەبدوڵای مەلانوری_ بۆ كاك عومەر وەك كوڕێكی وایە. لە زۆر شوێندا ئەم كوڕە غەدری لێكرا، لەبری ئەوەی بانگ بكرایە و پێی بوترایە كەمێك ئیسراحەت بكە، چونكە ماندوویت، لەوانەیە لە گۆڕینی كیلۆنی ژورەكەی باشتربوایە.
(من بۆ خۆم شەخسییەن كاك عومەر_م زۆر خۆشدەوێت. تەنها لەبەر یەك خاڵ، ئەویش پاكیییەتی. لەناو جیلی ئەودا، كەسیان ناتوانن بڵێن بەشێك نین لەو پیسخۆرییەی _27 ساڵە ئەم كۆمەڵگەیەی ماندوكردوە، بەڵام ئەو دەتوانێ‌ بڵێت، من بەشێك نیم لێی. هەتا نەشمرێت خەڵك لەوە تێناگات كە لەهەموویان پاكتربوو، چونكە ئەم جیلە تا نەمرن نازانی چی لەدوای خۆیان جێدەهێڵن. قورسە 27 ساڵ دەسەڵاتداربیت، هەموو دەوروبەرەكەت گللابن لە پیسخۆرییەوە و تۆ رێگات نەدابێت ببیتە بەشێك لەو پاكێجە. ئەمەش توانا و ئیرادەی خۆی دەوێت، كە زۆر كەس ماوەیەك بەر لە ئێستا باسی ئەو تواناو ئیرادەیەیان دەكرد، بەڵام خۆیان كە گەیشتنە دەسەڵات لەوانی تر جیاواز نەبوون. ئەوانەی تریش بۆ ئەوەی بزانین پاك دەرەچن یان نا، دەبێت چاوەرێبكەین لە دەسەڵاتدا بیانبینینەوە. بەشێكی زۆری مرۆڤی كورد تا نەچێتە سەر كورسی دەسەڵات و خەزێنە ماهیەتە راستەقینەكەیت بۆ دەرناكەوێت.)
لە رووی پەروەردەییەوە ئەوانەی بینیویانە دەزانن، كە ئەم پیاوە كەسێكی موئەدەبە، لە ئەدەبەكەیەوە زۆرجار خۆی دەكات بەخاوەنی كردەیەكی خراپ، لە كاتێكدا سووردەزانی ئەو خاوەنی ئەو كردە خراپە نییە، دەشیەوێت بەم خۆ بەخاوەنكردنەی شتێك بپارێزێت، ئەوەی لە نزیكییەوە بێت لەم رستەیەی من تێدەگات.
ئەكرێ‌ هەموومان رەخنە لەوە بگرین، ئەم كاپتیینە لەرووی سیاسییەوە زۆر نەرمە، رادیكاڵ نییە. لە نزیك و دوور پێی وتراوە، بەڵام مێژووی ئەو هەر بەم ریتمە نەرمە هاتووە، زەحمەتە لەم كۆتایی تەمەنەی ریتمەكەی بگۆڕێت. لەراستیدا شكاندنی هەموو هێلكەكانیش بەسەری ئەودا، وابزانم تێگەیشتنێكی دروست نییە. ئەو دەیتوانی لەم كردەی گۆڕینی كیلۆنەدا_عەبدوڵای مەلانوری_ بانگ بكات و بەشێوازی خۆی، وەك رێكخەر، وەك كەسێكی خاوەن ئەزمون، بە فۆرمێكی تر چارەسەری ئەم جیاوازیی بۆچوونە بكات.(بەڵام بۆ نەیكرد، نازانم!) ئەو گروپەی لەناو ئەو هێزە دروستبوون داوای چاكسازی دەكەن، گروپێكی نەفرەت لێكراو نین، گروپێكن خەمی گەورەیان بزوتنەوەكەیە. گرنگە گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت، گرنگە پرۆژەكەیان بە هەند وەربگیرێت، نەك بەشێوازی نا سیاسیی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. جێبەجێكردنی بەشێك لە خاڵی پرۆژەكەیان، وزە بە هێزەكە دەداتەوە، نەك وێرانی بكات.
ئەما، جیاوازی بۆچوون لەسەر شێوازی سیاسەتكردن، جیاوازی بۆچوون لەسەر شێوازی خۆ بەرێوەبردن، ناكاتە ئەوەی ئیدی هەر لایەك لەشوێنی خۆیەوە بكەوێتە وێزەی ئەویتر. لە راستیدا ئەوەی لە دونیای شاشەكان بەیەكتری دەكەن، شایەنی ئەوەیە توند توند چاوت بگریت و رێگا بە خۆت نەدەی ئەو بێحورمەتیكردنە بەیەكتری ببینی.
گەر بریاربێت جیاوازییەكان گەیشتبنە بن بەست و چارەسەر نەبن، باشترە هەریەك لە شوێنی خۆیەوە بە فەرهەنگێكی بەرزەوە رێزی ئەویتری بەرامبەری بگرێت و، بیر لە دۆخێكی دیكە بكاتەوە.(هەرچەندە لە سیاسەتدا بەبنبەست گەیشتن نییە.) ئەگەر ململانێكە لەسەر خاوەندارییەتی هێزەكەیە، یان لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی، هیچ شتێك هێندەی مێزەكانی گفتوگۆ لە مەكۆی سەرەكی ئەو هێزە زۆر نییە، لەبری ئەوەی بێنە ناو دونیای شاشەكان و لەپشت ناوی جۆراوجۆری سەرسوڕهێنەرەوە خەریكی ئێسقان شكاندنی یەكتری بن، لەسەر مێزەكان دانیشن گفتوگۆ بكەن، گەر ناشتوانن گفتوگۆبكەن و لە بنبەستدایە یەكتری عەزیەت مەدەن، گەر هیچ رێگەیەكی دیكە نییە، لەبری ئەوەی سەری هەموولایەك و سەری خۆشتان بئێشێنن، بێزەحمەت لای ماڵی كاك عومەر دابەزین هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت