سەلاح زانا: پێویستە چی بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە کە دۆخێکی زۆر خراپ و بێ ئومێدیەکی زۆر قووڵ سەپێنراوە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا. ناکرێ ئەم هەلومەرجە زیاتر لەمە دڕێژە بکێشێ. بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە، بە تایبەتی هی بیرمەند و رۆشنبیران و ئەوانەی کە خاوەن تایبەتمەندیەکانی رێبەرایەتین، کە بەرپرسیاریەتی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دژوارەی وڵات بگرنە ئەستۆ.
بە بۆچوونی من پێویستە لە ئێستادا یەکێک لەم دوو رێگایانەی خوارەوە پیادە بکرێن بۆ بەگژا چوونەوەی هەڕەشە و مەترسیەکانی سەر دۆخی هەرێم:
1- بۆ ئەوەی ( بزوتنەوەی گۆڕان ) جارێکی تر ببێتەوە جێگەی ئومێدی هاوڵاتیان، پێویستە چاکسازی بنەڕەتی لەنێو بزوتنەوەکەدا ئەنجام بدرێ. ئەمەش هەم ئەرکی کادیر و ئەندامانی گۆڕانە، هەمیش پێویستە لە لایەن خەڵکی خەمخۆرەوە پشتیوانی لەم پڕۆژەیە بکرێ. گەورەترین هەڵە و کەموکوڕیەکانی بزوتنەوەکە کە پێویستە هەوڵی چارەسەر کردنیان بدرێ، نەبوونی بەرنامە و تێڕوانینێکی سیاسی سەردەمیانەیە بۆ مامەڵە کردنێکی دروست لەگەڵ رووداو و پێشهاتە سیاسیەکاندا. وە پیادە نەکردنی بنەماکانی دیموکراسیە بۆ رێکخستنی ململانێیەکانی دەستەڵات، بە تایبەتی لە ئۆڕگانەکانی سەرەوەدا. وە چارەسەرنەکردنی کێشەی خاوەنداریەتی مومتەلەکاتی گۆڕانە، بە شێوەیەک کە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەک بێ.
2- دامەزراندنی رێکخراوێکی سیاسی تازە. کە خاوەنی فکرە و بەرنامەیەکی سیاسی پێشکەوتوو بێ و بایەخێکی زۆر بە پەروەردە و پێگەیاندنی کادیران بدات لە رووی چۆنیایەتیەوە. وە بڕوایەکی زۆری بە چەسپاندنی پرنسیپەکانی دیموکراسی هەبێ، هەم لەنێو ئۆڕگانەکانی رێکخستندا، هەمیش بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی سیاسی هەرێم. وە ئامانجی سەرەکیشی بریتی بێ لە هێنانە دی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
لە ئەگەری پەیڕەوکردنی هەر یەکێک لەم دوو رێگایانەی سەرەوە، پێویستە هێنانەدی چەندین ئامانجی گەورە لەبەر چاو بگیرێ. هەموومان دەزانین کە کەسیەتی تاکی کورد دووچاری داروخانێکی ترسناک بووە، پێویستە بنیات نانەوەی تاکی کورد لە رووی ئاکاری و هەستی بەرپرسیاریەتیەوە بکرێتە ئەرکێکی گەورەی نیشتیمانی.گەورەترین مەترسی لەسەر ئارامی و پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا، بوونی دیاردەی میلیشیاییە. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی بوێرانە خەبات بکرێ لە پێناو بە نیشتیمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری. وە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی تەشەنەکردنی گەندەڵی و نایەکسانی لە هەرێمدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەروەر نەبوونی یاسا. بۆیە پێویستە سەربەخۆیی دادگاکان و سەپاندنی یاسا بە شێوەیەکی یەکسان بکرێتە ئامانجێكی ستراتیجی.
لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتیدا، پێویستە هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی نیشتیمانسازی بدرێ لە سەرجەم دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکاندا. وە پێویستە لە گشت رەفتار و چالاکیەکی سیاسیدا، مافە دیموکراسی و مرۆییەکانی هاوڵاتیان بکرێ بە هێڵی سور و سازشیان لەسەر نەکرێ.
دەبێ هەمیشە جەخت بکرێتەوە لەسەر بەردەوامی شێوازی خەباتی مەدەنیانە و کۆڵ نەدان و بەرگەگرتنی گشت جۆرەکانی فشار، لە پێناو هێنانەدی ئامانجە سیاسی و دیموکراسیەکان. وە پێویستە سوور بوونی تەواو هەبێ لەسەر بەشداری نەکردن لە هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن، بەبێ گەرەنتیکردنی بەڕێوەچوونێکی دادوەرانە و دوور لە ساختەکاری و دەست تێخستنی هێزە سیاسیەکان، وە دەستەبەرکردنی دڵنیایی لە پرسی دەستاو دەستکردنی دەستەڵاتدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت