سەروەت هەڵەبجەیی: سێ ساڵ بەبێ پەرلەمان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

12ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2015 لە ئاکام و کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ململانێ و کێشەکانی نێوان پارتی و گۆران پارلەمان وەک دامەزراوەیەکی شەرعی و یاسایی لە ڕێڕەوی چالاکییەکانی دوور کەوتەوە و چیدی ڕواڵەتی دامەزراوەیەکی یاسادانەر و چاودێریی پێوە نەما. ئەگەر لێکدانەوەیەکی کورتمان بۆ هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە هەبێت دەتوانین بڵێین کە سەرجەم لایەنەکان بە جۆرێک تێیدا پشکدارن هەرچەندە کە بە گشتی دەوترێت پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە لایەنی سەرەکی لەم قەیرانە دادەنرێت.
گومان لەوەیدا نیە پارتی لەهەوڵی ئەوەدایە کوردستان بکات بەوەی خۆی ئەیەوێت، وەك ئەوەی خۆی چۆن بیر دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئەو چۆن و چی دەوێت، وەک ئەوەی چی لەبەرژەوەندی پارتیە نابێت لەو بازنەیە بەدەر بگوترێت. دەستبردن بۆ هەندێک یاسای وەک سەرۆکایەتی هەرێم بە بێ ڕێکەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەو خاڵانە بوو کە سەرۆکایەتی پارلەمان هەوڵی ئەوەی دەدا لە ڕێگای دەنگدانی زۆرینەوە هەمواری بکاتەوە بە بێ ئەوەی کە بۆ مێژووی نە چەندان دووری ئەم هەرێمە و تەنانەت عێراقیش بگەڕێتەوە کە لە وڵاتێکی وەهادا بە بێ ڕێکەوتن و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی پارت و لایەنە سیاسییەکان ئەستەمە حکومەتداری بکرێت.
سەرۆکایەتی پارلەمان وەهای دەخوێندەوە کە ئەمە بە پێی پەیرەوی ناوخۆی پارلەمان دەکرێت و بە زۆرینەی دەنگی پارلەمانتاران یاساکە هەموار دەکرێتەوە، بە بێ ئەوەی کە داهاتووی هەرێم و دۆخی هەستیار و ناسکی لە بەرچاو بگیردرێت. لە عێراقی پاش 2003 و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەبردنی وڵات و پێکهێنانی کابینەکان بە پێی زۆرینە و کەمینەی پارلەمانی نەبووە و هەردەم چەشنە ڕێکەوتنێکی سیاسی لە ئارادا بووە، هەرچەندە تا پێش کابینەی بەناو بنکەفراوانی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕێکەوتنە جیاوازیی لە گەڵ ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراقی فیدراڵ هەبووە، بەڵام پێکهێنانی کابینەکان و بەڕێوەبردنی هەرێم دەستی ڕێکەوتنی لە پشتەوە بووە. سەرۆکایەتی پارلەمان کە خۆی بیری چوو بوو لە ئاکامی ڕێکەوتنێکی سیاسیدا پاڵی بە کورسییەکەوە دابوو؛ لە بیر کردبوو کە یاسایەکی بەو گرنگی و پێگەوە نابێت بە پشتگوێ خستنی لایەنێکی سەرەکی و داڕشتنەوەی بە پێی حەز و خواستی چەند لایەنێکی دیکە بێت، واتە گەورەترین هەڵەی سەرۆکایەتی پارلەمان ئەوە بووە ڕێکەوتنی نیشتمانیی لە بیر کردبوو کەسیش نەبوو پێی بڵێ ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سوید و سویسرا نییە کە دیمۆکراسیەت بەو ڕادەیە گەیشتبێت کە دکتۆر یوسف محەممەد هەوڵی کارپێکردنی دەدا. لەوەی کە ناوبراو بێ لایەنانە ئەرکەکانی تێنەپەڕاندوو کاریگەری سیاسەت و کارکردنی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەر بوو؛ هیچ گومانێک نییە و دەکرێت بە کەسێکی ناو ببەین کە دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزی برد و بەستێنی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانەی دابین کرد.
لە لایەکی دیکەوە پارتیش نەخشە دانەروخولقێنەری سەرهەڵدان و بەردەوامی قەیرانی پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی هەرێم و ئیفلیج کردنی پارلەمان بووە. وەک ئەوەی کە فراکسیۆنی پارتی لە پارلەمان پرۆژەیەکی بۆ چارەسەربوونی کێشەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم نەبووە، و بێخەبەر لەوەی كەوا ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر گەلی كورددا هاتوە لەم سێ ساڵەی دواییەدا هەموی زادەی دەستگرتنی پارتی بوە بە پۆستەكەی سەرۆكی هەرێم ، قفڵدانی پەرلەمانو پەكخستنی ئیدارەو پەرتەوازەبونی یەکریزی نێوماڵی حزبەكان هەموی لە دەرئەنجامی هەڵوێستی پارتی و دەستگرتنی بوە بە پۆستو پلەو پایەكانی هەرێم ؛وای لەم کۆمەڵگایە کردووە کە ئەوە دیمەنەکەیە ڕۆژانە دەیبینین و دوا دەرەنجامیشی ئەو کەلێنە گەورەیە کە کەوتووەتە نێوان خەڵک و حکومەت. خەڵک نە متمانەی بە هێز و لایەنە سیاسییەکان ماوە و نەک هیواشیان بە حکومەت ماوە کە بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
ئەوەیە کە دەبینین لەم سێ ساڵەی کە هەرێمی کوردستان بە بێ پارلەمان بووە ڕۆڵی چاودێریی نەماوە و حکومەت بە چەشنێک خۆیی بە تەنیا بینیوە و گوێگرتن لە خەڵک و هەوڵدان لە پێناو چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا لای بووەتە نامۆ و بە خەیاڵیشدانایەت؛ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان ڕاگیراون، پێداویستییەکانی سەرەکی وەک کارەبا و سووتەمەنی زستانەی خەڵک بە کەم و کورتییەوە دابین دەکرێت و دەیان بابەتی دیکە. ئەو پارلەمانتارانەش کە خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن و لە ڕاستیدا ئیرادەی حزبەکانیان بە سەریاندا زاڵە، لەو پەڕی کەمتەرخەمیدا دەژین، ئەوان نەک دەسەڵاتیان لە حزبەکانیان هەیە کە لانیکەم هانیان بدەن بگەنە ڕێکەوتن لە گەڵ لایەنەکانی دیکە و نەک خاوەن ئەو ئیرادە و هاوخەمییە نیشتمانییەشن کە بۆ بەهاناچوونەوەی خەڵک و بەجێهێنانی ئەرکەکانیان خۆیان خاوەن هەڵوێست و کردەوە بن، هەر لەو خەوەدا ماونەتەوە هەمیشە لەبیری چەندایەتی و چۆنایەتی خانەنشینکردنی خۆیانن لەم سێ ساڵەدا کە پارلەمانمان نەبووە کێشە و گرفتی زۆرمان بۆ خوڵقاوە، لە ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ چەسپاندن و گەشەپێدانی دیمۆکراسی پێگەی هەرێمی کوردستان بێ گومان دابەزیوە، نەبوونی ڕۆڵی چاودێری پارلەمان وای لە حکومەت کردووە کە دەرەنجامەکەی بۆ هەمووان ڕوونە، واتە حکومەتێکی ناکارامە و هیچ پێنەکراو، ئەو کەلێنە گەورەیەش کە کەوتووەتە نێوان خەڵک و حکومەت و دەتوانین بە گەورەترین دەرەنجامی کێشە و قەیرانەکانی هەرێمی ناو ببەین کە کوردستانیان چیدی متمانەیان بە حکومەتە خۆماڵییەکە نەماوە. لە ئێستایشدا پارتی بەو شکستگەلەی لە گۆرەپانی سیاسی عێراق بەسەریدا هاتووە پێناچێ ئاسۆیەکی روون لە ناوچەکە بەدی بکرێ؛ بەر پرسانی پارتی لە ئێستادا دوو بژاردە دێننە بەرباس گریمانەی یەکەمیان ئەوەیە گەر بتوانن زۆرینە پێکبهێنین لە گەڵ لایەنێک بەبێ یەکێتی ؛ دوو دەڵێن دەکرێ یەکێتی بەشداربێت ؛ بەبێ پۆستی سیادی لە حکومەتی هەرێم ؛ بێشک هیچکام لەم چەشنە گریمانانە لەگەڵ سیاسەتی یەکێتی گونجاونیەو جۆرێکە لە ملهوری و تاکرەوی سیاسی و قۆرخکاری لە حکومرانی هەرێمی کوردستان و دیموکراسیەت دەخاتە ژێرپرسیارەوە ؛ دیسان ئەم هەڵوێستەی پارتی کوردستان بەرەو دابەشبونێکیتر دەبات؛ پارتی شکستی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکاتە پاکێجێک بۆ کەرت و پەرتکردنی یەکریزی نێو ماڵی کورد ؛ کاتی ئەوە هاوتووە بەرژەوەندی نیشتمانی تۆزقاڵێک ئاوڕی لێ بدرێتەوە و ببێتە هەوێنی چارەسەری کێشە و گرفتەکان. یەکەم هەنگاویش دەبێت بە ڕێکەوتنێکی سیاسی، هەوڵێکی هاوبەش بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە و ئاشتەوایی ناو هێزە سیاسیەکانی کورد بدرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت