نەوزادى موهەندیس: تورکیا و ئەردۆگان بە ناچاریى چۆک دادەدەن لەبەردەم فشارەکانى ئەمریکادا!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشە و ناکۆکیەکانى نێوان تورکیا و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى ساڵى 2003 و پێش 15 ساڵ بەهۆى ڕێگەنەدانى تورکیا بە سوپاى ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هاتنە ناوەوەى عێراق لە ڕێگەى خاکى تورکیاوە.. ئیدى لەو ساتەوە و ساڵ بەساڵ پەیوەندیەکانیان بەرەو خاوبونەوە و کاڵبونەوە و ساردوسڕى دەچوو، لە ماوەى ئەو 15 ساڵەدا چەندین خاڵى ناکۆکى تریش سەریانهەڵدا و هەموانیان پێکەوە بونە هۆى ئەوەى کە لە ئێستادا پەیوەندیەکانى هەردوولا لەو پەڕى خراپیدا بن و هەردوولاش لەسەر زارى وەزیر و سەرۆکەکانیانەوە هەڕەشەى گەمارۆ و سزادانى ئەویتر دەکات و بەکرادارەکیش ئەمریکا فشارى زۆرى سیاسى و ئابورى و سەربازى خستۆتە سەر تورکیا و کاریگەریەکانیشى لەئێستادا بۆ هەموان ڕوون و ئاشکران.لەو کێشە و گرفت و خاڵە ناکۆکیانەى نێوان تورکیا و ئەمریکا بریتین لە:
• کێشەى گروپى خزمەتى فەتحوڵا گویلەن و مانەوەى گویلەن لە ئەمریکا و ڕادەستنەکردنەوەى بە تورکیا.
• کێشەى دادگایکردنى پاسەوانە تایبەتەکانى ئەردۆگان لەلایەن ئەمریکاوە.
• کێشەى پشتیوانى تورکیا لە گروپە تیرۆریستیەکانى سوریا و عێراق و دەستوەردانێتى لە کێشەى ئەو دوو وڵاتە بە پێچەوانەى سیاسەت و بەرژەوەندیەکانى ئەمریکاوە.
• کێشەى وڵاتى قەتەر لەگەڵ سعودیە و ئەوانى تر و پشتیوانى تورکیا بۆ قەتەریەکان.
• کێشەى دامەزراندن و بەهێزکردنى پەیوەندیەکانى تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە ڕوسیا و ئێران و دژى بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە ناوچەکەدا.
• کێشەى پشتیوانیکردنى تورکیا بە ئاشکرا و بەنهێنى لە گروپە تیرۆریستەکان.
• پابەندنەبوونى تورکیا بە گەرمارۆ ئابوریەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەردەوامبونى لەسەر کڕینى نەوتى ئێرانى.
• کێشەى تورکیا لەگەڵ ئەوروپیەکان و مەسەلەى بون بە ئەندام بونى لە یەکێتى ئەوروپادا.
• کێشەى قەتیسکردنى دیموکراسى و ئازادیەکان لە ناوخۆى تورکیادا و گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى و هەوڵدانى بۆ تاکڕەوى و بچووککردنەوەى هێز و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان.
• کێشەى هەرە سەرەکى تورکیاش لەگەڵ دونیاى دیموکراسى و ئەوروپى و ئەمریکاشدا بریتیە لە کێشەى کورد و پێشێلکردنى مافە نەتەوەییەکان و ناوزڕاندنیان بە تیرۆریست.
• کێشەى بانکە تورکیەکان بە هاوکاریکردنى بانکەکانى ئێران لەمەسەلەى ئاڵوگۆڕى دراودا.
• دواهەمینیشیان کێشەى کڕینى سیستەمى بەرگرى موشەکى s400 لە ڕوسیا لەلایەن تورکیاوە.
بەم شێوەیە ئەم کۆمەڵە کێشە و گرفتە لەسەر ئاگرێکى هێواش گەشاونەتەوە و گڕیان گرتوە و خەریکە دەست و قاچى ئەردۆگان و تورکیاى پێوە دەسوتێت، بەڵام ئەوەى بوە هۆکارى هەڵایسانى فشار و شەڕە قسە و تۆمەتبارکردنى یەکترى بە ئاشکرا، دەستگیرکردنى قەشەیەکى ئینجیلى ئەمریکى بەناو ((ئەندرۆ بڕۆنسۆن))ى تەمەن 50 ساڵەیى بوو لە کۆتایى ساڵى 2016 دا کە 23 ساڵە لەتورکیا و لەشارى ئیزمیر دەژى و سەرۆکایەتى کەنیسەیەکى بچوک دەکات کە تەنها 25 کەسى باوەڕدار دواى کەوتوون. بەتۆمەتى هاوکاریکردنى گروپى خزمەتى فەتوحوڵا گویلەن و ڕاوەستانى لە پشت کودەتا سەرنەکوتوەکەى ساڵى 2016وە ودواتریش دادگایکردنى بەتۆمەتى تیرۆر و پشتیوانى لە PKK. دادگاى تورکیا لەدانیشتنى سێیەمیدا ولە 18/7/2017دا زیندانیکردنەکەى درێژکردەوە سەرەڕاى داواکردنى ئەمریکا بە ئازادکردنى بەڵام تەنها لەبەر خراپى بارى تەندروستى خستیانە ژێر دەستبەسەرى زۆرە ملێ لەماڵەکەى خۆیدا.
لە ئێستادا وابڕیارە کە دانیشتنى چوارهەمى دادگا لە 12/10/2018دا بەڕێوەبچێت و زۆریش لە ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە دادگا بڕیارى ئازادکردنى ئەو قەشەیە بدات کە سەرزارەکى و بە ئاشکرا بۆتە هۆى نانەوەى ئەو کێشە و گرفتە گەورەیە لەنێوان تورکیا و ئەمریکاى بەناو هاوپەیمانى ستراتیژى لەدواى جەنگى دووەهەمى جیهانیەوە و بەهۆى بونى هەردوولا وەک ئەندام لە هاوپەیمانى ناتۆى سەربازیدا بە ڕابەرایەتى ئەمریکا.تورکیایەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەى کە گەورەترین هەڵگیراوى چەکى ئەتۆمى ئەمریکاى تیادایە.
ئەوەى جێگەى تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردنە ئەوەیە کە سیاسەتى ئەمریکا و ئیدارەى سەرۆک ترامپ زۆر بەجدى گەرەکیانە لە پێگە و نفوزى تورکیا بدەن لەناوچەکەدا و بچوکى بکەنەوە و بیکەنە وڵاتێکى بێ مەترسى، چونکە زۆر باش دەزانن کە سیاسەتەکانى ئەردۆگان بەپێچەوانەى بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانێتى لە ناوچەکەدا بەتایبەتى عەرەبەکانى کەنداو و میسر و ئیسڕائیل و تەنانەت عێراقیش. بۆیە پێدەچێت هەنگاو و سیاسەتە هەڵەو تاکتیکیەکانى ئەردۆگان سەرى خۆى و تورکیاى یەکگرتوش بخوات، بەوەى قومار بەبەرژەوەندیەکانى لەگەڵ ئەمریکادا دەکات بە پتەوکردنى پەیوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا. بۆیە ئەمریکا و ترامپ گەرەکیانە بەهۆى کێشەى قەشە بڕۆنسنەوە هەموو کێشەکانیان لەگەڵ تورکیادا یەکلا بکەنەوەو پاکتاوى حساباتى خۆیانى لەگەڵدا بکەن،ئەوەش لە ڕێگەى:
* سەپاندنى گەمارۆى سیاسى و ئابورى و سەربازى بەسەر تورکیادا.
* گوشارخستنە سەر تورکیا لەڕێگەى سیاسەتێکى دارایى و نەختینەییەوە کە زیانى گەورە بەتورکیا بگات و بەپراکتیکیش بۆتە هۆى ئەوەى کە نرخى لیرەى تورکى لە مێژووى خۆیدا و بۆ یەکەم جار 27% نرخەکەى داببەزێت و 1 دۆلار بەرامبەر 5-6 لیرە بوەستێتەوە و ئەمەش بۆتە هۆى دروستبونى هەڵاوسان و گرانى نرخ و ڕاوەستاندنى زۆرێک لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەکان.
* پێنەدان و دواخستنى فڕۆکەى F35ى ئەمریکى بە تورکیا.
* سەپاندنى سزاى دارایى و ئابورى بەسەر هەردوو وەزیرى ناوخۆ و دادى تورکیادا.
* زیادکردنى تەعریفەى گومرکى لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر هەریەکە لە ئاسن بەڕێژەى 50% و ئەلەمنیۆم بەڕێژەى 20%ى تورکیاکە ئەمەش زیانى گەورە دەدات لە تورکیا و داهاتەکانى.
بەم شێوەیە ئەمریکا توانیویەتى کە ئابورى تورکیا لاواز و پەک بخات و هێواش هێواش چۆکى پێ دابدات،سەرەڕاى ململانێ و بەرگریەکانى تورکیا، بەوەى کە تورکیا وادەبینێت کە ئەم سیاسەت و گەرمارۆیانەى ئەمریکا کاتین،و ئەمریکا ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت چونکە تورکیا وادەبینێت کە:
* پێگەى ئەمریکا لاوازبووە لەسەر ئاستى دونیا و ناوچەکە بەهۆى زیادبوونى بڕى قەرزە دەرەکیەکانى.
* دابەزین و کەمبونەوەى مامەڵەى بازرگانیە نێودەوڵەتیەکان بە دۆلارى ئەمریکى.
* کەمبونەوەى پشکى ئەمریکا لە ئابورى جیهاندا.
بەڵام ئەوەى کە چاودێران و شارەزایانى ئابورى بۆى دەچن ئەوەیە کە تورکیا ناتوانێت تاسەر و بۆ ماوەى زیاتر لە ساڵێک بەرەنگارى ئەم هەموو فشار و گوشارە سیاسى و ئابورى و ئەمنیانەى ئەمریکا ببێتەوە و لەکۆتاییدا بەناچارى لەبەردەم ئەمریکادا چۆک دادەدات و ڕازى دەبێت بە ئازادکردنى قەشە ئەمریکیەکە وەک مەرجى یەکەمى سەرۆک ترامپ و ئەمریکا و دواتریش جێبەجێکردنى هەموو مەرجەکانى ترى ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ناوچەکەشدا بەبەرژەوەندى خۆى و وایلێدەکات کە پشتبکاتە ڕوسیا و ئێران و جارێکى تر ببێتەوە پاسەوانى بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا بەشێوەیەکى لاوازتر لەجاران. ئەمەش دواى ڕێکەوتى 4/11 دێت کە گەمارۆکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە فەرمى پێدەنێتە وارى جێبەجێکردنەوە و دەیسەپێنێتە سەر وڵاتانى جیهان و کۆمپانیا ئابوریەکان کە پابەندبن پێوەى. بۆیە زۆر نزیکە لەدانیشتنى کۆتایى دادگاى تورکیادا لە 12/10دا قەشە ئەمریکیەکە ئازادبکرێت و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕەواندنەوە و تواندنەوەى بەستەڵەکى پەیوەندیەکانى نێوان ئەمریکا و تورکیاو جارێکى تریش ئەمریکا بەبەهێزى لە ناوچەى جێگە نفوزى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەوەستێتەوە و بەرگریش لە بەرژەوەندى و دۆستەکانیش دەکات دژ بەهەر هەڕەشە و گوڕەشەیەکى دەرەکى چ لە ئێرانەوە بێت یان لە تورکیاوە، هەردوولاش تورکیا و ئێران باش دەزانن کە ئەم هەموو شەڕ و گوشارانەى ئەمریکا بۆ سەریان بە سەروەت و سامانى وڵاتانى عەرەبى کەنداو جێبەجێدەکرێت و ئایندەى دەسەڵات و پێگەى ئەمریکاشى پێدەپارێزرێت، بەڵام بەناچاریش دەبێت ملبدەن و چۆک دابدەن لەبەردەم هەژموون و شەپۆلى ڕاماڵێنەر و ڕووخێنەر و نغرۆکەرى ئەمریکادا وەک زلهێزێکى دونیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت