لوقمان غەفوور: عەرەبانچییەکەی گۆڕان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆئەوەی ژیانتان بگۆڕێت، ڕێک ئەوە ڕاستە کە ھەوادار و لایەنگرانی گۆڕان لەڕانیە کردوویانە، ئەویش بردنی عەرەبانچییەکە بۆ ناو پەرلەمان. یاسین خزر عەرەبانچییەکی ڕانییە و ئەچێت بۆ پەرلەمان، خۆ ئەگەر بۆینباخ لەملەکانی حزب بەدەستیان بێت ناوەکەی ئەسڕنەوەو ناھێڵن پێ بخاتە ناو حەرەمی پەرلەمانەوە، چونکە ئێمە وا ڕاھاتوون ئەبێت دکتۆر و مامۆستای زانکۆ و شۆڕشگێری دوێنی و سەربۆیاغکراوی ئەمڕۆ و کوڕو کچ و خوشک و برای شەھید و ئەندام لق و کۆمیتە بەرینە ناو باڵەخانەکەی پەرلەمانەوە.
ئەم ڕووداوەی ڕانیە، دەرخەری ڕاستەیەکە وەک چۆن 1991 مێژوویەکی نوێیان لەمێژووی کورددا تۆمار کرد و خۆیان سەرقافڵەی ڕاپەڕین بوون، بۆ ئەمەش خۆیان بوون بە سەرقافڵە، ئیدی لەمەودوا ھەر گۆڕانکارییەکتان بینی لەکوردستان ئەگەر ڕانیە سەرقافڵەکەی بوو بزانن وەرچەرخانە. لەمەودوا ھەرچی ڕانیە کردی و نوێ بوو، لێی مەترسن نیشانەی زیندوێتییە. ئاخر بۆ نا!؟ لەماوەی 25 ساڵی ڕابردووی پەرلەمان، پەرلەمانتاران نەیانتوانی ژیانی ھەژارێک بگۆڕن، بەڵام ھەژارانی ڕانیە توانیان ژیانی ھەژارێک بگۆڕن بۆ پەرلەمانتار.
لەبەرئەوەی من لەگەڵ عەرەبانەدا بیرەوەرییەکی دێرینم ھەیە، عەرەبانە لای من سیمبوولی نان و پێگەیاندنی خێزانە، ھەربۆیە ھێندە دڵخۆشم بەو ڕووداوە وادەزانم ساڵی 1985 کاتێک کە خۆم و شەھید شیروانی برام کۆڵان بە کۆڵان لە گەڕەکی ھەوارەبەرزە و تووی مەلیک-ی سلێمانی پاڵمان بە عەرەبانەوە ئەنا بۆ پەیداکردنی نانی خێزانێک. ڕێک ئێستا وادەزانم باوکم چۆتە پەرلەمان چونکە ئەو پێنج ساڵی ڕەبەق بە عەرەبانە خێزانێکی پەروەردەکرد کە بەشی زۆریان بوون بە خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ و کوڕێکیشی گەورەکرد و بەخشییە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نەتەوەی کورد و شەھید بوو.
بەڕاستی ئافەرین گۆڕانخوازانی ڕانیە، ئێوە درکتان بەوە کرد کێ ئەبێت بچێتە پەرلەمان، کە تا ئێستا ھیچ حزب و لایەنێک لەشار و شارۆچکەکانی تر درکیان پێ نەکردبوو، ئێوە زانیتان کێ ھەڵبژێرن، ئێوە ئەمجارەش بوون بە مەشخەڵی ڕاپەڕینێکی نوێ، دڵنیام ڕانیە وەرچەرخانێکی گەورەتر ئەکات لەئایندەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت