بورهان شێخ ڕەئوف: گەندەڵى زەبەلاحترین دۆسێى بەردەم کابینەکەى عادیل عەبدولمەهدى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەرچى حەیدەر عەبادى سەرۆکى حکومەتى ماوەبەسەرچوو کاربەڕێکەرى ئێستاى عێراقیش زۆرى وت دەرهەق بە گەندەڵى تەنانەت لە سەرەتاى دەست بەکاربوونیدا وتى ئەگەر سەریشم دابنێم واز لە دژایەتى و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى و گەندەڵکاران ناهێنم بەڵام ئەوەى بینیمان ئاکامێکى بەرچاوى نەبوو لەبەرئەوەى بەشێکى زۆرى سەرانى وڵات خۆیان تێوەگلابوون بە دیاردەى گەندەڵى لەوەیە بارودۆخى چوارساڵ پێش ئێستاش جیاواز بێت لە ئێستا کە شەڕى داعش و تیرۆر کۆتایى هاتووە.
گەندەڵى ئەو دەردە کوشندەیەکە لە تیرۆر مەترسیدارتر و زیانبەخشترە بۆ وڵات لە بەرئەوەى کۆسپى گەورەى بەردەم گەشەکردن و پێشووە چوونى گەل و وڵاتە لە هەموو بوارەکانى بنیاتنان و پەروەردەو فێرکردن وەبەرهێنان و هەموو خزمەتگوزارییە پێویست و گرنگەکانى ترى وڵات.
لەبەر هەموو ئەوانە سەرکەوتنى کابینەکەى عادیل عەبدولمهدى پەیوەستە بە چۆنێتى هەڵسوکەوت و ئەو ڕێکارانەى کە دەى گرێتەبەر بۆ چارەسەرو بەگژاچوونەوەو ڕیشەکێشکردنى گەندەڵکاران کە زیانى گەورەیان بە ئابوورى و سامان وداهاتى عێراق گەیاندووە لە پازدە ساڵى ڕابردوودا.

کاریگەرییەکانى گەندەڵى لەسەر عێراق
1- دەرگایەکى گەورە بۆ فێڕۆدانى ماڵى گشتى.
2- کۆسپى گەورەی پێش گەشەکردن لەبەرئەوەى ڕێ دەگرێت لە وەبەرهێنان لە ڕێگەى پاڵنان بە وەبەرهێنەرانەوە کە نەوێرن نزیکى حکومەت ببنەوە بۆ کارکردن.
3- فاکتەرێکى ڕاستەوخۆیە بۆ وەستانى ڕەوڕەوەى پێشکەوتن و بەربەستى بەردەم بنیاتنانى ژێرخانى ئابوورى .
4- ڕێخۆشکردن وزەمینەسازى بۆ سەرهەڵدانى بیرو بۆچوونى توندڕەوى و تیرۆرو توندو تیژى ئەویش لە ڕێگەى بڵاوبوونەوەى هەژارى و بێکارى بەهۆى گەندەڵى.
5- گەندەڵى هۆکارێکى گەورەى تێکچوونى بارودۆخى ئاسایشى وڵات و دروستبوونى بشێوى و سەرهەڵدانى تاقمى ماڤیاو تیوەگلان بە بازرگانى مادەى بێهۆشکەر.
باشترین بەڵگە لەسەر گەندەڵى وکاریگەرییەکانى لە سەردۆخى عێراق و سەرهەڵدانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق وشام و داگیرکردنى سێ یەکى خاکى عێراق لە ساڵى 2014 بوو بە هۆى گەندەڵى لە بۆندەکانى کڕینى چەک و دامەزراندن هەزاران کەسى بندیوار لە ناو ڕیزەکانى سوپاى عێراق و هێزە کانى ئاسایشى ناوخۆ بە تایبەتى لە سەردەمى کابینەى نورى مالیکى کە ڕۆڵێکى زۆر نالەبارو نێگەتیڤى گێڕا بۆ تێکدانى دۆخى عێراق و سەرهەڵدانى ململانێى ئتنیکى و تائیفى و تا ئێستاش وەک بەرزەکى بانان بۆى دەرچووە.

بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى
لەوەیە کارێکى زۆر قورس و پڕ سەرئێشە بێت بۆ عەبدولمهدى چونکەى بەشێکى دیارو خاوەن پێگەو هەژموون لە نێو سیاسیە دەستڕۆیشتووەکانى عێراقدا تێوەگلاون بە گەندەڵى و هەر ئەوانیش هاوڕان و سازاون بە مالیکیشەوە لەسەر ئەوەى عادیل عەبدولمهدى ببیتە کاندیدى هەمووان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ لە بەرئەوە ئەرکەکەى سەرۆکوەزیرانى نوێ ئاسان نابێت.
بۆیە ئەگەر عەبدولمهدى هەر هەنگاوێک بهاوێت بۆ بەگژاچوونەوەى گەندەڵى دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا بەریەک بکەوێت کە ئەویان کاندید کردووە بۆ پۆستى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە گرنگترین و هەستیارترین پۆستە و بەهێزترین و زۆرترین دەسەڵاتى هەیە لە عێراقى نوێدا بە پێى دەستوورى عێراق.

لە ئاوا بارودۆخێکدا چ بکات عەبدولمهدى؟
بە دیدى من لە ئاوا بارودۆخێکدا باشترین و خێراترین ڕێگە بۆ دۆخى ئێستاى کارگێڕى و بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراق بە هەموو دامودەزگاکانیەوە ئەوەیە کە بەر بە بڵاوبوونەوەى زیاترى گەندەڵى بگێرێت و ڕێکارى پێویست بگیرێتەبەر بۆ ڕیشەکێشکردنى وازهێنان لە دۆسیە کۆنەکان و نەکردنەوەى لە کاتى ئێستادا بۆئەوەى بەریەککەوتن ڕوونەدات لەگەڵ زۆرێک لە سەرە گەورەکان کە هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلاون بە دیاردەى گەندەڵى و بۆئەوەى کێشەو کۆسپ دروست نەکەن بۆ کابینەى نوێ لە بە جێهێنانى ئەرکە نوێ و قورسەکانیدا.