لوقمان غەفوور: ١٦ئۆکتۆبەر ڕۆژی سەرکەوتنە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وا بڕوا کورد ڕۆژێکی نامێنێ لەمێژوودا، ھەمووی ئەبێت بە خیانەت، لاپەڕەکانی مێژوو، وایان لێدێت لەدەست ئێمەی کورد ھەڵدێت، دوور نییە ڕۆژێک مێژوونوسێکی بیانی بێت پێمان بڵێت، لەکام خیانەتەوە دەست پێبکەین.
کورد تا ئەم ساتە خاکێکی سنووداری نییە، مادام سنوورێکی دیاریکراوی نییە، کەواتە دوژمنانی بەئاسانی ئەتوانن، جێگۆڕکێکی پێبکەن لەقازانجی خۆیان، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ خیانەت، چونکە کارەکتەرە سیاسی و پارتەکانی ئەتوانن، ئیرادەی نەتەوەییان بەھێزتر بێت لەئیرادەی حزبی و شەخسیان.
من زۆر دوور ناڕۆم، چونکە زانیارییەکی ئەوتۆم نییە، بەڵکو نزیک ئەڕۆم بۆ ساڵی 1975، کاتێک شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئەوکات زۆرترین ناوچەی فراوان لەژێر دەستی دەبێت و خاوەنی دەیان ھەزار پارچە چەکی سوک و قورس دەبێت، و داراییەکی گەورەی لەبەردەست ئەبێت شکست بە شۆڕشێک دەھێنێت و ئاشبەتاڵ بە شۆڕش دەکات، ئایا کارەساتی ئاشبەتاڵ خیانەت بوو!؟
ئەو دەمە بەجێبھێڵن وەرن بۆ کارەساتی ھەڵەبجە-ی ساڵی 1988. ھێزی پێشمەرگە شەڕێکی خوێناوی خستە ناو چەند شارۆچکەیەکەوە تا قورسایی ھێزی سەربازی بەعس لەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کەمبکاتەوە، یەک لەو شارۆچکانە ھەڵەبجە بوو، ئەوەی بەسەر ھەڵەبجەدا ھات ئەگەر تاوانی کارەساتەکە بیکەیت بە چوار بەشەوە بەشێکی بەر سەرکردایەتی ئەوکاتەی شۆڕشی کورد ئەکەوێت، چونکە سەرکردایەتی کورد دەیزانی ڕژێمی بەعس چەەند دڕندەیە و پێش مانگێک پێشتریش چەکی کیمیاوی لەچەند شوێنێک بەکارھێنابوو، کەواتە پێشمەرگە بۆ ڕێگەی نەدا خەڵک شارەکە جێبھێڵێت و ئەو کارەساتە مرۆییە خوڵقا کە بەقازانجی دۆزی کورد کۆتایی ھات. ھەرکەسیش دەیەوێت زیاتر تێبگات بچێت نووسینێکی عەلی بچکۆل کە لە ژمارە 20 ی ڕۆژنامەی بەرەی کوردستانی 1988 بڵاوکراوەتە. تێدەگات لەزۆر شت، کەواتە کارەساتی ھەڵەبجە خیانەتە؟!
کورد کە ڕاپەڕینی کرد، بەخەونی گەورەوە ھاتە پێش بەڵام یەکەم خەونی پاش یەک مانگ لەگۆڕ نرا، بە کۆڕەو. کۆڕەو ناونرا کۆڕەوی بەکۆمەڵی یەک ملیۆنی! پرسیار ئەوەیە جگە لەچەند ھێزێکی بچوکی چەکداری خەڵک وچەند مەفرەەیەکی یەکێتی لە نزیک کەرکوک، ھێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لەشاری سلێمانی و ھەولێر و دھۆک نەکرد و ڕێگری لەھاتنەوەی بەعس نەکرد، سەدام لەوپەڕی نائومێدیدا بوو بە دوو ڕۆژ توانی ھەموو کوردستان داگیربکاتەوە. بیرمە ھەڤاڵ مام جەلال و مەسعود بارزانی لەنزیک ماوەت بوون، مەسعود بارزانی دەستی کرد بەگریان، وتی خەڵکمان تووشی کارەساتێکی گەورەکرد، مام جەلال دەستی کاک مەسعودی گرت و وتی: “ئەمە ئەبێت بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد”، لەڕاستیدا ئەو کارەساتە بوو بەھۆی دەرکردنی بڕیاری 986 و دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد، پرسیار ئەوەیە ئایا کوڕەو خیانەت بوو؟!.
ساڵی 1996 پارتی ترسی لەناوچوونی لێنیشتبوو، ڕۆژبەڕۆژ ڕووبەری نفوزی کەم دەبۆوە، ڕوبەری نفوزی یەکێتی لەھەڵکشاندا بوو، ئێران بووبووە پاڵپشتێکی گەورەی یەکێتی، بەڵام پارتی لە 31ی ئابی ھەمان ساڵ بەپاڵپشتی دەبابەی بەعس، ھەوڵێری کۆنترۆڵ کردەوە، ھەزاران کەسی حزبی ئاوارە بوو، دەیان کەس بوون بە قوربانی، ئەم کارەساتە جیاوازیییەکی لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی لەوەدا بوو، بەعس دوژمنی سەرسەختی کورد بوو، بەڵام بۆ ھەموو پێمان خیانەت نییە! ئایا 31 ئاب خیانەت بوو!؟
لەگەرمەی شەڕی دژ بە داعش ساڵی 2014 ناوچەیەکی بەرفراوانی وەک شەنگاڵ لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە چۆڵدەکرێت و تەسلیم بە داعش دەکرێت، سەدان ژن و پیاو و منداڵ دەکەونە دەست ھێزێکی دڕندەی وەک داعش، تا ئەم ساتە ھیچ ھێزێکی حکومی و حزبی خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، ئایا کارەساتی شەنگال خیانەت بوو!؟
25 ئەیلول کورد لەباشور ڕیفراندۆمێکی کرد، وەک ئەوە بوو خۆی بکات بە تونێلێکدا ئەوسەری لێدیار نەبێت، سەرکردایەتی کورد وا قسەی ئەکرد خۆی نەک بۆ شەڕی عیراق، خۆی بۆ شەڕی تورکیا و ئێران ئامادەکردبوو، کەچی دوو ھەفتە دوای ڕیفراندۆم، 50٪ی ئەو خاکەی کە بەشی زۆری بەخوێن پاراست، تەسلیمی سوپای ئیحتلالی عیراقی کردەوە، چۆڵکردنی کەرکوک و دەوروپەری بوو بە خاڵێکی دیار لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، لەکاتێکدا زوربەی ئەو ناوچانە گەڕێنرایەوە ژێر دەستی سوپای عیراق کە لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە لەژێر دەستی کورددا بوون، بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو!؟
ئەگەر ورد لەو ڕووداوانە بڕوانین، قەبارەی کەرەساتەکان گەورەو بچوکن، بەشێکیان پارتی کارەکتەری سەرەکی بووە، بەشێکی تریان یەکێتی کارەکتەر بووە، بەشێکیان ھەردوولا بە ڕێکەوتن جێبەجێکاری بوون، بەشێکیان بەقازانجی دۆزی نەتەوەیی کەوتۆتەوە، بەشێکیان بە قازانجی بەرژەوەندی حزبی. بەڵام تێکڕای کارەساتێک بووە، تێیدا مرۆڤی کورد شکۆشکاو و ماڵوێران و قوربانیدەر تێیدا ھاتۆتە دەرەوە.